بەپێی هەواڵە بڵاکراوەکان لە شارە جیاجیاکانی وڵات، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لەمەڕ بەرزبوونەوەی نرخەکان بۆ سێیەمین ڕۆژ بەردەوام بووە. لەم خۆپیشاندانانەدا خەڵکی ناڕازی درووشمگەلێکیان بە دژی ڕێژیم وتەوە.
بەرزی و نزمیی نرخەکان و بەرزبوونەوەی خێرای نرخی دراو نیشاندەری ناکارامەیی بەڕێوەبەری، سیاسەتی ڕانتی و گەندەڵی لە ڕێژیمی ئێرانە و تەنیا ڕێگا بۆ ڕاگیرانی ئەم ڕەوتە ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.
زۆرتر لە سەدەیەکە کە سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانە و تاقمگەرایانەی ڕێژیمی ئایینیی گشتخوازی زاڵ بەسەر ئێران، هەڵاواردنی ساختاری، ناوەندگەرایی، سەرکوتی شوناس، دزینی سەرچاوەکان، وێرانکردنی ژینگە و بێبەشکردنی سازماندراو لە پێشکەوتنی ئابووری، پەروەردە، تەندروستی و کولتووری، لە سەرتاسەری ئەم وڵاتەی بەدواوە بووە. ڕێژیمی ئێران ئەم سیاسەتانەی بە شێوەیەکی بەرچاوتر، دڕندانەتر و ڕووخێنەرتر لەو بەشانەی کە نەتەوە مێژووییە پەراوێزخراوەکان تێێدا دەژین گرتووەتە بەر و لە ئاکامی ئەمەشدا لە ئێستادا شایەتی داڕمانی بژێوی ژیان، بێ بەهابوونی پارەی میللی، گرانیی هەوسارپچڕاوی سووتەمەنی و خۆراکەکان و لەناوچوونی ئەمنییەتی گشتی بۆ هەموو خەڵکی ئێرانین.
بەردەوامبوونی ئەم ڕەوتە تەنیا دەبێتە هۆی لەناوچوونی زۆرتری وڵات و زیادبوونی ڕێژەی بێکاران و برسییەکان و بەربڵاوبوونەوەی پانتایی قەیرانی بژێوی ژیانی خەڵک. خۆپیشاندانی خەڵک و مانگرتنی کاسبکارەکان و چینی زەحمەتکێش، وڵامێکی ڕەوا و پێویست بۆ ئەم دۆخە تاقەتپڕووکێنەیە. خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران هاواری ئاگایی و کەرامەتن؛ هاوارێک کە بە ئاگایی گشتی، ڕێگەی ئازادی دەپێوێت و ناهێڵێت لەلایەن بەسیجییەکان، سپاییەکان و شەعبان بێ مێشکەکانەوە بە دروشمی پاشایەتیخوازی بەلاڕيێدا ببەن.
لەلایەکی دیکەوە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، نیشانی دا کە ئێران پەیکەرێکی یەکگرتوویە و داهاتووی زاهێدان، سنە، ئەهواز، تەورێز و شارەکانی دیکەی ئێران جیا لە تاران نین. ئێمە ڕاشکاوانە ڕایدەگەیێنین کە ئەم خۆپێشاندانانە سەر بە شار، توێژێک یان نەتەوەیەک نییە، ئەم بزوتنەوەیە، بزووتنەوەی هەموو خەڵکی ئێرانە.
لەم ڕاستایەدا چاوەڕوانی لە هەموو خەڵکی ئێران دەکرێت کە بە پاڵپشتی لە مانگرتنەکان و خۆپیشاندانەکان و بە یەکگرتوویی گشتی، بەربەستی ترس و ناچالاکی لەناو ببەن.
ئێمە باوەڕمان وایە کە بەردەوامیی ئەم دۆخە داهاتوویەک بۆ ئێران ناهێڵێتەوە. ڕێگەی دەرچوون لەم دۆخە کۆتاییهێنان بە ڕێژیمی دیکتاتۆری و دانانی نەزمێکی نوێیە، نەزمێک کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتداریی خەڵک، جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت (سێکۆلاریزم) فێدێراڵیزمی دێموکراتیک و بەرابەریی تەواوی نەتەوەکان، زمانەکان، کولتوورەکان و هاووڵاتییەکانە. ویستی ئێمە ئیرانێکە کە لەودا هیچ کەسێک بە هۆی شوناس، زاراوە یان جوگرافیا، هاووڵاتیی پڵە دوو نەبیت.
ئێستا کاتی بریاردانی مێژووییە، یان بەردەوامیی هەژاری، سەرکوت و داڕمان، یان یەکگرتوویی، بەرگری مەدەنی و دروستکردنی ئێرانێکی ئازاد و بەرابەر. ئێمە داوای پێوەستبوونی ئێوە بەم بزووتنەوە گشتییە دەکەین.
پێکەوە بۆ ئێرانی سبەینێ
کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ
۹ ی بەرفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
٣٠ی دێسامبری ٢٠٢٥ی زایینی