
سەربەست ئورمیە
بەرخۆدانی گەلی کورد لە ڕۆژاوا، ناکرێت بە وەڵامێک بۆ شەڕی نێوخۆیی یان بەرپەرچدانەوەیەک لە بەرامبەر مەترسی لەسەر ئاسایش و هەڕەشەی داگیرکەر لەم بەشەی کوردستاندا لێک بدرێتەوە. ئەم بەرخۆدانە ئێستا گرێ کوێرەی سەرەکیی سیاسەتی جیهانی یە، بزاڤێک کە بێ واتا بوونی دروشمگەلی بریقەداری وەکوو مافی مرۆڤ، شەڕ لە دژی تێرۆریزم و سەقامگیریی ناوچە، لە ژێر سێبەری بەرژەوەندیی زڵهێزەکاندا دەسەلمێنێت. پشتیوانیی نەتەوەیی و یەکپارچەی گەلی کورد لەم خۆڕاگرییە، نابێت تەنیا بە هەست و سۆزی نەتەوەپەروەری و کاتی دابندرێت، بەڵکوو هەوڵێکی وشیارانەیە بۆ خوێندنەوەیەکی نوێی جیهانیی لە پرسی کورد و دەنگ هەڵبڕینێکە لە بەرامبەر بە بێ متمانە بوونی پێکهاتە و سیستەمی نێونەتەوەییدا.
پرسی کورد؛ لە پەراوێزخستنە مێژووییەکەیەوە هەتا ناوەندە دژوازە جیهانییەکان
ساڵانێکە کە پرسی کورد بووە بە فیدای ڕێککەوتنە داخراوەکان، سنووره داسەپاوەکان و سیاسەتی بە هەر نرخێک سەقامگیرکردنی بارودۆخی ناوچەیەک کە ناوەندی ململانێی هاوکێشە دژ بە یەکە جیهانییەکانە. ئەو بەرخۆدانەی ئەمجارەی ڕۆژاوا، ڕاکێشانی ئەم پرسەیە بۆ ناوەندی سیاسەتی جیهانی. گەلی کورد لە یەکێک لە هەستیارترین و گرینگترین قۆناغەکانی ناوچەدا، ڕۆڵێکی ئەوتوویان گێڕا کە تەنانەت دوژمنەکانیانیش ناچار بوون دانی پێدا بنێن. لە کاتێکدا کە کێشەی داعش جیهانی بە سەر دوو بەرەی بەرژەوەندی پارێز و بەرگریکار و بگرە لاواز دا دابەش کردبوو، گەلی کورد وەکوو هێزێکی سەرەکی ئەم دێوزمەیەی کە زڵهێزان لێی دەترسان بە چۆک داهێنا. بەڵام ئەو سەرکەوتنە مەزنە، لە جیاتی ئەوەی ببێتە بنەمای ناساندنی سیاسی و یاسایی، بوو بە ئامرازێک بۆ بەکارهێنان لە یاسای زلهێزەکاندا. کورد بوو بەهاوبەشی مەیدانی، نە هاوبەشی سیاسی. ئەمە ئەو خاڵەیە کە بە پشتیوانیی نەتەویی لە کوردستاندا واتا دەبەخشێت. شەڕ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو شێوازە ئامرازییە و سەپاندنی پرسی کورد وەکوو بابەتێکی یاسایی و سیاسی کە نابێت پشتگوێ بخرێت.
مافی مرۆڤ؛ بنەمایەکی جیهانی یان ئامرازی سیاسەت
زڵهێزەکان ئەوە بۆ جاری چەندەمە دەیسەلمێنن کە مافی مرۆڤ بۆیان نە بنەما، بەڵکوو هاوکێشەیەکە کە بە بەرژەوەندییەکانیانەوە گرێ دراوە. کاتێک هێزی کورد شکست بە داعش دەهێنن، بە هێزی هەرێمیی کاریگەر ناودەبردرێن؛ بەڵام کاتێک کە داوای خۆبەڕێوەبردن، ئاسایش و کرامەتی مرۆیی خۆیان دەکەن، هەمان هێزی کاریگەر لە لایەن هێندێک وڵاتەوە لە ڕیزی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش دادەنرێت و لەگەڵ بێدەنگیی ئەوانەدا ڕووبەڕوو دەبێت کە خۆیان بە پارێزەری مافی مرۆڤ دەزانن.
پشتیوانیی نەتەوەی کورد لە بەرخۆدانی ڕۆژاوای کوردستان، ئەم دووڕووییە ئاشکرا دەکات: ئەگەر شەڕ لە دژی تێرۆریزم ڕاستەقینە و ڕەوایە، ئەدی لە بەر چی ئەو هێزەی کە زۆرترین قوربانیی لەم پێناوەدا داوە، ئێستا دەبێت ببیتە قوربانی مامەڵە سیاسییەکان؟ و ئەگەر مافی مرۆڤ وەکوو بنەمایەکی یاسایی جیهانییە، بۆچی بۆردومان، کۆچاندنی زۆرەملێ و سەرکوتی کورد لە ڕۆژاوا و سووریا دا، تاوەکوو ئێستا وەکوو قیرانێکی جیددی بە هەند وەرنەگیراوە و لێپرسینەوەی لێ ناکرێت؟
بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم؛ سەپاندنی هێزە، نەک چەسپاندنی ڕاستی
یەکێک لە مەترسیدارترین ڕەهەندەکانی سیاسەتی جیهانی، پێناسەی ئامرازیی واتە تەشقەڵەکردنە بە چەمکی تێرۆریزم و گۆڕینی واتاكانی بەپێی بەرژەوەندییەکان. لەم تەشقەڵەکردنەدا، کۆمەڵێک کە دوێنێ هاوپەیمانێکی نزیک بووە، ئاساییە کە ئەمڕۆ وەکوو هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وێنا بکرێت. خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژاوا، ڕێک لەم گەمە فێڵاوییەی سیاسەتدا تێدەپەڕێت؛ ئەوان نە تەنها لە سەنگەری پێشەوەی شەڕ لە دژی تێرۆردا بوون، بەڵکو بوونەتە قوربانیی ئەو پێناسە سیاسییە نوێیانەی کە هێزەکان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان دایدەتاشن.
پاڵپشتیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ڕۆژاوای کوردستان، ئەم گەمە پڕ لە مەترسییە ڕوبەڕوی پرسیار دەکاتەوە کە: گەلۆ کێ خاوەنی ئەو شەرعییەتەیە کە بڕیار بدات کێ تێرۆریستە؟ ئایا ئەم ناساندنە پەیوەستە بە کردار، ئایدۆلۆژیا و بەکارهێنانی توندوتیژی لە دژی مرۆڤە بێتاوانەکان، یان تەنها ڕەنگدانەوەی ئاستی ملکەچبوونە بۆ داخوازییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی زڵهێزانی جیهان؟
بەرپرسیاریەتیی مێژوویی، سەرووتر لە هاوسۆزی
ئەگەر ئەم پاڵپشتییە تەنها لە فۆرمی راگەیاندراو و هاوسۆزیدا پێناسە بکرێت، جگە لەوەی کە بێ بایەخ دەکرێت، هیچ گۆڕانکارییەکیش بەدوادا نایەت. گرنگیی پشتگیریی نیشتمانیی کوردستان لە توانایی بوون بە گوتارێکی سیاسیی یەکگرتوودایە؛ گوتارێک کە دەتوانێت پرسی کورد نە وەکوو قەیرانێکی ئەمنی، بەڵکو وەکوو پرسێکی چارەسەرنەکراوی دێموکراسی و مافی نەتەوەکان بەسەر جیهاندا بسەپێنێت.
لە ڕاستی و لە کۆتاییدا، خۆڕاگریی گەلی کورد لە ڕۆژاوا، ئاوێنەیەکە لەبەردەم ڕاستییەکانی سیستەمی جیهانیدا، کە دەمامکی مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمدا لە سەر سیستمی جیهانی لادەدات و ئاشکرای دەکات کە بەرژەوەندی قسەی یەکەم دەکات.
پشتگیریی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان، ئەگەر وشیارانە، ڕەخنەگرانە و سەربەخۆ درێژەی پێ بدرێت، توانای ئەوەی هەیە کە نە تەنیا هێزە جیهانییەکان، بەڵکوو هێزە کوردییە جیاوازەکانیش بەرەڕووی ئەو ڕاستییە بکات کە گەلۆ ئێمەش ئامادەین پرسی خۆمان لە جەغزی مەزلوومییەتدا بهێنینە درەوە و لە ئاستی داواکاریی سیاسیی و نەتەوەییدا بەرز بکەینەوە یان نا؟