
ڕەحیم نزهتزادە
کۆمەڵکوژیی خۆپیشاندەران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ئێران، ناتوانرێت بەتەنیا لە چوارچێوەی "سەرکوتکردنی ئەمنی" یان "کۆنتڕۆڵکردنی نائارامییەکان" شیکاری بۆ بکرێت. ئەوەی ڕوویداوە، نموونەیەکی ڕوون و ئاشکرایە لە پێشێلکردنی بەربڵاو و سیستەماتیکی مافەکانی مرۆڤ، کە لەسەر ئاستی یاساییش، هاوتا و گونجاوە لەگەڵ چەمکی "تاوان دژی مرۆڤایەتی". کەڵک وەرگرتن لە توندوتیژی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی ناڕازی، جارێکی دیکە ئەوەی نیشاندا کە حوکمڕانیی سیاسی لە ئێراندا، نەک هەر توانای چاکسازیی نێوخۆیی نییە، بەڵکوو لە ڕووی پێکهاتەوە بۆ مانەوەی خۆی پشتی بە سەرکوتکردنی فیزیکیی جەماوەر بەستووەتەوە.
بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی ئەم کۆمەڵکوژییە (کە بەپێی داتاکانی ڕاگەیاندنی خودی کۆماری ئیسلامی، تاوەکوو ئێستا هەزاران کەس لە خەڵکی ناڕازی و لەژێر ناو و تەعبیری بێبنەمادا کۆمەڵکوژ کراون) لە ئەستۆی پێکهاتەی دەسەڵاتدایە، کە ناڕەزایەتیی مەدەنی وەک هەڕەشەیەک لەسەر مانەوەی خۆی سەیر دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، بەتەنیا سەرنج خستنەسەر بەرپرسیارێتیی دەسەڵات، وێنەیەکی تەواوکەر لە قەیرانی ئێستا ناخاتە بەردەست. ئەم ڕووداوانە هاوکات قەیرانێکی قووڵتر لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا، خوازیاران و ڕکابەرانی سەرکردایەتیی سیاسی لە ناوەند دەخەنەڕوو؛ قەیرانێک کە لە نەبوونی لێپرسینەوە، هەلپەرستیی سیاسی و بێتوانایی لە پێشکەشکردنی بەدیلێکی پێکهاتەیی، خۆی دەنوێنێ.
ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، بەتایبەتی دەریانخستووە کە بەشێکی زۆر لە ئارەزوومەندانی کورسیی دەسەڵات، زیاتر لەوەی بەدوای نوێنەرایەتیی بەرپرسانەی داخوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بن، بەدوای دروستکردنی ڕەمزیی خۆیانن لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا، ئەویش بەبێ ئەوەی تێچووی مرۆیی و سیاسیی ئەو کردەوانە قەبووڵ بکەن و بەشی خۆیان وەئەستۆ بگرن. لەم نێوەندەدا، هەڵوێست و کردارەکانی ڕەزا پەهلەوی، (بۆ نموونە لەگەڵ کەناڵی ئینگلیزیزمانی CBS News کە دەڵێت: "من بە خەڵکم نەوتووە بێنە سەر شەقام") نموونەیەکی بەرچاوی ئەم شێوازە لە سیاسەتی نابەرپرسانەی خەونبینەری دەسەڵاتی پاشایەتییە. بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی "دەنگی گەل" لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لەپاڵ ڕەتکردنەوەی هەر ڕۆڵێک لە بانگەوازکردن یان هاندانی خەڵک بۆ هاتنە سەر شەقام، کەلێنێکی ڕوون لە نێوان قسەکردن و بەرپرسیارێتیی سیاسیدا پێکدەهێنێت. ئەم کەلێنە، نە پرسێکی شەخسییە، بەڵکوو نیشانەی قەیرانی هەیکەلی و پێکهاتەییە لە سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرادا.
تێزی بانگەشەکەرانی سەرکردایەتیی سیاسیی ناوەندگەرا
تێزی زاڵ لەنێو بانگەشەکەرانی سەرکردایەتیی سیاسیی ناوەندگەرادا، لەسەر ئەو گریمانەیە داڕێژراوە، کە کێشەی ئێران لە بنەڕەتدا قەیرانی بەڕێوەبردنی سیاسییە، نەک پێکهاتەی دەسەڵات. بەپێی ئەم بۆچوونە، گۆڕانی سیاسی لە جێگۆڕکێی نوخبەکان لە ناوەنددا و چەمکەکانی وەک چڕبوونەوەی دەسەڵات کورت دەبێتەوە؛ هاوکات نکۆڵیکردن لە مافی بەکۆمەڵ، جیاکاریی ناوچەیی و پرسی نەتەوەیی، دەخرێنە پەراوێزەوە. ئەم تێزە، چ لە شێوەی گوتاری پاشایەتیدا بێت، یان لە فۆرمەکانی تری ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرادا، خۆی لە گرنگیدان بە پرسیارە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی دەسەڵات و بەشداریی یەکسانی نەتەوەکان لە پێکهاتەی داهاتوودا دەدزێتەوە.
ناوەندگەرایی سیاسی، تەنانەت کاتێک لە بەرگی ئۆپۆزیسیۆنیشدا دەردەکەوێت، درێژەپێدەری هەمان لۆژیکە کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا، بۆ نەهێشتنی سیستەماتیکی ناوچە پەراوێزخراوەکان و سەرکوتی فرەچەشنیی نەتەوەیی پەیڕەو کراوە. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمەڵگە نەک وەک بابەتی سیاسیی خاوەن مافە بەکۆمەڵەکان، بەڵکوو وەک جەماوەرێکی کۆکراوە لە ساتە قەیرانییەکاندا، لێکدانەوەی بۆ کراوە. دەرئەنجامی ئەم جۆرە بەرداشتە، سیاسەتێکە کە خەڵک تێچووەکەی دەبژێرن، بەڵام بڕیاردان و لێپرسینەوە لە ئاستێکی ئەبستراکت و بێ لێپرسینەوەدا دەمێنێتەوە. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، بە ڕوونی بێکاریگەریی ئەم تێزەی دەرخستووە. بانگەشەکەرانی ڕێبەریی ناوەندگەرا، لە بەرەوڕووبوونەوەی توندوتیژیی ئاشکرادا، نە توانای پێشکەشکردنی ستراتیژییان هەبووە، نە ئامادەی قەبووڵکردنی بەرپرسیارێتیی سیاسی بوون. ئەم دۆخە زیاتر لە هەموو شتێک، بۆشایی سیاسەتێکی هەیکەل-میحوەر و لامەرکەزی بەرجەستە دەکات.
جیاکردنەوەی سیاسەتی بەرپرسیارانە: ئەزموونی حیزبە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە بەرامبەر ئەم نەخشە باڵادەستەدا، بڕیار و کردەی حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیاوازییەکی ماناداری هەیە. ئەم هێزانە، بەپێچەوانەی زۆرێک لە ڕکابەرەکانی ڕێبەرایەتی، خۆیان لە هاندانی بەجۆشهێنەرانە و بانگەوازی بێ پشتیوانیی کردەیی بەدوور گرتووە، و جەختیان لەسەر بنەماکانی وەک پاراستنی ژیانی خەڵک، هۆشیاریی سیاسی و بەردەوامی بە خەبات لە چوارچێوەیەکی بەرپرسیارانەدا کردووەتەوە. ئەم ڕێبازە، نەک خۆپاراستن و موحافیزەکارییە، بەڵکوو بەرهەمی ئەزموونی مێژوویی و تێگەیشتنێکی قووڵە لە تێچووی کردەوەی سیاسیی ناڕێکخراو.
گرنگیی ئەم جیاوازییە، بەتەنیا لە ئاستی تاکتیکیدا نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی دوو تێگەیشتنی جیاوازە لە سیاسەت: سیاسەت وەک شانۆ و وەبەرهێنانی ڕەمزی بۆ خود، لە بەرامبەر سیاسەت وەک بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ و پرۆسەی درێژخایەن. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە دەریانخستووە کە ئەم ڕێبازەی دوایی، لە کاتی قەیرانەکاندا توانای پشوودرێژانە و بەردەوامتری هەیە.
ساتەوەختی ئەگەر و لۆژیکی ئامادەیی سیاسی
گۆڕانکارییە بنەڕەتییە سیاسییەکان، بە دەگمەن لە خشتەی پێشوەختە ڕاگەیەندراودا ڕوودەدەن. گۆڕانکارییە گەورەکان، بەرهەمی کەڵەکەبوونی ڕووداوەکان و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزن. کۆمەڵکوژیی ئەم دواییە و ڕاپەڕینی جەماوەری، نیشانەی بەهێزتربوونی ئەگەری گۆڕانی سیاسی لە ئێرانن. لە ڕوانگەی شیکارییەوە، گریمانەی گۆڕانکاری نەک لەسەر بنەمای دڵنیایی، بەڵکوو لەسەر بنەمای تەتەڵەی ئەگەرەکان دەکرێت؛ ڕووداوەکانی ئەم دواییەش ئەم ئەگەرەیان، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
لە وەها هەلومەرجێکدا، سیاسەتی بەرپرسیارانە لەسەر بنەمای ئامادەکارییە، نەک چاوەڕوانی. دواخستنی بڕیاردان و هیوا بەستن بە ئایندەیەکی نادیار، خۆی کارێکی نەرێنییە، کە دەتوانێت دەرفەتە مێژووییەکان لەناو ببات. ئایندە نەک لە سبەینێدا، بەڵکوو لە بڕیارەکانی ئەمڕۆدا بنیات دەنرێت.
پێویستیی بەرەوپێشبردنی یەکگرتن: لە گفتوگۆوە بۆ بەرەی یەکگرتوو
بەم پێیە، ئەوەی کە دەبێت لە بەرنامەی دەستبەجێی کاری حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جێگیر و بەرجەستە بکرێت، پێناسەکردنەوەی ئاست و فۆرمی یەکگرتوویی سیاسییە. هەرچەندە "ناوەندی دیالۆگی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" چوارچێوەیەکی گرنگ بووە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و هەماهەنگی، بەڵام هەلومەرجی ئێستا وا دەخوازێت، کە ئەم میکانیزمە بەرەو ئاستی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز بکرێتەوە.
بەرەیەکی لەم شێوەیە بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی کارا و بەرپرسیارانەیە، لە ئەگەری هەر سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراودا، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. لە ئەگەری نەبوونی یەکگرتوویی دامەزراوەیی، مەترسی ئەوە هەیە کە پێشهاتە خێراکان ببنە هۆی ناسەقامگیری، یان دووبارە سڕانەوەی داواکارییە نیشتمانییەکان. بەرەیەکی یەکگرتوو، دەتوانێت گەرەنتیی بەشداریی ڕێکخراوانەی نەتەوەی کورد بێت، لە پڕۆسەی گۆڕان و داکۆکیکردن لە مافە بەکۆمەڵەکانی لە قەوارەی داهاتوودا.
کۆتا پەیڤ
کۆمەڵکوژیی ناڕازییان، هەم تاوانی پێکهاتەیی ڕێژیم، هەم بێتوانایی سیاسەتی ناوەندگەرای لە دابینکردنی ئەڵتەرناتیڤێکی بەرپرسیارانە ئاشکرا کردەوە. ئایندەی ئێران، پێویستی بە تێپەڕین لە مۆدێلە ناوەندگەراکان، هەروەها قووڵبوونەوە لە بیرکردنەوەیەکی بنەڕەتی لە چەمک و تێگەیشتنی سەرکردایەتیی سیاسیدا هەیە. لەم پەیوەندییەدا، ئەزموون و ڕێبازی حیزبە کوردستانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوە نیشان دەدات کە سیاسەتی بەرپرسیارانە - کە لەسەر بنەمای ئامادەکاری، یەکگرتوویی و دوورکەوتنەوە لە تەنها پێشبینیکردن داڕێژراوە - دەتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە بەڕێوەبردنی قۆناغی گۆڕاندا بگێڕێت.