کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەڕی خامنەیی؛ لە وەهمی سەرکوتەوە بۆ داڕمانی دەسەڵات

20:41 - 21 بەفرانبار 2725

ڕەحیم نزهەت‌زادە

ڕاگەیاندنی شەڕی کردەیی و ئاشکرای عەلی خامنەیی و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دژی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، نەک نیشانەی هێز نییە، بەڵکوو گەواهیدەری نائومێدی، ترس و هەرەسی حکوومەتێکە کە دەیان ساڵە بە زەبری هێز، سەرکوت و درۆ، چارەنووسی نەتەوەکانی بە بارمتە گرتووە. کاتێک سیستمێکی سیاسی لەبری وەڵامدانەوەی داخوازییە ڕەواکانی هاووڵاتییانی، زمانی فیشەک، زیندان و سێدارە هەڵدەبژێرێت، لە ڕاستیدا دان بەوەدا دەنێت کە هیچ ئاسۆیەکی سیاسی، ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بۆ مانەوەی نەماوە و نییە.

ئەم بزووتنەوەیە تەنیا کاردانەوەیەکی کاتی نییە، بەڵکوو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و درێژەی ئەو خەباتە مێژووییەی گەلانی ئێرانە، کە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا وەرچەرخانێکی جەوهەریی بەخۆیەوە بینی. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، ڕەوتێکی گەشەسەندووی تووڕەیی، هۆشیاری و خۆڕاگرییە؛ بەرخۆدانێک کە ڕەگێکی قووڵی لەنێو مێژوو و کۆمەڵگەدا هەیە و ئێستا وەک ئیرادەیەکی یەکگرتوو، دژی تەواوی دەزگای سەرکوت وەستاوەتەوە.

کوردستان بەردەوام یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی خەبات بۆ ئازادی، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و مافە نەتەوەییەکان بووە. حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای جیاوازیی تاکتیکی و تەشکیلاتییان، بنەمایەکی هاوبەشیان هەیە: دژایەتییەکی پتەوی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، بەرگریکردن لە مافی چارەی خۆنووسین و باوەڕبوون بە پێکەوەژیانی دێموکراتیکی نەتەوەکان لە چوارچێوەیەکی ئازاد و یەکساندا. لەم ڕوانگەیەوە، سەرکوتکردنی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان، لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و میلیتاریزەکردنی شارەکان، تەنیا ڕێوشوێنێکی ئەمنی نین، بەڵکوو بەشێک لە شەڕی سیستماتیکی ڕێژیمن دژی بوونی سیاسی و ناسنامەیی نەتەوەی کورد.

خامنەیی و نیزامی "ویلایەتی فەقیهـ" بەباشی لەوە ئاگادارن کە کوردستان تەنیا ناوچەیەکی جوگرافی نییە، بەڵکوو قەڵایەکی سیاسی-فەرهەنگییە کە دەتوانێت ببێتە ئیلهامبەخش بۆ نەتەوە و چینە چەوساوەکانی دیکە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، چڕیی توندوتیژیی دەوڵەتی لەم هەرێمەدا هەمیشە لە سەرووی تێکڕای ئێرانەوە بووە. بەڵام ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە ئەم سیاسەتە نەک هەر بەرخۆدانی بێدەنگ نەکردووە، بەڵکوو شەرعییەتی خەباتی بەهێزتر کردووە.

ئەمڕۆ ئەم ڕەوتە شۆڕشگێڕییە، پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لە نێوان خەباتی چین و توێژە جیاوازەکان و نەتەوە چەوساوەکاندا -لە کورد و بەلووچەوە تا عەرەب و تورک- دروست کردووە. ئەم ڕاپەڕینە، گێڕانەوەی فەرمیی ڕێژیمی لەبارەی "ئاسایش" و "یەکگرتوویی" پووچەڵ کردەوە و بەڕوونی نیشانی دا کە هیچ یەکێتییەکی بەردەوام بەبێ ئازادی، کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەری سەر ناگرێت. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگەیەکی وەزاڵەهاتوو و هۆشیارە لە دژی تەواوی بناغە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی.

حیزبە کوردستانییەکان چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە ڕێگای چارەسەری قەیرانی ئێستا، نە لە چاکسازیی نمایشی و نە لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ستەمکاری لە قاڵبێکی دیکەدا، بەڵکوو تەنیا لە گواستنەوەی ڕاستەقینە بۆ سیستمێکی دێموکراتیک، سێکۆلار و فیدڕاڵ دایە، کە تێیدا مافی نەتەوەیی، زمانی و کولتووریی هەموو نەتەوەکان دانی پێدا نرابێت. ئەم دیدە تەواو پێچەوانەی پڕۆژەی ناوەندگەرایانە، ئەمنیەتی و شیعەسەنتەری کۆماری ئیسلامییە.

ڕاگەیاندنی شەڕی خامنەیی دژی جەماوەر، دوا هەوڵی ڕێژیمێکی ڕزیوە بۆ پاراستنی دۆخی ئێستا. بەڵام مێژوو نیشانی داوە کە هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لە بەرامبەر ئیرادەی هۆشیارانەی گەلان بوەستێتەوە. هەر فیشەکێک کە دەتەقێندرێت و هەر گیانێک کە دەستێندرێت، تۆوی هۆشیاری و خۆڕاگریی زیاتر لە کۆمەڵگەدا دەچێنێت.

لەم کاتە مێژووییەدا، یەکگرتوویی و دروستکردنی هاوپەیمانییەکی پتەو لە نێوان هێزە دیموکراتیکەکاندا، نەک هەر پێویستییەکە، بەڵکوو تاکە زامنی سەرکەوتنە. یەکگرتوویی و هاودەنگیی هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان لە دژی ستەمکاری، ئەو هێزە بێوێنەیەیە کە دەتوانێت کۆتایی بە تەمەنی دیکتاتۆرییەت بهێنێت. ئایندەی ئێران لە درێژەی ستەمکاری لە قاڵبێکی دیکەدا نییە، بەڵکوو لە یەکدەنگییەکدا چەکەرە دەکات کە بنەماکەی لەسەر ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان بونیات نرابێت.