کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە و ئاڵا، لە بیرەوەریی گشتییەوە بۆ هزری گشتی!

18:56 - 15 سەرماوەز 2725

عەلی لەیلاخ

دەڵێن وشەی پێشمەرگە مێژووی کۆنی هەیە و بەڵام ئەوەی وەکوو هێزێکی وڵاتپارێز ناوی هاتبێت، تا پێش کۆماری کوردستان بەڵگەی وا بەدەستەوە نییە و زیاتر مانای فیدایی و شەڕکەر بووە کە ئەمەش دەتوانێت یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم هێزە ڕەسەن و کوردییە بێت.

دروستە پێش کۆماری کوردستان و تەنانەت لە ڕووداوە کۆنە مێژووییەکاندا کوردەکان ملکەچ نەژیاون و زۆریان لە پێناوی سەربەرزی بوونەتە قوربانی. بەڵام فیداکارانی شۆڕشە کوردییەکان خاوەنی ناوێکی دیاریکراو نەبوون و لە نیهایەتدا بە چەکداریی فڵان خێڵ و هۆز یان ئەوانەی کە لە ناوچەکانی جوانڕۆ و هەورامان، کە تەنانەت لە تەرکیبی سوپای میللیی کۆماری کوردستاندا بەشدارییان کرد، پێیان گوتراوە "تفەنگی و تفەنگچی" و بە سەرۆک هۆزەکانەوە دەناسران.

بەڵام لە سەردەمی زێڕینی کۆماری کوردستانەوە ئیتر چەکداری و چەکهەڵگرتن لەژێر ناوی خێڵ و هۆز و سەرکردە دەرھات و، نازناوێکی مانادارتری بەخۆیەوە گرت کە زیاتر لە هەشتا ساڵە لە ئەدەبیاتی سیاسی و لەنێو هزری تاکی کورددا جێکەوتووە و پێی دەڵێن "پێشمەرگەی کوردستان".

ساناترین مانای ئەم وشە ژیانبەخشە، هەمان پێشگرتنە لە مەرگ و نەمان و پەڕژین‌بەستنە بەدەوری باخ و گوڵزاری نیشتمان، بۆ پێشگرتن لە ڕنین و دزین و فەوتان و سڕینەوەی هەر جۆرە سێبەرێکی غەریب و نامۆ بەسەر خاک و قەڵەمڕەوی نیشتمانەوەیە.

جیاوازییەکی جەوهەریی نێوان هێزێکی تەنیا "چەکدار" لەگەڵ پێشمەرگە، کە بە "باسکی بەهێزی گەل" ناسراوە، ئەوەیە کە لە ڕەهەندی جیاجیاوە دەتوانین ئەم چەمکە شۆڕشگێڕییە ڕاڤە بکەین. کە لە ئامرازبوونەوە دەبنە کاراکتەرێکی کارای نێو گۆڕەپانی خەبات و لە سەنگەرە جیاجیاکاندا مانایان بەو دەستەواژەیە بەخشیوە.

لە ڕەوتی شێکلگرتنی «پێشمەرگە» تاکوو ئەمڕۆ، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا هەست بە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لە نێوان پێشمەرگە و مەرامی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی جڤاکیدا دەکرێت و بووەتە مۆتیڤێکی سۆزدارانە لە بیرەوەریی گشتیدا.

 

بیرەوەریی گشتی و شوناسی نەتەوەیی!

مۆریس هاڵبواکس، فەیلەسووفی فەڕەنسیی، لە کتێبی "کۆمەڵناسیی یادەوەریی بەکۆمەڵ"، ڕای وایە کە یادەوەرییەکان تەنیا کۆمەڵێک بیرەوەریی تاکەکەسی نین، بەڵکوو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتین کە لەژێر کاریگەریی چوارچێوە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان و ئەو گرووپانەی تاک سەر بەوانە، مانا پەیدا دەکەن. بە باوەڕی هاڵبواکس، بیرەوەرییە تاکەکەسییەکان بەبێ چوارچێوەی گرووپی، مانای خۆیان لەدەست دەدەن و هەر ئەم گرووپانەن کە لە ڕێگەی پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بیرەوەرییە هاوبەشەکان دروست دەکەن، دەیانپارێزن و دەیانگوازنەوە.

کەواتە بیرەوەرییە گشتییەکان لە پێکهاتنی شوناسی نەتەوەیی، هەستی پێکەوەژیان و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە. یەکێک لە کۆڵەکە هەرە گرنگەکانی شوناسی نەتەوەیی، بیرەوەریی گشتییە کە بریتییە لە: کۆمەڵێک ڕووداو و ڕێکەوتی هاوبەش کە لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگە جێکەوتووە و جیاوازە لەگەڵ یادەوەریی تاکەکەسی، بەڵکوو یادێکی جڤاکییە.

بۆ نموونە، شەڕی جیهانیی دووەم بۆ ئەڵمانییەکان، ماندێلا و خۆڕاگرییەکەی بۆ ئەفریقییەکان و سیمۆن بۆلیڤار و زاپاتا و ساڵڤادۆر ئالێندە، لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، بیرەوەریی گشتیی ئەو وڵاتانەن.

لە نێو نەتەوەی کوردیشدا جیا لە کۆمەڵێک حیکایەت و گێڕانەوەی ئەفسانەیی و مێژوویی و قسەی نەستەق، کەم نین ئەو ڕووداو و بەسەرهات و کەسایەتییە سیاسی، هونەری و خەباتگێڕانەی کە بوونەتە بەشێک لە بیرەوەریی هاوبەش و دەزوویەکی نادیار، بەڵام بەهێزن لە پێکەوەگرێدانی تاکەکان بە کۆمەڵ و ویستی هاوبەشەوە.

بۆ نموونە، هەروەک نەورۆز و بۆنە نەتەوەییەکانی دیکە بیرەوەریی هاوبەشی ئێمەن، حەسەن زیرەک و سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی تا دەگاتە پێشەوا قازی محەممەد، لە زەینی تاکی کورد بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەچنە خانەی بیرەوەریی گشتییەوە.

بەڵام لەمانە بەربڵاوتر، کە نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە پارچەکانی دیکەش لە یادەوەریی گشتیدا جێی گرتووە، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانە کە لە کۆماری کوردستانەوە بە کۆنکرێتی هاتووەتە ئاراوە و تا ئەمڕۆکە لە بیرەوەریی گشتیی ئێمەدا پاڵی داوەتەوە بە هزر و هزری گشتیی نیشتمانییەوە.

ئاڵای کوردستان ئەگەرچی لە ئێستادا بە فەرمی لە باشووری کوردستان پەسەند کراوە، بەڵام مێژووی هەڵکردنی لەسەر دامودەزگاکانی دەوڵەتی کۆماری کوردستان، دەستپێکێکی مۆدێرنی سیاسەت و دیاریکردنی کیانی کوردی بوو. چونکە خودی هەڵکردنی ئاڵا هەر بەپێی زانستی "ئاڵاناسی"، دیاریکردنی قەڵەمڕەوێکی تایبەت و بەجۆرێک خاوەندارێتی کردن بووە لە خاک و کیانی خاوەن ئاڵاکان.

بە کورتە سەرنجێک بۆمان دەردەکەوێت، تەنانەت ئەو دوو وشە فارسییەش ڕیشە و ڕەچەڵەکی زمانەوانیی کوردییان هەیە. بۆ نموونە، دوو دەستەواژەی "پەرچەم" و "درفش" بە ئاسانی ڕیشەیان لە کوردیدایە.

پەرچەم کە هەمان پەڕ یان بەری چاوە، کە تا ئێستاش لە ناوچەی گۆران بە چاو دەڵێن چەم و درفشیش دیارە لە درەوشانەوە هاتووە و کاتی خۆی پارچەیەک برۆنزیان وەک نیشانەی ئاڵا هەڵدەگرت کە لە دوورەوە بە تیشکی خۆر دەدرەوشایەوە و ئەم درەوشانەوەیە هەمان "درفش"ی ئێستایە کە فارسەکان بە شانازییەوە باسی دەکەن.

ئەم دوو میراتە بەنرخە، واتە پێشمەرگە و ئاڵا، لە قۆناغی کۆماری کوردستانەوە تا ئەمڕۆ جێی خۆیان لە بیرەوەریی گشتیی کوردەکاندا کردووەتەوە و چوونەتە نێو هزری گشتییەوە.

بۆ نموونە، پێشمەرگە بەبێ هیچ وەرگێڕان یان وەرگرتن لە دەرەوە، هێمای بەرگری و خۆڕاگرییە لە هەمبەر هەر چەشنە چەوسانەوە و داگیرکاری، و شکۆ و ڕێزێکی تایبەتی لای کۆمەڵانی خەڵکی کورد هەیە، هەر بەو پێیە دوژمنانیش ویستیان فێڵ لەو خۆشناوییە بکەن و لە سەروبەندی هێرش بۆ سەر کوردستان "پێشمەرگەی موسڵمان"یان داهێنا، کە بەخۆشییەوە سەری نەگرت و هەر ڕیسوایی بۆ خۆیان و دارودەستەیان بۆ مایەوە.

چ لە هونەری بەرگریدا و چ وەک ناونیشانێک بۆ خەباتێکی ڕەوا و بەردەوامی گەلێکی مافخوراو. جێی ئاماژەیە، لە قۆناغی هێرشی داعش بۆ سەر بەشێک لە نیشتمان، ناوی پێشمەرگە لە هێمایەکی لۆکاڵییەوە بووە هێمایەکی گڵۆباڵ و جیهانی، بەڵام نابێت هەر لەو ماوە زەمەنییەدا باسکردن و ناساندنی قەتیس بکەینەوە، چونکە ئەمە نادیدەگرتنی جەفاکێشان و قوربانیدانی سەدان و هەزاران پێشمەرگەی خۆنەویست و گەلدۆستە لە قۆناغە جیاجیاکانی بزاڤی کوردیدا.

لە ساڵانی ڕابردوودا کاتێک شەقام، بۆ دەستبژێرانی وڵات لە سەنگەرە جیاجیاکاندا نازناوی پێشمەرگەیان لێ دەنێن و وەک مەدالیایەکی فەخرییە بە بەرۆکی شەریفترین وڵاتپارێزان، ئەمە هەمان پەیوەندیی بیرەوەریی گشتی و هزری گشتییە لەگەڵ شوناسی نەتەوەیی.

لەبیرمان نەچێت، ئەگەر کاتی خۆی بە ئەبووبەکر مەعرووفی، شوفێرێکی بۆکانی کە لە کاتی گەیاندنی نان، بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشانی شیرین، گیانی شیرینی لەدەست دا و بە درووشمی "پێشمەرگەی نان" پێشوازییان لە تەرمەکەی کرد، یان بە ژینگەپارێزە گیانبەختکردووەکان دەڵێن "پێشمەرگەکانی ژینگە"، ئەمە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەنگەرە مەزنەی کە کوڕ و کچانی ئەم نیشتمانە لە کۆماری کوردستانەوە تا ئێستا ئاوەدان ڕایانگرتووە.

ئەگەر ڕەنگەکانی ئاڵای کوردستانیش بە شێوەی جۆراوجۆر ڕەنگدانەوەیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە و لە نێو چین و توێژەکاندا هێمایەکی بەنرخە، دەرخەری ئەوەیە کە پێشمەرگە و ئاڵا لە یادەوەریی گشتییەوە چوونەتە نێو هزر و هزری کۆمەڵایەتییەوە.

هەر بۆیە هەر جۆرە لێدان و بێڕێزیکردن و هاوردەکردنی هەر ناو و ناونیشانێکی دیکە بۆ جێ لێژکردنی ناوی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان، ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی ڕووشاندنی شوناسی نەتەوەیی و خەوشدارکردنی بیرەوەریی گشتییەوە.

ژێدەر:

ماڵپەڕی "فرارو"

جامعەشناسی خاطرات جمعی