کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرمانی نەخۆشیی ئابووریی ئێران مەرگی کۆماری ئیسلامییە

21:47 - 13 سەرماوەز 2725

سلێمان تاشان

بەشێکی گرینگ لە پێگە و شکۆی ئابووریی وڵاتان بە دراوە فەرمییەکەیان گرێ دراوە، بەرزی و نزمیی نرخەکەی بەرامبەر بە دراوی دەرەکی بەتایبەتی دۆلار و یۆرۆ، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ژیان و بژێوی و ئاستی گوزەرانی دانیشتووانی وڵاتەکە هەیە. جێگیری یان بەرزبوونی بەهای دراوی فەرمی بناغەیەکی پتەو و پاڵپشتییەکی گەرمە بۆ ئابووری وڵاتەکە و گەشەی ئابووریش لە ڕوانگەی زۆربەی ئابووریناسانی کۆن و سەردەم پاڵنەر و فاکتەرێکی بەهێزە بۆ گەشەسەندنی وڵاتەکە لە سەرجەم بوارەکان.

ماوەیەکە بەهای تمەن خێراتر لە جاران ڕووی لە لێژی کردووە و هیچ ڕۆژێک نییە دراوەکە ژمارەی پێوانەیی لە مێژوودا نەشکێنێت و نرخەکەی وەک گەڵای پاییز هەڵنەوەرێت، تەواوی ئەو ڕێکارانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دراو و دۆزینەوەی چارەسەریی ئەو قەیرانە ئابوورییەی بەربینگی وڵاتی گرتووە خستویانەتەڕوو شکستیان هێناوە و هۆکارە هەرە سەرەکییەکەش ئەوەیە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە بە خواری هێنراوە و بەو سیستەمە ڕاست ناکرێتەوە.

کاتێک ڕێژیمی پاشایەتی ڕووخا ترووسکەیەکی هیوا هەبوو بەڵکوو دۆخی ئابووری باشتر ببێت و خەڵک ژیانێکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی دید و ڕوانگەی ڕێژیمەکە بۆ ئابووری و گەشەسەندن و بنەماکانی پێشکەوتن و تیۆرییەکەی خومەینی سەبارەت بە ئابووری، هەر زوو ئاسۆیەکەشی بەدیار کەوت. کاتێک لە ئێران شۆڕش کرا دۆلارێک بە حەوت تمەن بوو و هەر لە مانگەکانی سەرەتای شۆڕش بەهاکەی گەیشتە ١٠ تمەن و تمەن بە ڕێژەی ٣٠% بێبەها بوو و بەمەش هەر زوو نیشانەکانی پاشەکشە دەرکەوتن و سەلمێنرا ئەوانەی لەسەر تەختی نوێی دەسەڵات دانیشتوون چەندە ناکارامە و ناشارەزان، ئایدۆلۆژیی مەزهەبییان بەسەر هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکی پێوەندیدار بە گەشەسەندن زاڵ کرد.

لە دەیەی ٧٠ی هەتاوییەوە بەهای تمەن خێراتر لە جاران دابەزی و گەیشتە ٣٠٠ تمەن و بەراورد بە سەرەتای شۆڕش نرخی دۆلار ٣٠ هێندە بەرامبەر دراوی ئێرانی گەشەی کرد. لە کۆتاییەکانی دەیەی ٨٠ی هەتاوی گەیشتە هەزار تمەن و لە نێوەڕاستی دەیەی ٩٠ی هەتاوی/٢٠١٥ی زایینی نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە سێ هەزار تمەن  و ئێستاش لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بە ١٢٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت. تەنیا لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا تمەن بەرامبەر دۆلار ٤٠ هێندە بێبەها بووە و ئەگەر جیاوازییەکە بە سەرەتای شۆڕش لێک بدەینەوە دەگاتە ١٢ هەزار هێندە.

با زۆر دوور نەڕۆین و سەیری گۆڕانکارییەکانی نرخ تەنیا لە یەک ساڵی ڕابردوو بکەین کە نرخی دۆلار بە ٦٠ هەزار تمەن بوو، کەچی ئێستا دوای ساڵێک ڕێک بەهاکەی بۆ نیوە دابەزیوە. هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی دەبێت داهاتی ئەمساڵی لەچاو ساڵی ڕابردوو ١٠٠%  یان دوو هێندە زیادی کردبێت ئەوجا وەک پارساڵ دەژیت، بەڵام هەمووان دەزانن داهاتی خێزان لەچاو ساڵی ڕابردوو گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.

به‌گوێره‌ی نوێترین ئاماری فه‌رمانگه‌ی ئاماری ئێران، ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌و وڵاته‌دا بۆ مانگی خەزەڵوەری ئه‌مساڵ له‌ چاو هه‌مان ماوه‌ی ساڵی ڕابردوو گه‌یشته‌ ٥٠%. ئه‌و ئاماره‌ نوێیه‌ به‌و واتایه‌ دێت هه‌ر خێزانێكی ئێرانی له‌م مانگه‌دا، به‌ ڕێژه‌ی ٥٠% زیاتر له‌ ساڵی ڕابردووی بۆ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ژیان خه‌رج كردووه‌. هه‌ڵاوسانی مانگه‌كه‌ به‌راورد به‌ مانگێك پێشتر بریتی بووە لە ٣.٤% و خێزانە ئێرانییەکان دەبێت بە هەمان ڕێژە زیاتر خەرج بکەن بۆ ئەوەی هەمان پێداویستی مانگێک پێشتریان دەست بکەوێت. یەکێک لە چارەسەرییە هەرە سەرەکییەکانی حکوومەتی ئێران کە دەستی بۆ بردووە و کورتهێنانی بودجەی پێ پڕ کردۆتەوە و مانگانە مووچەی کارمەندانی پێ دابین کردووە بریتی بووە لە چاپکردنی دراوی زیاتر و گەورەترکردنی قەبارەی نەختینەیی.

بەپێی ئامارەکانی ئێران تەنیا لە ساڵی ١٣٩٧ تا ساڵی ١٤٠١ قەبارەی نەختینەیی سێ هێندە زیاد کراوە و لەم ساڵانەی دواییشدا قەبارەکە چەندین هێندەی دیکە بەرز کراوەتەوە. ماوەی ڕابردوو بانکی ناوەندیی ئێران قەبارەی نەختینەیی تا کۆتایی ساڵی ١٤٠٣ی بە ١٠ هەزار و ١٦٥ تریلیۆن تمەن ڕاگەیاند کە لەچاو ساڵی ١٤٠٢ سەرووی ٢٩% زیادی کردبوو.

دابه‌زاندنی به‌های تمه‌ن بێبه‌زه‌ییانه‌ترین باجه‌ كه‌ حكوومه‌ت سوودی لێ وەرگرتووە و ڕاستەوخۆ له‌ گیرفانی خه‌ڵك ده‌ریده‌هێنێت و سفره‌ی خه‌ڵكی پێ بچووك ده‌كاته‌وه بۆ ئەوەی کورتهێنانی پێ پڕ بکاتەوە‌. كاتێك تمه‌ن داده‌به‌زێت خه‌رجییه‌كانی هاورده‌ و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌رز ده‌بنه‌وه‌ و ده‌بنه‌ هۆی هه‌ڵاوسانی زیاتر. جگه‌ لە هاووڵاتیی ئاسایی، به‌رهه‌مهێنه‌ریش سه‌ری لێشێواوه‌ نازانێت ته‌نانه‌ت پلانی به‌رهه‌مهێنان بۆ ماوه‌ی كورتخایه‌ن دابڕێژێت. نازانێت ئه‌و كه‌ره‌سته‌ خاوه‌ی به‌ده‌ستی ده‌گات، سبه‌ی چی به‌سه‌ر دێت و به‌ چ نرخێكی به‌رزتر دابینی بكات و ئه‌وەش وای لێ دەکات له‌ وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنان سارد ببێتەوە و هەوڵی ڕاکێشانی سەرمایەکەی بدات و لە ترسی فەوتان بیگوازێتەوە دەرەوەی وڵات یان لە ناوخۆ بە کاڵایەکی دیکەی بگۆڕێت.

جگە لەمە سێبه‌ری جه‌نگ، بێمتمانه‌یی به‌ ده‌سه‌ڵات، كورتهێنانی بودجه‌ و نه‌بوونی متمانه‌ی بازاڕ، كێشانه‌وه‌ی پاره‌ له‌ بانكه‌كان له‌لایه‌ن هاووڵاتییان، بردنەدەرەوەی سەرمایە، نه‌بوونی دۆلاری پێویست لای بانكی ناوه‌ندی بۆ‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی پێداویستییه‌كانی بازاڕ و زاڵبوونی حكوومه‌ت به‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ داراییه‌كان، لەپاڵ ناکارامەیی و نوقمبوونی دەسەڵات لە کێشەی نێوخۆیی و ناکۆکی و سەرلێشێواوی بەرێوەبەران، سزا نێودەوڵەتییەکان و داخرانی پێوەندیی ئابوریی لەگەڵ وڵاتان  هۆكارگه‌لێكن کاریگەریی نەرێنییان لەسەر سەرجەم پێنوێنەکانی ئابووری و ژیان بەتایبەتی بەهای تمەن هەبووە.

ئابووریی ئێران بە تەواوی داتەپیوە، ئاتاری بەسەر پاتاریەوە نەماوە و هیچ ڕێکارێک، بڕیارێک، هەوڵدانێک و تەنانەت ڕێگەچارەی حەکیمانە ناتوانێت لە چوارچێوەی سیستەمی گەنیودا فریای بکەوێت و لەم قەیرانە ڕزگاری بکات. قەیرانەکە تا ئەم ساتە کە قسەی لەسەر دەکەین لێلێیە و هێشتا لۆلۆی ماوە، هەمووی دوو مانگە سزا نێودەوڵەتییەکان گەڕێندراونەتەوە و کۆماری ئیسلامی لە ڕووی سیاسی، پێگەی جەماوەری، دێموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، پێوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان، بەرهەمهێنان، هەناردە لە خراپترین دۆخی مێژوویی خۆیدایە و ئاستەمە بتوانێت هەنگاوێک بۆ باشترکردنی دۆخەکە بنێت.

دۆخەکە وەک ئەوە وایە کەسێک لە یەک کاتدا نەخۆشییەکانی دڵ، هەناسە، جەرگ و گورچیلەی بەیەکەوە هەبێت و پێشتریش پزیشکان هەبوونی تۆمۆرێکی شێرپەنجەییان لە نزیک مێشک پێ وتبێت. چارەسەری لەم کاتەدا جگە لە مەرگ هیچ شتێکی دیکە نییە و هیچ پزیشک و حەکیمێک ناتوانێت ئەو هەمووە نەخۆشییە بەیەکەوە چارەسەر بکات.