
فەتاح ڕەسووڵی
بۆ کۆتاییهێنان بە هەر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و خۆسەپێن لە هەر وڵاتێکدا، یەکێک لە فاکتەرە گرنگ و خاڵە بەهێزەکان بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم جۆرە ڕیژیمانە و گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەری، لەپێش هەموویانەوە "ئیرادەی گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی"ـیە. ئەمەش بە پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی پێداگر و بونیادنەر دەکرێت کە تێکەڵاوێک بێت لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە بەرنامە و ئەدرەسێکی ڕوون و ئاشکرا. ئەرکی ئەم ڕێبەرایەتییە ئەوەیە کە لە درێژەی شۆڕشەکەدا بەردەوام کێشە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان، گەندەڵی، سەرکوتکردنی خەڵک و هەڵەکانی دەسەڵاتدارانی حاکم لەقاو بدات. ئەمە بۆ ئامادەکردن و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک گرنگە تا زەمینەی تووڕەیی و بێزاری بخوڵقێنێت و یەکگرتووانە بە گژ ئیستیبدادی حاکمدا بچنەوە.
بە کورتی، شۆڕش بە ناڕەزایەتیی گشتی دەست پێ دەکات و بە ڕێبەرێکی بەهێز و پێداگر و بەردەوام، لەگەڵ ئیرادەی خەڵک و بێهێزکردنی دەسەڵاتداران، دەگاتە سەرکەوتن. لەو وڵاتانەی شۆڕشی سەرکەوتوویان تێدا بووە، ئەوە وەک بنەما و پێوەر بۆ گۆڕینی دەسەڵات کەڵکی لێ وەرگیراوە. بۆ نموونە، هەرەسهێنانی دەسەڵاتی ڕیژیمی پاشایەتی و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و کۆتاییهێنان بە حکوومەتی بنەماڵەی پەهلەوی، لە ڕاستیدا بە ڕێکەوت نەبوو، بەڵکوو ئاکام و بەرهەمی زیاتر لە دوو دەیە خەباتی بەردەوامی چالاکانی ئایینی و سیاسی بوو.
لە ڕاستیدا هەموو حکوومەتە دیکتاتۆرەکان سیستمی ئیدارەی وڵاتیان، ئەگەر وەک یەکیش نەبێت، زۆر لێک نزیکە. ئەوان سەرکوت، توندوتیژی و تۆقاندن بە باشترین ڕێکار دەزانن بۆ بەردەوامیی دەسەڵاتیان تا خەڵک تەحەممولی دۆخەکە بکەن و هیچ ئیرادەیەک نەمێنێت. نابێ چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەک بن بەبێ خەبات؛ لە مێژووشدا نەبووە هیچ ڕیژیمێکی دیکتاتۆر بەبێ خەبات و تێکۆشان و فیداکردنی ڕۆڵەکانی خەڵک دەسەڵات بەجێ بهێڵێت.
ڕیژیمی تۆتالیتاری دینی و ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران نزیک بە پێنج دەیەیە کە بووەتە مایەی ئازاری ڕۆح و ژیانی خەڵک. لەژێر ناوی ئایین و نوێنەرایەتیی خوا لەسەر زەوی، دوور لە هەموو بەها ئەخلاقییەکان و نەریتەکانی مرۆڤایەتی، دەستی لە هیچ چەشنە تاوانێک دەرھەق بە دانیشتووانی ئێران نەپاراستووە. ٤٧ ساڵە سەرکوت و توندوتیژی بە شێوەی سیستەماتیک لەسەر گەلانی ئێران بەردەوامە. هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی ئاخوندەکان، گەلانی ئێران کەوتنە ژێر سێبەری شوومی نەهامەتییەکانی سیستمی "ویلایەتی فەقیهـ". کۆمەڵکوژکردنی ژن و منداڵ، لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی، تیرۆری جیابیران لە نێوخۆی ئێران و دەرەوەی سنوورەکان، بووە بە سیاسەت و فەلسەفەی وجوودیی هەمیشەیی ڕیژیمی ئیسلامی.
قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە، خوڵقاندنی قەیران و شەڕ و ئاڵۆزییە کە لە بەرژەوەندیی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیدایە، چونکە پێکهاتە و ڕوانگەی ئایدۆلۆژیی ڕیژیم لەسەر تەوەهوومات و جەهل دامەزراوە. سەرەڕای ئەوەی کە ژیانی خەڵک تەواو بە ئەمنییەتی کراوە، گرانی و هەڵاوسان، نەبوونی چاودێری بەسەر بازاڕەوە، نەبوونی هەلی کار و گرانبوونی سەرچاوەکانی ژیان وەک خانووبەرە، ڕووناکی، گەرمکەرەوە و ئاو، پشتی خەڵکیان چەماندووەتەوە. بە تایبەتی توێژی هەژار و بێدەرەتان ژیانیان بووەتە وێرانە و ئێستا خەڵک شەڕ دەکات بۆ ژیانی کۆڵەمەرگی و مانەوە.
ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی بیر لە سیاسەتی ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵک و بووژانەوەی ژێرخانی وڵات بکاتەوە، بە پێچەوانەوە هەموو ئابووریی ئێرانی خەرجی بەرنامەی چەکی "ناوکی"، سیستمی مووشەکی و توندئاژۆ نیابەتییەکان لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە کرد. ئەم سیاسەتە چەوتانە و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، دەردەخات کە تەواوی ستراتیژی و پلانەکانیان چ لە نێوخۆ و چ لە سیاسەتی دەرەوە تووشی شکست هاتوون. بەڵام ڕێبەرانی ڕیژیم و لە سەرووی هەمووانەوە شەخسی خامنەیی، کە هەمیشە گرفتاری تەوەهووماتی دەروونیی خۆیەتی، قەت ئامادە نەبوون خۆیان بەرەوڕووی ڕاستییەکان بکەنەوە، هەر بۆیە لە موحاسەباتدا بەردەوام تووشی هەڵە بوون.
ئێستا کە گەلانی ئێران بە گشتی ماوەی دەسەڵاتداریی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامییان ئەزموون کردووە و ماهییەت و ڕەسالەتی ئەو حکوومەتە بۆ هەموو لایەک ڕوون و ئاشکرایە، بۆ دەربازبوون لەم ڕیژیمە دژی گەلییە خەباتیان کردووە و تێچووی قورسیان داوە. هەرچەندە هەندێک لە شارەزایانی بواری کۆمەڵناسی بۆچوونیان وایە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییە مەدەنییەکان تووشی لاوازی بوونە، بەڵام ڕوانگەی شیکەرە سیاسییەکان جیاوازترە؛ ئەوان پێیان وایە کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێران لە هەموو کات زیاتر ئامادەن بۆ شۆڕشێکی مەیدانی. پەیوەندی و متمانە و شەرعییەت لە نێوان ڕیژیم و خەڵک بە تەواوی پچڕاوە. وڵاتێکی وێران، کەڵەکەبوونی سەدان کێشە و ئاستەنگ، ناکۆکیی نێوان باڵەکان، سەرلێشێواویی سەرانی ڕیژیم و گوشارە نێودەوڵەتییەکان، هەمووی هۆکارن بۆ ئامادەبوونی زەمینەی شۆڕشێکی سەرتاسەری و گەشانەوەی ژیڵەمۆی ئاگری دامرکاو. سەرەنجام ئاگری تووڕەییی پەنگخواردوو و بێزاریی کۆمەڵانی خەڵک دەبێتە بورکان و ڕیژیمی "ویلایەتی فەقیهـ" دەسووتێنێت و بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئەم ڕیژیمە یاخی و تیرۆریستییە دەهێنێت.