وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: پێشمەرگە؛ سروودی بەرخۆدان و ئەفسانەی شاخ، ئەو ڕێبوارە عاشقەیە کە کۆڵەپشتییەکەی پڕە لە خەونی نیشتمان و تفەنگەکەی قەڵەمێکە بۆ نووسینەوەی مێژووی ئازادی. پێشمەرگە، تەنیا جەنگاوەرێک نیە لە سەنگەردا، بەڵکوو خودی خاکە کە هەستاوەتە سەر پێ، بۆ ئەوەی کەرامەتی کورد و کوردستان بپارێزێت. لەو شەوانەی کە تاریکی وەک دەریایەکی ڕەش باڵ بەسەر دۆڵ و کێوەکاندا دەکێشێت، چاوەکانی دەبنە دوو ئەستێرەی گەش، و ڕێگە بە هیوا نیشان دەدەن. سەرما و بەفر، کە تەنانەت بەردەکانیش دەقەڵەشێنن، لە ئاست گڕی ئیرادەی پێشمەرگەدا دەبنە شەونم و دەتوێنەوە. لە درێژەی ئەم وتووێژەدا "کوردستان" بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان وتووێژێکی لەگەڵ مامۆستا شوان پەروەر، هونەرمەندی گەورە و کەسایەتیی دیاری هونەریی بەرگری پێکهێناوە.
مامۆستا! با ئاوا بچینە نێو باسەکەمان و بڵێین کە گۆرانییەکانی بەڕێزتان بوونەتە بەشێک لە یادەوەریی بەکۆمەڵی کورد. کە ئاماژە بە تراژیدیا و بەرخۆدانی کورد دەکەن، ڕۆڵی پێشمەرگە لەم یادەوەرییەدا چۆن دەبینن؟ ئایا پێشمەرگە تەنیا بکەرێکی مێژووییە یان پارێزەری ئەم یادەوەرییەیە؟
کە ناوی پێشمەرگە دەهێنرێت، پێشمەرگە ناوێکی تایبەت بە گەلی کوردە. هەر وەکوو ئیسپانییەکان ناوی گەریلایان داناوە و لە دونیادا ناسراوە، پێشمەرگەش بەرهەمی کوردە و بەم چەشنە ناسراوە. لە کوردستان جگە لە ناوی پێشمەرگە هیچ ناوێکی دیکە پەسەند ناکرێت؛ ئەگەر ئێستا بڵێین لەشکەر، کەس قبووڵی ناکات. لەبەر ئەوەی کە خزمەت، هێز و گیانفیدایی پێشمەرگەمان دیوە و وەکوو سیمبول ناوی کوردییە و شانازییەکە بۆ گەلی کوردستان. هەر ئەو تایبەتمەندییەش وای کردوە کە پێشمەرگە بۆ ئێمە ناوێکی پیرۆز بێت.
بەشێکی زۆری مێژووی قارەمانێتیی پێشمەرگە لە ڕێگەی گۆرانی و حەیران و لاوکەوە گێڕدراوەتەوە. بەڕای بەڕێزتان، ئەم گێڕانەوە هونەرییە چەندە توانیویەتی مێژووی ڕاستەقینەی پێشمەرگە بپارێزێت؟
لێرەدا باس لە هونەر دەکرێت، هونەر دەنگی سروشتە و هەموو زیندەوەرێکیش لە سروشتدا دەنگی تایبەت بە خۆی هەیە. لە کۆی زیندەوەرانی سروشتدا مرۆڤ هەبوونێکی کولتوورییە و کولتوورسازی (پەروەردە و ئاوەدانی) دەکات. موزیک و هونەریش دەنگی پێوانەیین؛ بۆیە هەر ڕووداو و کارەساتێک کە لە ژیانی مرۆڤدا ڕوو دەدات، لە کۆمەڵگەدا زیاتر لە ڕێگای موزیکەوە دەردەبڕدرێت. موزیک مۆراڵ، هیوا و ڕوحییە بەرز دەکاتەوە و خۆشەویستی بەرهەم دەهێنێت. دەبێ ئۆگری ژیان، مرۆڤ، سروشت و کوردستان بیت، دەبێ ئۆگری پێشمەرگە بیت. لێرەدایە کە ئەم موزیک و گۆرانییانەی کە لەم بوارە و لە کوردستاندا تۆمار کراون، لە سەردەمی کلاسیکەوە بگرە هەتاکوو ئێستا، لە هیچ وڵاتێکی دونیادا بەرهەم نەهاتووە. بە تێپەڕینی سەد و بڕێک ساڵ لەسەر داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستاندا، نەتەوەی کورد هەمیشە خەباتی کردوە، شەهیدی داوە و ئێش و مەینەتیی کێشاوە و قارەمانێتیی نواندووە. لەسەر هەموو ئەمانەشدا موزیکی تۆمار کردوە. ئەمەش بووە بە هۆکاری پتەوبوونی ڕۆڵ و پێگەی موزیک لە ژیانی گەلی کورددا.
لە جیهانێکی پڕ لە گۆڕانکاریی ژێئۆپۆلیتیکیدا، ئەرک و ڕۆڵی پێشمەرگە چییە؟ ئایا تەنیا هێزێکی بەرگرییە یان دەتوانێت ببێتە بەشێک لە سیستەمی ئاسایشی ناوچەکە و جیهانیش؟ چۆن دەکرێت وێنەی پێشمەرگە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر بەهێز بکرێت؟
هەر پاڵەوانێک کە خۆی تەیار و ئامادە نەکات، سەرکەوتوو نابێت. پێشمەرگەش ناوێک نیە کە ئەوا بە سانایی باسی لێوە بکرێت؛ پێشمەرگایەتی بەرهەمی خەبات و تێکۆشان و هەلومەرجی دژوارە، بۆیە لە دونیادا ناسراوە. وایە، هێزی پێشمەرگە هێزێکی ناسراوە لە هەموو شوێنێکی دونیادا. ئینجا خەبات و گیانفیدایی پێشمەرگە بە هێزی سیاسیی کوردستانەوە گرێ دراوە و پێویستە کە بە باشی ڕێکی بخات. ئەگەر هێزی سیاسیی کوردستان بە باشترین شێوە هێزی پێشمەرگە ئامادە و ئۆرگانیزە بکات، هێزی پێشمەرگە دەتوانێت ببێتە هێزێکی بەرگریکاری جیهانی. بێنە بەرچاوی خۆت، کاتێک کە داعش سەری هەڵدا، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبوایە، دەبوو بە مەترسی بۆ هەموو گەلانی جیهان. بەڵام ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو کە داعشی بە چۆکدا هێنا، کە ئەمیش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە پیرۆزی و گرنگیی هێزی پێشمەرگە بۆ هەموو دونیا دەرکەوێت.
پێتان وایە لە دەرەوەی کوردستان تێگەیشتنێکی دروست بۆ فەلسەفەی "پێشمەرگە" هەیە؟
ژیان واتە فەلسەفە و لە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانیشدا ڕەنگینیی فەلسەفە دەردەکەوێت. پێشمەرگایەتیش فەلسەفەیەکە. وەکوو پێشتریش باسم کرد کە هێزی پێشمەرگە کاتێک داعشی بە چۆکدا هێنا، دونیا چەندە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی دا و بەهای پێ دا. ئەگەر پێشمەرگە لەوە زیاتر یارمەتی و بەهێزبوونی دەوێت، ئەمە دەکەوێتە سەر شانی هێزی سیاسی و دیپلۆماسیی کورد. هەرچەندە کە سیاسەت و دیپلۆماسیی کورد لە جیهاندا بەهێز بێت، ئەوەندەش گرنگیی هێزی پێشمەرگە بۆ جیهان دەردەکەوێت و پشتگیری دەکرێت.
دوای ئەم هەموو ساڵە لە خەبات و هونەر، کاتێک وشەی "پێشمەرگە" دەبیستن، یەکەم وێنە یان یەکەم هەست کە دێتە ناو دڵ و مێشکتانەوە چییە؟ ئایا ئەو وێنەیە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاوە؟
پێشمەرگە لە گەلێک بواردا زەحمەتی کێشاوە. سەرەڕای ئەوەی قارەمانێتیی نواندووە، بەڵام چەکی پێویست و گرنگیی پێ نەدراوە. زۆرجار بووە کە ماڵ و منداڵی دەربەدەر بوون، کە لە جێی خۆیدا کێشەیەکی گەورەی ناوەتە بەردەم خەباتی پێشمەرگە. ستران و گۆرانی بە باشی هێناویەتە زمان و دەریخستووە کە پێشمەرگە بە چ زەحمەتێک پێشمەرگایەتیی کردوە و بە چ ئایدیۆلۆژی و باوەڕێک دەستی کردوە بە شۆڕش. بەڵام لە سیاسەت و دیپلۆماسیدا نەمانتوانیوە بەپێی پێویست و بەگوێرەی گیانفیدایی و تێکۆشانی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە بە باشی بناسێنین. بۆیە پێویستە هەوڵی باشتر ناساندنی هێزی پێشمەرگە بدرێت، چونکە هێزی پێشمەرگە مێژوو، ناسنامە، کوردایەتی، قارەمانێتی و مرۆڤایەتییە. هەموو ڕێبەرێکی پێشمەرگە کە شۆڕشی دەست پێ کردوە و شەڕی کردوە، وتوویەتی ئاشتی، دۆستایەتی و مرۆڤایەتی. پێشمەرگە هێزێک نیە کە تەنیا بۆ لێدان و شەڕ بێت. پێشمەرگە ئاوەزمەندانە شەڕ دەکات بۆ خزمەتی گەلەکەی. دەبێ ئەو مرۆڤدۆستی و ئاگاییەی پێشمەرگە لە بواری ئاشتی و ئازادیشدا ڕوون بکرێتەوە. بەپێچەوانەی ئەوەی کە دوژمنانی گەلی کورد دژی گەلی کورد دەیانکرد، پێشمەرگە هیچ کات لایەنگری داگیرکردن و دەستدرێژی بۆ سەر ماڵ و ئازادیی کەس نەبووە و هیچ کات لایەنگریی کوشتنی دیل نەبووە. هێزی پێشمەرگە هێزی ئاشتی و مرۆڤایەتی و لە هەمان کاتدا هێزی پاراستنی ئازادی و وڵاتە.
ڕۆژی پێشمەرگە" و " ئاڵا" چ قورساییەکی فەلسەفی و سۆزدارییان بۆ جەنابتان هەیە؟ ئایا ئەم ڕۆژە تەنیا یادکردنەوەی ڕابردووە، یان پڕۆژەیەکن بۆ داڕشتنی داهاتوو؟
تەماشای هەر ئایینێکیش کە بکەیت چۆن سەری هەڵداوە و کێ خزمەتی کردوە، شڕۆڤە دەکرێت و بەردەوام دەبێت. ئاڵای کوردستانیش بۆ یەکەم جار لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد شەکایەوە و هێزی پێشمەرگە دامەزرا؛ هەر ئەوەندەی کە باس لە ئاڵا و پێشمەرگە دەکرێت ئەوا مێژووەکەش شڕۆڤە دەکرێت و بەردەوام دەبێت، و لە هەموو بوارێکی ئایینی، جڤاکی، دەوڵەتی و... هتد لە جیهاندا، وەکوو خۆی کە چۆن پێکهاتووە و باس دەکرێت. بۆ ئێمەش ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لێرەوە دەست پێ دەکات. مەهاباد ساڵی ١٩٤٥ی زایینی، کە مێژوویەکی ناسراو، بەهادار و پیرۆزە.
پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی سەیر دەکرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دابەشبوونی سیاسی کاریگەریی لەسەر هەبووە. هونەر چۆن دەتوانێت لە سەرووی ئەم دابەشبوونانەوە بوەستێت و وێنەیەکی یەکگرتوو بۆ پێشمەرگە وەک هێزی پارێزەری "نیشتمان" پێشکەش بکات نەک "حیزب"؟
هونەر هەردەم زمان، ڕامان و دەنگی ئاوازی یەکگرتنی گەلە و دابەشکاری قبووڵ ناکات. من وەکوو هونەرمەندێکی کورد هەر گۆرانییەک کە پێشکەش دەکەم، دەڵێم بۆ هەموو لایەکی نەتەوەی کورد. بەڵام لە سیاسەتدا زۆرجار ئەمە ناکرێت، دابەش دەکرێت و تایبەت دەکرێت. سیاسەت شڕۆڤەی ژیانە؛ هەر یەک بە جۆرێک دەڵێت کە ژیان باشتر دەکات: یەک بە لیبڕالیزم، یەک بە کۆمۆنیزم، یەکیش بە دینداری و ئەوی دیکەش دەڵێت بە کۆنسێرڤاتیڤ باشتر دەکەین. ئەم جۆرەیە کە سیاسەت هێزی پێشمەرگەش دابەش دەکات. بۆ وێنە پێشمەرگەیەک بە بیری کۆمۆنیزم و پێشمەرگەیەک بە ڕامانی ئایینپەرستی، کاتێک سەرەڕای ئەوەی کە هەردوو لاش پێشمەرگەن، کە کۆ دەبنەوە یەکتر قبووڵ ناکەن. ئەمەش بەرهەمی ئەوەیە کە سیاسەت ڕکابەریی دروست کردووە. باشتر وایە کە سیاسەت بە هەر ڕەنگێک کە هەیە، هەوڵی پارچەکردنی هێزی پێشمەرگە نەدات. ئەمە یاسایەکە لە هەموو جیهاندا، کە دەڵێن حیزب، سیاسەت و دەوڵەتداری بۆ هەموو لایەک، بەڵام بە دوور بێت لە هێزی لەشکری. بۆیە دەبێت سیاسەت تێکەڵ بە هێزی پێشمەرگە نەکرێت و پێشمەرگە بە بیر و باوەڕی نەتەوەیی ڕێک بخرێت و لە چوارچێوەی حیزبایەتی بە هەر بیر و باوەڕێکەوە بێتە دەرەوە. ئێستا کە من هونەرمەندم، دەمەوێت هەموو کەس ئاگادار بکەمەوە کە هیچ حیزبێک من داگیر نەکات، و نابێت هیچ حیزبێک پێشمەرگەش داگیر بکات. بۆ ئەوەی کە لێرە کێشەیەک بێتە ئاراوە، پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتیش بتوانێت یارمەتیدەر بێت. کاتێک کە داعش دێت یان شەڕێک ڕووبەڕووی گەلی کورد دەبێتەوە، هەموو هێزی پێشمەرگە دەبێ بێت. دەبێ واز لە پارچەپارچەکردنی هێزی پێشمەرگە هەڵبگیرێت. پێشمەرگە بەرگریکار و پارێزەری جڤاک، وڵات و هەبوونە. ئەگەر سیاسەت تێکەڵ بە خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە ببێت، ئەوا دابەشبوون ڕوو دەدات کە ئەمەش ڕێگا نادات بەهێز بین. بۆیە دەبێ پێشمەرگە نەتەوەیی بێت.
هونەری بەڕێزتان هەمیشە وەک "چەکێکی کاریگەر" لە شۆڕشی کورددا سەیر کراوە. چۆن لە ڕێگەی مۆسیقا و گۆرانییەکانتانەوە هەوڵتان داوە وێنەیەکی ڕاستەقینە و قووڵ بۆ کارەکتەری پێشمەرگە بکێشن، کە تەنیا شەڕکەرێک نیە، بەڵکوو پارێزەری خاک و کولتوور و ناسنامەیە؟ ئایا هونەر دەتوانێت ئەو ڕەهەندانە بگەیەنێت کە مێدیای جەنگ ناتوانێت؟
وەکوو خۆم هیچ کات هەوڵم نەداوە هونەر بە ماڵ و موڵک و پارە بیگۆڕمەوە یان لە خزمەت هێز و حیزبێکدا بم. دەنگخۆش بووم و دەمتوانی ببم بە هونەرمەندێک کە تەنیا گۆرانی بچڕم، بەڵام ئەمە لەگەڵ ڕۆحییەی من نەدەگونجا کاتێک کە بیرم لە بارودۆخی کوردستان کردەوە. بۆیە لە خوێندن بەردەوام بووم و بە دەوری دونیادا گەڕام. لە دەرەوەی زانکۆ بەردەوام بووم لە خوێندن، لە ڕامانی مارکس و ئایینی عیسا، مووسا و زەردەشتەوە بگرە هەتا سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەفریقا و ئەمریکا و... هتد. بارودۆخی کولتووری، سیاسی و ئابووری و کوردستان و ڕەوشی زمانی کوردیم تاوتوێ کرد کە زۆر بەلای منەوە گرنگ بوون. ئەمەش بوو بە هۆکار کە بیر لە موزیک و گۆرانی بکەمەوە بۆ گەلی خۆم. هەیە دەتوانێت لە ڕێگای ئینجیل و هەیە لە ڕێگای قورئان، ئەوەی دیکەیان بە کاپیتالیزم یان فەلسەفە بیگۆڕێت، یەکیش هەیە کە بە هونەر دەیگۆڕێت. هونەر بۆ هەموو ڕێگا و ڕەنگێکی ژیان شڕۆڤە دەکرێت و بەرفراوان دەبێت. لە گۆرانیدا باس لە پێشمەرگە، سیاسەت و خۆشەویستیی وڵات، شەهید و خۆشەویستیی دایک و باوک و ژیان دەکرێت و ڕەنگێکی تایبەتی پێ دەدرێت. ئەمەش لە هزر و ڕامانی مندا جێی گرت و ئەو باوەڕە لای من بەهێز بوو کە کوردستان نە بۆ کڕین دەبێت و نە بۆ فرۆشتن. بۆیەش ڕێگای هونەرم هەڵبژارد تا لە ڕێگای هونەرەوە خزمەتی گەل بکەم و بۆ مرۆڤایەتی سوودبەخش بم. ئەوەی کە من لە هەموو شتێک زیاتر دڵخۆش دەکات هەر ئەو خزمەتەیە کە بە مرۆڤایەتیی دەکەم. کاتێک دەبینم کە گەلی کورد خۆی دەناسێت و ڕێز لە یەکتر دەگرێت، پێشمەرگەی کورد بەهێز دەبێت، هێزی سیاسی خەبات و خزمەت دەکات، ئەوا دڵشادم دەکات. لەم ڕێگایەدایە کە هونەر دڵشادم دەکات. بەڵام بۆ ئەوەی هونەر بە باشی پێشکەش بکەم پێویستە کە شارەزای مێژوو، کۆمەڵگە، ئایین، سیاسەت و هەموو ڕەهەندەکانی جیهان بم. بەپێچەوانەوە ناتوانم لە گۆرانی، ستران و لاوژەدا بیڵێمەوە. هونەر بۆ من شۆڕش، گۆرانی، ژیان، نەتەوەی کورد و مرۆڤایەتییە.
نەوەی نوێ چۆن دەتوانێت ڕێز لە مێژوو و ماندووبوونی پێشمەرگە بگرێت و ئەو میراتە بپارێزێت؟
لە ڕێگای نەتەوەییبوونەوە؛ پێشمەرگە هێزێکی نەتەوەیی کوردە، هێزێکە بۆ ڕزگاری و پاراستنی خاک و هەموو بەرهەمی کوردی، جڤاکی و دیرۆکی کوردستانە. واتە ئەگەر هێزی پێشمەرگەمان نەبێت، دوژمن بەسەر ئێمەدا زاڵ دەبێت. هەر بۆیەش پێویستە هەمیشە هێزی پێشمەرگەمان لەبەرچاو بێت، ڕێزی لێ بگرین، بەهای پێ بدەین و بەرفراوان بکرێت وەکوو هێزێکی سەرانسەری لە کوردستاندا.
مامۆستا گیان! سپاس بۆ ئەوەیکە کاتت پێ بەخشین و ماندووش نەبیتەوە
سپاس بۆ ئێوەش.