
ڕەحیم نزهتزادە
لەم ڕۆژانەدا، یادی هەشتا ساڵەی ڕووداوێکی مەزن دەکەینەوە کە وەک ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی مێژووی هاوچەرخی کورد و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەدرەوشێتەوە. ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی، ڕۆژی لەدایکبوونی «کۆماری کوردستان»ـە لە مەهاباد؛ ئەزموونێکی دەوڵەتداری کە هەرچەندە تەمەنی کورت بوو، بەڵام لە ڕووی نێوەڕۆک و پەیامە مرۆییەکانیەوە، وانەیەکی مێژوویی و شارستانیی بێوێنەی تۆمار کرد. ئەمڕۆ هەڵسەنگاندنی ئەم کۆمارە، تەنیا ئاوڕدانەوە نییە لە ڕابردوو، بەڵکوو خوێندنەوەی پڕۆژەیەکی پێشکەوتنخوازە کە تا ئێستاش وەک پێویستییەکی هەنووکەیی بۆ ناوچەکە ماوەتەوە.
گرنگیی کۆماری کوردستان لەوەدا بوو کە لە ژینگەیەکدا سەری هەڵدا، پڕ بوو لە ستەم، دیکتاتۆری و جیاکاری. لە کاتێکدا دەوڵەتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای تاکڕەوی و سەرکوتکردنی جیاوازییەکان بەڕێوە دەچوون، کۆماری کوردستان لەژێر سایەی حەکیمانەی پێشەوا قازی محەممەددا، نموونەیەکی دێموکراتیک و دادپەروەرانەی پێشکەش کرد. یەکێک لە شانازییە هەرە گەورەکانی ئەم کۆمارە، گۆڕینی تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە بوو بەرانبەر بە ژنان. بۆ یەکەم جار لە مێژووی ناوچەکەدا، یەکسانیی ژن و پیاو وەک بنەمایەکی یاسایی و حوکمڕانی چەسپێندرا. دامەزراندنی «یەکێتیی ژنانی کوردستان» و هاندانی کچان و ژنان بۆ خوێندن و بەشداری لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، شۆڕشێکی فکری بوو دژ بە کولتووری پیاوسالاری و دواکەوتوویی، کە تەنانەت دوای هەشتا ساڵیش هێشتا لە زۆر شوێن وەک خەون ماوەتەوە.
لە ڕووی فەرهەنگی و ناسنامەییەوە، کۆمار هەنگاوێکی ستراتیژی و ژیرانەی هەڵێنا بۆ بە فەرمیکردنی زمانی کوردی. دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە قەدەغەکردن و هەوڵی سڕینەوەی زمانی دایک، کۆمار زمانی کوردیی کردە زمانی خوێندن و فەرمانڕەوایی. ئەم بڕیارە وای کرد منداڵانی کورد بۆ یەکەم جار بە زمانی خۆیان بنووسن و بخوێنن، ئەمەش بناغەی هۆشیاریی نەتەوەیی و گەشەسەندنی ڕۆشنبیریی لێ کەوتەوە. چاپکردنی کتێب و ڕۆژنامە بە زمانی کوردی، نەک تەنیا خزمەت بە زمانەکە بوو، بەڵکوو پەیامێکی سیاسیی ڕوون بوو بۆ سەلماندنی بوونی نەتەوەیەک کە مافی ژیانی هەیە.
لە لایەکی ترەوە، کۆمار هەوڵی دا کۆمەڵگەی کوردی لە قاڵبی نەریتی خێڵەکی دەربهێنێت و بەرەو سیستەمێکی مۆدێرن ئاراستەی بکات. دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە وەک سوپایەکی نیشتمانی و ڕێکخراو، جێگرەوەی هێزە عەشایەرییەکان بوو، کە ئامانجی پاراستنی دەسکەوتەکان و سەروەریی یاسا بوو. بەڵام لە هەمووی گرنگتر، ئەو کەشە ئازادە بوو کە کۆمار ڕەخساندی. لە سەردەمی دەمکوتی و سانسۆردا، لە مەهاباد ڕۆژنامەکان ئازاد بوون، ڕەخنە ڕێگەپێدراو بوو و ئازادیی بیروڕا وەک بەشێک لە سیستەمی سیاسی کاری پێ دەکرا؛ ئاستێک لە ئازادی کە ئێستاش لە ناوچەکەدا دەگمەنە.
پێشەوا قازی محەممەد، بە ڕەوشتە بەرزەکەی و ڕوانینە مرۆڤدۆستانەکەی، سیاسەتی کردە ئامرازێک بۆ خزمەتی مرۆڤ و بەدیهێنانی دادپەروەری. هەرچەندە پیلانی نێودەوڵەتی و دەسەڵاتی داگیرکەر کۆتاییان بە تەمەنی دەسەڵاتەکەی هێنا، بەڵام نەیانتوانی ئەو گیانە لەنێو ببەن کە کۆمار دروستی کردبوو. لەسێدارەدانی پێشەوا، کۆتایی حوکمڕانییەک بوو، بەڵام سەرەتای زیندووبوونەوەی هزرێک بوو کە نەمریی بۆ خۆی مسۆگەر کرد.
لە کۆتاییدا، کۆماری کوردستان تەنیا یادەوەرییەکی ڕابردوو نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی تەواونەکراوی دێموکراسی و یەکسانییە. ئەم ئەزموونە پێمان دەڵێت کە دەکرێت لە دڵی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەسەڵاتێک هەبێت ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ، مافی ژن، زمانی دایک و ئازادیی ڕادەربڕین بگرێت. هەشتا ساڵ تێپەڕ دەبێت، بەڵام پەیامی ٢ی ڕێبەندان هێشتا زیندووە و ڕێنیشاندەری کاروانی خەباتی گەلێکە بەرەو ئاسۆی ڕوونی ئازادی.