کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٠٢٥؛ ساڵی داڕمانی ئابووریی ئێران لەژێر سێبەری جەنگ و گەمارۆدا

11:35 - 10 بەفرانبار 2725

سلێمان تاشان

 

ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی لە ڕووی ئابوورییەوە ساڵێکی زۆر ڕەش و ناخۆش و پڕ لە چەرمەسەری و کولەمەرگی بوو بۆ دانیشتووانی ئێران، ساڵێک کە لە چەندین پێنوێنیی پێوەندیدار بە ئابووری، باری ژیان و بژێویی خەڵک و وڵات ژمارەی پێوانەیی بە ئاراستەی نەرێنی شکێنرا، لەو ساڵەدا خەڵک هەژارتر، سفرەکان بچووکتر، نرخەکان گرانتر، بێکاران زۆرتر و گیرفانەکان بەتاڵتر بوون.

ئەگەر بۆ ساڵێک لەمەوبەر بگەڕێینەوە و سەرنجێکی ڕووداوە سیاسی و ئابوورییەکان بدەین شتەکانمان بۆ ڕوونتر دەبێتەوە. بەر لەوەی بچینە نێو ساڵی ٢٠٢٥ چەند مانگێک دەبوو مەسعوود پزیشکیان لەسەر کورسیی پۆستی سەرۆکۆمار دانیشتبوو، جیهان چاوی بڕیبووە ڕووداوە سیاسییەکانی ئێران، گەشبینی و ڕەشبینییەکان بۆ داهاتووی ئێران ئاوێتەی یەکتر ببوون. کەسانێک پێیان وابوو ئەوەی ڕوو دەدات سیناریۆ و پیلانێکی نوێی بەیتی ڕەهبەرییە بۆ گەمەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لەژێر ڕۆشنایی هەڵبژاردنی ئەمریکا و ئەو پێشهاتە نوێیانەی لە ناوچەکە هاتبوونە کایەوە.

خەڵکێکی دیکە بە پێچەوانە، گەشبینانە لە دۆخەکەیان دەڕوانی و پێیان وابوو بە دانیشتنی کەسێکی میانڕەو لە جێی کورسیی چۆڵی ڕەئیسی، دۆخەکە چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئێران باشتر دەبێت، دەرفەتێک هاتووەتە بەردەم ئێران کە دەتوانێت بەشێک لە کێشە و تەنگژە ئابوورییەکان چارەسەر بکات و هەناسەیەک بە ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵک ببەخشێت.

ئەم جۆرە تێڕوانینە تەنانەت بەشێک لە دامەزراوە بێلایەنە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانیشی گرتەوە و وایکرد ئەوانیش ئاستی ئومێد و چاوەڕوانیی خۆیان بۆ پێگەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥ کەمێک بەرز بکەنەوە، پێیان وابوو کاتێک کەسێک لە دەرەوەی بازنەی باڵی توندئاژۆ دەبێتە سەرۆککۆماری ئێران ئەوا دۆخەکەش ئەرێنییانە دەگۆڕدرێت، بێئاگا لەوەی لەژێر سێبەر و فەرمایشەکانی ویلایەتی فەقیهـ ئەگەر حکوومەتی ئێران بە سویسیش بسپێردرێت، ناکرێ چاوەڕوانیی گەشەسەندنت لێی هەبێت.

ئەوکات سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئاسۆیەکی گەشی بۆ ئێران پێشبینی کرد و بە فەرمی بڵاوی کردەوە لە ساڵی ٢٠٢٥ ڕێژەی گەشەی ئابووریی ئێران دەگاتە ٣.١٪ کە لەگەڵ تێکڕای گەشەی ئابووریی هەموو ناوچەکە جیاوازییەکی زۆری نەبوو و ٣.٩٪ی بۆ پێشبینی کرابوو. هاوکات بانکەکە پێشبینی کرد ڕێژەی هەڵاوسان لە ئێران بۆ ساڵی ٢٠٢٥ دادەبەزێت و دەگاتە ٢٩.٥٪ و لە خاڵێکی تردا ئەوەی خستەڕوو لە ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی ٣٤ میلیارد دۆلار یەدەگی دراو دەکەوێتە دەستی ئێران. سندووقەکە تەنانەت نووسیبووی داهاتی نەپاڵاوتووی نێوخۆیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥ لەچاو ٢٠٢٤ زیاتر لە ٢٩ میلیارد دۆلار زیاد دەکات و دەگاتە ٤٦٣ ملیار دۆلار.

سندووقەکە پێشبینی ئەوەی کردبوو بەرهەمهێنانی نەوت لە ئێران ڕۆژانە بگاتە ٣میلیۆن و ١٠٠ هەزار بۆشکە/بەرمیل و لە هەمان کاتدا ٨٤٤ هەزار میتر سێجا گاز کە هاوتاکەی ٥،٢ میلیۆن بۆشکەیە و بەیەکەوە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی ئێران لە نەوت و گاز بگەیەنێتە ٨ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار بۆشکە. لەو قەبارەیەی بەرهەمهێنانەش میلیۆن و ٦٠٠ هەزار بۆشکە نەوت و ٤٠٠ هەزار بۆشکە گاز دەفرۆشرێت. قەبارەی بازرگانیی دەرەکی دەگاتە ٢٤٠ میلیارد دۆلار کە ١٢٨ میلیاردی هەناردە و ١١٥ میلیارد دۆلاری هاوردە بێت و ئاستی بازرگانی بە ئەرێنی و بە قەبارەی نزیکەی ١٤ میلیارد دۆلار تۆمار دەکرێت.

ئەم پێشبینییانەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێچەوانە دەرچوون چونکە لە ئێران سیاسەت بەسەر هەموو شتێکدا زاڵە، سیاسەتێک لە ڕەگەزی ئایدیۆلۆژی کە ٤٧ ساڵە ئابووریی وڵاتی بە بارمتە گرتووە.

دوای ساڵێک هەر ئەو سندووقە خۆی ڕاپۆرتێکی سەیری بڵاو کردووەتەوە و ئێرانی خستووەتە لیستی یەکێک لەو سێ وڵاتەی جیهان کە بەهای دراوی نیشتمانییان تووشی داڕمان بووە و ئابووری لە جیاتی ئەوەی گەشە بکات چووەتە ئاوەوە و هەر خۆی بانکەکە باسی لەوە کردووە یەک لەسەر سێی کۆی داهاتی دانیشتووانی ئێران تەنیا لەبەر چاپکردنی بەلێشاوی دراو فەوتاوە، وەک ئەوە وایە حکوومەت دەستی خستبێتە گیرفانی خەڵک و بە ڕۆژی ڕووناک دزیی لێیان کردبێت.

گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣ بریتی بوو لە ٥.٣٪ کە لە ژێر کاریگەریی دەستئاوەڵابوونی زیاتری ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆ بایدن بەرز ببووەوە. ئێران لە خولی یەکەمی دەسەڵاتی ترەمپ سیاسەتی زۆرترین گوشاری ئابووری لەسەر جێبەجێ کرا، سیاسەتێک کە لە سەردەمی بایدن پەراوێز خرا.

هەر بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ گەشەی ئابووریی ئێران بە ٣.٧٪ ڕاگەیەنرا و پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بۆ ئەمساڵیش هەرچەندە هێشتا بە فەرمی ڕانەگەیەنراوە، بەڵام زۆربەی ئامار و ڕاپۆرتەکان باس لە گەشەی نزیک بە سفر بۆ ئابووری ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥ دەکەن و لەگەڵ ٣.١٪ پێشبینییەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو جیاوازییەکی زۆری هەیە.

لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بانکی جیهانی کە لە پاڵ سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بە دوو دامەزراوەی متمانەپێکراوی دارایی نێودەوڵەتی دادەنرێن، گەشەی ئابووریی ئێران بۆ ساڵی ٢٠٢٦ی بە مەنفی ٢.٨٪- پێشبینی کردووە و کە واتای ئەوە دەگەیەنێت نەک هیچ گەشەیەک ڕوو نادات ئەوا ئابووریش لە کورتی دەدا و قەبارەکەی بچووکتر دەبێتەوە. بچووکتربوونەوەی قەبارەی ئابووری بە واتای پەرەسەندنی زیاتری بێکاری، کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی کار، دابەزینی بەرهەمهێنان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، دابەزینی زیاتری بەهای دراوی نیشتمانی دێت.

کاتێک دۆناڵد ترامپ گەڕایەوە کۆشکی سپی سەرەتاکان هەندێک دەرفەتی بە ئێران دا تا پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لەمەڕ تیرۆر و پلانی ئەتۆمیدا بکات بەتایبەتی دوای ئەو شکستەی ئێران لە سووریە و لوبنان لە دوایین مانگی ساڵی ٢٠٢٤ بەری کەوتبوو، دەرفەتی زیاتر بە ئێران درا لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دانوستان پرسی ناوکی یەکلایی بکاتەوە و واز لە سیاسەتی هەڕەشە و تیرۆر بهێنێت.

ئەمە ڕووی نەدا و بۆیەش لە نێوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥ لە ١٣ی ژوئەن/ دوایین هەفتەی بەهاری ١٤٠٤ ئێران لەلایەن ئیسرائیل هێرشی کرایە سەر و پاشان بە هێرشی فڕۆکەی B2ی ئەمریکا کۆتایی هات و لە ماوەی ١٢ ڕۆژ شەڕدا ڕیسی چوار دەیەی ژێرخانی سەربازیی و ئەتۆمیی ئێران بووەوە خوری کە سەدان و بگرە هەزاران میلیارد دۆلاری تێدا خەرج کرابوو، ئێران لەپاڵ زیانێکی زۆری گیانی، سەروەریی ئاسمانەکەی لەدەست دا.

بەهای دۆلار لە هاوینی ٢٠٢٤ نرخەکەی خوارووی ٦٠ هەزار تمەن بوو کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ نرخەکەی گەیشتە ٧٧ هەزار تمەن و لە کۆتایی شەڕی ١٢ ڕۆژە ٩٠ هەزار تمەنی تێپەڕ کرد. لە دوای چالاککردنی مکانیزمی ماشە لە سەرەتای پاییزی ٢٠٢٤ زیاتر شکا و لە سنووری ١٣٥ هەزار تمەن تێپەڕی و لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا ژمارەی پێوانەیی مێژوویی ١٤٤ هەزار تمەنی تۆمار کرد.

سیاسەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی پەیوەست بە پلانی ناوکی لە پاڵ سیاسەتی زۆرترین گوشاری حکوومەتی ئەمریکا هێندەی دیکە پاشەکشەی بە ئابووریی ئێران کردووە. ئێران لە کاتێکدا ماڵاوایی لە ساڵی ٢٠٢٥ دەکات وا چاوەڕوان دەکرێ سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و تەنگژە و پاشەکشەیەی لە ڕووی ئابوورییەوە بینیویەتی، لە ساڵی ٢٠٢٦ خۆزگەی بۆ بخوازێت.