
عادڵ درەخشانی
دوای حەوتی ئۆکتۆبر: چوونە نێو مەترسیدارترین وەرزی مانەوەی کۆماری ئیسلامی
با بگەڕێینەوە بۆ حەوتی ئۆکتۆبر، سێ ساڵ لەمەوبەر. هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی یان ڕووداوێکی تەناهیی سنووردار نەبوو؛ ئەم هێرشە خاڵێکی دابڕانی ژیۆپۆلیتیکی بوو کە هاوکێشەکانی دەسەڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕی. لەو ڕۆژەوە، یاریی ناوچەیی چووە قۆناغێکی نوێوە؛ قۆناغێک کە لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، ڕێژیمی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی تر لە پێگەیەکی بەرگری و پڕ لە داخوران (فرسایشی) دایە.
دوای حەوتی ئۆکتۆبر، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەموو قورساییە ستراتیژییەکەیەوە گەڕایەوە بۆ ناوچەکە. جێگیرکردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان، بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکان، زیادکردنی سیستمەکانی بەرگریی موشەکی و هەماهەنگیی بەرفراوان لەگەڵ هاوپەیمانان، ئەوەی نیشان دا کە واشینگتۆن چیتر ئامادە نییە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە حاڵی خۆی جێ بهێڵێت. ئەم گەڕانەوەیە تەنیا نیشانەیەکی ڕەمزی نەبوو، بەڵکوو ئاماژەیەک بوو بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەیەکی قووڵی تەناهی.
لە هەمان چوارچێوەدا، ئیسرائیلیش دەرفەتێکی کردەیی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە نیابەتییەکانی ئێران دەست کەوت. حیزبوڵڵا لە لوبنان، حوسییەکان لە یەمەن و میلیشیا نیابەتییەکان لە عێراق و سووریە، هەموویان کەوتنە ژێر گوشاری بەردەوامی هەواڵگری، سەربازی و ئابووری، ئێستاش تەنیا پاشماوەیەکی بێدەسەڵاتیان لێ ماوەتەوە. ڕێڕەوە لۆجستی و داراییەکانی ئەم تۆڕانە بە توندی لاواز بوون و تێچووی چالاکییە ناوچەییەکانی ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە زیادی کرد.
هاوکات، شەرعییەتی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی زیاتر لە جاران تووشی داخوران بوو. گرێدرانی سیاستە ناوچەییەکانی تاران بە ناسەقامگیری، شەڕ و قەیرانە مرۆییەکان، وێنەی ئەم ڕێژیمەی لە بیروڕای گشتیی جیهانیدا تاریکتر کرد. لە ئەنجامدا، ئەوەی کاتی خۆی بە «تەوەرەی بەرگری» (مێحوەری مقاومەت) دەناردرا، وردە وردە لە ئەکتەرێکی هێرشبەرەوە گۆڕا بۆ کۆمەڵەیەکی بەرگریکار، لەرزۆک و زەبرپێکەوتوو. ئەمانە ئەو شتانەن کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بەسەر ڕێژیمی ئێراندا هاتوون.
بەڵام ئەم گۆڕانکارییە دەرەکییانە لە بۆشاییدا ڕوویان نەداوە. لە نێوخۆی ئێراندا، بەتایبەت لە ڕۆژانی دواییدا، سەرکوتی خوێناویی ناڕازییان بووەتە یەکێک لە گرنگترین خاڵە لاوازەکانی (پاژنەی ئاشیل) ڕێژیم. کوشتنی هەزاران هاووڵاتیی ناڕازی تەنیا پرسێکی مافی مرۆڤ نییە؛ بەڵکوو فاکتەرێکی ستراتیژی و یەکلاکەرەوەیە لە هاوکێشەکانی دەسەڵاتدا.
سەرمایەی کۆمەڵایەتیی حکوومەت بە کردەیی گەیشتووەتە سفر. پەیوەندیی نێوان خەڵک و دەسەڵات تەنیا درزێکی قووڵ نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای ڕقێکی بەرفراوان. دەزگای تەناهی، هەرچەندە هێشتا سەرکوتکەرە، بەڵام تووشی داخوران بووە و ماندوو و شپرزەیە. وازهێنان و داڕمان لە نێو جەستەی کارگێڕی، سەربازی و تەنانەت تەناهیشدا، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە؛ هەرچەندە هەوڵ دەدرێت بشاردرێتەوە.
ئەزموونی مێژوویی نیشانی دەدات کە هیچ سیستمێکی سیاسی بەو ئاستە لە داخورانی نێوخۆیی و ڕقی گشتی، توانای بەرگریی بەردەوامی لە بەرامبەر شۆکە دەرەکییەکاندا نییە. لێدانی دەرەکی ئەو کاتە کاریگەر دەبێت کە پێکهاتەی نێوخۆیی ڕزیو بێت – و ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ڕێک لە بارودۆخێکی وەهادایە.
لەو بوارەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئێستا لە «پشت دەرگا» وەستاوە؛ لە پشت دەرگای ئەوەی دەکرێ ناوی بنێین ئیمپراتۆریی تاریکی. جێگیرکردنی هێزەکان، بەهێزکردنی بنکەکان، داڕشتنی بەرگریی موشەکی، هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان، ئامادەکردنی فەزای میدیایی و هەستیارکردنی بیروڕای گشتیی ڕۆژاوا، هەموویان پێکهاتەی ئامادەکاریی پێش شەڕن.
ئەم ئارایشە مەرج نییە بە واتای شەڕی دەستبەجێ بێت، بەڵکوو نیشانەی ئامادەییە بۆ کردەوەی خێرا لە ئەگەری بڕیاری سیاسی. واشینگتۆن دەیەوێت لە کاتی پێویستدا، بەبێ دواکەوتن و سەرلێشێواوی دەستبەکار بێت. ئەم ئاستە لە ئامادەیی ڕێکەوت نییە، بەڵکوو دەرەنجامی هەڵسەنگاندنێکی وردە سەبارەت بە هاوسەنگیی تێچوو و دەسکەوت.
لەو نێوەندەدا، جیاوازیی نێوان شرۆڤەی واقیعبینانە و گێڕانەوەی چەپگەرا وابەستەکان بایەخێکی تایبەتی هەیە. ئەو ڕەوتانەی کە هێشتا کۆماری ئیسلامی وەک «قوربانیی ئیمپریالیزم» دەناسێنن، بە کردەیی خەریکی پاککردنەوەی ڕووی ڕێژیمێکی سەرکوتکەر و ناسەقامگیرکەرن. ئەم ڕوانگەیە نە ڕەخنەگرانەیە و نە پێشکەوتنخواز؛ بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی پاساوێکی ئایدیۆلۆژیی کۆنە.
شرۆڤەی واقیعبینانە دەڵێت: کۆماری ئیسلامی لە یەک کاتدا هەم سەرکوتکەرێکی نێوخۆییە و هەم دۆڕاوێکی ستراتیژییە بە واتای ڕاستەقینەی وشە. ئەگەر ڕۆژاوا لە هەندێک قۆناغدا بە دوودڵییەوە مامەڵە دەکات، ئەم دوودڵییە بە واتای شەرعییەتدان بە تاران نییە، بەڵکوو لەبەر ترسی تێچووەکانی ناسەقامگیرییەکی کۆنترۆڵنەکراوە.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە مانەوەی ئەم ڕێژیمە نەک بەرهەمی هێزی ڕاستەقینە، بەڵکوو دەرەنجامی ترسی لایەنەکانی تر بووە لە هەرەسێکی بێسەروبەری ناوچەکە. ساڵانێکی زۆر ڕۆژاوا لە نێوان «خراپ» و «خراپتر»دا یەکێکیانی هەڵبژارد و دۆخی هەبووی پێ باشتر بوو. بەڵام ئەم هاوکێشەیە ئێستا لە گۆڕاندایە.
شەڕی ئۆکراین، قەیرانی غەزە، کێبڕکێی ڕو لە زیادبوونی چین، نائەمنی بۆ وزە و ناسەقامگیریی جیهانی، توانای بەرگەی قەیرانە درێژخایەنەکانی بە توندی کەم کردووەتەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، زۆرێک لە بڕیارەدەدەرانی ڕۆژاوا لەو دەرەنجامە نزیک دەبنەوە کە بەردەوامیی دۆخی ئێستای ئێران، تێچووی زۆر زیاترە لە گۆڕینی.
کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ لە پێگەیەکدا وەستاوە کە هەم لە دەرەوە لەژێر گوشاردایە، هەم لە نێوەوە پووچەڵ بووەتەوە، هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کەمترین متمانە و ئابڕووی بۆ ماوەتەوە. ئەم تێکەڵەیە، مەترسیدارترین بارودۆخە بۆ هەر ڕێژیمێکی تاکڕەو و دیکتاتۆر.
حەوتی ئۆکتۆبر سەرەتای ئەم وەرزە نوێیە بوو؛ وەرزێک کە تێیدا مانەوەی کۆماری ئیسلامی چیتر مسۆگەر نییە، بەڵکوو بووەتە بابەتێکی پڕتێچوو، پڕمەترسی و ناسەقامگیر. داهاتووی ئەم ڕێژیمە، زیاتر لە هەر کاتێکی تر، بەستراوەتەوە بەو بڕیارانەی کە چیتر لە تاران نادرێن.