
دارسمە
ئێمە بونەوەرێکی شازین، تێکەڵەیەکی خەستی "میللەت" و "ئوممەت"ین. یانی لە دەروونی خۆماندا نەوەی کوروشی کەبیر و ئێرانی باستانین و ئوممەتێکی "هەمیشە لە سەحنە"ین و بۆ هەر فەرمانێکی ئاسمانی ئامادەین. بە شێوەیەک شانمان داوەتە بەر ئەم دوو بەرداشە قورسە خودی گۆی زەوی سەری سووڕماوە لەوەی چۆن بڕبڕەی پشتمان نەشکاوە. ئاخر ئێمە بۆ ڕۆژانی شانازیی نەتەوەیی، خاوەنی "پاشا"ین و بۆ ڕۆژانی گریانی ئایینیش خاوەنی "وەلیی ئەمر"ین. دێموکراسی لەلای ئێمە وەک "نوقڵ و نەبات"ه و زۆر دادپەروەرانە بەسەر خۆماندا دابەشمان کردووە؛ جارێک دەدەین بەم لای ڕاست، جارێک دەدەین بەم لای چەپ، گرنگ ئەوەیە هەمیشە ملکەچ بین بۆ یەکێکیان!
بۆ ئەوەی بیسەلمێنین ئێمە چەندە دێموکراسیخوازین، با ئاوڕێک لە مێژووی پڕشنگدارمان بدەینەوە. ئەی لە یادتان چووە لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨، واتە ڕێک چل و شەش ساڵ لەمەوبەر، شاکارێکی مێژووییمان خوڵقاند؟ سندووقی دەنگدانمان دانا و بەوپەڕی ئازادییەوە لەنێوان "مەلیک" و "مەلا"دا، مەلایانمان هەڵبژارد! نزیکەی ٩٩٪ی خەڵکی ئێران، بە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ هاوارمان کرد "بەڵێ بۆ کۆماری ئیسلامی". بێگومان، وەک هەمیشە ئەم "کوردە تەجزیەتەڵەبانە" نەبێت کە هەمیشە سازەکە بە پێچەوانە دەژەنن و لەو ٩٩ لەسەدەدا نەبوون، ئەگینا ئێمە دەمێک بوو بەهەشتی بەرینمان لەسەر زەوی دروست کردبوو.
دوای ئەو هەڵبژاردنە مێژووییە، لەژێر سێبەری فەرماندەیی هۆشمەندانەی "وەلی"دا، بڕیارمان دا گەشتێکی سیاحتی-زیارەتی ڕێک بخەین بۆ "قودس"، بەڵام لە ڕێگای "کەربەلا"وە! ئەم گەشتە کەمێک تێچووی هەبوو؛ تێچووەکەش ئەوە بوو کە دەبوایە بە جەستەی خۆمان ڕێگاکە قیرتاو بکەین. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە خۆمان هەڵدەدا بۆ سەر مینەکان، بە جۆرێک کە چاڵەکان پڕ دەبوونەوە لە پارچەی جەستەمان تا تانکەکان بە ئاسانی تێپەڕن. ئەوەی قاچی دەپەڕی، بە دەست دەخشکا، ئەوەی دەستی دەپەڕی بە سنگ دەڕۆیشت. گرنگ ئەوە بوو ڕێگای کەربەلا پاک بێتەوە. دواجار زۆربەمان بە کەمئەندامی و نیوەچڵی گەڕاینەوە شار و گوندەکانمان، بەڵام دڵمان خۆش بوو "ئەرک"ی خۆمان جێبەجێ کردووە و ئامادەین بۆ شانۆگەرییەکی دیکە.
ئینجا با بێینە سەر باسی کولتوور و فەرهەنگە دەوڵەمەندەکەمان. ئێمە لەمەشدا موعجیزەین! لە کاتێکدا فرمێسک بۆ مێژووی ئایینی دەڕێژین و سنگی خۆمان دەکوتین، لە هەمان کاتدا دڵی ناسکمان بە دەنگی "گووگووش" و "لەیلا فروهەر" و "سووسەن" دەکرێتەوە. ئەمە دووڕوویی نییە، نەخێر، ئەمە "فرە-بەهرەیی"یە! بیهێننە بەرچاوی خۆتان؛ هاوینە، گەرما تەپڵی سەرمان دەکوڵێنێت، ئێمە بەپێی پەتی بەرەو مەزارگە پیرۆزەکان دەڕۆین و فرمێسک دەڕێژین، کەچی لە هەمان کاتدا لە ژێرەوەی مێشکماندا گۆرانی "هەم سەفەر"ی گووگووش لێ دەدات!
ئێمە ڕێگە نادەین نە "نەوحە" بمرێت و نە "گۆرانی"، هەربۆیە دەتوانین لە چرکەساتێکدا لە دۆخی "گریان"ـەوە بچینە دۆخی "هەڵپەڕکێ". تەنیا کێشەیەک کە لێرەدا تووشی دەبین و کەمێک تەکنیکییە، مەسەلەی گۆڕینی جلوبەرگە، بەتایبەت بۆ خوشکان و خانمانی بەڕێز. ئاخر زەحمەتە تۆ لە یەک کاتدا هەم "مانتۆ و ڕووسەری" باڵاپۆشت لەبەر بێت بۆ شینگێڕی، هەم "تیشێرت و شەڵوارۆکە"ی تەسک بۆ ئاهەنگگێڕان. وێنای بکەن، خانمێک لە ناو جەرگەی شینگێڕیدایە و لەپڕ دەبێت بچێت بۆ ئاهەنگێک؛ چۆن دەتوانێت بەو خێراییەی کە فرمێسکەکانی وشک دەکاتەوە، جلەکانیشی بگۆڕێت؟ ئەمە تاکە ئاستەنگی بەردەم ئەم "شیزۆفرینیا کولتوورییە"ی ئێمەیە، ئەگینا لە ڕووی دەروونییەوە زۆر بە باشی ڕاهاتووین.
ئێستا، دوای چل و شەش ساڵ لە تاقی کردنەوەی "عەمامە"، گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتە دێموکراسییەکەی ئێمە پێویستیی بە "ڕیسێت" (Reset) هەیە. ئێمە لەبەر ئەوەی زۆر زیرەکین، نامانەوێت شتێکی نوێ تاقی بکەینەوە، بەڵکوو دەمانەوێت هەمان ڕیفراندۆم دووبارە بکەینەوە، بەڵام ئەمجارە ئەنجامەکەی پێچەوانە بکەینەوە! وەک ئەوەی یاری "شێر و خەت" بکەین؛ جاری پێشوو "خەت" دەرچوو، ئەمجارە دەمانەوێت "شێر" دەرچێت.
ئێستا بە کۆمەڵ ڕژاوینەتە سەر شەقامان. درووشمەکانمان گۆڕیوە و سەربەرزانە گەڕاینەوە بۆ دواوە! دیسان دەمانەوێت سندووق دابنێین و بپرسین: "پاشایەتی یان ویلایەتی فەقیهـ؟". ئەمجارەیان، بە مەرجێک ئەو "کوردە تەجزیە تەڵەبانە" وەک جاری گۆرین تێکی نەدەن و باسی مافی نەتەوەیی و فیدراڵی و شتی وا نەکەن، نزیکەی ٩٩٪مان دەنگ دەدەین بە گەڕانەوەی "پاشا".
بەڵێ، ئێمە بڕیارمان داوە! دەمانەوێت پاشایەکی جوان، ڕێکپۆش، کراوات لەمل و سمێڵ چەور بهێنینەوە و لەژێر سایەی پیرۆزی ئەودا، دابنیشین و بیر لە یادگارییەکانی سەردەمی "وەلی فەقیهـ" بکەینەوە. گرنگ نییە کێ حوکم دەکات، گرنگ ئەوەیە ئێمە هەمیشە پێویستمان بە "شوانێک" هەیە؛ جارێک مێزەر بەسەر بێت و جارێک تاج بەسەر. گرنگ ئەوەیە ئێمە هەمیشە ئوممەتی ئامادە و میللەتی گوێڕایەڵ بین و هیچ کاتێک خۆمان بە بیرکردنەوە لە شتێک بە ناوی "کۆماری" یان "دیموکراسیی ڕاستەقینە"و شتی وا هیلاک نەکەین.
بۆ پێشەوە بەرەو ڕیفڕاندۆمێکی دیکە و وەرچەرخان لە ئۆممەتەوە بۆ میللەت. دوور لە چاوی جوداییخوازان ئەم ڕیفڕاندۆمەش لە خۆمان پیرۆز بێت.