
دارسمە
بابەتی "دیکتاتۆرگۆڕی" پێڤاژۆیەکە پێشتریش هەبووە، بەڵام بەندەی موخلیستان وەک شارەزای "کاروبار" یان "باروکار"ی سیاسی دۆزیومەتەوە و پێموایە حەوت مێشم لە خەلەفێکیدا هەڵناون. ئەم پێڤاژۆیە هەرچەندە زۆر زۆر کۆنە و "دیکتاتۆرگۆڕی" بە درێژایی مێژوو باو بووە، بەڵام ئەمەی ئێستا نوێترە.
ئەمەش بڵێین پێشترێ دیکتاتۆران خۆیان یەکتریان بە زەبری شەڕ جێگۆڕکێیان دەکرد و لەو لاوەش خەڵک بۆخۆیان پاڵیان دابۆوە و هیچ دەستیان لەم گۆڕینەدا نەبوو. بەڵام ئێستا وا نییە و بەشێک لە خەڵک بەشەکەی دیکە دەکەنە پردی پەڕینەوەی دیکتاتۆری خۆیان بۆ گەیشتن بە دەستەڵات.
"دیکتاتۆرگۆڕی" لەگەڵ "شۆڕش" یان "انقلاب" زۆر جیاوازە و تەنانەت لەگەڵ یەکتردا ناتەباشن. شۆڕش یان انقلاب بە مانا قووڵەکەی بە تایبەت بۆ ئێرانی ئەمڕۆ زۆر مەترسیدارە. لە شۆڕشدا بە گوێرەی پێناسە کلاسیکەکەی، بنەمای دەستەڵات و پێوەندییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان بە قووڵی دەگۆڕێن. ئەمەش هەموو کاتێک و ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە ئێراندا جووڵەیەکی زۆر زۆر بڤە و مەترسیدارە.
ئەگەر شۆڕش پێوەندییە سیاسییەکان بگۆڕێت، بۆ نموونە ئەم ئێرانەی خۆمان تووشی فرەیی یان خوای نەخواستە "پلۆڕالیزم" دەبێت و ئەوکات هیچ بە دووری مەزانن ئەم فرەییە زیان بە "اتحاد مقدس ایران" بگەیەنێت. ئەدی ئەگەر دۆخی ئابووری ئاوەژوو بێتەوە چی دەقەومێت؟ ئەویان هەر باسی مەکە و هیچ بە دووری مەزانە خەڵکی برسی و هەژار تێر نان و برنج و گۆشت و میوە بخۆن و لە تێرییان چاویان لە "دولتمردان" و " اولیای امت" زەق بێتەوە. خۆ ئەگەر گۆڕان بە سەر دۆخی فەرهەنگیدا بێت، بە دەرچوونی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبان بە زمانی بەلووچی، ئازەری، کوردی و عەرەبی، "شکر فارسی" دەتوێتەوە.
بەڵام دیکتاتۆرگۆڕی شتێکی جیاوازە. دیکتاتۆڕگۆڕی بریتییە لە پرۆسەیەکی تەسفیە و ئارایشتی سیاسیی و تەنانەت فەلسەفی، کە تێیدا دیکتاتۆرێکی کۆن بە دیکتاتۆرێکی نوێ دەگۆڕدرێت. ئەم پێڤاژۆیە لە کاتێکدا کۆنە لە مێژوودا هەزاران جار ڕووی داوە بۆ ئێستا پێڤاژۆیەکی مۆدێرنی داهێنەرانە پێشکەوتووە.
لە قۆناغی دیکتاتۆرگۆڕیدا، وڵات ئەوا بە قووڵی ناهەژێت و دەکرێت خەڵکی برسی هان بدرێن و دواتر ئەم خەڵکە برسییە هان دراوە پاش ئەوەی دەستەڵات لە نێوان دوو دیکتاتۆری پیرۆزدا ئەمدەست و ئەودەستی پێکرا، برسییەکان وەک خۆیان بە برسییەتی بمێننەوە و ئەم برسییەتییە بەردەوامەش وا دەکات ئەم خەڵکە وەک هەمیشە بۆ بەرنگاربوونەوەی دیکتاتۆری خوێنتاڵ ئامادە بن. ئەمە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە دیکتاتۆریش هەندێک جار خوێنی خۆی تاڵ دەکات، بەڵام "امت همیشە در صحنە" هەرگیز پیرۆزیی ئەم جۆرە دیکتاتۆرانە فەرامۆش ناکات. ئەم "امت همیشە در صحنە"یە هێندێک جار بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنێت، ناوی دەگۆڕێت و بۆ وێنە دەبێتە" ملت شریف". "امت همیشە در صحنە" و "ملت شریف"یش دوو جیاوازیی بچووکیان هەیە، ئەوەی یەکەم پێی وایە دیکتاتۆر نوێنەری خوایە و ئەوەی دوویەمش دەڵێت دیکتاتۆر "سێبەری خوایە"، دەی ئەگەر وابێت دوژمنی هەرجۆرە دیکتاتۆرێک "مفسد فی الأرض"ـه.
لێکدانەوەی وشەی سەیر و سەمەرە:
دیکتاتۆڕ: ناوێکی ناوازەیە و ئەوانەی دەیڵێنەوە، دواکەوتوو و دژە شۆڕش و "جوداییخواز" یان باشتر بڵێین "تجزیە طلب"ن . لە ڕاستیدا خۆی پڕ بە پێستی پاشا و "رهبر معظم"ـه.
پلۆرالیزم: زاوزێیەکی تۆقێنەرە و پاشا و "رهبر معظم" بێزار دەکات.
تجزیە طلب: بە کۆمەڵە کەسێک دەگوترێت لە گەمەکردن لەگەڵ کۆمەڵێکی گەورەتردا بێزار بوونە و دەیانهەوێت بە جیا خۆیان چوارچێوەیەک بۆ گەمەی خۆیان دیاری بکەن.
دولتمردان: ئەو نێرینانەن پێیان وایە لە تەمەنی خەرفان و نەخۆشی و سەرەمەرگیشدا مافی خۆیانە شانی شل و شەوێقیان بدەنە بەر دەستەڵات.
"اولیای امت": ئەولیای ئۆمەت کسانێکن بۆ درشت و ورد و ژن و پیاو وەک باوکن بۆیان هەیە شەپشەپێن بە ئۆمەتی خۆیان بکەن.
دیکتاتۆرگۆڕی: شتێکە وەک گۆڕینی لاستیکی ئۆتۆمبێل. کاتێک دیکتاتۆر چ شا بیت، چ ئاخوند، ئەگەر زۆر لووس بوو و لە سەر زەوی توشی خوشین هات یان ترسی ئەوەی لێکرا کۆن بێت و بای بدەڵێنێت، دەگۆڕدرێت.
"امت همیشە درصحنە": ئوممەتێکی چاولەدەستە و دوای چەند ساڵان تێدەگات ئەو کاتەی گوتوویە "رهبر محبوب خلق از سفر آید"، چ ناماقووڵییەکی گەورەی کردووە.
"ملت شریف": ئەم میللەتەش میلەتێکە دوای ئەوەی لە پشتگیری کردنی "رهبر محبوب خلق" پەشیمان بۆوە و زانی چ قوڕێکی کردووە بە سەریا، قوڕێکی دیکە بۆخۆی دەگرێتەوە و هەتا قوڕگی دەبات هاوار دەکات: "رضا شاه روحت شاد".
مفسد فی الأرض: وەک بەندەی موخلیستان لایەنگری شۆڕش و دژی "دیکتاتۆرگۆڕی"یە و بۆنێکی لێوە دێت لووتی "دیکتاتۆرگۆڕان" ئازار دەدات.