
سمایل شەرەفی
دوای ئەوەی لە ئاکامی شەڕی جیهانیی یەکەمدا (١٩١٨- ١٩١٤) کوردستان بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کرا و دەوڵەت-نەتەوەکانی تورک، فارس و عەرەب لەسەر ئەساس و عەقڵیەتی سڕینەوەی "ئەوانی تر" دامەزران و بزووتنەوەکانی کورد بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس یەک لە دوای یەک تێکشکێندران، مرۆڤی کورد بۆ ماوەیەک تووشی جۆرێک لە قەیرانی شوناس دەبێ. بە واتایەکی دیکە، کورد چیدیکە ئیرادەی خۆ بەباڵاگرتنی دەوروبەری نامێنێ و لە "مەلیکایەتی" و "دەرەبەگایەتی"یەوە دادەبەزێ بۆ گۆشەگیری، دەستبەردانەوە و سەهۆڵبەندانێک لە ئیرادە کە تا گەیشتن بە بووژانەوە و ژیانەوەی، زەمەنێکی مێژوویی پڕ لە بێهیوایی و کارەسات دەبڕێ.
ئەگەر شەڕی جیهانیی یەکەم و ئاکامەکانی بۆ کورد و نیشتمانەکەی تێکشکان و دابەشبوون و قەیرانی شوناسی بەدواوە بوو، لە هەلومەرجی شەڕی جیهانیی دووهەمدا چەخماخەیەک لە بووژانەوە ڕوو لە "بەختی نوستوو"ی دەکا و کۆمەڵێک لاوی خاوەن بیر و هەڵوێست بە دامەزرانی "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد"، قۆڵ لە سڕینەوەی زەمەنێک لە قەیرانی شوناسی میللەتەکەیان هەڵدەماڵن.
پێشەوای مەزن، قازی محەممەد کە بە چاوی خۆی تەواوی ڕووداوەکانی ئەم سێ دەیە پڕ لە نەهامەتی و ئەنگوستەچاوە و، کارتێکەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان و مرۆڤی کوردی دیتبوو، هیچ گومان لەوەدا نییە کە هەست بە پێویستیی هەڵێنانەوەی هەنگاوێکی مێژوویی دەکا. پەیوەستبوونی قازی محەممەد بە کۆمەڵەی ژێکاف دەستپێکی ئەم هەنگاوەیە کە لە باوەڕمەندبوونی بە وەسەریەکخستنی تواناکان و کار و بڕیاری بەکۆمەڵ سەرچاوە دەگرێ. قازی محەممەد کە هەر زۆر زوو دەتوانێ متمانەی هاوڕێیانی و خەڵکەکەی وەدەست بهێنێ، بە کردەوە و لە ڕێگای بەڕێوەبردنی کاروباری جۆراوجۆری ڕۆژانەی شاری مەهابادەوە، بیر لە بنیاتنانی کارێکی گەورەتر دەکاتەوە. لە هەنگاوەکانی دواتریدا و بە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە هەلومەرجی سیاسی و زەرفیەتەکانی دەوروبەری، دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان (٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی) وەک وەڵامدانەوە بە هەموو ئەو گۆڕانکاری و چاوەڕوانی و خەونە نەتەوەییانە، دەکاتە بڕیارێکی مێژوویی و لەم سۆنگەیەوە هەنگاو بە هەنگاو لە بەئەنجامگەیاندنی کارە گەورەکە نزیک دەبێتەوە.
بە دامەزران و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی) کورد دوای دەیان ساڵ لە گۆشەگیری و بێهیوابوون و تلانەوە لەنێو قەیرانی بێشوناسیدا، خۆی دەدۆزێتەوە و هەستانەوەیەکی مەزن ئەزموون دەکا. ئەم هەستانەوەیە لە بەشێک لە نوتقی پێشەوادا بەمجۆرە بەرجەستە دەبێ: "پیاوانی بەبیر و هۆش و بەشەڕەف کە زۆر لەمێژبوو خوێنی دڵیان دەخواردەوە بۆ زەلیلیی ئەو میللەتە دووکەڵ لە دەروونیان دەهاتە دەرێ، زۆر زوو تەشخیسیان دا کە وەختی کارە و لەو فرسەتە دەبێ بەهرە وەرگیرێ و ئەوە تەواو ئەو ڕۆژەیە کە پشتاوپشتمان چاوەڕوانی بوون. یەک جار خێرا و بێوچان و ڕاوەستان دەستیان بە کار کرد و حیزبی دێموکراتی کوردستانیان تەشکیل دا و بە دەستوبرد خەریکی کاروباری میللی بوون و بە چاوێکی ورد و بەدیقەت ئیحتیاج و پێداویستیی کوردیان تەشخیس دا و بەدی کرد…" ئەم بەدیکردنەش "دامەزرانی کۆماری کوردستان" بوو.
کۆماری کوردستان و دەسکەوتە بنیاتنەرەکانی، مرۆڤی کورد لە بناغەوە دروست دەکاتەوە؛ داوی قەیرانی شوناسی لێ دادەماڵی و کەسایەتییەک تەژی لە سەروەریی لێ بنیات دەنێ. هەر خودی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان وەک دیاردەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی کە تەعبیرێک لە دەسەڵات، ئیرادە و سەروەری بە دەستەوە دەدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەسەر مرۆڤی کورد دانا تا ئەو باوەڕەی تێدا دروست بێ کە "ئەویش" دەتوانێ و بۆی هەیە بتوانێ - وەک توانیویەتی - لە وەها ڕووداوێکدا خۆی وێنا بکا. کەوابوو "باوەڕبەخۆبوون" لە بنیاتنانی کەسایەتیی مرۆڤی کورددا – کە بەداخەوە تا ئێستایشی لەگەڵ بێت کەمایەسیی پێوە دیارە – مەرجی سەرەکییە.
بڕیار و کردەوەکانی کۆماری کوردستان کە زۆریان وەک دەسکەوتی نەتەوەیی پێناسە دەکرێن، لە بنیاتنانی کەسایەتیی مرۆڤی هاوچەرخی کورددا، ڕۆڵ و کاریگەریی ڕیشەییان هەبووە و هەیە. لێرەدا بە نموونە باس لە سێ دەسکەوتی هەرە مەزن و ئەساسیی کۆماری کوردستان و کاریگەرییان لەسەر دروستکردنی مرۆڤی هاوچەرخی کورد دەکەین. "هەڵکردنی ئاڵای کوردستان"، "دامەزرانی سپای میللیی کوردستان" و "دانانی سروودی نەتەوەیی" وەک سێ دەسکەوتی بنەڕەتیی کۆماری کوردستان هەرکام بە جۆرێک توانیویانە تا ئێستاش کە ٨٠ ساڵیان بەسەردا تێدەپەڕێ، کاریگەریی هەرە ئەساسییان لەسەر کەسایەتیی مرۆڤی کورد هەبێت.
کۆماری کوردستان وەک ڕووداوێکی مێژوویی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان، ئەگەر خاوەنی ئەم دەسکەوتانە نەبوایە، بێگومان هەر وەک نموونەی هاوشێوەی خۆی لە ئازەربایجان دەریخست، نەیدەتوانێ ببێتە ئەو یادەوەرە مێژوویی و دانەبڕاوە لە هەست و نەستی مرۆڤی کورددا. کەوابوو هۆکاری ئەوەی دوای ٨٠ ساڵ و دڵنیاین بۆ هەتاهەتایە لای مرۆڤی کورد، کۆماری کوردستان جێگە و پێگەی خۆی هەیە و دەمێنێ، پڕۆژەکانی کۆمارە.
هەڵکردنی ئاڵا لە کۆماری کوردستاندا یەکێک لە ڕووداوە جەوهەری و کاریگەرەکانە. ئاڵا، تەعبیر لە بوونی نیشتمان و نەتەوەیەکی زیندووی جیاواز لە دەوروبەری خۆی دەکا. بۆیە هەڵکردنی ئاڵا لە زەمەنێکی تایبەتدا بۆ میللەتی کورد – کە لەژێر ئاڵا و هێمای دژ و دوژمنەکانیدا لە لێوارەکانی "نەمان" نزیک ببوویەوە – مەزنترین ڕووداوی ژیانی مرۆڤیی هاوچەرخی کورد بوو، و تا ئێستاش ئەم مانایە لەجێی خۆیدایە. کۆماری کوردستان بە هەڵکردنی ئاڵا، مان و بوونی نەتەوەیەکی ڕاگەیاند کە نەتەوەکانی دەوروبەری لەسەر دابەشکردنی نیشتمانەکەی ئەو و تێکشکاندنی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی، وڵات و دەسەڵات و سەروەریی نەتەوەیی خۆیانیان بنیات نابوو. ئێستا ئەم میللەتە دوای دەیان ساڵ کڕ و کپبوون، هەستاوەتەوە و بە هەڵکردنی ئاڵا، هاواری مانەوە و بوونی خۆی دەکا. لێرەدا "بوون" بۆ مرۆڤی کورد کە بۆ ماوەیەکی زەمەنیی دوور و درێژ لە هەستکردن بە "نەبوون"دا ماوەتەوە، لە هەڵکردنی ئاڵای نیشتمانەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە و کەسایەتی لێ وەردەگرێ. ئاڵا دەبێتە بەشێک لەو شوناسەی کە لێی ون کرابوو.
ئاڵا و زۆرێک لە دەسکەوتە مەزنەکانی دیکەی کۆماری کوردستان کە ڕۆژانە لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆماردا دەبیندران، پێویستییان بە پارێزگاری لێکردن و "پاراستن" بوو. لێرەدا "پاراستن" ئەو مەفهوومە لێڵ و نامۆیە بوو کە دەبێتە بەشێک لە جەستەی کۆماری کوردستان و کورد فێر دەبێ کە چۆن پارێزگاری لە "بوون"ی خۆی و دەسکەوتەکانی بکا. دامەزرانی "سپای میللیی کوردستان" کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێ نرا، گرینگی، بایەخ و پێگەی "پاراستن"ی لە مرۆڤی کورددا نەهادینە کرد. پێشمەرگە کە ئەرکداری پاراستنی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی بوو، بوو بە هێمایەکی نەتەوەیی و لە باوەڕی هەموو مرۆڤێکی کورددا – تا ئێستایشی لەگەڵ بێت – بەبێ بوونی ئەم هێزە ناکرێ قسە لە پاراستنی مان و مەوجودیەتی کورد بکرێ. بۆیە پێشمەرگە کە ئەرکی پاراستنی دەسکەوتەکانی لەسەر شانە، لە وجودی مرۆڤی کورددا هەستکردن بە بوونی بەرژەوەندییەکی گەورەتر لە قازانجە شەخسییەکانی خۆی دروست دەکا کە پێی دەگوترێ "بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەیی". لەم سۆنگەیەوە مرۆڤی کورد جیا لە خۆی و هەوڵدان بۆ خودی "خۆی"، خۆیەکی گەورەتر و گشتیتر بە ناوی "بەرژەوەندیی نەتەوە" دروست دەبێ کە بەشێک لە گرینگبوونی لە وجودی پێشمەرگەدا دەبینێ کە هەوڵی پاراستنی دەدا.
ڕاگەیاندن و دەرخستنی هەموو ئەم دەسکەوتانەی کە کەسایەتیی مرۆڤی کوردی لەسەر بنیات نرابوو، بۆ کۆماری کوردستان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بوو. بۆیە دانانی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" وەک پێویستییەک، یەکێک لە دەسکەوتە مێژووییەکانی کۆماری کوردستانە. ئێستاش دوای ٧٥ ساڵ ئەم سروودە بۆ مرۆڤی کورد هاوارێکی هاوبەشە کە تەعبیر لە خواست و ناخی هەموو مرۆڤێکی کورد دەکا. "ئەی ڕەقیب"، ئەو هاوار و بانگەوازە باوەڕبەخۆبوونەیە کە لە مینبەری کۆماری کوردستانەوە وەک میراتێک لە سەرپێبوون، بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردووی "خوێناوی"ی خۆی، ڕوو بە "ڕەقیب" هاواری مانەوە و بەردەوامبوون لە مانەوە دەکات. ئەم هاوارە لە ئیرادەیەکی نەتەوەیی و مێژووییەوە سەرچاوە دەگرێ کە پاشخانەکەی کۆماری کوردستانە و سینگ بە سینگ و نەوە بە نەوە، ڕژاوەتە هەناوی هەموو مرۆڤێکی کوردەوە و بە هەمان نەفەس هاوار دەکا:
"ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان"
لەم ڕووەوە کۆماری کوردستان لە مێژووی سیاسیی کورد و ڕەوتی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤی کورددا، وێستگەیەکە پڕ لە مەعریفە، تەژی لە دەسکەوت و پڕاوپڕ لە شوناسخوازیی نەتەوەیی کە کەسایەتیی مرۆڤی هاوچەرخی کوردیان لەسەر بنیات نراوە.