کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کوردستان" لە دەوڵەتدارییەوە هەتا بەردەوامیی لە تاراوگەدا

22:15 - 22 بەفرانبار 2725

ناهید حوسێنی

هەشتا ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا تێدەپەڕێت. هەشتا ساڵ کە نەک هەر تەمەنی بڵاوکراوەیەک، بەڵکوو دیرۆکی پڕ هەوراز و نشیوی نەتەوەیەک، بزووتنەوەیەک و ئامانجێکی لەخۆیدا هەڵگرتووە. "کوردستان" هەر لە سەرەتاوە، نەک هەر ڕۆژنامەیەک، بەڵکوو دەنگی فەرمیی دەسەڵاتی پێڕەوکەی کۆماری کوردستان، تریبۆنی ئیرادەی سیاسیی نەتەوەیەکی بێبەش لە مافی نەتەوەیی و ئاوێنەی ئاواتە گشتییەکانی کورد بۆ ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی بووە.

بڵاوکردنەوە و دەرچوونی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە بەستێنی شکڵگرتنی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد، هاوکات بوو لەگەڵ ئەزموونێکی کەموێنە لە دەوڵەتداریی کوردی. لەو بڕگە هەستیارە مێژووییەدا، ڕۆژنامە نەک هەر وەکوو ئەرکی ڕاگەیاندن، بەڵکوو بەرپرسایەتی و ئەرکی چەسپاندنی ڕەوایی سیاسی، برەودان بە زانیاریی گشتی و فۆرموولە کردنی زمانی فەرمیی دەوڵەتێکی لە ئەستۆ بوو. "کوردستان" لەو سەردەمەدا، هاوکات زمانی دەوڵەت و نەتەوە بوو. پردێک لە نێوان دەسەڵاتی پێڕەوکە و کۆمەڵگەیەک کە بۆ یەکەمجار خۆی لە بەژن و قەڵافەتی مژارێکی سیاسیی سەربەخۆدا دەبینییەوە.

پاش هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان و سەرکوتی بێبەزەییانەی ئەو دەسەڵاتە، هەموو شیمانە و ئاماژەکان ئەوەبوون کە "کوردستان"یش چارەنووسی زۆربەی ناوەند و دامەزراوەکانی ئەو ئەزموونە کەم تەمەنە بەرۆکی بگرێت، بەڵام مێژوو ڕێڕەوێکی دیکەی گرتەبەر. ئەوەی هەرەسی هێنا پێکهاتەی دەوڵەتەکە بوو نەک ئیرادەی سیاسیی و نەک بیرگەی کۆیی و گشتی نەتەوەیەک. ڕۆژنامەی "کوردستان" ئەگەرچی لە جوغرافیای دەوڵەتەکەی هەڵبڕا، بەڵام لە ئەرک و بەرپرسایەتیی خۆی دانەبڕا. لێرەوە بوو کە وەرزێکی نوێ لە ژیانی ئەم بڵاوکراوەیە دەستی پێکرد. وەرزی بەردەوامیی لە تاراوگە.

لە دوورەوڵاتی و تاراوگە، "کوردستان" چیتر ئۆرگانی دەوڵەتێکی سەقامگیر نەبوو، بەڵام وەکوو ڕابوردوو هەڵگری بیرۆکەی دەوڵەتداری و مافی سەروەریی نەتەوەیی مایەوە. ئەم ڕۆژنامەیە وردە وردە بوو بە ئۆرگانی فەرمیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لەم پێگەیەدا، ڕۆڵی خۆی لەگەڵ دۆخی نوێ ڕێکخست و خۆی پێناسە کردەوە.

"کوردستان" لە تاراوگە بوو بە دەنگی خۆڕاگری و بەرگری، دەنگێک کە هەوڵی دەدا هەرەس و شکستی سیاسی و نیزامی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان نەبێ بەژێر ڕەشەبای فەرامۆشییەوە و نەبێت بە بەشێک لە مێژوویەکی درەوشاوە بەڵام بەسەرچوو. لە دەیەکانی پاش کۆماری کوردستان، ڕۆژنامەی "کوردستان" بوو بە یەکێک لە گرینگترینی کەرەستەکانی ڕاگری یەکگرتوویی دیسکۆرسی نەتەوەیی. لە بارودۆخێکدا کە سەرکوت، سانسۆڕ و دابڕاویی جوغرافیایی، پەیوەندییە دەروون کۆمەڵایەتییەکانی ئاستەم کردبوو، ئەوە ڕۆژنامەی "کوردستان" بوو کە وەکوو ڕایەڵەیەکی کارا، ڕابوردووی لە ئێستا و ئێستای لە داهاتوو موتوربە دەکرد و گرێی دەدا. بەردەوامیی دەرچوونی "کوردستان" لە تاراوگە، بە واتای خۆڕاگری و بەرگری بوو. بەرگریی کولتووری، سیاسی و هێماخوازی.

"کوردستان" لەم بڕگە لە مێژووی خۆیدا، هاوکات لەگەڵ ڕەنگدانەوەی خەباتی سیاسی و نیزامیی حیزبی دێموکرات، هەوڵی دەدا وێنایەکی گشتگیرتر لە پرسی کورد لە ئێراندا بخاتە بەر دید و بیورووژێنێت. لاپەڕەکانی بوو بە پێگە و نوێنگەی تۆمار کردنی ئەزموونەکانی سەرکەوتن و شکست، هەوراز و نشیوەکانی ڕێگای سەختی خەبات و لێکدانەوە و شی کردنەوەی دۆخە نێوخۆیی و ناوچەییەکان. بەوپێیە، ڕۆژنامەی "کوردستان" سنووری بڵاوکراوەیەکی ئاسایی کە تەنیا ئەرکی هەواڵدەریی بێتی تێپەڕاند و هەڵکشا بۆ بیرگەی نووسراو و تۆمارکراوی بزووتنەوەیەکی سیاسی.

خاڵێکی گرینگ لە ڕەوتی بەردەوامیی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا ئەوەیە کە، ئەم بڵاوکراوەیە هەرگیز لە چوارچێوەی ڕابوردوویەکی نۆستالژیکدا بەرتەسک نەبوویەوە. هەرچەند کۆماری کوردستان هەردەم یەکێک لەو وێستگە و بڕگە گرینگانە بووە کە ڕۆژنامەی کوردستان ئاوڕی لێ داوەتەوە، بەڵام هەوڵیشی داوە ئەم ئەزموونە مێژووییە لە بەر تیشکی دۆخی نوێی خۆیدا شی بکاتەوە و خوێندنەوەی بۆ بکات. "کوردستان" لە تاراوگە، دەوڵەتداریی نەک وەکوو بیرەوەرییکی داخراو، بەڵکوو وەکوو ئاسۆیەکی کراوە، گەش و هیوایەک بۆ دواڕۆژ وێنا دەکات. ئاسۆیەک کە هێشتاش لە زەین و خەباتی سیاسیی نەتەوەی کوردا زیندووە و هەناسە دەدات و دەدرەوشێتەوە.

لەم ڕەوتەدا، ڕۆژنامەی "کوردستان" ڕۆڵێکی گرینگی لە گێڕانەوەی ڕەوایی سیاسیی حیزبی دێموکراتدا گێڕا. بڵاو کردنەوەی ڕێکوپێک و دانەبڕاوی بەیاننامەکان، لێکدانەوەکان و هەڵوێستە فەرمییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بوو بە هۆی ئەوە کە ڕۆژنامەی "کوردستان" ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دەربڕینی ڕێچکەی حیزبی دێموکرات، بەمەبەستی بەرچاوڕوونی ئەندامان و لایەنگرانی و بۆ ناساندنی ڕیبازەکەی بە کۆمەڵگەی کوردی و دەرەوەی ئەو کۆمەڵگەیە. هەوکات ئەم ڕۆژنامەیە هەوڵی داوە سنوورەکانی بڵاوکراوەیەکی حیزبی تێپەڕێنێت و ببێتە دەنگی خواستە گشتییەکانی کۆمەڵگە، وەکوو مافە نەتەوەییەکان، ئازادییە دێموکراتیکەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.

لە ڕوانگەی مێژووییەوە، بەردەوامیی "کوردستان" لە تاراوگە دەرخەری ئەوەیە کە دەوڵەتداری تەنیا ئەوە نییە کە پێت لەسەر خاکی خۆت گیر بێت و دامەزراوەی فەرمییت هەبێت(هەرچەند ئەوە فاکتەرێکی حاشا هەڵنەگر و بنەڕەتییە)، بەڵکوو دەوڵەتداری دەکرێت لە چوارچێوەی دیسکۆرس، بیرگە و ڕێکخستنی سیاسیدا بەردەوام بێت. ڕۆژنامەی "کوردستان" یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکان و یەکێک لە گرینگترینی بەستێنەکانی ئەم بەردەوامییە بووە، بەستێنێک کە ئایدیای سەروەری و دەسەڵاتی نەتەوەیی کوردی لە جیلێکەوە بۆ جیلێکی دیکە گواستۆتەوە.

ئەمڕۆ، لە یادی هەشتا ساڵەی دەرچوون و بڵاوبوونەوەی "کوردستان"دا، ئەم ڕۆژنامەیە نەک هەر یادگاری بڕگەیەکی مێژوویی، بەڵکوو بەڵگەیەکی زیندووە لە خۆڕاگریی سیاسی و کولتووری نەتەوەیەک. "کوردستان" بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەوە بڵێین کە تاراوگە لە بوونی خۆیدا بە مانای دابڕان نییە، بەڵکوو دەتوانێت خۆی لە فۆرمێکی دیکەی بەردەوامییدا پێناسە بکاتەوە. بەردەوامییەک کە لەودا پێنووس دەبێتە نیشتمان و بیرگەی گشتی شوێنی دامەزراوە لەکیس چووەکان دەگرێتەوە.

بەرزڕاگرتنی هەشتا ساڵەی درچوونی "کوردستان"، لە ڕاستیدا ڕێزگرتنە لە بەردەوامیی ئیرادەیەک کە لە ناخی ئەزموونێکی کەم‌تەمەن لە دەوڵەتداریدا لەدایکبوو و چەندین دەیە لە سەرکوت و دوورخستنەوەی تێپەڕاندووە.

ئەوەی لەم دەرفەتە کورتەدا ماوە بیڵێم ئەوەیە کە ڕۆژنامەی "کوردستان" لە خۆیدا پرسیارێکی بنەڕەتیشی هەڵگرتووە کە، چلۆن دەکرێت دەوڵەتت نەبێ، کەچی بێدەنگییش هەڵنەبژێریت؟ وەڵامی "کوردستان" بۆ ئەم پرسیارە، لە ناخی مێژوووەکەیدا تۆمار کراوە، مێژوویەک کە دەیسەلمێنێت کە دەنگ ئەگەر خاشەی لە ماف و شوناسی مرۆڤدا بێت، تەنانەت لە تاراوگەشدا کپ نابێتەوە.