کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە پێکهێنان و بەرزکردنەوەی ئاگایی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا!

11:55 - 17 رێبەندان 2725

د. کامران ئەمین‌ئاوە

بۆ چوونە نێو بابەت "مێژووی نەتەوەکان هەر لە بەرەی شەڕ و ململانێی سەربازی دروست نابێ، بەڵکوو زۆرجار بە قەڵەم، وشە و بڵاوکراوە لە بەرەیەکی گشتگیرتر و بەرفراوانتردا وەڕێ دەکەوێ، پەرە دەستێنێ و دەبێتە هێز و هاندەری نەتەوە بۆ خەبات و شۆڕش لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەکانی.

لە کوردستان، ڕۆژنامە‌نووسیی کوردی وەک لقێکی گرنگ لە مێژووی فەرهەنگی و سیاسی، ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگر و بەرچاوی لە ڕەوتی شکڵگرتنی ناسنامە و ئاگایی نەتەوەییدا گێڕاوە و لە کۆنەوە و هەر لە ساڵی ١٨٩٨ی زایینییەوە کە یەکەم ژمارەی "کوردستان" لە قاهیرە بە هیممەتی بنەماڵەی نیشتمانپەروەری بەدرخان دەرچوو، ڕووناکبیر و ئازادیخوازانی کورد هەوڵیان داوە لە ڕێگای قەڵەمەوە نەک هەر زمانی زگماکی و ناسنامەی کوردی بپارێزن، بەڵکوو ببنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاگایی سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و زانستیی جەماوەری کورد و، ڕێپیشاندەری ئەوان بۆ بەشداری لە خەبات و هەڵێنانی هەنگاوی پێویست بۆ گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووسیان بن. لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و دەستپێکی سەدەی بیست، چاپی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی وەک "هەتاوی کورد"، "دەنگی کورد"، "ژیان"، "هاوار" و "نیشتمان" وەک مەکۆی ئازادیخوازانی کورد پەرە دەستێنێ و کاریگەرییەکی قووڵ و سەرنجڕاکێش لەسەر داهاتووی بزووتنەوەی کورد دادەنێ.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو کاتەیەوە یەکەم ژمارەی "کوردستان" لە بەفرانباری ساڵی ١٣٢٤ (ژانویەی ١٩٤٦) لە مەهاباد پایتەختی کۆماری کوردستان وەک بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستان دەرچوو، تا ئەمڕۆ، بۆ ماوەی ٨٠ ساڵ کۆڵەکەیەکی قایم و بەهێز لە خەباتی ڕووناکبیری و سیاسیی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا بووە. ڕۆژنامەیەک کە لە هەوراز و نشێوی سیاسیی ٨ دەیە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئێران) هەمیشە پردێک لە نێوان ئەم حیزبە و نەتەوە و نیشتمانەکەی بووە. لە ڕاستیدا مێژووی ڕۆژنامەی کوردستان یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین ڕەهەندەکانی خەباتی گەلی کورد.

لە تەواوی ساڵانی پاش هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان، تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان درێژەیان بە بەردەوامی و چاپی ئەو ڕۆژنامەیە داوە. یەکەم ژمارەی بە ناوی 'کوردستان' لە ساڵی ١٣٢٦ (١٩٤٧) لە شاری باکۆی ئازەربایجان لە لایەن کوردە‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بڵاو بووەتەوە. دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی "کوردستان" (بە تایبەتی بە هۆی ماندوویینەناسیی گیانبەختکردوو د. عەلی گەلاوێژ، نەمران د. ڕەحیم قازی و د. کەریم ئەیووبی و د. محەممەد سوڵتان وەتەمیشی) لە باکۆ بەهۆی سەقامگیربوونی شوێنی ژیانیان، توانیان لە ساڵی ١٣٢٦وە تا ساڵی ١٣٤٠ی هەتاویی (١٩٤٧ تا ١٩٦١) بۆ ماوەی ١٤ ساڵ درێژە بە بڵاوکردنەوەی 'کوردستان' بدەن و ١٣٣٧ ژمارەی لە چوارچێوەی ڕۆژنامە‌ی ئازەربایجان و لە لاپەڕەی دووی ئۆرگانی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجاندا چاپ و بڵاو بکەنەوە.

لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نزیک بە ٦ مانگ پاش کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ی (١٩ی ئاگوستی ١٩٥٣) ئێران، گیانبەختکردووان د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سەدیق ئەنجیری، و نەمران غەنی بلووریان، و عەزیز یووسفی بە یارمەتیی نەمر سارەمەدین سادق وەزیری توانیان لە بەهار و پاییزی ١٣٣٣ (١٩٥٤) لە چاپخانەی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لە شاری تەورێز ٥ ژمارەی کوردستان لە ٢٠٠٠ نوسخەدا چاپ و بڵاو بکەنەوە. ژمارەی ٥ی "کوردستان" بەر لە بڵاوکردنەوەی لە لایەن دەوڵەتی ئێران لە چاپخانەی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان دەستی بەسەردا گیرا. لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ٤ ژمارەی کوردستان لە ساڵی ١٣٣٩ (١٩٦٠) بە ناوی ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەورەی سێهەم لە لایەن نەمران کاک کەریم حیسامی، گیانبەختکردووان عەبدوڵڵا ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق) و قادر شەریف، هەروەها سمایلی قاسملوو لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاو بووەوە.

لە نێوان ڕێبەندانی ١٣٤٣ تا خەرمانانی ١٣٤٩ (١٩٧٠-١٩٦٥) لە پراگ پایتەختی کۆماری سۆسیالیستیی چیکۆسلۆڤاکی بە پشتیوانیی حیزبی توودەی ئێران، ٢٦ ژمارەی کوردستان بە سەرنووسەری دوکتور قاسملوو چاپ و بڵاو کرایەوە. کاک محەممەد موهتەدی، نەمر کاک کەریم حیسامی و گیانبەختکردوو مامۆستا حەسەنی قزڵجی نووسەرانی سەرەکیی ئەم دەورەیەی ڕۆژنامەکە بوون.

دەورەی دیکەی ڕۆژنامەی کوردستان وەک ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە هەتا ئێستاش دەوامی هەیە، لە ڕێبەندانی ١٣٤٩ (١٩٧١)وە بە هیممەتی کەسانێک وەک د. قاسملوو، مامۆستایان کەریم حیسامی، حەمەدەمین سیڕاجی، مامۆستا هێمن و مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە دەستی پێکرد و، پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و گەڕانەوەی ڕێبەریی هەڵبژاردەی کۆنگرەی سێی حیزبی دێموکراتی کوردستان، جارێکی دیکە لە نێوخۆی وڵات بۆ ماوەی چەند ساڵێک وەکو بڵاوکەرەوەی بیری ئەو حیزبە دەرچوو، بەڵام پاش سەرکوتکرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە و پاشەکشەی هێزەکانی کوردستانی بۆ باشووری کوردستان لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا، هەتا ئێستا ئەم ڕۆژنامەیە دوور لە وڵات بەردەوام بڵاو دەبێتەوە، کارێک کە جێگای پێزانین و شانازییە.

 

تایبەتمەندییەکانی بڵاوکراوەیەکی حیزبی

بڵاوکراوە‌ی حیزبیی ئەو نەتەوانەی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆیان نیە، ڕۆڵێکی باڵاتریان لە ڕاگەیاندنی زانیارییەکی ڕووت و ساکار هەیە و لە درێژەی کار و چالاکییاندا دەبن بە دامەزراوەیەکی سیاسی و فەرهەنگی بۆ ناسنامەسازیی و پەرەپێدان بە ڕەوتی ئاگایی نەتەوەیی لە ڕێگەی زمان و یادەوەریی مێژوویی و پەروەردەی سیاسییەوە. ئەگەر ڕۆژنامەکە لە پێگەیەکی پیشەیی و ئەخلاقی و تا ڕادەیەک سەربەخۆ بەهرەمەند بێ، دەتوانێ ببێتە پردی نێوان ڕێکخراوی سیاسی و ئەزموونی ژیاوی خەڵک؛ ناوەندێک کە نەک هەر پەیامەکان دەگوازێتەوە، بەڵکوو هەڵسەنگاندنیان و لێکدانەوەیان بۆ دەکات و بە زمانێک کە کۆمەڵگە لێی تێبگات، ڕایاندەگەیەنێت. بەم مانایە ڕۆژنامە تەنیا ئامرازێک نیە بۆ پڕوپاگەندەی حیزبی، بەڵکوو مەیدانی دیالۆگ و ڕەخنەیە کە تیایدا بیرۆکەی پێشکەوتنخوازانە پاڵاوتە و کۆمەڵایەتی دەکرێ.

بەشێک لە حیزبە سیاسییەکان، زمانێکی تایبەتمەند و چەمکگەلی ئاڵۆزی تیۆری و چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی تایبەتیان هەیە. ئەگەر ڕاستەوخۆ بەم زمانە لەگەڵ کۆمەڵگە بدوێن، زۆرجار لێی تێ ناگەن. لەم ڕووەوە ڕۆژنامە ڕۆڵی وەرگێڕێکی کۆمەڵایەتی دەگێڕێ؛ واتە بیرۆکەی حیزبی لە ئاستی بەیاننامە و بڕیارنامەکانەوە دەهێنێتە ئاستی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. کاتێک دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادی، یەکسانیی جینسی یان گەشەسەندنی بەردەوام لە شێوەی ڕاپۆرت، چاوپێکەوتن، گێڕانەوەی مرۆیی و شیکاریی بابەتی بەرز دەکرێنەوە، لە ئەبستراکت دەردەچن و دەبنە داواکاریی گشتی.

خاڵی سەرەکی لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆڵی ڕۆژنامەیەک وەک ناوبژیوان ئەوەیە کە ئەم پێوەندییە دوولایەنەیە. ڕۆژنامەیەک کە تەنیا دەنگدانەوەی دەنگی حیزب بێ، درەنگ یان زوو متمانەی گشتی لەدەست دەدات و لە چوارچێوەی ئۆرگانێکی پڕوپاگەندەی داخراودا قەتیس دەمێنێتەوە. لە بەرانبەردا ڕۆژنامەیەک کە ڕەنگدانەوەی کێشە و مەینەتی و هیوا و ڕەخنەکانی خەڵک بێ، دەتوانێ ئەم زانیارییە کۆمەڵایەتییە بۆ حیزب بگەڕێنێتەوە. بەم شێوەیەش حیزب لە مەترسیی دابڕان لە واقیعی کۆمەڵایەتی پارێزراو دەبێ و دەتوانێ بە پشتبەستن بە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە، بەرنامەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە.

بیرۆکەی پێشکەوتنخوازانە بەبێ وشیاریی گشتی ناتوانن بەردەوام بن. ڕۆژنامەکان، لە ڕێگەی پەروەردەی سیاسیی ناڕاستەوخۆ، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕن. بڵاوکردنەوەی بابەتە شیکارییەکان، پشکنینی ئەزموونە مێژووییەکان، ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ئێستا و شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی چارەسەرەکان، هاووڵاتیان لە بەکارهێنەری پاسیڤی هەواڵەکانەوە دەگۆڕن بۆ چالاکوانی ئاگا. خوێنەر و بینەرێکی لەم جۆرە نەک هەر پشتیوانی لە حیزب دەکات، بەڵکوو داواکاریشی لێی هەیە. ئەم داواکارییە، بەپێچەوانەی باوەڕی جەماوەرییەوە، هەڕەشە نیە؛ بەڵکوو زەمانەتی تەندروستیی بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانە دەکات.

ڕۆژنامە بە نیشاندانی ئاسۆی ئەگەرەکان و خستنەڕووی ئاڵتێرناتیڤ و شکاندنی هەستی فاتالیزم (باوەڕبوون بە قەزاوقەدەر)، دەتوانێ باوەڕ بە گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا پێک بێنێت. گێڕانەوەی سەرکەوتنەکان، تەنانەت ئەگەر بچووک و نێوخۆییش بن، هەروەها ڕەخنەی ڕاشکاوانە لە شکستەکان، مرۆڤ فێر دەکات کە پێشکەوتن شتێکی ئەبستراکت نیە، بەڵکوو پرۆسەیەکی مرۆیی و هاوبەشە. لەم پڕۆسەیەدا حیزب بیرۆکەکان دەهێنێ و ڕۆژنامە بە کۆمەڵایەتییان دەکات و نەتەوە هەناسەی ژیانیان پێ دەدات.

ڕۆژنامە وەک پردێک لە نێوان حیزب و نەتەوەدا کاتێک دەتوانێ سەرکەوتوو بێ کە لە پێشخستنی بیرۆکەی پێشکەوتنخوازانەدا ڕۆڵی خۆی نەک لە گوێڕایەڵیی کوێرانە یان بێلایەنیی پاسیڤدا، بەڵکوو لە نێوەندگیرییەکی هۆشیارانە و بەرپرسیارانەدا پێناسە بکات. ڕۆژنامەیەکی لەم جۆرە لە یەک کاتدا هەم گوێگرێکی نەتەوەیە، هەم ڕەخنەگرێکی حیزبە و هەم پارێزەری بەها پێشکەوتنخوازەکان. لەم سێ پێوەندییەدا سیاسەت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی تەنیا تێدەپەڕێ و دەبێتە پڕۆژەیەکی گەلەکۆیی بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ.

 

تایبەتمەندیی ڕۆژنامەی "کوردستان" وەک پردێک لە نێوان حیزب و نیشتمان!

بێگومان ڕۆڵی ڕۆژنامە‌ی "کوردستان" وەک پردێک لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نەتەوە و نیشتمان، یەکێک لە بنەڕەتیترین و لە هەمان کاتدا هەستیارترین ئەرکەکانی ڕاگەیاندنی دەستەی نووسەرانی ئەم ڕۆژنامەیەیە.

چاپەمەنیی حیزبی وەک ئامرازی پێوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگە دوو ڕۆڵی بووە: لە لایەک ئامرازی گوتاریی حیزبە و لە لایەکی دیکەشەوە ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ژیاو و داخوازی و ڕەخنەکانی کۆمەڵگە.

ڕۆژنامەی "کوردستان" لە چوارچێوەی چالاکییە سیاسی و فکرییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە بارودۆخێکدا کە زمان و شوناسی کوردی لە ئێراندا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی پێکهاتەیی بووەوە، دەرچوو. ئەم بڵاوکراوەیە لەو قۆناغانەدا بڵاو کرایەوە کە کەشوهەوای ڕەسمیی وڵات ڕێگەی بە دەربڕینی داواکارییە نەتەوەییەکان نەدەدا؛ بۆیە بوو بە مێدیایەکی بەدیل و بەرگریکار.

بەم مانایە "کوردستان" هەر ئۆرگانێکی حیزبی نەبووە، بەڵکوو دامەزراوەیەک بووە دژ بە پەراوێزخستنی زمانەوانی و سیاسی کە ئەگەری دیالۆگی گشتیی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەخساندوە و لاپەڕەکانی ڕەنگدانەوەی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی وڵات بووە. لێرەدا دەکرێ باسی چەند خاڵی گرنگی ڕۆژنامەی "کوردستان" بکرێ کە هاوئاهەنگی لەگەڵ بنەما و تایبەتمەندییەکانی بڵاوکراوەی حیزبێکی شۆڕشگێڕ و ئەمڕۆیی هەیە:

 

یەکەم: ئامانج و نێوەڕۆکی بڵاوکراوەکە

نێوەڕۆکی ڕۆژنامەی "کوردستان" لە درێژایی مێژووی بڵاوبوونەوە و قۆناخی جۆراوجۆریدا دەکرێ لە چەند ڕەهەندی سەرەکیدا پۆلێن بکرێ:

١. ڕوونکردنەوەی مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیی کورد

٢. داکۆکیکردن لە مافە سیاسی و کولتووری و زمانییەکان

٣. ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی ناوەندگەرایی و جیاکاری هەڵاواردن

٤. ڕەنگدانەوەی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە کوردستان، ناوچە و جیهاندا

٥. بەهێزکردن و پەرەپێدانی زمانی کوردی لە بیاڤی گشتیدا‌

بۆیە ئاوێتەبوونی سیاسەت، مێژوو و فەرهەنگ بووە هۆی ئەوەی ئەو بڵاوکراوەیە ببێتە "قوتابخانەی فکری" بۆ چالاکانی سیاسیی کورد.

 

دووهەم: ڕۆڵی کوردستان لە پێکهێنانی گوتاری نەتەوەیی کوردیدا

١. گەڵاڵەکردن و ناساندنی شووناسی نەتەوەیی: ڕۆژنامەی "کوردستان" بە تیشک خستنە سەر مێژووی هاوبەش و ئازاری بەکۆمەڵ و ئاوات و هیوای نەتەوەیی یارمەتیدەر بوو بۆ پێکهێنانی “ئێمە”یەکی کوردی؛ وەکوو توخمێکی گرنگ بۆ هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی.

٢. ستانداردکردنی گوتاری سیاسی: چەمکەکانی وەک مافی دیاریکردنی چارەنووس، خودموختاری، سۆسیالیزم، سۆسیالیزمی دێموکراتیک، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە سەرەتادا وردە وردە لە ڕێگەی ئەم ڕۆژنامەیەوە هاتنە ناو وشەسازیی سیاسیی کۆمەڵگەی کوردییەوە.

٣. بەستنەوەی سیاسەت و فەرهەنگ: "کوردستان" نیشانی دا کە ناسیۆنالیزمی کوردی تەنیا پڕۆژەیەکی سیاسی نەبووە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی کولتووری - زمانییە، کە لەودا زمان خۆی دەبێت بە ئامرازی بەرخۆدانی گەلی کورد.

 

سێهەم: پێوەندیدانی گوتاری کورد بە ئەزموونی کۆماری کوردستان

لە سەردەمی کۆماری کوردستان (١٩٤٥-١٩٤٦)، چاپەمەنیی کوردی بۆ یەکەم جار مافی کورد بە دەوڵەتبوون و زمانی کوردییان هێنایە گۆڕەپانی ژیانی ڕەسمیی وڵات، چ لە ئاستی دەوڵەتی کوردستان و چ لە ئاستی کۆمەڵگەی کوردستاندا و، چەمکەکانی دەوڵەت نەتەوەیان کرد بە گوتارێکی گشتی و بە پاڵپشتیی سەرکردایەتیی کۆماری کوردستان و بەتایبەتی پێشەوا قازی محەممەد، ئەم داخوازیانەیان لە نوخبە و ڕووناکبیری سیاسییەوە بۆ ئاستی جەماوەری گواستەوە.

لە دوای ساڵی ١٣٢٥، چاپەمەنیی کوردی ڕۆڵی یادگە‌ی مێژوویی، گرنگیی هەبوونی دەسەڵاتی کورد لە کۆمەڵگەی کوردی، هەبوونی مافی دیاریکردنی چارەنووس و گواستنەوەی ئەزموونی خەباتی کوردی بۆ نەوە نوێیەکانی گرتە ئەستۆ. ڕۆژنامەی "کوردستان" لەم خاڵەدا بوو بە پردێک لە نێوان ئەزموونی کۆماری کوردستان و قۆناغەکانی دواتری خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

 

چوارهەم: زمانی کوردی وەک کرداری سیاسی

لە خەباتی ڕزگاریخوازی کورددا زمان هەر ئامرازی پێوەندیکردن نیە، بەڵکوو بناغەی شوناسی نەتەوەییشە. ڕۆژنامەی "کوردستان" بە گواستنەوەی "زمان" لە ئاستی زارەکییەوە بۆ ئاستی نووسراوەیی لە سات‌ و کاتێکدا کە بەهۆی گوشاری حکوومەتی پاشایەتیی پەهلەوی، هیچ دەرفەتێک بۆ فێربوونی زمان لە مەدرەسەکان و پەرەپێدان بە زمان و فەرهەنگی کورد نەبووە، پەرەی بە نووسین بە زمانی کوردی دا و پێشگیری لە توانەوەی ئەم زمانە‌ی لە ئاستی کۆمەڵگەی کوردیدا کرد. وەک کردارێکی سیاسی نووسینی مێژوو و سیاسەت و...هتد بە زمانی کوردی بە واتای خەبات بۆ بەرگری لە ناسنامەی کوردی بوو.

 

ئەنجام

ڕۆژنامەی کوردستان دەکرێ بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی گوتاری نەتەوەیی کورد لە ئێران دابنرێ. ئەم بڵاوکراوەیە وەک پردێک لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و نەتەوەی کورد، ڕۆڵی پەروەردەکاری و ڕەخنەگری و ئامادەکردنی ڕۆڵەکانی کوردی بۆ خەبات لەپێناوی ئازادی، دێموکراسی، سۆسیالیزم و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی گێڕاوە. گرنگییەکەی نەک هەر لەو نێوەڕۆکەدایە کە بڵاوی کردۆتەوە، بەڵکوو لەو کاریگەرییەدایە کە لەسەر عەقڵیەتی گەلەکۆیی و زمانی سیاسی و بەردەوامیی گوتاری نەتەوەیی کورد بەجێی هێشتووە. ئەگەر ئەم جۆرە بڵاوکراوەیە نەبوایە، پێدەچێت خەباتی نەتەوەیی کورد تووشی پچڕانێکی مێژوویی و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی هاتبایە.