کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ وەرچەرخان لە داهاتووی ئێراندا بەبێ بەشداریی ژنان ئەستەمە؟

20:09 - 19 رێبەندان 2725

سۆزان فەتحی

لەکاتێکدا ئێران لە لێواری گۆڕانکارییەکی مێژووییدایە، پرسیارێک کە پێویستە بە ڕاشکاوی بخرێتە ڕوو ئەوەیە کە کێ بڕیار لەسەر داهاتووی وڵات دەدات؟ ئەگەر ژنان لە بەشداریی پارتە سیاسییەکان، ڕۆڵە چارەنووسسازەکان، بەڕێوەبەریی و دانوستانەکان سەبارەت بە سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئێران بێبەش بکرێن، ئەوا هەر دێموکراسییەک کە ئێستا بەڵێنی وەدیهاتنی دەدرێت، هەر لە سەرەتاوە تووشی کەمایەسی دەبێت.

لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ڕابردوویەکی دوورودرێژ و تاریک لە بێبەشکردن و پەراوێزخستنی ژنان لە دەسەڵاتی سیاسی و ناوەندەکانی بڕیارداندا هەیە، ئێرانیش نەک هەر لەو تایبەتمەندییە بەدوور نییە، بەڵکوو بە شێوەی سیستماتیک و پلانبۆداڕێژراو ژنانی لە ناوەندەکانی دەسەڵات دوور خستووەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە ژنانی ئێران لە دیارترین و بوێرترین ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەن کە لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕاوەستاونەتەوە. پەراوێزخستنیان لەو دۆخەی ئێستادا ڕێک لەو کاتەدا کە بناغەکانی سیستەمێکی نوێ تاوتوێ دەکرێت، کارێکی نادادپەروەرانە و لە ڕووی سیاسیشەوە کردەیەکی کورتبینانەیە.

ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات بەبێ بەشداریی ژنان بەڕێوە ناچێت. ئەوە هەر تەنیا دروشمێک نییە؛ بەڵکوو ئەنجامێکە کە بە بەڵگەی زانستی پشتڕاست کراوەتەوە. بەپێی توێژینەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان (UN Women)، ئەو ڕێککەوتننامە ئاشتییانەی ژنانی تێدا بەشدارن، ئەگەری مانەوەیان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە ڕێژەی ۲۰٪ زیاترە و ئەگەری مانەوەیان بۆ ماوەی پازدە ساڵ بە ڕێژەی ۳۵٪ زیاترە، بەراورد بەو ڕێککەوتننامانەی کە ژنانیان تێدا نییە. هەر بە پشتبەستن بەو ئامارانە ئەو بیرۆکەیە ڕەت دەکرێتەوە کە دەیەوێت بەشداریی ژنان تەنیا کردەیەکی سیمبۆلیک یان هەڵبژاردەیەکی پلە دوو بێت.

هەروەها توێژینەوەکانی پەیمانگای جۆرج تاون بۆ ژنان، ئاشتی و ئاسایش، کە شیکارییان بۆ زیاتر لە چل پڕۆسەی ئاشتی کردووە، دەریدەخەن کە بەشداریی ژنان پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە بەو ڕێککەوتننامانەی کە ڕیفۆرمی سیاسی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و چاودێریی دێموکراسی لەخۆ دەگرن. کاتێک ژنان لەسەر مێزی دانوستان ئامادەن، ڕێککەوتنەکان زیاتر ڕەنگدانەوەی خەمە گشتییەکانی کۆمەڵگەن، نەک تەنیا دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان هەڵبژاردەیەکدا بۆ ماوەیەکی کورتخایەن.

بەرپرسایەتیی بەشداریپێکردن و دەرفەتدان بە ژنان نەک تەنیا لەسەر شانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە بەگشتی، بەڵکوو لەسەر شانی هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد و بە تایبەتیش لەسەر شانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە (حدکا). ژنانی کورد لەنێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا دەیان ساڵە شانبەشانی پیاوان خەبات دەکەن، ئەوان بەشدارییان لە خەباتی بەرگریی چەکداری، خۆپێشاندان و ڕێکخستنە سیاسییەکان کردووە و لە ئەکتەرە دیارەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوون و لە پاراستنی زمان و ناسنامە، ژینگە و ژیواری کورددا بەشداریی چالاکانەیان کردووە. ئەوانیش بۆ ئازادی نرخیان داوە و لە زۆر بواریشدا نرخی ئەو ئازادییە لەسەر ژنان گرانتر کەوتووە.

بەڵام، قوربانیدان لە مەیدانی جەنگ، زیندان و شەقام و کۆڵانەکانی وڵاتدا دەبێت لەگەڵ بەشداریپێکردن لە بڕیاردانی سیاسیدا هاوتا بێت. هێزە کوردستانییەکان دەبێت زیاتر لە هەموو کاتێک لەو دۆخە هەستیارەدا لەو هاوکێشەیە تێبگەن و دڵنیایی بدەن کە ژنان بە شێوەیەکی کاریگەرتر لە پێکهاتەی سەرکردایەتییان، دانوستانەکان و دیالۆگی سیاسی سەبارەت بە پاشەڕۆژی ئێراندا بەشدار بن. توێژینەوەکانی پەیمانگای توێژینەوەی ئاشتی لە ئۆسلۆ (PRIO) نیشانی دەدەن کە ئەو پڕۆسە ئاشتییانەی بەشداریی چالاکانەی ژنانی تێدایە، ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنیان زیاترە و کەمتر ئەگەری هەیە تووشی شکستی بنەڕەتی ببنەوە.

هەروەها ژنان وەک پردێکی سیاسی ڕۆڵ دەگێڕن و توێژینەوەکان دەریدەخەن کاتێک ژنان لە حکومڕانیدا بەشدار دەبن، ژنانی دیکەش ڕادەکێشنە نێو ژیانی سیاسی، ئەمەش نوێنەرایەتی لە سەرجەم دامەزراوەکاندا زیاد دەکات و ڕەوایەتیی دێموکراسی بەهێزتر دەکات.

دواخستنی بەشداریپێکردنی ژنان بۆ دوای سەرکەوتنی سیاسی، هەڵەیەکی مێژوویی دیارە. مێژوو دەریخستووە کاتێک بەشداریپێکردن لەپێناو "سەقامگیری"دا دوادەخرێت زۆربەی کات بە پەراوێزخستنی هەمیشەیی کۆتایی دێت و ئێستا کە دانوستان لەسەر داهاتووی ئێران دەکرێت، ئەوا دەبێت ژنان ئەمڕۆ ئامادە بن، نەک تەنیا بەڵێنی بەشداری و کورسیی دەسەڵاتیان لە داهاتوودا پێ بدرێت.

وەرچەرخانێکی دێموکراتیک کە ژنان پەراوێز بخات، بەتایبەت ئەو ژنانەی بۆی جەنگاون، بە هیچ شێوەیەک وەرچەرخانێکی دێموکراتیک نییە. ژنانی ئێران، لەوانەش ژنانی کورد، پێشتر پابەندبوونی خۆیان بۆ ئازادی سەلماندووە. ئێستا کاتی ئەوەیە دەرفەت و دەسەڵاتیان پێ بدرێت و لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتدا بەشدار بن.