
ئاریا ڕەحمەتی
لە ئێرانی ئەمڕۆدا، مەترسیی سەرەکی تەنیا بەردەوامبوونی حکوومەتێکی سەرکوتکەر یان گەڕانەوە بۆ سیستەمی پاشایەتی نییە، بەڵکوو شێواندنی هۆشیارانەی یادەوەری و دەستبەسەرداگرتنی عەقڵی نەوەی داهاتووە. ئەو شەڕەی ئێستا ڕوو دەدات، زیاتر لەوەی لە شەقامەکان یان پشت مێزی سیاسییەکاندا ببینرێت، لە مێشکی گەنجان و تەنانەت منداڵانیشدا دەبینرێت؛ شەڕێکی بێدەنگ بەڵام قووڵ کە ئامرازە سەرەکییەکەی پرۆپاگەندەیە.
پرۆپاگەندە لێرەدا تەنیا نیشاندانی مێژوو نییە، بەڵکوو نووسینەوەیەکی تەیارکراوە بۆ یادەوەریی نەتەوەیەک. ئەو وێنەیەی سەردەمی پەهلەوی کە ئەمڕۆ لە میدیا فارسییەکاندا پێشکەش دەکرێت، وێنەیەکی زیادەڕەوانە و بژارکراوە کە پەیوەندیی بە واقیعی ئەزموونی خەڵکەوە نییە. سەرکوتکردن، سانسۆر، زیندان، ئەشکەنجە، وابەستەیی سیاسی و ئابووری، سڕینەوەی ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و سەرکوتکردنی بزووتنەوە نەتەوەیی و جەماوەرییەکان، بە ئەنقەست لەم وێنەیەدا لادەبرێن و گێڕانەوەیەکی نۆستالژی و فریودەر جێگەی دەگرێتەوە کە ئامانجەکەی نەک ئاگادارکردنەوە، بەڵکوو داگیرکردنی مێشکی نەوەی نوێیە.
ئەم پڕۆژەیە زیاتر کار لەسەر نەوەی گەنج و منداڵان دەکات؛ ئەو نەوەیەی نە لەو سەردەمەدا ژیاوە و نە ئەزموونێکی ڕاستەوخۆی هەیە. کاتێک ئەزموون غائیب بێت، گێڕانەوە جێگەی ڕاستی دەگرێتەوە. گەنجێک کە ڕۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبەڕووی ڤیدیۆ، مۆسیقا، وێنە و پەیامی سۆزداری سەبارەت بە شکۆمەندیی ونبوو و ڕزگارکەری شاهانە دەبێتەوە، وردە وردە ئەم گێڕانەوانە دەکاتە بەشێک لە ناسنامەی خۆی، بێ ئەوەی بزانێت ئەم ناسنامەیە چۆن و بۆ چ مەبەستێک ئەندازیاری کراوە؛ بەمەش دەکەوێتە داوی پرۆپاگەندەوە.
لەم نێوەندەدا، خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلی کورد یەکێکە لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەم شێواندنە ڕێکخراوە. مێژووی خەباتی کورد بۆ ئازادی، کەرامەت و مافە نەتەوەییەکان هەمیشە یان سانسۆر کراوە یان شێوێندراوە؛ چ لە سەردەمی پەهلەویدا و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا. ئەمڕۆش پرۆپاگەندەی نوێ هەوڵ دەدات یان ئەم ململانێیانە پشتگوێ بخات یان پاڵیان پێوە بنێت بۆ پەراوێزی مێژوو؛ چونکە گێڕانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، لە بەریەککەوتنی بنەڕەتیدایە لەگەڵ وێنەی حکوومەتی ناوەندیی دەسەڵاتدار.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی تری ئازادیخوازی کورد، دەیان ساڵە لەپێناو مافی چارەی خۆنووسین، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتیدا خەبات دەکەن. ئەم خەباتە تەنیا بەرهەمی دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و کاردانەوە نییە بەرامبەر بەو؛ بەڵکوو ڕەگ و ڕیشەی لە پێکهاتەی سەرکوتکەری حکوومەتە ناوەندییەکاندا هەیە، لە سەردەمی شاهەنشاهییەوە تا ئەمڕۆ. بەڵام پرۆپاگەندەی پەهلەوی هەوڵ دەدات ڕابردوو وەها بونیاد بنێتەوە کە وەک "سەردەمێکی زێڕین" و دوور لە سەرکوت بنوێنێت؛ گێڕانەوەیەک کە ڕاستەوخۆ دژایەتیی یادەوەریی مێژوویی گەلی کوردستان و نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکە دەکات.
مەترسیی ئەم پڕۆژەیە تەنیا لە شێواندنی ڕابردوودا نییە، بەڵکوو لە ژەهراویکردنی داهاتوودایە. کۆمەڵگەیەک یادەوەریی مێژوویی دەستکاری بکرێت، توانای بڕیاردانی ئازادانەی بۆ داهاتووش لەدەست دەدات. نەوەیەک بە گێڕانەوەی درۆ گەورە ببێت و گەشە بکات، زیاتر تووشی ستەم دەبێتەوە و تەنانەت ڕەنگە ببێتە یارمەتیدەر بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ستەمێکی نوێ.
ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی گەورە لە ئەستۆی کۆمەڵگە، میدیای سەربەخۆ، هێزە سیاسییە ئازادیخوازەکان و بەتایبەت ڕەوتی خەباتی کوردستانە. بەرگریکردن لە ڕاستییە مێژووییەکان، پاراستنی مافی زانینی خەڵک و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستبەسەرداگرتنی مێشکی منداڵان و گەنجان، بەشێکی دانەبڕاون لە خەباتی سیاسی.
داهاتووی ئێران و کوردستان نە لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و نە لە درێژەدان بە دۆخی ئێستادایە، بەڵکوو لە دروستکردنی نەزمێکی نوێدایە لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەری و مافی چارەی خۆنووسین. ئەم داهاتووە تەنیا کاتێک دێتە دی کە نەوەی نوێ بتوانێت ڕێگەی خۆی بەبێ زنجیرەکانی پرۆپاگەندە، بێ گێڕانەوەی شێواو و بێ ئەندازیاریی سیاسیی دەروون هەڵبژێرێت.
ئەم خەباتە تەنیا خەبات بۆ خاک و دەسەڵات نییە؛ خەباتە بۆ دەروون، مێشک و داهاتوو. نەتەوەیەک لەم خەباتەدا بدۆڕێت، تەنانەت ئەگەر لە ڕواڵەتدا سەرکەوتووش بێت و خۆی بە براوە ببینێت، لە ڕاستیدا داهاتووی خۆی دۆڕاندووە و تەسلیم کردووە.