
ڕەحیم نزهتزادە
لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، زۆرجار توندوتیژی دژ بە کورد بە زمانی سیاسەت، ئاسایش یان یەکپارچەیی خاک پاساوی بۆ هێنراوەتەوە. بەڵام لە پشت ئەم گوتارانەدا، شێوازێکی قووڵتر و کەمتر ئاشکرا هەیە: بەکارهێنانی سیستماتیکی ئایین بۆ ڕەواییدان بە سڕینەوە و سەرکوت. ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەی بەردەوامیی ئەم شێوازە، لە خومەینی و سەدامەوە تا ئەردۆغان و جۆلانی (ئەبوو محەمەد ئەلجۆلانی).
توندوتیژی دژ بە کۆمەڵگەی کوردی ناتوانرێت تەنیا بۆ ململانێی کاتی یان جیاوازییە سیاسییەکان کورت بکرێتەوە. یەکێک لە بنەڕەتە سەرەکییەکانی ئەم توندوتیژییە، پەیوەندیی پێکهاتەیی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و دووبارە لێکدانەوەی ئایین وەک ئامرازە؛ پەیوەندییەک کە سڕینەوەی «ئەوی تر» لە قاڵبی زمانی پیرۆزدا، کردارێکی سروشتی و تەنانەت پێویست نیشان دەدات. لەم چوارچێوەیەدا، ئایین لە کایەی ئیمانی تاکەکەسی دوور دەخرێتەوە و دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سیمبۆلیک لە خزمەت دەسەڵاتدا.
لەم پرۆسەیەدا، دەقە ئایینییەکان نەک وەک سەرچاوەی ئەخلاقی، بەڵکوو وەک میکانیزمی ڕەواییدان بە دەسەڵات بەکار دەهێنرێن. هەڵبژاردنی بەئەنقەستی ناو و چەمکە قورئانییەکان بۆ وەسفکردنی کردە سیاسی و سەربازییەکان، توندوتیژی لە ئاستی بڕیاری مرۆڤییەوە بۆ ئاستی ئەرکی ئیلاهی بەرز دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا سنووری ڕەخنەی ئەخلاقی و یاسایی بەتەواوی سنووردار دەکات.
لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، گەڕانەوەی بەردەوام بۆ چەمکەکانی وەک «نوسرەتی ئیلاهی» و بەتایبەتی مانای سوورەی «النصر»، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێژیمەکەوە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پیرۆزکردنی سەرکوتی سیاسیدا. لەم گوتارەدا، سەرکەوتنی سیاسی وەک دەرکەوتنی ئیرادەی خودایی نیشان درا و هەر جۆرە دژایەتییەک، وەک وەستانەوە لە دژی «خودا» لێکدرایەوە. دیارترین نموونەی ئەم کەڵکاژۆوەرگرتنە لە ئایین، دەرکردنی فەرمانی «جیهاد» بوو لەلایەن خومەینییەوە لە دژی نەتەوەی کورد؛ فەرمانێک کە توندوتیژیی دەوڵەتی لە یاساوە گواستەوە بۆ ئەرکێکی ئایینی و بووە پاساوێک بۆ قەڵاچۆکردن و سەرکوتی خوێناویی کوردستان. ئەم لۆژیکە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا، دەرئەنجامی کارەساتبار و وێرانکەری لێکەوتەوە.
لە عێراقی بەعسدا، ئەم پەیوەندییەی نێوان ئایین و توندوتیژی، بە شێوەیەکی ئاشکراتر و کارەساتبارتر نوێ کرایەوە. ناونانی هەڵمەتە سەربازییە بەرفراوانەکان لە ساڵانی ١٩٨٦ تا ١٩٨٨ دژ بە کورد بە ناوی سوورەی «ئەنفال» هەڵبژاردنێکی ڕێکەوت نەبوو. چەمکەکانی ئەم سوورەیە، وەک غەنیمەت و دوژمن، یارمەتیی ڕێژیمی سەدام حوسێنی دا بۆ ڕەواییدان بە لەنێوبردنی گوندەکان، زیندەچاڵکردنی بەکۆمەڵ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ بە نەتەوەی کورد؛ پرۆسەیەک کە بووە یەکێک لە دیارترین نموونەکانی ژینۆسایدی کورد لە سەدەی بیستەمدا.
لە تورکیەی هاوچەرخدا، هەرچەند پێکهاتەی سیاسی جیاوازە، بەڵام لۆژیکێکی هاوشێوە بەکار هێنرا. لە کاتی داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨دا، بەکارهێنانی ئاشکرای سوورەی «الفتح» لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە، نموونەیەکی ڕوونی تێکەڵبوونی ئیسلامی سیاسی، ناسیۆنالیزم و پڕۆژەی سەربازی بوو. لەم گوتارەدا، داگیرکاری نەک وەک دەستدرێژی، بەڵکوو وەک «فەتح» نیشان درا و توندوتیژی دژ بە هاووڵاتیانی مەدەنیی کورد ئاسایی و ڕەوا کرا.
ئەوەی ئەم نەخشەیە لە ئاستی مێژووییەوە بۆ ئاستی پێکهاتەیی بەرز دەکاتەوە، بەردەوامبوونیەتی لە فۆرمە نوێیەکاندا. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سووریە، دووبارە بەکارهێنانی سوورەی «ئەنفال»، ئەمجارە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی جۆلانی (تەحریر ئەلشام) دژ بە کورد، ئەوە دەردەخات کە ئەم ئیلاهیاتی سڕینەوەیە، بە تێپەڕبوون لە سنوورە نەتەوەییەکان و جیاوازییە فکرییەکان، لە نێوان ڕژێمەکاندا وەک خۆی ماوەتەوە.
لە ڕوانگەی تیۆری دروستکردنی «ئەوی تر»، کۆمەڵگەی کوردی بە شێوەیەکی سیستماتیک لە بازنەی گشتگیریی ئەخلاقی دوور دەخرێتەوە. کاتێک «ئەوی تر» نەک تەنیا وەک دوژمنێکی سیاسی، بەڵکوو وەک بەربەستێک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئیرادەی خودایی پێناسە دەکرێت، توندوتیژی دژ بەو، وەک پێویست و شەرعی لێک دەدرێتەوە. لەم هەلومەرجەدا، چەمکەکانی وەک «برایەتیی گەلان» یان «برایەتیی دینی»، بە کردەیی بێمانا دەبن.
ئەزموونی مێژوویی کورد نیشانی دەدات کە بەبێ ڕەخنەیەکی بنەڕەتی لە پەیوەندیی نێوان ئایین و دەسەڵات، هەر پشتبەستنێک بەم گوتارانە تەنیا بازنەی توندوتیژی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم باسە نە بانگەشەی نەفیکردنی باوەڕی ئایینییە، بەڵکوو داوای جیاکردنەوەی ڕوونی ئیمانی تاکەکەسییە لە پڕۆژەکانی هێژموونی سیاسی. تەنیا لە چوارچێوەی یاسا، یەکسانیی پێکهاتەیی و سێکولاریزەکردنی دەسەڵاتدا دەتوانرێت ڕێگری لەم دووبارەبوونەوانەی مێژوو بکرێت؛ ئەگینا «النصر، ئەنفال، الفتح» هەر بەردەوام ناوەکانی سڕینەوەمان دەبن، کە هەر جارە و بە بەرگێکی نوێوە دژ بە کورد دەگەڕێندرێنەوە.