کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێعدام سزایەکی نامرۆڤانە و کەرەسەیەک بۆ مانەوەی دەسەڵات

10:32 - 8 بەفرانبار 2725

عومەر باڵەکی

 

ماوەی ٤٦ ساڵە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبەریی وڵاتی ئێراندا گرتووە و لەو ماوەیەدا بە سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی، گەلانی ئێرانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات تووشی قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی چارەسەرنەکراو کردووە. دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیان زۆر زوو بۆیان ڕوون بووەوە کە بەو تێڕوانین و ئایدۆلۆژیایەی هەیانە ناتوانن لە سەردەمی ئێستادا حوکمڕانیی گەلانی ئێران بکەن و هاوکات خۆ لەگەڵ جیهانی سەردەم بگونجێنن، بەڵام بە جێگای وازهێنان لە دەسەڵاتداریەتی، کەوتنە خۆ بۆ خوڵقاندنی قەیرانی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بە خۆ دەربازکردن لەو قەیرانانە سەرگەرم بکا و دەرفەتی بیرکردنەوەیان نەبێ کە بیر لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بکەنەوە. پێبەپێی خوڵقاندنی ئەو قەیرانانە بە شێوازی جۆراوجۆر و لەژێر ناوی یاساکانی شەریعەت و بەخشینەوەی تۆمەتی سەیر و سەمەرە، دەستیان کرد بە سەرکوتی خەڵک، ئەویش لەژێر فتوای خومەینی دامەزرێنەری ئەو نیزامە کە دەڵێ: "دامەزرانی ئەمنییەت و پاراستنی کۆمەڵگە بە مشتی ئاسنین دەکرێ، نەک بە نەرمی نواندن لەگەڵ تاوانباران" و دوای چەند ساڵ لە ڕێوڕەسمی "دەهەی فەجر" لە ساڵی ١٣٦٣دا دەڵێ: ".... بە دانانی دادگا و زیندانیکردن کاری ئێمە جێبەجێ نابێ، ئەو ڕەحم و بەزەییە منداڵانەیە وەلا بنێن". لە ڕاستیدا وتار و قسەکانی خومەینی بوونەتە قانوون و لە یاسا بەرکارەکانی ئێراندا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە.

لەو کاتەوە مرۆڤ ژیانی بەکۆمەڵی هەڵبژاردووە لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە لە ڕێگای کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا ئیدارەی کۆمەڵگەی خۆی بکا و بە تێپەڕبوونی کات و سەردەم و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە بواری پێشەسازی و خوێندن، یاسا و ڕێساکان بوون بە قانوونی نووسراو و پێکهاتنی دادگاکانی بە شێوازی سەردەمی ئێستای لێ کەوتەوە. لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە هەوڵی مرۆڤ ئەوە بووە کە دادگاکان دوور لە بازنەی دەستتێوەردانی دەوڵەت و دەسەڵات بن و سەربەخۆییان پارێزراو بێ بۆ ئەوەی دادپەروەری بە مانای ڕاستەقینەی خۆی تێدا بەڕێوە بچێ. بەڵام ماوەی ٤٦ ساڵە دەبینین قانووندانەری ئێرانی و دەزگای بەناو دادوەری لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا نەک لە داڕشتنی قانووندا بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی ئێرانیان لەبەرچاو نەبووە، بەڵکوو بە هێنانی کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک "مفسد فی الارض" و "محاربە با خدا" لە ماددە و بڕگەکانی قانوونی سزادانی ئیسلامیدا دەستی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمیان ئاواڵە کردووە بۆ دەستبەسەرکردنی جیابیران و ناڕازییان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. بۆیە دەبینین یەکێک لەو سزایانە کە بە قانوون بووەتە کەرەسەی سەرکوتی گەلانی ئێران سزای ئێعدامە، واتە سزای ئێعدام وەک کەرەسەیەکی سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک بە ڕادەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، چونکە ڕۆژێک لە ساڵ شک نابەین کە کەسێک یا چەند کەسی تێدا ئێعدام نەکرابێ. بەشێک لەو ئێعدامانە لە ڕاگەیاندراوەکانی ڕێژیمدا بڵاو دەکرێنەوە، بەڵام بەشی زۆری ئەو ئێعدامانە نەک بە ڕاگەیاندن ناکرێن، بەڵکوو ڕێژیم هەوڵ دەدا لە تەحویلدانەوەی جەنازەی ئێعدامکراوەکان بە بنەماڵەکانیان خۆ بپارێزێ. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە باشی لەو ڕاستییە بەئاگان کە تەحویلدانەوەی تەرمی ئێعدامکراوەکان بە بنەماڵەکانیان چ لە کاتی بەخاک ئەسپاردن و چ لە کاتی دانانی پرسە و سەرەخۆشی لە لایەن بنەماڵە و کەسوکاریان، بەتایبەتی ئەگەر بنەماڵە و کۆمەڵگە بەو حوکمە ئێعدامە ناڕازی بن، جۆرێک لە ناڕەزایەتی لە نێو خەڵک سەرهەڵ دەدا و ئەوەش نیشانەی ڕوونی پێگەی کۆمەڵایەتیی کەس یا کەسانی ئێعدامکراوە لەلای خەڵک و ئەوە پێناسەیەکە بۆ بێتاوانیی ئەو جۆرە کەسانە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی شارەزایانی بواری تاوانناسی لە ناوەندەکانی توێژینەوەی جیهاندا، ئەوە سەلمێندراوە کە سزای ئێعدام نەک بەرگری لە دووپاتبوونەوەی تاوان نەکردووە، بەڵکوو لەو وڵاتانەی وەک ئێران کە ڕێژەی بەڕێوەبردنی سزای ئێعدام لەسەرێیە، دەبینین ڕادەی تاوانکاری بەپێی پێناسەکانی دەزگای دادی ئێران بۆ تاوان و تاوانکاری نەک کەمی نەکردووە، بەڵکوو ڕوو لە زیادبوون بووە. هۆکارەکەشی هەروەک لەسەرەوە باسمان کرد بەشی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بابەتە کە حکوومەت ئێعدام وەک کەرەسەی ترس و تۆقاندنی خەڵک بەکار دێنێ، کە بە دژی دەسەڵاتداریەتیی ئەو حکوومەتە ناڕەزایەتی دەرنەبڕن و لە ڕاستیدا بەشێکی بەرچاوی ئەو کەسانەی حوکمی ئێعدامیان لەسەر جێبەجێ دەکرێ کەسانێکن لە نێو خەڵکدا خۆشەویست و خاوەنی جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتین و تەنیا تاوانیان ئەوەیە لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ناڕازین.

بەپێی شەرع و عورف و قانوون سزای ئێعدام بە درێژایی مێژوو بۆ ئەو کەسانە بەکار هاتووە کە تووشی قەتڵ بوون واتە کەسێکیان بە دەستی کوژراوە. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا بەپێی پێشکەوتنی زانستی دەروونناسی و تاوانناسی ئەو بابەتە بەتەواوی کەمڕەنگ بووەتەوە و ئەو زانستە یارمەتی داوە لە سەرانسەری دنیادا بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام لەلایەن دەوڵەتانەوە یا بە یەکجاری لە قانوون سڕاوەتەوە و یا ئەگەر لە قانوونیشدا هەبێ لەلایەن دەسەڵاتی ئیجراییەوە بەڕێوە ناچێ. بۆ نموونە بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە ١٩٣ وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ١٤٢ وڵات، واتە سێ لەسەر چواری ئەو وڵاتانە، سزای ئێعدامیان یا لە قانوونی وڵاتدا لابردووە و یا هەڵیانپەساردووە.

بەڵام لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەبینین سزای ئێعدام بۆ هێندێک کردەوە بەپێی پێناسەی دەزگای دادوەریی ئێران کە بە تاوان دادەنرێن، بە شێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوە دەچێ. ئەوە لە حاڵێکدایە ئەو کردەوانەی نیزامی قەزایی ئێران کە بە تاوانیان دادەنێ دەتوانێ سزاکەیان ئێعدام نەبێ، بەڵکوو بە شێوازی وەک زیندان و دەستبەسەرکردن و جەریمە و دوورخستنەوەی تۆمەتبار... سزای بۆ دیاری بکرێ. بەڵام لە لایەک ئەو ڕەوتە بەربڵاوەی ئێعدام لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتدارانی تاران سزای ئێعدام وەک کەرەسەی داسەپاندنی دەسەڵاتداریەتیی خۆیان لە کۆمەڵگەی ئێراندا بەکار دێنن نەک جێبەجێکردنی قانوون بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە.

دەوڵەتی بەرپرسیار لە بەرانبەر کۆمەڵگەی خۆیدا تەنانەت ئەگەر بیهەوێ سزای ئێعدام بەپێی قانوون لەسەر کەس یا کەسانێک جێبەجێ بکا، لە بەڕێوەبردنی ئەو حوکمەدا چەند ئامانجێکی هەیە: یەکەم دەیهەوێ سزای تاوانبار بدا و بەو کارە هەوڵ دەدا ئەمنییەتی کۆمەڵگە بپارێزێ و دووهەم بە سزادانی تاوانبار بەربەست دادەنێ لە بەردەم کەسانی دیکە کە تاوانی لەو بابەتە دووپات نەکەنەوە. بەڵام بەڕێوەچوونی ئەو هەموو ئێعدامە لە ساڵدا لەژێر حوکمی نیزامی قەزایی ئێراندا دەرخەری ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ پابەندی و باوەڕێکیان بە دادپەروەری لە نیزامی قەزاییدا نییە. واتە سیستمی قەزایی و دادی ئێران نەک سەربەخۆ نییە و پاراستنی مافی کۆمەڵگەی لا گرنگ نییە، بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاو و گرنگە بۆ پاراستنی پایەکانی ئەو ڕێژیمە.

ئەوەی جێگای سەرنجە لە ماوەی ئەو ٤٦ ساڵەدا دەسەڵاتدارانی تاران بەو هەموو گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامی جیابیران نەیانتوانیوە کۆمەڵگەی ئێران چاوترسێن و دەستەمۆ بکەن و لە داواکاریی مافەکانی خۆیان پاشگەزیان بکەنەوە. بە درێژایی تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەو ڕادەیە کە دامودەزگاکانی ئەمنییەتی و قەزایی ئەو ڕێژیمە گوشاریان بۆ گەلانی ئێران هێناوە، بەو ڕادەیەش زیاتر و زیاتر گەلانی ئێران سوورتر و جەسوورتر بوون لەسەر وەدەستخستنی ماف و ئازادییەکانیان. بۆیە بە هەموو پێوانە و نیشانەکان و لێکدانەوەی ڕەوتی ڕووداوەکان وا وێدەچێ کە تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵدێر و نەمان بڕوا و ئاگری پەنگخواردووی گەلانی ئێران دامێنی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە بگرێتەوە.