
عەلی بەهرامی
دوای ئەوەی بەهای تمەن لە بەرامبەر دراوە بیانییەکاندا تووشی داڕمانێکی بێوێنە بوو و نرخی هەر دۆلارێک گەیشتە ١٤٤ هەزار تمەن، هاوکات ڕێژەی هەڵاوسان سنووری ٥٠٪ی تێپەڕاند و بەردەوامیش بوو لە هەڵکشان، کاسبکاران و بازاڕییانی تاران لە ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، وەک پەرچەکردارێک دوکانەکانیان داخست و دەستیان دایە مانگرتن. ئەم ناڕەزایەتییە کە لە ناخی قەیرانی قووڵی ئابووریی وڵاتەوە سەرچاوەی گرتبوو، زۆر بە خێرایی پەرەی سەند و گوازرایەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران. هاتنە مەیدانی «بازاڕ» ــ وەک ناوەندێک کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە گرێدانی ئابووری و سیاسەتدا هەیە ــ تەنیا وەڵامێکی کاتی نییە بۆ دابەزینی بەهای دراو؛ بەڵکوو ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گەیشتنی قەیران بە ئاستێک کە تێیدا ژیان لەژێر سایەی سیستەمی ئێستادا بۆ زۆرینەی چینەکانی کۆمەڵگە مەحاڵ بووە.
هاوشانی بازاڕ، چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، بەتایبەت خوێندکاران، وەک هێزێکی پێشەنگ چوونە پاڵ ئەم شەپۆلە و بە بەرزکردنەوەی دروشمی ڕادیکاڵ، داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتییان لە تەواوی سیستەمی حوکمڕانی و پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی وڵات کرد. هەرچەندە لە ماوەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتەدا ناڕەزایەتیی جۆراوجۆر دژی ستەم و ناد دادپەروەری سەریان هەڵداوە، بەڵام ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٣٩٦ وەرچەرخانێکی گەورە بوو؛ لەو ساڵەدا کە ناڕەزایەتییەکان زیاتر لە ١٢٠ شاریان گرتەوە، بۆ یەکەم جار دروشمی «ڕووخانی تەواوەتیی دەسەڵاتی ئاخوندی» بوو بە داخوازیی سەرەکیی شەقام. ئەو دروشمانەی کە پێشتر تەنیا لەلایەن هێزە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە دەگوترانەوە، ئەمجارەیان بوون بە زمانی هاوبەشی جەماوەر.
لەلایەکی دیکەوە، ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٩٨ کە بەهۆی گرانبوونی کتوپڕی بەنزینەوە سەری هەڵدا، تووڕەیی خەڵکی گەیاندە لوتکە. سەرکوتکردنی خوێناویی ئەو ڕاپەڕینە، کەلێنێکی قووڵی لە نێوان جەماوەر و دەسەڵاتدا دروست کرد؛ برینێک کە هەرگیز ساڕێژ نەبووەتەوە. بەڵام «بزووتنەوەی ژینا» لە ساڵی ١٤٠١ خاڵی وەرچەرخانێکی دیکەی مێژوویی بوو. ئەم بزووتنەوەیە، هەرچەندە نەیتوانی لە ڕووی فیزیکییەوە دەسەڵات بڕووخێنێت، بەڵام لە ڕووی فیکری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوه، سەردەمی «پێش خۆی» و «دوای خۆی» لێک جیا کردەوە. شکاندنی بەربەستی ترس، ڕەتکردنەوەی هێما ئایدیۆلۆژییەکانی ڕێژیم و گۆڕینی گوتاری ناڕەزایەتی، بزووتنەوەی ژینای کرد بە شۆڕشێکی زێهنی و بنەماشکێن.
ئەم گۆڕانکارییە فیکری و کۆمەڵایەتییانە زەمینەخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی ئەمڕۆ «شەقام و بازاڕ» لە چوارچێوەی هاوکێشەیەکی نوێدا بەیەک بگەن. یەکگرتنی ئەم دوو هێزە (بازاڕ وەک شادەماری ئابووری و شەقام وەک هێزی جووڵێنەر)، هاوسەنگیی هێز بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت. ئەم دۆخە دەسەڵات دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە؛ چونکە بازاڕ کە بە شێوەیەکی نەریتی پارێزگارە و بە دوای سەقامگیریدا دەگەڕێت، کاتێک بە ڕووی دەسەڵاتدا دەوەستێتەوە، واتای ئەوەیە قەیرانەکە لە هەموو جومگەکانی سیستەمەکەدا ڕەگی داکوتاوە.
ئەوەی ئێستا لە ئێران دەگوزەرێت، گەڕانەوە بۆ دۆخی ڕابردوو ئەستەم دەکات. پێکەوەگرێدانی شەقام و بازاڕ تەنیا شەپۆلێکی کاتی نییە، بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵات چیتر ناتوانێت بە ئامرازەکانی وەک سەرکوت، چەواشەکاری یان بەڵێنی بێبنەما قەیرانەکە کۆنتڕۆڵ بکات. ڕێژیمێک کە ساڵانێک پشتی بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێک لە بازاڕ و توێژە نەریتییەکان دەبەست، ئێستا لە بەرامبەر کۆمەڵگەیەکی ئازا و گۆڕانخوازدا بێدەسەڵات ماوەتەوە. کاتێک بازاڕ دەرگای دوکانەکانی دادەخات، لە ڕاستیدا ئەو دەرگایە دادەخات کە دەسەڵات لە ڕێگەیەوە خۆی بە کۆمەڵگەوە پەیوەست دەکرد.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەم دۆخە شۆڕشییە هێشتا «پرۆسە»یە نەک «ئەنجام». بۆ ئەوەی ئەم هاوکێشەیە (بازاڕ + شەقام) بگاتە ئامانج، پێویستی بە ڕێکخستنێکی سیاسیی تۆکمە و نەخشەڕێگایەکی ڕوون و دیموکراتیک هەیە. ئەگەر ئەم وزەیە تەنیا لە چوارچێوەی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی پەرژ و بڵاودا بمێنێتەوە، مەترسیی ئەوە هەیە کە جارێکی دیکە سەرکوت بکرێت یان بەلاریڕێدا ببرێت. لە زانستی سیاسەتدا هیچ شتێک مسۆگەر نییە، بەڵام یەکگرتنی ئێستای شەقام و بازاڕ دەرفەتێکی زێڕین و مێژووییە.
لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە کە «ئایا شۆڕش ڕوو دەدات؟»، بەڵکوو پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: «ئایا دەتوانرێت ئەم دۆخە شۆڕشییە بکرێت بە شۆڕشێکی سەرکەوتوو؟». وەڵامی ئەم پرسیارە نە لە دەستی ڕێژیمدایە و نە قەدەر بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵکوو بەستراوەتەوە بە ئیرادە و ڕێکخستنی ئەو هێزانەی کە ئێستا لە مەیدانەکەدان و دەیانەوێت کۆتاییی ئەم قەیرانە، تەنیا گۆڕینی دەموچاوەکان نەبێت، بەڵکوو سەرەتای بونیادنانی سیستەمێکی نوێ، دیموکراتیک و فیدراڵ بێت.