
فارین ئەفەیرز – ئالێکساندەر ستوب
و: لە ئینگلیزییەوە کەماڵ حەسەنپوور
"کەتوارگەریی بایەخ تەوەر"ی فینلەند
سیاسەتی دەرەوە زۆرجار لەسەر سێ پایە دامەزراوە: بایەخەکان، بەرژەوەندییەکان و هێز. لە کاتێکدا کە دینامیک و هاوسەنگیی پەرگالی جیهانی خەریکی گۆڕانن، ئەو سێ توخمە یەکلاکەرەوەن. من خەڵکی وڵاتێکی تا ڕادەیەک بچووکم کە ڕێژەی دانیشتووانی دەگاتە نزیکەی شەش میلیۆن. ئەگەرچی ئێمە یەکێک لە مەزنترین هێزەکانی بەرگریی ئورووپامان هەیە، دیپلۆماسییەکەمان پشتئەستوور بە بایەخ و بەرژەوەندییەکانە. هێز، هی ڕەق و هی نەرم، تا ڕادەیەکی زۆر شتی لوکسی زلهێزانن. ئەوان دەتوانن هێزی ئابووری و سەربازیی خۆیان پێشان بدەن، و بەو شێوەیە لایەنە بچووکەکان ناچار بکەن خۆیان لەگەڵ ئامانجەکانی ئەوان ڕێک بخەن. بەڵام وڵاتە بچووکەکان دەتوانن بە هاوکاریی لەگەڵ ئەوانی دیکە بەهێز بن. هاوپەیمانییەکان، تاقمەکان و دیپلۆماسیی ژیرانە ئەو شتانەن کە دەستڕۆیشتوویی ئەوتۆ دەبەخشنە یاریکەرە بچووکەکان کە گەلێک لە ئاستی سەربازیی و ئابووری ئەوان بەولاوەترە. زۆرجار، ئەو هاوپەیمانییانە لەسەر بایەخی هاوبەش، وەک ئەرکداریی بەرانبەر بە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دامەزراون.
وەک وڵاتێکی بچووک کە هاوسنووری زلهێزێکی ئیمپراتۆرییە، فینلەند فێر بووە کە هەندێک جار وڵاتێک دەبێ بەشێک لە بایەخەکان بۆ پارێزگاریی لەوانی دیکە، یان تەنیا بۆ مانەوە، وەلانێت. دەوڵەتداریی لەسەر پڕەنسیپەکانی سەربەخۆیی، خاوەن بڕیار بوون و یەکپارچەیی خاک دامەزراوە. دوای جەنگی جیهانیی دووهەم، فینلەند، بەپێچەوانەی هەڤاڵانمان لە بالتیک کە یەکیەتیی سۆڤیەت دەستی بەسەردا گرتن، سەربەخۆیی خۆی وەدەست هێنایەوە. بەڵام ئێمە ٪١٠ی ڕووبەری وڵاتمان، لە ناویاندا ئەو ناوچانەی باوباپیرانم تێیدا لەدایکبوون، کەوتە ژێر دەسەڵاتی یەکیەتیی سۆڤیەت. و، بە شێوەی یەکلاکەرەوە، ئێمە ناچار بووین واز لە بەشێک لە بڕیاردانی سەربەخۆ بهێنین. فینلەند نەیتوانی ببێتە ئەندامی ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانە کە ئێمە بە شێوەی سروشتی پێمان وابوو سەر بە ئەوانین، وەکوو یەکیەتیی ئورووپا و ناتۆ.
لە ماوەی جەنگی سارددا، سیاسەتی دەرەوەی فینلەند بە "کەتوارگەریی پڕاگماتیک" پێناسە دەکرا. بۆ پێشگرتن بە هێرشی دووپاتەی یەکیەتیی سۆڤیەت بۆ سەرمان، وەکوو چۆن لە ١٩٣٩ کردی، ئێمە لەسەر بایەخە ڕۆژاوایییەکان سازشمان کرد. ئەو سەردەمە لە مێژووی فینلەنددا، کە دەستەواژەی "فینلەندیکراو"ی بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەخشی، شتێک نیە کە ئێمە شانازیی پێوە بکەین، بەڵام توانیمان سەربەخۆیی خۆمان بپارێزین. ئەو ئەزموونە وای کردوە ئێمە خۆمان لە هەر جۆرە دووپاتەبوونەوەیەکی ببوێرین. کاتێک هەندێک کەس دەڵێن فینلەندی کردن ڕەنگبێ ڕێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین بێت، من بە هیچ شێوەیەک هاوڕای نیم. ئاشتییەکی ئەوتۆ تێچووەکەی لە ڕادەبەدەر دەخوازێت، کە بەکردەوە بە مانای وازهێنان لە سەربەخۆیی و خاکە.
دوای کۆتایی جەنگی سارد، فینلەند، وەک زۆر وڵاتی دیکە پێشوازیی لە بیرۆکەی کردنی بایەخەکانی جیهانی ڕۆژاوا بە دیاردەیەکی باو کرد، شتێک کە من ناوی دەنێم "لیبڕالیزمی بایەخ تەوەر." ئەوە ئیزنی بە فینلەنددا لە ١٩٩٥ ببێتە ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا. هاوکات، فینلەند هەڵەیەکی جیددی کرد: ئەو، بە ویستی خۆی، بڕیاری دا لە دەرەوەی ناتۆدا بمێنێتەوە. (بۆ مێژوو، من ٣٠ ساڵ داکۆکیکارێکی بەئەمەگی ئەندامەتی لە ناتۆدا بووم). هەندێک فینلەندی بڕوایەکی ئایدیالیستییان هەبوو کە ڕووسیە وردە وردە دەبێتە دێموکراسییەکی لیبڕاڵ، کە وابوو پێویست ناکات ببینە ئەندامی ناتۆ. بەشێکی دیکە لەوە دەترسان بێتوو فینلەند ببێتە ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە، ڕووسیە کاردانەوەی خراپی دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی دیکە پێیان وابوو فینلەند، بە مانەوەی لە دەرەوەی ئەو هاوپەیمانییە، یارمەتیدەری پاراستنی هاوسەنگی و، بەو هۆیەوە ئاشتی، لە ناوچەی دەریای بالتیکە. دەرکەوت کە گشت ئەو هۆدانانە هەڵە بوون و، فینلەند بەگوێرەی ئەوەوە خۆی گونجاند و؛ دوای هێرشی هەمەلایەنەی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، بوو بە ئەندامی ناتۆ.
ئەوە بڕیارێک بوو بەگوێرەی بایەخەکان و بەرژەوەندییەکانی فینلەند. فینلەند پێشوازیی لە شتێک کرد کە من پێی دەڵێم "کەتوارگەریی بایەخ تەوەر": ئەرکداریی بەرانبەر بە تاقمێک بایەخی گەردوونی کە لەسەر ئازادی، مافە بنەڕەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی دامەزراون لە کاتێکدا کە هێشتا ڕێز لە ڕاستییەکانی فرەچەشنیی کولتوور و مێژووەکانی دنیا دەگرێت. جیهانی ڕۆژاوا دەبێ بە بایەخەکانی وەفادار بێت، بەڵام تێبگات کە گیروگرفتەکانی دنیا تەنیا بە هاوکاریی نێوان وڵاتانی هاوبیر چارەسەر نابێت.
کەتوارگەریی بایەخ تەوەر ڕەنگبێ وەک دەستەواژەیەکی دژواز بێتە بەر گوێ، بەڵام وا نییە. دوو تیۆریی بەهێزی پاش سەردەمی جەنگی سارد وێدەچوو بایەخە گەردوونییەکان بە قازانجی لێکدانەوەیەکی کەتوارگەرانەتری هێڵە جیاکەرەوەکانی سیاسی وەلانێن. تێزی کۆتایی مێژووی فوکویاما سەرکەوتنی سەرمایەداریی بەسەر کۆمۆنیزمی وەک موژدەبەخشی دنیایەک سەیر دەکرد کە بە شێوەی پەرەئەستێن بەرەو لیبڕالیزم و ئابووری بازاڕدا دەشکێتەوە. دیدی دووری "پێکدادانی شارستانییەکان"ی زانای سیاسی، ساموئێل هانتینگتۆن پێشبینی دەکرد کە هێڵە جیاکەرەوەکانی جوگرافیای سیاسی لە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیکییەوە بەرەو جیاوازیی کولتوورییەوە دەگۆڕدرێن. لە ڕاستیدا، وڵاتان دەتوانن لە دانوستان لەسەر پەرگالی بەرەو گۆڕانی ئەمڕۆدا کەڵک لە هەردووکیان وەرگرن. لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەدا، دەوڵەتانی سەر بە جیهانی ڕۆژاوا دەتوانن درێژە بە بڕوایان بە دێموکراسی و بازاڕ بدەن بەبێ پێداگریی لەسەر گەردوونیبوونی ئەوان؛ لە شوێنی دیکە، ڕەنگبێ مۆدێلی دیکە بتوانن بەردەوام بن. تەنانەت لەناو جیهانی ڕۆژاواش، ئامانجەکانی دابینکردنی ئەمنییەت و بەرگریی لە سەربەخۆیی هەندێک جار ئەرکداریی بێ ئەملاو و ئەولا بە بایەخە لیبڕاڵەکان نامومکین دەکەن.
وڵاتان دەبێ لە هەوڵی وەدیهێنانی پەرگالێکی جیهانیی هەرەوەزیی کەتوارگەریی بایەخ تەوەر دابن، کە تێیدا هەم ڕێز لە سەروەریی یاسا بگیرێت و هەروەها لە جیاوازیی سیاسی و کولتووری. بۆ فینلەند، ئەوە بە مانای پەیوەندیگرتن بە وڵاتانی ئەفریقا، ئاسیا و ئەمریکای لاتینە بۆ تێگەیشتنی باشتر لە هەڵوێستیان بەرانبەر بە جەنگی ڕووسیە دژی ئۆکراین و کێشەکانی دیکە کە هەر ئێستا لە ئارادان. ئەوە هەروەها بە مانای گفتوگۆی کردەیی لەبارەی تێگەیشتنی یەکسان لەمەڕ پرسە گرنگە جیهانییەکان، وەک پرسی هاوبەشکردنی تەکنۆلۆژیا، کەرەستەی خاو و گۆڕانی کەشوهەوایە.
سێگۆشەی هێز
سێ ناوچەی بەرفراوان ئێستا هاوسەنگیی هێز لە دنیادا ڕادەگرن: جیهانی ڕۆژاوا، جیهانی ڕۆژهەڵات و، جیهانی باشوور. جیهانی ڕۆژاوا لە نزیکەی ٥٠ وڵات پێکهاتووە و بە شێوەی نەریتی وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێبەریی دەکات. ئەندامەکانی بە شێوەی سەرەکی لە وڵاتانی دێموکراتیک و لایەنگری بازاڕی ئازاد لە ئورووپا و باکووری ئەمریکا و هاوپەیمانە دوورەدەستەکانی وەک ئۆسترالیا، ژاپۆن، نیوزیلەند و کۆرەی باشوور پێکهاتووە. ئەو وڵاتانە بەشێوەی نەریتی خوازیاری بەردەوامبوونی پەرگالێکی فرەلایەنی پشتئەستوور بە ڕێسان، ئەگەرچی لەسەر چۆنیەتیی پاراستن، چاکسازیی و داهێنانەوەی هاوڕا نەبن.
جیهانی ڕۆژهەڵات لە نزیکەی ٢٥ وڵات بە ڕێبەریی چین پێکهاتووە. ئەو ڕایەڵەیەک وڵاتی هاوڕا، بە تایبەت ئێران، کۆرەی باکوور و ڕووسیە دەگرێتەوە، کە بەتەمای پێداچوونەوە یان گۆڕینی پەرگالی ڕێسامەندی نێودەوڵەتی هەنووکەیین. بەرژەوەندیی هاوبەش، واتە خولیای کەمکردنەوەی دەسەڵاتی جیهانی ڕۆژاوا، ئەو وڵاتانەی لێک گرێ داوە.
جیهانی باشوور لە وڵاتانی گەشەئەستێن و وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەندی ئەفریقا، ئەمریکای لاتین، باشووری ئاسیا و، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (و خاوەن زۆرینەی دانیشتووانی دنیا) پێکهاتووە کە نزیکەی ١٢٥ وڵات دەگرێتەوە. زۆرێک لەوان لە کۆلۆنیالیزمی ڕۆژاوایی و هەروەها کاتێک بوونە گۆڕەپانی جەنگە بە وەکالەتەکانی سەردەمی جەنگی سارد زەرەریان دیتووە. جیهانی باشوور گەلێک لە خاوەن هێزانی مامناوەند یان "وڵاتانی یەکلاکەرەوە"، بە تایبەت بەرازیل، هیندستان، کینیا، مەکزیک، نێجیریە، عەرەبستانی سعوودی و ئەفریقای باشوور، دەگرێتەوە. ئاڵوگۆڕی دێموگرافیک، گەشەی ئابووری و، دەرهێنان و هەناردەکردنی سامانە سروشتییەکان پاڵنەری چوونەسەری گرنگبوونی ئەو وڵاتانەیە.
جیهانی ڕۆژاوا و جیهانی ڕۆژهەڵات کێبڕکێیانە تا دڵ و مێشکی جیهانی باشوور بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. هۆیەکان ساکارن: ئەوان دەزانن کە جیهانی باشوور بڕیاردەری ئاراستەی پەرگالی نوێی جیهانە. لە کاتێکدا کە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات بەرەو ئاراستەی جیا دەڕۆن، باشوور دەنگی یەکلاکەرەوەی هەیە.
جیهانی ڕۆژاوا ناتوانێ تەنیا بە پێداهەڵگوتن بە ئازادی و دێموکراسی، جیهانی باشوور بۆ لای خۆی ڕاکێشێت؛ پێویستە ئەو پشتگیریی دارایی بۆ پڕۆژەی گەشەسەندن دابین بکات، لە گەشەی ئابووریدا وەبەرهێنان بکات و، لە هەموویان گرنگتر، کورسییەکی دەوری مێزەکە بدات بە باشوور و دەسەڵاتی لەگەڵ بەش بکات. جیهانی ڕۆژهەڵات بە هەمان شێوە هەڵە دەکات وا بیر بکاتەوە بە دابینکردنی تێچووی پڕۆژەی زەبەلاحی ڕێگاوبان و وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆ دەتوانێت دەستڕۆیشتوویی تەواو لە جیهانی باشووردا بکڕێت. خۆشەویستی ناکرێت بە ئاسانی بکڕدرێت. وەک وەزیری کاروباری دەرەوەی هیندستان جایشانکار ئاماژەی پێ کردوە، هیندستان و وڵاتانی دیکەی جیهانی باشوور تەنیا تەماشاوانی ساکار نابن، بەڵکوو بەرگریی لە ڕوانگەی خۆیان دەکەن.
بە واتایەکی دیکە، ئەوەی جیهانی ڕۆژاوا و هەروەها جیهانی ڕۆژهەڵات پێویستیانە کەتوارگەریی بایەخ تەوەرە. سیاسەتی دەرەوە قەت هەڵبژاردن لە نێوان دوو بژاردەدا نیە. داڕێژەری سیاسەت ناچارە گشت ڕۆژێک بڕیاری ئەوتۆ بدات کە هەم بایەخەکان و هەروەها بەرژەوەندییەکان بگرێتەوە. ئاخۆ چەکوچۆڵ لە وڵاتێک دەکڕی کە پێشێلکەری یاسای نێودەوڵەتییە؟ ئاخۆ پشتگیریی دارایی بۆ دیکتاتۆرییەک دابین دەکەی کە دژی تیرۆریزم دەجەنگێ؟ ئاخۆ یارمەتی دارایی بە وڵاتێک دەکەی کە پێی وایە هاوڕەگەزخوازی تاوانە؟ ئاخۆ بازرگانیی لەگەڵ وڵاتێک دەکەی کە ئیزن بە سزای سێدارە دەدا؟ هەندێک بایەخ بۆ دانوستان نابن. لەناویاندا ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، پارێزگاریی لە کەمینەکان، پارێزگاریی لە دێموکراسی و، ڕێزگرتن لە سەروەریی یاسا. ئەو بایەخانە لەنگەری ئەو شتە ڕادەگرن کە جیهانی ڕۆژاوا بڕوای پێیەتی، بە تایبەت لە داواکارییەکەی لە جیهانی باشوور. لە هەمان کاتدا جیهانی ڕۆژاوا دەبێ لەوە تێبگات کە هەموو کەس بڕوای بەو بایەخانە نیە.
ئامانجی کەتوارگەریی بایەخ تەوەر ئەوەیە هاوسەنگییەک لە نێوان بایەخەکان و بەرژەوەندییەکاندا بدۆزێتەوە، بە شێوەیەک کە پێشینەیی بە پڕەنسیپەکان بدات، بەڵام دان بە سنوورەکانی دەسەڵاتی وڵاتێکدا بنێت، کاتێک بەرژەوەندییەکانی ئاشتی، سەقامگیریی و ئاسایش لە گرەودان. پەرگالێکی جیهانیی یاساسەروەری پشتئەستوور بە تاقمێک دامەزراوەی نێودەوڵەتی کارا، کە ڕێز لە مافە بنەڕەتییەکان بگرێت بەردەوام تەنیا ڕێگەیە بۆ پێشگرتن لە کێبڕکێیەک کە ببێتە هۆی پێکدادان. بەڵام چونکە ئەو دامەزراوانە چیدی وەک ڕابردوو گرنگ نەماون، وڵاتان دەبێ پێشوازیی لە مانای ڕەقی کەتوارگەریی بکەن. ڕێبەران دەبێ دان بە جیاوازیی نێوان وڵاتان دابنێن: ڕاستییەکانی جوگرافیا، مێژوو، کولتوور، ئایین و بڕگە جیاوازەکانی گەشەی ئابووری. بێتوو ئەوان بیانهەوێ ئەوانی دیکە باشتر پرسی وەک مافەکانی شارۆمەندان، ڕێگەچارەکانی ژینگە و دەوڵەتداریی باش چارەسەر بکەن، دەبێ بۆخۆیان پێشقەدەم بن و پشتگیریی پێشکەش بکەن، نەوەکوو تەنیا ئامۆژگاریی بکەن.
کەتوارگەریی بایەخ تەوەر بە ڕەفتاری شکۆمەندانە دەست پێ دەکات، بە ڕێزگرتن لە بۆچوونی ئەوانی دیکە و تێگەیشتن لە جیاوازییەکان. ئەوە بەمانای هاوکاریی پشتئەستوور بە هاوپەیمانیی هاوشان لەجیات هەندێک ڕوانگەی مێژوویی لەبارەی چۆنیەتی پەیوەندیی نێوان جیهانی ڕۆژاوا و جیهانی باشوورە. شێوازێک کە تێیدا وڵاتان لەجیات ئاوەڕدانەوە بۆ ڕابردوو، بڕواننە داهاتوو ئەوەیە کە جەخت لەسەر پڕۆژە هاوبەشە گرنگەکانی وەک ژێرخانی ئابووری، بازرگانی و، پێشگرتن بە گۆڕانی کەشوهەوا و خۆگونجاندن بکاتەوە.
گەلێک بەربەست لەپێش هەر جۆرە هەوڵێکی ئەو سێ لایەنە جیهانییە بۆ دروستکردنی پەرگالێکی جیهانی هەن کە هاوکات ڕێز لە جیاوازییەکان بگرێت و ئیزن بە وڵاتان بدات بۆخۆیان بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان بخەنە پێش چوارچێوەیەکی بەربەرینتری پەیوەندیی نێودەوڵەتی هەرەوەزیی. بەڵام، تێچووی شکستهێنان فرە بەرچاوە: نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم وەک هۆشداریی بەسە.
نادڵنیایی بەشێکە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و، قەت هێندەی ئەو کاتە نیە کە بڕیارە لە سەردەمێکەوە بگوازیتەوە بۆ یەکێکی دیکە. پرسی سەرەکی تێگەیشتن لەوەیە کە بۆچی گۆڕانەکە ڕوو دەدات و چۆن لەگەڵیدا هەڵسوکەوت بکەیت. بێتوو جیهانی ڕۆژاوا بگەڕێتەوە بۆ شێوازە کۆنەکەی زاڵبوونی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یان بێ دەربەستیی ڕاستەقینە، شەڕەکە دەدۆڕێنێت. بێتوو لە جیهانی باشوور تێبگات بۆ پەرگالی جیهانیی داهاتوو یەکلاکەرەوەیە، ڕەنگبێ بتوانێ هاوپەیمانیی بایەخ تەوەر و هەروەها بەرژەوەندی تەوەر دروست بکات کە بتوانێت ئالنگارییە مەزنەکانی دنیا چارەسەر بکات. کەتوارگەریی بایەخ تەوەر هێندە مەودا بە ڕۆژاوا دەدات تا بتوانێ ئاراستەی خۆی لە سەردەمی نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بدۆزێتەوە.