کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەزمی کریدۆرە ئابوورییەکان

12:43 - 18 رێبەندان 2725

تەهای ڕەحیمی

جیهان گۆڕەپانی ململانێی سێ نەزمە. جیهانی ڕۆژاوا کە بە شێوەیەکی نەریتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێبەریی دەکات و زیاتر وڵاتانی دێموکراتیک و لایەنگری بازاڕی ئازاد لە ئورووپا و باکووری ئەمریکا و هاوپەیمانە دوورەدەستەکانی وەک ئوسترالیا، ژاپۆن، نیوزیلەند و کۆرەی باشوور دەگرێتەوە. ئەم وڵاتانە زیاتر ڕوانگەیەکی لیبرالیستییان بۆ نەزمی جیهانی هەیە.

جیهانی ڕۆژهەڵات زیاتر چین ڕێبەریی دەکات. ئەم بەرەیە هەندێک وڵاتی هاوڕا لەسەر ناکارامەیی نەزمی ئێستای وەک بەتایبەت ئێران، کۆرەی باکوور و ڕووسیە دەگرێتەوە، کە هەوڵی گۆڕینی نەزمی ڕۆژاوایی دەدەن. ئەم وڵاتانە زیاتر ڕیالیزم لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیاندا ڕەچاو دەکەن و لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش و تێکدان یان لاوازکردنی نەزمی لیبراڵی ڕۆژاوا مکوڕن.

جیهانی باشوور وڵاتانی گەشەسەندوو و وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەندی ئەفریقا، ئەمریکای لاتین، باشووری ئاسیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (و خاوەن زۆرینەی دانیشتووانی دنیا) دەگرێتەوە. زۆرێک لەم وڵاتانە کۆنە کۆڵۆنیی وڵاتانی ڕۆژاوایین کە کاتی خۆی گۆڕەپانی جەنگە بەوەکالەتەکانی شەڕی سارد بوون و زۆریان زەرەر و زیانیان پێ گەیشتووە. لە ڕیزی ئەم وڵاتانەدا، وڵاتانی خاوەن هێزی مامناوەند یان "وڵاتانی یەکلاکەرەوە"ی وەک برێزیل، هیندوستان، کینیا، مێکزیک، نێجیریە، عەرەبستانی سعوودی و ئەفریقای باشوور هەن. ئاڵوگۆڕی دیمۆگرافیک، گەشەی ئابووری، دەرهێنان و هەناردەکردنی سامانە سروشتییەکان پاڵنەری چوونەسەری گرنگیی ئەو وڵاتانەیە.

بەگوێرەی ئەم دابەشکردنە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێکەڵەیەکە لە هەر سێ بەرەکە (ئێران، تورکیە، ئیسرائیل). لەم نێوەندەشدا کورد بەسەر دوو بەرەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتدا دابەش بووە (ڕاست و چەپ، ناسیۆنالیست و برایەتیی گەلان، بەڕێوەبەریی شوورایی). واتە ململانێی داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەدیاریکراویش کوردستان تەنیا چارەنووس و هەڵکەوت نییە، بەڵکوو ململانێی ڕوانگەی ئەم سێ بەرە جیهانییەیە کە هەرکام لە ڕوانگەی خۆیانەوە دەیانەوێت بە دیزاینکردنەوەی ئارایشی سیاسیی ناوچەکە لەسەر بنەمایەکی ئابووری نەزمی خۆیان بچەسپێنن و بسەپێنن. لە کوردستان بەگشتی ئەو بەرەیەی بە ناوی ناسیۆنالیزم (ڕاست) دەیانناسین لە بەرەی ڕۆژاوادان و چارەسەری پرسی کورد لە ڕوانگەی پێناسەی ڕۆژاواییەوە بۆ وێنە وەک نەتەوە، سەروەری، دیاریکردنی مافی چارەنووس و ڕوانگەی ئایدیالیستیی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەبینن. واتە وێڕای سووربوون لەسەر ڕۆڵی دێموکراسی بۆ پێکەوەژیان و چارەسەری کێشەی کۆمەڵگەی مرۆیی، وەک کۆنزەرڤاتیڤەکان نیشتمان و نەتەوە و دواجار سەروەریی نەتەوە بە بنەما وەردەگرن بۆ گەرەنتیی نەتەوە و بەرژەوەندییەکانی. دیسان هەمیشە ئەو هێزانەی لەم بەرەیەدا پێناسە دەکرێن لەسەر دانوستان بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان کورد و داگیرکەران چڕ بوونەتەوە.

 لە لایەکی دیکەوە ئەم هێزانەی بەگشتی بنەمایەکی چەپی وشکییان هەیە، زیاتر ئینتێرناسیۆنالیستی بیر دەکەنەوە و چارەسەری بەرەی یەکەم (ناسیۆنالیستەکان) بە ناڕاست دەبینن. لە ڕاستیدا ئەو هزرینە بەر لەوەی ڕوانگەیەک بێت بۆ چارەسەری بنەڕەتیی پرسی کورد، لە دژایەتیی کۆمۆنیزمەوە بۆ ئیمپریالیزم سەرچاوە دەگرێت، کە چەمکی نەتەوە بە ئامرازێکی دنیای سەرمایەداری دەزانێت لە دەستی بۆرژوادا. هەنووکە وێڕای توندبوونی بەرەبەرەکانیی بەرە جیهانییەکان بۆ ڕێکخستنەوە یان هێشتنەوەی نەزمی جیهان بە تایبەتیش ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چارەنووسی کوردستان بەگشتی لەنێوان بەرە کوردستانییەکاندا لێڵ دەنوێنێت. تەنانەت دەکرێت ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژانەی ڕابردووی ڕۆژاوای کوردستان لە توێی ئەم بەربەرەکانییەدا شیکاری بکرێت.

سەرەڕای ئەم پێشەکییەی باس کرا کە وێنە گەورەکەی گۆڕانکاری و یارییە هەرێمی و ناوچەییەکانە، ئابووری و بە تایبەتیش وزە و ژێرخانی گواستنەوەی وزە ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینن لە چۆنیەتیی دیزاینکردنەوەی جیهان. لە ڕاستیدا دیزاینکردنەوەی جیهان لەسەر تەوەری ڕێکخستنی گواستنەوەی وزە و بەهێزکردنی ئابووریی وڵاتانی ئەم سێ بەرەیەیە. «باری بۆزان» و «ئۆلێ وێڤەر» (٢٠٠٣) پێیان وایە وزە و ژێرخانی ئابووری بەشێکن لە ئابووریی ئەمنییەت، کە تێیدا بەستراوەیی یان پێویستیی وزە دەتوانێت ڕۆڵێکی سەقامگیرکەر و هەمیش هەڕەشەیی ببینێت. ژێرخانی ئابووری وەک هێڵی لوولەی گواستنەوەی نەوت و گاز و کریدۆری سەرەکیی بازرگانی لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەتوانن وەک کاتالیزۆری ڕێککەوتن و هەمیش لە لایەک کارتی گوشار لەسەر یەکتر دروست بکەن. بە کورتی پێویستیی وزە هەم دەتوانێت هاوبەشی و هاوکاریی ناوچەیی دروست بکات و هەمیش دژایەتی و هەڤڕکێی ژێئۆپۆلیتیکیی لێ بکەوێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆناوچۆن دەبێت کارتی وزە لە هاوکێشەی سیاسیی ئاڵۆز و لێڵی داهاتووی خۆیدا بەکار بهێنێت بە تایبەتیش بە سەرنجدان بەو مەترسییانەی هەر لە ئێستاوە دەرکەوتوون، بە کورتی باس لە پێوەندیی هەرێمی ڕۆژهەڵات لەگەڵ مەترسییەکانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە دیاریکراوی لەگەڵ تورکیە دەکەم.

تورکیە بەشێکی یەکجار زۆری وزەی خۆی بە تایبەتیش گاز لە ئێرانەوە دابین دەکات. ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە ساڵ بە ساڵ هەناردەی گاز لە ئێرانەوە بۆ تورکیە زیادی کردووە. هێڵەکانی لوولەی گواستنەوەی گازی ئێران لە دوو قۆڵەوە دێنەوە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان. واتە یەکێک لە هێڵەکان لە باشووری ئێرانەوە دێتە وێستگەی سەرەکی لە ئیلام و بە درێژایی ڕۆژهەڵاتدا هەڵدەکشێت بۆ سەرووی ڕۆژهەڵات. قۆڵەکەی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە دێتە وێستگەی سەرەکیی تەورێز و لەوێشەوە بەرەو پارێزگای ورمێ ڕادەکشێت و دەگاتەوە خاڵی سنووریی بازرگان. ئەمە جگە لەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای ئیلام سەرچاوەی گازی ئێرانن. لە لایەکی دیکەشەوە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وڵاتانی ئاسیای ناوەندی و ئاسیای دوور بە تورکیەوە دەبەستێتەوە. هەر بۆیە لەگەڵ قووڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، تورکیا ترسی لێ نیشتووە و جگە لەوەی هەوڵ دەدات بە یارمەتیدانی ئێران و نێوەندگیری کردنی لەنێوان ئێران و ئەمریکادا ئەم نەزمە ئێستایە تێک نەچێت، لە لایەکی دیکەوە پلان بۆ داگیرکردنی بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنێت هەتا وەک گوشار بەکاری بهێنێت لەسەر هەر پێکهاتەیەکی سیاسی کە لە داهاتوودا دوای کۆماری ئیسلامی لەو ناوچانە، دەتوانێت سەروەریی خۆی بسەپێنێت. واتە لێرەدا چونکە تورکیە دەزانێت هەم لە بواری وزە و هەمیش لە بواری ژێرخانی گواستنەوەی وزە و هەمیش کریدۆری پێوەندییەوە بەو هەرێمە سیاسییەوە دەبەسترێتەوە کە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامییە، لە ئێستاوە بە ڕوانگەیەکی ڕیالیزمی هێرشبەرانەوە دەیەوێت بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی مسۆگەر بکات. کەواتە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوودا کارتی یاری لەگەڵ تورکیە لەوە زیاتر بەدەستەوەیە هەتا تورکیە بتوانێت بەشێک لە ڕۆژهەڵات داگیر بکات، بەڵام ئەم کارتانە پێویستییان بە دیپلۆماسیی بەهێز هەیە هەتا بتوانن ڕوانگەی دەوڵەتی تورک لەسەر چۆنیەتیی هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕۆژهەڵات بگۆڕن. لەم پێوەندییەدا ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە پێوەندیی نێودەوڵەتی و دەرەوەی هەرێمی ڕۆژهەڵات بە سەرنجدان بە پێگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتدا لەسەر بناغەی ئایدیالیستی (لیبراڵی) دادەمەزرێت کە ئەویش جەختکردنەوە لەسەر هاوکاری و هاوپێوەندییە بۆ چارەسەری کێشەکان بۆ ئەوەی بنەمایەکی دێموکراتیک وەربگرن و پێکەوەژیانێک لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی لایەنەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکانە. واتە نەزمی ڕۆژاوایی و ئێستا کە لەسەر بناغەی نەتەوە-دەوڵەت مەییوە، بەرمەبەستی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بۆیە دەکرێت بڵێین ئەگەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوشانە لەگەڵ ئەو بەرەیەی زاڵە بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان کە ئەویش نەزمی بەرمەبەستی ئەمریکا و ئیسرائیلە. دیارە مەبەست ئەوە نییە کە بڵێین ئەم نەزمەی بەرمەبەستی ڕۆژاوا خۆبەخۆ ئامانجەکانی ئێمە بەدی دەهێنێت. نا، بەڵام ئەم نەزمە دەرفەتێکی لەبار دەخوڵقێنێت کە ئێمە تێیدا بتوانین پۆتانسێلی ڕۆژهەڵات کارا بکەین و هەم بزاڤ لەم حاڵەتی پەسیوییە دەربچێت و هەمیش ڕۆژهەڵات وەک جوگرافیا و ئەکتەرێکی ئەکتیڤی سیاسی و ئابووری بێتە بازنەی کایەی هەڤڕکێیەکانی ناوچەکەوە.

لە لایەکی ترەوە شاراوە نییە، دوو بەرەی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات هەوڵ دەدەن بەسەر کریدۆرە ئابوورییەکان، ژێرخانی ئابووری و وزەدا زاڵ بن لە ناوچەکەدا. هەر لەم سۆنگەیەوە چین لەمێژە خەریکی ڕاکێشانی جادەوبانی پان و بەرینە بۆ باشووری ئاسیا، ناوەندی ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئورووپا و باکووری ئەفریقا. لەم لایەشەوە ئەمریکا هەوڵی کۆنترۆڵی وزەی دنیا دەدات کە گرتنی مادۆرۆ لە ڤێنیزوێلاش لەم چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە. هەروەک دەزانین ڕۆژێک دوای ئەوەی مادۆرۆ جەژنی پەیمانێکی ستراتیژیی درێژخایەنی لەگەڵ چین گێڕا، بەسەریدا درا. هەروەها دەشزانین هەر ئێستا ئەمریکا بە تەواوی هێزەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە تا سەرچاوەی وزەی ئێران بۆ بەرەی ڕۆژهەڵات و «بریکس» بەتایبەتی چین وشک بکات. لەم نێوانەشدا ئیسرائیل هاوشان لەگەڵ پڕۆژەکانی ئەمریکا هەوڵی دابینی ئەمنییەتی خۆی، هەم لە ڕێگەی هەژموونی سەربازی و هەمیش لە ڕێگەی بەدەستەوەگرتنی کریدۆرە ئابووری و بازرگانییەکان و لێکبەستنەوەیان بە ئیسرائیلەوە دەدات؛ ئەم خاڵە ژئێۆپۆلیتیکییانەی بەدەست خۆیەوەن. هەروەها ئیسرائیل بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی جۆراوجۆر هاوچاوە ئابووری و دژەبەرە سیاسییەکانی لە ناوچەکەدا کول دەکات.

بەگشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەم لەباری نەزمی بەرمەبەستەوە دژایەتیی لەگەڵ تێڕوانینە زاڵەکە نییە بۆ داڕشتنەوەی دیزاینی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێران، هەم کارتی ئابووری، ژێرخانی گواستنەوەی وزە و خاڵی ستراتیژیی لەبەر دەستە و هەمیش دەکەوێتە چوارچێوەی ئەم کریدۆرانەی ئیسرائیل بۆ هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا هەوڵی دامەزراندنیان دەدات. بۆیە سەرکردایەتیی سیاسیی بزاڤی ڕۆژهەڵات بە سەرنجدان بەو خاڵە بەهێزانە دەتوانێت لەسەر چارەنووسی کورد لە ڕۆژهەڵات بە یەکگرتوویی هەنگاوی کردەیی و مسۆگەر بنێت.