
ڕەحمان سەلیمی
پوختەی وتار
ئەم وتارە بە چاوێکی ڕەخنەیی و زانستی، هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی مەیلی بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێران بۆ «دەستێوەردانی دەرەکی» تاوتوێ دەکات. لە کاتێکدا هەندێک لێکۆلەر ئەم مەیلە وەک نیشانەی «داماوی» و «بنبەستی سیاسی» لێک دەدەنەوە، ئەم نووسینە بە دیدێکی ئۆبژێکتیڤ ئەو تێڕوانینە ڕەت دەکاتەوە. وتارەکە دەیسەلمێنێت کە ئومێدبەستن بە فاکتەری دەرەکی، نەک هەڵبژاردنێکی ستراتیژی، بەڵکوو پەرچەکردارێکی کاتییە بۆ توندوتیژیی دەسەڵات. لە ئەنجامدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو، نەک هەر تووشی بنبەست نەبوون، بەڵکوو لە پرۆسەی گەشە و پێگەیشتوویی سیاسی دان و هەمیشە ئیرادەی نێوخۆیی دیاریکەری کۆتایی هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دەبێت.
ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ساڵانی ڕابردوو لە ئێران، لە ڕاپەڕینەکانی دەیەی نەوەدەوە تا بزووتنەوەی بەشکۆی «ژن، ژیان، ئازادی» و تا ئێعترازەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، تەنیا زنجیرەیەک لە کاردانەوەی کاتی نەبوون، بەڵکوو گوزارشت بوون لە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا. ئەم بزووتنەوانە لەگەڵ سەرکوتکارییەکی بێوێنەدا بەرەوڕوو بوونەتەوە؛ ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە کوژران، برینداربوون و دەسبەسەرکردنی هەزاران کەس، لەگەڵ دەرکردنی حوکمی قورس و سەپاندنی کەشی ئەمنییەتیی چڕ، کۆمەڵگەیان خستووەتە قۆناغێکی نوێ و دژوار لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی حاکمدا.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، هەندێک لە چاودێران ئەم دۆخە بە چەمکی «بێدەسەڵاتیی کۆمەڵگە» یان «داماویی کۆمەڵگە» وەسف دەکەن. ئەم تێڕوانینە ئاماژە بەوە دەکات کە تاکەکانی کۆمەڵگە، دوای تاقیکردنەوەی چەندین جارەی ڕێگاکانی گۆڕانکاریی مەدەنی و دانی باجی قورس، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئامرازە نێوخۆییەکان چیتر کارا نین. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئومێدبەستن بە فاکتەری دەرەکی چ هێزێکی دەرەکی بێت یان ڕزگارکەرێکی سیاسی زیاتر لەوەی هەڵبژاردنێکی عەقڵانی بێت، پەرچەکردارێکە بۆ هەستی بێدەرەتانی و داخرانی هەموو ئاسۆیەکی گۆڕان لە نێوخۆدا. ئەم مەیلی چاوبڕینە دەرەوەیە، ڕەنگدانەوەی ماندویەتی و بێزارییەکی قووڵە لە دۆخێکی هەڵواسراو کە تێیدا چیتر هیچ دەریچەیەکی وێناکراو بۆ گۆڕانکاریی نابینرێت.
بەڵام شیکارییەکی بابەتی و وردبینانە نیشانی دەدات کە ئەم جۆرە لێکدانەوانە، تەنیا دیوە ڕووکەش و ساتەوەختییەکەی دۆخەکە دەبینن. ڕاستە کە دوای هەر شەپۆلێکی توندوتیژی، خەڵک تووشی شۆک، خەمباری و چەشنێک لە ناکامی دەبن، بەڵام پێویستە بزانرێت کە ئەمە دۆخێکی کاتییە و تێدەپەڕێت. بەکارهێنانی دەستەواژەکانی وەک «داماوی» یان «بنبەستی»، نەک هەر ناتوانێت گوزارشت لە داینامیزمی ناوەوەی بزووتنەوەکە بکات، بەڵکوو لەگەڵ پرەنسیپی پشتبەستن بە گەل و ئومێدبەخشینیش نایەتەوە. گوتاری سیاسیی ئامانجخواز دەبێت لەسەر بنەمای توانایی و کارایی کۆمەڵگە بونیاد بنرێت.
هەرچەند سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان هەستێکی کاتیی بنبەستی لە نێو خەڵکدا دروست کردووە و دەسەڵاتیش بە مەبەست پەرەی پێ دەدات تا ورەی جڤاک بڕووخێنێت، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە هەرچی سیستەم زیاتر بەرەو داخرانی سیاسی بڕوات، ڕەوتی گۆڕانکاری لە نێو قووڵایی جڤاکدا هۆشیارانەتر و بەپێزتر دەبێت؛ چونکە وزەی گۆڕانکاری لە نێو کۆمەڵگەدا پرۆسەیەکی زیندووە و بە توندوتیژیی دەسەڵات پەک ناخرێت.
دوای هەڵوێستەیەکی ورد، دەردەکەوێت کە ناڕەزایەتییەکانى ئەم دواییانە نەک وەک قووڵکردنەوەی ناکامی، بەڵکوو وەک هەنگاوێکی گەورە بەرەو پێشەوە سەیر دەکرێن کە خەڵکی لە ئامانجە ڕاستەقینەکانیان نزیک کردووەتەوە. هەر کاتێک کۆمەڵگە کەمێک لە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ڕووداوەکان دوور دەکەوێتەوە، چاکتر دەبینێت و باشتر لێکی دەداتەوە کە چۆن هەر ڕاپەڕینێک قۆناغێک بزووتنەوەکەی بەرەو پێگەیشتوویی سیاسی بردووە. دەریای ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئەنجامی ئەم داخرانە سیاسییەدا، ڕۆژبەڕۆژ فراوانتر و بەخوڕتر دەبێت؛ ئەم بزووتنەوەیە وەک شەپۆلێکی بەهێزتر، ئاگادارتر و خاوەن ئەزموونتر دەگەڕێتەوە بۆ نێو مەیدان.
لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە فاکتەری دەرەکی تەنیا وەک «یاریدەدەر» وێنا بکرێت نەک «ڕزگارکەر»؛ چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کە نێوخۆ دیاریکەری بنەڕەتی و یەکلاکەرەوەیە. لەم سۆنگەیەوە، هاوڕایی بەشێک لە کۆمەڵگە لەگەڵ فشارە نێودەوڵەتییەکان، وەک ئامرازێکی یاریدەدەر دەبینرێت بۆ زووتر دەربازبوون لەو دۆخە کارەساتبارەی کە خەڵک تێیدان. ئەم مەیلە بۆ پشتیوانیی دەرەکی، هەوڵێکە بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز و کورتکردنەوەی تەمەنی ئەو دۆخەی کە دەسەڵات بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە. کۆمەڵگە نەک داماو، بەڵکوو وەک ئەکتەرێکی سیاسیی پێگەیشتوو، بەدوای هەر ئامرازێکی کاریگەردا دەگەڕێت کە بتوانێت ئیرادە نێوخۆییەکەی لە قۆناغی «ناڕەزایەتی»یەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی «گۆڕانکاریی کردەیی و خێرا».
لە کۆتاییدا، تێگەیشتن لە «بێدەرەتانیی بەکۆمەڵ» یەکەم هەنگاوە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە ئەو ڕێگایانەی کە دەتوانن هەستی کارایی و ئومێد بۆ کۆمەڵگە بگەڕێننەوە. ئەم هەستانە ئاسایین و بە تێپەڕینی کات دەڕەونەوە و جێگەی خۆیان بە ورەیەکی پتەوتر دەدەن بە بزووتنەوەی گۆڕانخوازی خەڵک. بزووتنەوەکە نەک هەر پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکوو گەورەتر بووە، گەشەی کردووە و ئێستا خاوەن ئاسۆیەکی ڕوونترە. بونیادنانی هەستی کارایی و باوەڕبەخۆبوون، کلیلی سەرەکیی ئەو گۆڕانکارییە جەوهەرییەیە کە لە نێو دڵی ئیرادەی گۆڕانکارییەوە سەرچاوە دەگرێت؛ چونکە لە کۆتاییدا، ئەوە هێزی نێوخۆیی و پێگەیشتوویی سیاسیی کۆمەڵگەیە کە داهاتووی ئێران دیاری دەکات.