کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتە شەڕخوازەکانی تاران لە دەرەوە و داڕمانی ئابووری لە نێوخۆدا

13:19 - 10 سەرماوەز 2725

ڕەحیم نزهەتزادە

پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە هەڵسەنگاندنی ئەمنیی ناوچە، جارێکی دیکە سەرنجی بیروڕای گشتی و دامەزراوە شیکارییەکانی، بەرەو سیاسەتی دەرەوە و ڕەفتاری ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاکێشاوە؛ ڕەفتارێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا، نەک هەر بارگرانییەکی قورسی خستووەتە سەر خەڵکی ئێران، بەڵکوو هاوسەنگیی ناسکی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی خستووەتە مەترسییەوە. ڕاپۆرتێکی نوێی گۆڤاری ئیکۆنۆمیست نیشان دەدات، کە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی ئەمنی و سیاسیی ئیسرائیل گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، کە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نوێ لە نێوان تاران و تەلئەبیب لە هەڵکشاندایە؛ هەڵسەنگاندنێک کە هەرچەندە لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە دەربڕدراوە، بەڵام ڕەگ و ڕیشەی لە واقیعی ڕەفتار و سیاسەتەکانی تاراندا شاراوەیە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، شرۆڤەکارانی ئەمنیی تەلاڤیڤ پێیان وایە، کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی زنجیرەیەک شکستی ستراتیژی و "زەلیلی" لە گۆڕەپانی ناوچەییدا بووەتەوە، کە ڕەنگە بە هیوای بەدەستهێنانەوەی پێگە لەدەستچووەکەی، دەست بۆ هەنگاوێکی لەناکاو دژ بە ئیسرائیل بهاوێژێت. ئەگەرێکی لەو شێوەیە، لە ناخی هەمان شێوازی ڕەفتاری تارانەوە سەرهەڵدەدات، کە تێیدا سیاسەتی دەرەوە، نەک لە خزمەتی خۆشگوزەرانی، گەشەسەندن و سەقامگیریی وڵاتدا، بەڵکوو لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی و دەرەوەسنووریدا پێناسە دەکرێت؛ پڕۆژەیەک کە تێچوونەکانی نەک لە ئەستۆی بڕیاردەرەکانییەتی، بەڵکوو لە ئەستۆی خەڵکێکە، کە ساڵانێکە لەگەڵ هەڵاوسان، هەژاری، بێکاری و دابەزینی بەرچاوی کوالێتیی ژیاندا ململانێ دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، ”ڕاز زیمت”، لێکۆڵەر لە ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە تەلئەبیب، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئێران سەرلەنوێ پڕۆسەی چەکدارکردنی حزبوڵای دەست پێ کردووەتەوە. ئەمەش نەک هەر ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی سیاسەتی درێژخایەنی تاران بۆ بەهێزکردنی هێزە بریکارەکانی، بەڵکوو هاوکات ئاماژەشە بۆ ئەوەی کە ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکەی ئێران، لە هەوڵی مانەوەی خۆیدا، بەردەوام بەدوای "قووڵایی ستراتیژی"دا دەگەڕێت لە دەرەوەی سنوورەکانی؛ قووڵایییەک، کە خەڵکی ناوچەکە لە لوبنانەوە تا عێراق، سووریە و بێگومان خەڵکی ئێرانیش، باجەکەیان بە شەڕ و ناسەقامگیری و داڕمانی ئابووری داوە.

جگە لەوەش، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی داوە، لە ئەگەری ئەوەی کە تاران گروپە بریکارەکانی لە عێراق، بۆ هەڵدانی مووشەک بەرەو ئیسرائیل چالاک بکات، مۆدێلێک کە ساڵانێکە لەگەڵ حزبوڵای لوبنان تاقی کراوەتەوە، ئێستا نەخشە و شێوازی دووبارەبوونەوەی، بە ڕوونی دیارە. تەنانەت ئەگەر هەڵسەنگاندنەکانی تەلئەبیب بە وریاییەوەش شی بکرێنەوە، حەقیقەت ئەوەیە، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پێکهاتەی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لەسەر هەمان لۆژیکی "ئامادەبوونی بریکارانە" دامەزراوە؛ لۆژیکێک کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، نەک تەنیا ئاسایشی ناوچەکەی تێک داوە، بەڵکوو بووەتە هۆی زیادبوونی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و گوشاری ئابووریی توند لەسەر خەڵکی ئێران.

زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سەربەخۆیش پێیان وایە کە لە هەلـومەرجی ئێستادا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕووی قەیرانێکی جیدیی بێهێزیی سەربازی بووەتەوە؛ قەیرانێک کە دەرئەنجامی ساڵانێک خەرجکردنی سەرچاوەکانی وڵاتە لە شەڕی بریکارانە و سیاسەتی پڕتێچووی ناوچەییدا. هەرچەندە هەندێک لە هەڵسەنگاندنەکان دەریدەخەن کە سەرنجی گرنگی بڕیاردەرانی ئەمڕۆ "پاراستنی مانەوە"یە، تەنانەت لەم چوارچێوەیەشدا، ئەگەری کردەوەی تۆڵەسەندنەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، وەک ئەگەرێکی بەهێز هەڵدەسەنگێنرێت. جیاوازیی سەرەکی، تەنیا لەسەر کاتی کردارێکی لەو جۆرەیە، نەک جەوهەرەکەی. ئەم دۆخە ئەوە نیشان دەدات، کە پێکهاتەی بڕیاردان لە تاران، نەک هەر بە شێوەیەکی پێویست سوود لە لۆژیکی ڕێگریکردن یان حیساباتی ستراتیژی وەرناگرێت، بەڵکوو لە چوارچێوەی نەریت و ڕێبازێکی سۆزدارانە، ئایدیۆلۆژی و پڕتێچوودا دەجووڵێتەوە.

لە وەها هەلـومەرجێکدا، کۆمەڵگەی ئێران بەرەوڕووی گوشاری ئابووریی بێوێنە دەبێتەوە. هەڵاوسانی بەربڵاو، دابەزینی خۆشگوزەرانیی گشتی، داڕمانی دراوی نیشتمانی و بڵاوبوونەوەی هەژاریی پێکهاتەیی، خەڵکی خستووەتە ناو قەیرانێکی قووڵەوە. لە بەرامبەردا سیاسەتی دەرەکی و ناوچەیی کۆماری ئیسلامی، بەردەوامە لەسەر "بووژاندنەوەی تۆڕە بریکارەکان" و "بەردەوامیدان بە کردەوە شەڕانگێزییەکان"؛ وەک ئەوەی کە سەرچاوەکانی وڵات نەک بۆ گەشەپێدانی نێوخۆیی، بەڵکوو بۆ پاراستنی بلۆکە چەکدارەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی پێناسە کرابن.

ئەم ناتەباییە ڕواڵەتییە لە نێوان پێداویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵک و کارە لەپێشینەکانی دەسەڵات، یەکێکە لە ڕەگ و ڕیشە بنەڕەتییەکانی قەیرانی ئێستای ئێران. لە کاتێکدا خەڵکی نێوخۆ بەدوای ئاسایشی ئابووریی، ئازادییە مەدەنییەکان و سەقامگیریی کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێن، ئامێری سیاسەتی دەرەوەی وڵات، بەرەو سەرکێشیی سەربازیی زیاتر دەڕوات، ڕێگایەک کە نەک هەر هیچ کام لە کێشە نێوخۆییەکانی وڵات چارەسەر ناکات، بەڵکوو وڵات دەخاتە بەردەم مەترسیی زیاتر و ئەگەری پێشبینینەکراو.

لە کۆتاییدا، ڕاپۆرتی ئیکۆنۆمیست جارێکی دیکە وێنەیەکی ڕوون لە دژایەتییە بنەڕەتییەکانی سیاسەتەکانی تاران دەخاتە ڕوو. حکوومەتێک کە لە نێوخۆدا ڕووبەڕووی قەیرانی شەرعییەت، ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و فشاری ئابوورییە، لەبری چاکسازیی پێکهاتەیی و وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی جەماوەر، هەروا بەردەوامە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی پڕتێچوو و بێئەنجامی دەرەکی. ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە، نەک هەر خەڵکی ئێرانی لە گەیشتن بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بێبەش کردووە، بەڵکوو وڵاتی گەیاندووەتە ئاستێک کە هەر پریشکێک دەتوانێت، گرژییە ناوچەییەکان بڵێسەدارتر بکات.

ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر، پێویستە داهاتووی وڵات لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ڕاستەقینەی خەڵک، ڕێزگرتن لە ویستی نەتەوەکان و دوورکەوتنەوە لە شەڕی بریکارانە پێناسە بکرێت؛ ڕێگایەک کە بتوانێت ئێران لە بازنە داخراوەکەی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی ڕزگار بکات و ڕێگە بۆ ئاشتی، سەقامگیری و گەشەسەندنی بەردەوام خۆش بکات.