کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوانی کوردبوون، ڕێگای ڕزگاربوون

21:58 - 22 بەفرانبار 2725

عەلی بداغی

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی بەفرانبار هێزەکانی سوپای سووریە بە چەکی قورس هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، دوو گەڕەکی گەورەی کوردنشینی شاری حەلەب لەو وڵاتە و گەمارۆی قورسیان خستە سەر. لەو هێرشە بەربڵاوەدا بەداخەوە زیاتر لە ٣٠ کەس لە خەڵکی سڤیل کوژران و پتر لە ١٥٠ هەزار کەسیش بەناچار ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و ئاوارە بوون.

ڕووداوەکانی حەوتووی ڕابردوو لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێرشی دڕندانەی سوپای ناوەندیی سووریە بۆ سەر دوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب لە زۆر بوارەوە بۆ ئەوە دەبێ هەڵوەستەی لەسەر بکرێ.

یەکەم، لەسەر شێوەی هێرشەکە و دڕندەیی و جینایەتەکانی سوپای دیمەشق دەرحەق بە خەڵکی مەدەنی و بێ‌تاوان کە لە دەرەوەی ناکۆکیی سیاسی دەخوێندرێتەوە. ئەو هێرشانە دەربڕی سیاسەتی حاشا، سڕینەوە و ژێنۆسایدی نەتەوەیەکی مافخواز لەلایەن دەسەڵاتی باڵادەستی سەربازییە.

دووهەم، گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی وا دیارە نەک هەر گۆڕانکارییەکی لە دۆخی کوردەکانی سووریادا پێک‌نەهێناوە، بەڵکوو ڕوانگەکان بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی کورد و بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی مافخوازی لەو وڵاتە هەر وا لەجێی خۆیەتی. وەک چۆن ئەمە لە گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی لە شۆڕشی ١٣٥٧ی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتییشدا بەدی نەکرا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دڕندانەتر سیاسەتی سڕینەوە و تەواندنەوەی کوردی گرتەبەر و شەڕێکی قورس و خوێناویی بەسەردا سەپاند کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە. هەروەها وەک چۆن ئێستا لە ڕوانگەی ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەریی ئەم ڕێژیمەشدا گۆڕانکارییەک لەهەمبەر ڕوانگە و بۆچوونیان بۆ مافی کورد و پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە لەم وڵاتەدا بەدی ناکرێ.

سێهەم بابەت پێوەندیی بە سیاسەتی کۆمەڵگەی جیهانییە. ئەمریکا، ڕۆژئاوا و بەگشتی وڵاتان مەرجی گەڕانەوەی سووریە بۆ کۆمەڵگەی جیهانییان بەوە بەستەوە ئەحمەد شەرع (جەولانی) پێبەندی ڕێوشوێنە سیاسی و دێموکراتیکەکان بێ و ڕێز بۆ فرەیی ئایینی و نەتەوەیی لە سووریە دابنێ. بەڵام ئێستا بە بەرچاوی ئەوانەوە ئەو جینایەتانە ڕوو دەدەن، ئەویش لە دژی کورد کە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردووی قەیران و شەڕی نێوخۆیی سووریەدا نەک هەر هیچ کێشە و ئارێشەیەکیشی بۆ حکوومەتی ناوەندی دروست نەکردووە؛ بەڵکوو لە هەموو پێکهاتەکانی دیکە زیاتر لەدژی داعش شەڕی کرد و شەهید و قوربانیی دا.

چوارەم خاڵ تیشک‌ خستنە سەر ئەو بابەتەیە کە حکوومەتی ناوەندیی سووریە نوێنەرایەتیی ئیسلامی سووننە دەکا، کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش نیزیک بە تەواویان موسوڵمانی سووننەن و هەمان ئایینزایان هەیە. کەواتە دەردەکەوێ کێشەی سەرەکی باوەڕنەبوونی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بە مافی کورد وەک نەتەوەیە و لەپێناو سڕینەوەی ئەو شوناس و ناسنامە جیاوازەدا لە هیچ جینایەتێکیش ناپرینگێتەوە. حەقیقەتی تاڵی دیکە ئەوەیە کە ئەم جینایەتانە بە بەرچاوی دنیای ئیسلامەوە دەکرێ و هەتا ئێستاش یەک وڵاتی ئیسلامی لە دژی ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتەکەی دەنگی ڕەخنەی هەڵنەبڕیوە.

شک لەوەدا نییە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی شاری حەلەب و ئەو هێرشانەی لە ساڵانی ڕابردووشدا بە بەردەوامی کراونەتە سەر کوردەکانی ڕۆژئاوا، ئامانجیان گۆڕینی پێکهاتەی دانیشتووانی ناوچەکە، قەڵاچۆی خەڵکی کورد لەلایەن دەسەڵاتی دیمەشق بە یارمەتیی وڵاتانی دژەکوردی دیکە و، لە بنەڕەتدا دووپاتکردنەوەی هەر هەمان هەڵە و تاوانی ڕێژیمەکانی پێشوو دەرحەق بە کوردەکانی ئەم وڵاتەیە.

سیاسەتی حیزبی دێموکرات مەحکوومکردنی ئەم هێرشانەی سوپا و حکوومەتی ناوەندیی سووریەیە و ئەم حیزبە پێی وایە بە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی ناکۆکییە سیاسییەکان چارەسەر ناکرێن. هەروەها گەلی خەباتکاری کورد لە سووریەش کە دەیان ساڵە بۆ مافە ڕەواکانیان تێ‌دەکۆشن و قوربانی دەدەن، سەرکوت و کوشتن و قەڵتوبڕ کۆڵیان پێ نادا. بۆیە لەگەڵ ئەوەدا کە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەئەستۆگرتنی بەرپرسیارەتیی سیاسی و ئەخلاقییان لەهەمبەر ئەو تاوانەدا ڕادەکێشین، پێ لەسەر ئەوەش دادەگرینەوە کە تاکەچارەسەری ناکۆکییە سیاسییەکان و کۆتایی هێنان بەو سیکلە لە شەڕ و خوێنڕشتن داننان بە مافی وەک‌یەکی هەموو پێکهاتەکانی ئەو وڵاتەیە. پێشمەرجی سەرکەوتنی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان کە لە هەرکام لەواندا هەر ئەو ڕوانگە و بۆچوونە لەهەمبەر پرسی کورد هەیە، تەنیا یەکڕیزی و یەکبوونە کە دەتوانێ هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی پرسی ڕەوای کورد هەڵگەڕێنێتەوە.