
دڵشاد هەورامی
لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی خەڵک لە بەفرانباری ١٤٠٤دا، جارێکی تر دووبارە بەرهەمهێنانەوەی پڕۆژەیەک دەبینین کە زیاتر لەوەی ڕەگی لە داواکارییەکانی شەقامدا بێت، لە ژوورە فکری و عەمەلیاتییەکانی میدیا و کێڵگەی بەرهەمهێنانی لایک و ڕۆبۆتدا ڕەگی داکوتاوە. ڕەزا پەهلەوی کە بە پشتبەستن بە بودجە گوماناوییەکان و پاڵپشتییە ئاشکرا و نهێنییەکان، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەدات، ئێستا لەگەڵ ڕاستییەکی تاڵ ڕووبەڕوو بووەتەوە؛ ڕاستییەک کە بە داتا و بەڵگە دەسەلمێنێت مەودایەکی زۆر لە نێوان لایکە میلیۆنییەکان و بەیعەتە دیجیتاڵییەکان و ڕاستیی سەر زەویدا هەیە.
ڕاپۆرتی گۆڤاری فیگارۆ "Le Figaro"
ڕاپۆرتی گۆڤاری فیگارۆ "Le Figaro" پەردە لەسەر کارەساتێک لادەبات کە دەکرێت بە گەورەترین فێڵبازیی سیاسیی دیجیتاڵیی مێژووی هاوچەرخی ئێران ناوی بهێنین. فیگارۆ بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی داتایی و شیکردنەوەی ڕەفتاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاشکرای دەکات کە بەشێکی بەرچاو لە پشتیوانیی ئۆنلاین بۆ سیستمی پاشایەتی و ڕەزا پەهلەوی، ماهییەتێکی نائۆرگانیکی هەیە و لەلایەن تۆڕێک لە ئەکاونتە هاوکات و نادروستەکانەوە بەهێز کراوە.
هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا تیشک دەخرێتە سەر ئەوەی کە زۆربەی ئەم ئەکاونتانە، نیشانە و ڕەمزەکانی پەیوەندیدار بە پاشایەتی بەکار دەهێنن و شێوازی کارکردنیان، زیاتر لە پشتیوانیی سروشتیی بەکارهێنەران، لە شێوەی ئۆتۆماتیکی و ڕێکخراودا دەردەکەوێت. ئەمە نیشان دەدات کە دەسەڵات و پێگەی بانگەشەکراوی ئەم ڕەوتە، زیاتر لەشکرێکە لە ڕۆبۆتی قۆرمیشکراو بۆ لایککردنی خەونی شازادە.
لێکۆڵینەوەی «مەزدەک ئەزەر» و هاوکارانی لە سوێد
لێکۆڵینەوەی تیمێک لە شارەزایانی بواری میدیا لە وڵاتی سوێد، ئاوڕی لە شێوەی کاری تەلەڤزیۆنی «ئێران ئینتەرناشناڵ» داوەتەوە. «مەزدەک ئەزەر»، سەرۆکی تیمەکە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس «مەهدی فەلاحەتی»، پەردە لەسەر دیوێکی دیکەی چەواشەکردنی ڕاستی و پاوانکردنی ناڕەزایەتی و خرۆشانی خەڵک لە لایەن تاقمی ڕەزا پەهلەوییەوە لادەبات.
تیمەکەی سوێد دوای بینین و شیکاریکردنی ٤٥٠٠ ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، کۆی ئەو دروشمانەیان کە بە جۆرێک پشتیوانی لە گەڕانەوەی سیستمی پاشایەتی بوون جیا کردووەتەوە و گەیشتوونەتە ڕێژەی تەنیا ١٧٪ی کۆی دروشم و داواکارییەکان.
لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکەدا، ئاماری کۆی ئەو خۆپێشاندان و ڤیدیۆیانە گیراوە کە تەلەڤزیۆنی «ئێران ئینتەرناشناڵ» بڵاوی کردوونەتەوە و ڕێژەی ٨١٪یان بۆ ئەو دروشمانە تەرخان کردووە. مەزدەک ئەزەر دەڵێت: تەلەڤزیۆنی «ئێران ئینتەرناشناڵ» ڕێژەی ئەو دروشمانەی لە پشتیوانیی کوڕی شادا وتراونەتەوە، نزیکەی ٤٠٠٪ گەورەتر لە قەبارە و قورسایی ڕاستەقینەی خۆی دەرخواردی ڕای گشتی و بینەرانی داوە.
ئەگەرچی لایەنگرانی ڕەوتی ڕەزا پەهلەوی وەک هەموو ڕەوتێکی پاوانخواز، حاشاکردن لە ڕاستی و ئینکاریی بەڵگە و فاکتیان بۆ بە میرات ماوەتەوە، بەڵام بە خۆشییەوە پێوەر لای خەڵک چیتر ژمارەی لایک و فێڵی دیجیتاڵی نییە. پەهلەوی وەک ڕەوتێک کە خۆی بە جێگرەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی دەزانێت، لە ماوەیەکی کورتدا تەنیا لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە تایبەتمەندی و جۆری هەڵسوکەوتی ڕەوتێکی نابەرپرس، پاوانخواز و فاشیست بە خەڵک نیشان بدات.
لە بەڵێنە پووچەکانەوە تا قوربانیکردنی خەڵک
ستراتیژیی ڕەوتی پەهلەوی لەسەر بنەمای درۆ داڕێژراوە. بانگەشەی وەک بەیعەتکردنی (سوێندی دڵسۆزی خواردنی) ٥٠ هەزار کەس لە کادری سوپای پاسداران و بەڵێنی درۆی "یارمەتی لە ڕێگایە" (کمک در راه است)، دەرکەوت تەنیا ئامرازێک بوون بۆ ڕەوانەکردنی گەنجان بۆ شەقامێک کە ڕێژیمی تاوانباری تاران تەداروکی کوشتار و تاوانی تێدا بینیبوو. بەداخەوە تێچووی گیانیی ئەم «هاندانە بێ گەرەنتییە» خەڵکێک دایان کە لەژێر چەکمەی دیکتاتۆریی تاراندا بە تەنیا مانەوە.
ئەم ڕەوتە فەیک و بە پارە قەڵەوکراوە، دەنگ و دروشمی دڵخوازی خۆیان دەخستە سەر ڤیدیۆی خۆپێشاندانەکان. ڕەوتێک کە بۆ گەڕاندنەوەی کوڕی دیکتاتۆری پێشوو ئامادەیە هەموو بەها مرۆییەکان بکاتە قوربانی؛ فاشیزمێک کە دەیەوێت بەسەر دەریایەک خوێندا و لە وێرانەیەکدا، کۆشکێک بۆ دیکتاتۆرێکی دیکە بە خشتی درۆ و هێزی ڕۆبۆت و لایک دروست بکات.
سەرهەڵدانی لۆمپەنیزم و فاشیزم لە سێبەری پاشایەتیدا
مەترسیدارتر لە ڕۆبۆتە مەجازییەکان، سەرهەڵدانی ڕەوتێکی نیمچە فاشیست و لۆمپەنە لە نێو لایەنگرانی پەهلەویدا. ئەم گرووپە بە دروشمی سڕینەوەی وەک «مەرگ بۆ هەمووان، جاوید پەهلەوی»، بە کردەوە هەموو جۆرە پلۆرالیزمێکی سیاسی و کولتوورییان ڕەت کردووەتەوە. خۆپێشاندانەکانی ئەم ڕەوتە بوونەتە گۆڕەپانی جنێوی بازاڕی، سێکسیستی و ڕەگەزپەرستانە. سووکایەتیکردن بە کەرامەتی مرۆیی نەیارەکان و تێکدانی بزووتنەوە مەدەنییەکان، ڕۆژانە لە خۆپێشاندان و تەنانەت وتووێژە میدیاییەکانیاندا وەک ئەرکێکی دیاریکراو دەردەکەوێت. هەڵسوکەوتی توندوتیژانە لەگەڵ هەڵگرانی دروشمی پێشڕەو و جیهانیی «ژن، ژیان، ئازادی» نیشانی دا کە ئەم ڕەوتە نەک هەر جیاوازیی لەگەڵ ستەمکاریی ئێستا نییە، بەڵکوو بەدوای زیندووکردنەوەی جۆرێکی تری قۆرخکارییە کە تێیدا نەیار هیچ مافێکی نییە.
کۆتا کەلام
پڕۆژەی «وەکالەت»، لایکە ساختەکان، چاو سوورکردنەوەی سەر شەقام و میدیای بەکرێگیراو، هەموویان پارچەکانی یەک پازڵن کە ئامانجیان سەپاندن و دیکتاتۆرییە نەک هەڵبژاردن و دێموکراسی. ڕەوتێک کە پێش گەیشتن بە دەسەڵات، ڕەخنەگرانی بە ئەدەبیاتی ناشیرین و هەڕەشەی جەستەیی بێدەنگ دەکات و ئیعتیباری خۆی لە کێڵگە ڕۆبۆتییەکان وەردەگرێت، ناتوانێت هەڵگری پەیامی ئازادی بێت. بە دڵنیاییەوە خەون و ئارەزوویەک کە لەسەر لایکی فەیک و میدیای بەکرێگیراو بونیاد نرابێت، لە بەرامبەر هۆشیاریی ڕاستەقینەی خەڵکدا خۆی ڕاناگرێت.