
عەلی بداغی
کرۆکیی باسی:
یەکیەتیی ئورووپا ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕێبەندان سپای پاسدارانی خستە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکانەوە. زۆر پێشتر لەو ٢٧ وڵاتە ئورووپاییە کە سپای پاسداران دەیان تێرۆری دژبەرانی سیاسیی خۆی لە پێتەختەکان و چوارقوژبنی ئەو وڵاتانەدا کردبوو، وڵاتانی ئەمریکا، کانادا، ئۆسترالیا، لیتوانی، ئێکوادۆڕ، پاڕائۆگە سپای پاسدارانیان لە تەواوەتیی خۆیدا و؛ ئیسڕائیل، عەڕەبستان، بەحرەین و ئاڕژانتینیش سپاه قودس، باڵی سەربازیی دەرەوەی وڵاتی سپای پاسدارانیان خستبووە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە. بە دوای یەکیەتیی ئورووپا وڵاتی ئۆکراینیش سپای پاسدارانی بە تێرۆریست ناسی.
تێرۆر و تێرۆریزمی دەوڵەتی بەشێکی جیانەکراوە لە شوناسی کۆماری ئیسلامی بووە. تێرۆر لەپێناو بەهێزکردن و مانەوە لە دەسەڵاتدا بۆ ڕێبەرانی ڕێژیم هەم لایەنی ئایدۆلۆژیی هەبووە و هەم وەک ئامرازی سەرکوت بە بەردەوامی کەلکی لێ وەرگیراوە. بۆیە هەر لە سەرەتای دامەزرانی ڕێژیم و پێکهاتنی سپای پاسدارانەوە تێرۆری دژبەران و تێرۆری دەوڵەتی بوو بە بەشێکی سەرەکی لە دوکترینی سیاسی-ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی.
تێرۆری دژبەرانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی تەنیا چەند مانگ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ لە بەهاری ٥٨ بە تێرۆری شەهریاری شەفیق، خوشکەزای محەممەدڕەزاشا پەهلەوی لە پاریس دەستی پێ کرد. ئیدی لەو ڕێکەوتە بەو لاوە شەقام و شوێنەکان نەک لە فەڕانسە، بەڵکوو لە بریتانیا، ئوتریش، سوئیس و هیچ وڵاتێکی دی بۆ دژبەرانی ڕێژیم ئەمن نەما. بەپێی بەڵگەکانی دادگای مێکونووس ماشێنی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات کە لەلایەن ئاستبەرزترین ڕێبەرانی ڕێژیم و ناوەندە دەسەڵاتدارەکانەوە بڕیاری بۆ دەدرا و لە باڵوێزخانە و کۆنسولخانەکانی ڕێژیمەوە ڕێک دەخران. لە نێوخۆی وڵاتیش تێرۆری دژبەران و سەرکوتی توندوتیژ و خوێناویی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان ئەرکێکی هەمیشەیی سپای پاسداران هەتا سنووری پیرۆزی بووە.
کورد و تێرۆریزمی سپای پاسداران
کورد و بزووتنەوەی کورد لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بەشی شێری لە تێرۆریزمیی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران پێ بڕاوە و، لەنێو بزووتنەوەی کوردیشدا حیزبی دێموکرات.
کارنامەی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە حیزبی دێموکرات لە تێرۆری سەرگورد حەبیبوڵڵا عەبباسی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی شوورای نیزامیی حیزب و سەروان چەڵەبی لە هاوینی ١٣٥٩ دەست پێ دەکا، هەتا لە ڤییەن لەسەر مێزی وتووێژ دەستیان لە د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزب وەشاند و لە بێرلینی ئاڵمان و لە ڕیستورانتی مێکونووس د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزب و شاندی حیزبیی هاوڕێی ئەویان تێرۆر کرد. ئەم ڕەوتە بە درێژایی ساڵانی شەڕی کوردستان درێژەی هەیە هەتا تەقینەوەکانی شەوی یەلدا و مووشەکبارانی چەند جارەی قەڵا و بنکە و بارەگاکانی دیکەی حیزب لە ساڵانی ١٣٩٧ و ١٤٠١ هەتا دەگاتە تێرۆرەکانی چەند ساڵی ڕابردوو؛ وەک تێرۆری شەهید مووسا باباخانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و سیامەند شابۆیی لە هەولێر و تیرۆری لوقمان ئاجی، عادڵ موهاجیر لە نیزیک قەڵادزێ.
سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە سەدان کردەوەی تێرۆریستیدا گیانی لە لانیکەم ٤٣٠ کەس لە ئەندامان و تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیونی کورد ئەستاندوە کە حیزبی دێموکرات بە ٣٢٦ قوربانی، ئامانجی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ڕێژیم بووە. جیا لە شەهیدکردنی ئەم ٤٣٠ کەسە، لەو کردەوە تێرۆریستییانەدا لانیکەم دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و توانیویانە گیان دەرباز بکەن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەک گوترا لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەبەردەوامیی تێرۆری تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی لە بەرنامەی کاری خۆیدا بووە و تەنانەت لە سەرووترین ئاستی ڕێبەریی ڕێژیمدا بڕیار لەسەر تێرۆری ئاستبەرزترین ڕێبەرانی ئەم حیزبە، واتە د. قاسملوو و د. شەرەفکەندی دراوە. بەڵام بەدەر لەوەی کۆماری ئیسلامی خۆی بە دوژمنی قەستەسەری بزووتنەوەی کورد لە ئێران دەزانێ، و هیچ کات و دەرفەتێکی بۆ زەبروەشاندن لە جووڵانەوەی کورد بەفیڕۆ نەداوە؛ لە ئاستی سەرانسەریشدا هەمیشە چەکی تێرۆری لەدژی نەیارانی بەکار هێناوە. بۆ نموونە تەنیا لە دەیەی ٦٠ ڕا هەتا نیوەی یەکەمی دەیەی ٧٠ و هەتا هەراکانی قەتڵە زنجیرەییەکان، لانیکەم ١٨٠ چالاکی سیاسیی دژبەر لە نێوخۆی وڵاتی تێرۆر کردووە. لە دەرەوەی وڵاتیش بە درێژایی پتر لە چوار دەیەی ڕابردوو، باڵوێزخانە کۆنسوولگەری و نووسینگەکانی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتان شوێنی داڕشتن و جێبەجێکردنی پیلانە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم بوون. وەک چۆن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاندوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیە لە دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا ٣٦٠ کردەوەی تێرۆریستیی لە زیاتر لە ٤٠ وڵاتدا کردوە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی ئایدۆلۆژیی خۆی هەموو کاتێک تێرۆری بە چەکێکی پێویست و کاریگەر بۆ نەهیشتن و تێدابردنی نەیارانی خۆی زانیوە. هەروەها بۆ لێدانی دژبەرانی خۆی بەتایبەت لە نێو هێزە پێشکەوتنخواز و مافویستەکاندا تێرۆری لە چەشن و شێوازی جۆراوجۆری خۆیدا بەکار هێناوە. هەوڵدان و پیلانداڕشتن بەمەبەستی زەبروەشاندنی فیزیکی لە حیزب و لایەنەکان و کەسایەتییە مخالف و جیابیرەکان کە بە ناوی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەموو لایەک ناسراوە، هیچ سنوور و جوغرافیاییەکی نەناسیوە. بەشێک لە کارنامەی تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە بریتییە لە تێرۆری دەیان کەسایەتیی سیاسیی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی و؛ بەشداری و تێوەگلانی لە کردەوە تێرۆریستییەکان لە وڵاتانی وەک ئاڕژانتین، تایلەند، هیند، کێنیا، بەحرەین و عێڕاق. بەڵام تێرۆریزمیی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی ڕەشی خۆیدا دژ بە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ڕێژیمە، بەشی شێری بەر بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد و حیزبی دێموکرات کەوتووە.
ئامانجی سەرەکی و گشتیی ڕێژیم لەم تێرۆرانە لاوازکردنی بزووتنەوەی مافخوازانە و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بووە و هەیە و بۆ ئەم مەبەستەش حیزبی دێموکرات وەک لایەنی سەرەکی و شوێندار لەم بزووتنەوەیەدا کراوەتە ئامانج و تا ئێستاش ئەم حیزبە بۆ تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەمیشە ئامانجە. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی باوەڕیان وایە تەنیا بە توندوتیژی و سەرکوتی خوێناوی دەتوانن تەمەنی دەسەڵاتەکەیان درێژتر بکەنەوە و ئەزموونی کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵاتیش سەلماندوویەتی کە "تێرۆر" و "باجئەستێنی" و کردنیانی بە چەکێک لەبەرانبەر وڵاتانی ڕۆژاوادا هەتا ئێستاش بۆ کۆماری ئیسلامی دەسکەوتێکی زۆری بووە. هەر ئەو ئەزموونەش دەریدەخا کە هەڕەشە، شەڕانخێوی و جینایەتەکانی ئەو ڕێژیمە تەنیا کاتێک لە کەمی دەدەن کە تێچووەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی زیاتر لە قازانجی بن، بەڵام هەتا ئەو کاتەی کاربەدەستانی ڕێژیم و نێردراوە تێرۆریستەکانیان بە ئیرادەی کۆمەڵگەی جیهانی هەس نەدرێنەوە، لەسەر ئەو خەت و شوێنەیان بەردەوام دەبن. لەم ڕووەوە بڕیاری یەکیەتیی ئورووپا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگ بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی وڵات دژی کۆماری ئیسلامی بێت.
شەڕی ٤٧ ساڵەی حیزبی دێموکرات دژی سپای تێرۆریستی شۆڕشی ئیسلامی
تێرۆریزمی سپای پاسداران دژی بزووتنەوەی کورد بەتایبەت حیزبی دێموکرات تەنیا لە کوشتنی ڕێبەرانی سیاسی و کادر و پێشمەرگەکانی سنووردار نابێت، بەڵکوو خۆی لە پانتاییەکدا دەبینێتەوە کە کوردستانی ئێرانی پێ دەناسرێتەوە: ناوچەیەکی میلیتاریزەکراو، حاشاکردن لە پرسی سیاسیی کورد و پێشاندانی بە هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی و لەو سۆنگەیەوە سەرکوتی توندوتیژ و خوێناویی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی سیاسی، و هەروەها ئاوەڵابوونی دەستی سپای پاسداران بۆ داگیرکاری و تاڵانی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و تەنانەت تێکدان و خاپوورکردنی ژینگەی کوردستان.
سپای پاسداران هۆکاری سەرەکیی بەئەمنییەتی کردنی شوناسی کوردی و جێخستنی ئەو شوناسخوازییە چ لە بواری زمانی و کولتووری و نەتەوەییەوە بە جیاییخوازی بووە. لەو سۆنگەیەشەوە هەرچەشنە چالاکی و بزاوتێکی مەدەنی، کولتووری، زمانی و ژینگەپارێزی لە کوردستان بە هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللیی ئێران! داندراوە و چالاکانی ئەو بوارە پەروەندەیان لەدژ وەڕێ خراوە و بەرەوڕووی بەندکران و تەنانەت تێرۆر و ئێعدامیش بوونەتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەموو کات لە ڕیزی پێشەوەی سەنگەری خەبات و خۆڕاگری دژی سپای پاسداران بووە، زۆرترین زەبری لە سپای پاسداران داوە و قورسترین زەبریشی هەر لەو سپا تێرۆریستییە خواردووە. حیزبی دێموکرات یەکەم ڕێکخراوی سیاسی لە ئاستی ئێراندا بوو کە دەنگی "نا"ی بە کۆماری ئیسلامی دا و لە بەرانبەر هێرشی سپای پاسداران و هێزەکانی دیکەی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان ڕاوەستا. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام شەڕی ئەو سپا تێرۆریستەی کردووە، دیارە نەک هەر شەڕی پێشمەرگانە؛ بەڵکوو ململانێ و بەرەوڕووبوونەوەی دوو دنیابینی و پڕۆژەی سیاسی. شەڕ و ململانێی ڕزگاریی نەتەوەیی، ئازادیی سیاسی و مەدەنی و هاوبەشی لە ئیدارەکردنی وڵات لەهەمبەر سیاسەتی کۆمەڵکوژی، داگیرکاری، سەرکوت و تێرۆر.
لەم شەڕ و ململانێیەدا بێگومان سەرکەوتن بۆ حیزبی دێموکرات و بزووتنەوەی سیاسیی کورد بووە. کوردستان لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا قەت چۆکی دانەدا، سیاسەتی داگیرکاریی سپای پاسداران قەت سەرنەکەوت، کۆمەڵگەی کوردی بۆ تاقە ڕۆژێکیش شەرعییەتی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەدا و ئەگەر بوار بۆ کاری پێشمەرگانەش نەبووبێ بە ڕاپەڕینی بەردەوام، مانگرتن و ئەکتی سیاسیی جۆراوجۆر ئەو "نا" گوتن بە کۆماری ئیسلامییە لە کوردستان درێژەی بووە.
سپای پاسداران وەک باڵی سیاسی و سەربازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا ئیدی لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگەی جیهانییەوە بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسراوە، شەڕی مانەوە و بەردەوامیشی بە بزووتنەوەی کورد دۆڕاند. بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد سەرەڕای تەڕاتێنی سپای پاسداران پتەوتر و بەگوڕتر لە هەر کاتێکە، کوردستان هەروا پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری خەبات و خۆڕاگری دژی کۆماری ئیسلامییە و مافویستی و شوناسخوازیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ترۆپکی خۆیدایە.