
هێمن مەردانی
پوختە
مامۆستا هەڵۆ (قاسم موئەیەدزادە) و جەلال مەلەکشا، عەزیز ئاڵی، ڕەحیم لوقمانی و محەممەساڵح سووزەنی و... بە شاعیرانی بەرەی یەکەمی شێعری نوێی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێن. شاعیرانی بەرەی یەکەمی شێعری نوێی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە فۆرمی نیمایی تێ پەڕین و دواجار وازیان لێ هێنا و گەڕانەوە سەر کێشی خۆماڵیی کوردی. پێ بە پێی ئەم ئاڵوگۆڕانە، ڕەوتەکانی شێعری کوردی (بە تایبەت باشووری کوردستان) و فارسیش کاریگەرییان دانا لەسەر ئەو کۆمەڵە شاعیرە. لە وەها بارودۆخێکدا بوو کە توانیان شوناسێکی ئەدەبیی مۆدێڕن چێ بکەن لە پانتاییی شێعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. هاوکات کاریگەریی شێواز و ڕەوتی شێعری شاعیرانی کوردستانی باشوور بۆ وێنە عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەس دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیان هەبووە. بەناوبانگترین و شوێندانەرترینی ئەو شاعیرانە بریتی بوون لە: مامۆستا هەڵۆ و جەلالی مەلەکشا. ئەمان، هەر کامیان بە لەحن و شێوازی زمانیی تایبەتیی خۆیان دەیاننووسی. هەڵۆ و جەلال بە گەڕانەوە بۆ سەر کێشی ڕەسەنی خۆماڵی و کەلکوەرگرتن لە ئەزموونی شێعری پەشێو و بێکەس، دواجار توانیان ستایل و ڕێبازی تایبەتیی خۆیان چێ بکەن.
شێعری "هەزار ساڵە"
ئەو شێعرە کە ساڵی ١٣٧٧ لە لایەن مامۆستا هەڵۆوە هۆنراوەتەوە، یەکێک لە دیارترین و بەرچاوترین نموونە شێعرییەکانی بەرگری لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردییە. ئەو بە بەکارکردنی دووپاتبوونەوەی داڕشتخوازانە، خوازە و زمانی هێمایی، چەمکی ڕەنجی مێژوویی و خۆڕاگریی فەرهەنگی لە چوارچێوەیەکی جوانیناسانەدا دەردەبڕێت. لەم توێژینەوەیەدا بە کەلکوەرگرتن لە ڕوانگە و تیۆرییەکانی ئیلیۆت، ویلیامز، بارت، دریدا، لۆرکا و وایڵد ئەوە نیشان دەدەین کە چۆن شێعری مامۆستا هەڵۆ بە لێکگرێدانەوەی ڕەنجی تاکەکەسی و یادەوەریی گشتی، مێژوو و زەمەن، واز لە شێوازی هێڵی و ڕاستەڕێ دەهێنێت و دەیکاتە گەڕیان و بازنەیەک لە هەست و سۆز و بەردەوامی. شێعرەکە لە بەستێنی سیاسی و فەرهەنگیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بیچمی گرتووە؛ پانتایی و ڕووبەرێک کە تێیدا زمانی شاعیرانە دەبێتە پەناگەی خۆڕاگری و خەبات. هەڵۆ بە بەکارکردنی هێما و وێنە فرەچینەکان، دونیایەک چێ دەکات کە تێیدا خەم و جوانی، زەبروزەنگ و نەرمونیانی، تاکەکەس و مێژوو تێک دەئاڵێن. شێعرەکە ساڵی ١٣٧٨ لە دیوانی کۆمەڵە شێعرەکانی شاعیردا بە ناوی "برووسکە" چاپ و بڵاو بووەتەوە، دەنگدانەوەی بەردەوامیی ڕەنج و مەینەتیی نەتەوەیی و هەوڵدانە بۆ ڕزگاری لە ڕێی زمانەوە. ئەدەبی بەرگری لە مانا ئەمڕۆییەکەیدا، نەک هەر وەک کردەوەیەکی سیاسی، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی جوانیناسیشە لە هەمبەر فشار و پەستانی مێژوویی. هەروەک چۆن جۆرج لوکاچ پێداگری لەسەر "بەرپرسیارێتیی جوانیناسی" لەناو بەرهەمە ئەدەبییەکاندا دەکاتەوە، هەڵۆش نیشان دەدات کە چۆن فۆرم و شکڵی هونەری دەتوانێت هەڵگری ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان بێت. لەو شێعرەدا، فۆرم و نێوەڕۆک لێک جیا نین؛ هەر وشەیەک داڕشتێکە لە ڕەنج و بەشمەینەتیی مێژوویی و هیوا و ئومێدی مرۆڤانە.
دووپاتەیی و زەمەن لە شێعری مامۆستا هەڵۆدا
دووپاتبوونەوەی واتای "هەزار ساڵە" چەق و تەوەری سەرەکیی شێعرەکە پێک دەهێنێت. ئەم دووپاتبوونەوەیە، زەمەن لە ڕاستەڕێ و هێڵیبوون ڕزگار دەکات و دەیکاتە گەڕیان و بازنەیەک لە خەم و بەردەوامی. شاعیر لە ڕێی ئەم داڕشتەیەوە، ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی دەبەستێتەوە بە یادەوەریی گشتی. بە قسەی ئیلیۆت (١٩٢١)، شاعیری ئەمڕۆیی دەنگ و سەدای ڕابردوو لە کات و ساتی هەنووکەییدا زیندوو دەکاتەوە و دەیژیێنێتەوە. مامۆستا هەڵۆش لەو ڕێبازەدا، ڕەنج و ژانی تاکەکەس بە شێوازێکی زیندوو دەبەستێتەوە بە زام و برینی مێژوویی. لەم هەڵبەستەدا، واتای "هەزار ساڵە کۆرپەی خەمێک لە جۆلانەی هەناسەمدا ڕادەژێنم"، جۆلانە هێمای ژیانە و کۆرپەی خەمیش زمانحاڵی گواستنەوەی خەم و ژانە لە وەچەیەکەوە بۆ وەچەیەکی تر. ئەوە هەر هەمان "داڕشت و پێکهاتەی هەست و سۆز"ی ڕیمۆند ویلیامزە (١٩٧٧)، هەستی بەکۆمەڵ و مێژوویی کە لەناو توێژاڵ و چینەکانی نەتەوەیەکدا جێپێی خۆی داکوتاوە و سەقامگیر بووە. لە دەلاقەی فەلسەفییەوە، توخمی دووپاتەیی لەم شێعرەدا نەک بە تەنیا تەکنیکێکی زمانی، بەڵکوو جۆرێک لە جۆرەکانیش داب و ڕەسمی وەبیرهێنانەوەیە. شاعیر بە دووپاتکردنەوەی بەردەوام، خەم و ژان گرێ دەداتەوە بە یادەوەریی گشتی و ناهێڵێت تۆز و خۆڵی نەمان و فەرامۆشیی مێژوویی لەو ناوەدا ببارێت. لەو چەشنە دووپاتانەدا، زەمەن دەبێتە ئەزموونێکی ڕۆحی و شاعیرانە، هەروەک چۆن ئیلیۆت دەڵێت "هەنووکە و ڕابردوو لە زەمەنی داهاتوودا تێکەڵ بە یەکتر دەبن و دەبن بە یەک شت.
زمان، خوازە و دوولایەنیی هەست و سۆز
زمانی شێعری هەڵۆ داڕماڵی نەرمونیانی و برین و زامە. بڕوانن چۆن مەعشووق وەسف دەکات.
...هۆ ناسکتر لە پەڕی گوڵ
بێخەوشتر لە شووشەی بێگەردی شەونم
بەڵام، شاعیر دوای ئەمە، خێرا و بەپەلە، دەڵێ:
بێئازارتر لە پەپوولە
خەمی تۆ هەڵبەستێکی ترە
گۆرانیی گڕەی ئاگرە
قاسپەی خنکاندنی کەو و
گمەی سووتانی کۆترە...
ئەم بەرانبەرکێیەی نێوان نەرمونیانی و توندوتیژی، دەنگدانەوەیەکە لە دوولایەنی و دووفاقیی ئەزموونی مرۆڤ لە جیهانی هاوچەرخدا. لەو بارەیەوە شەفیعیی کەدکەنی (٢٠٠٥)، لای وایە ئەم دژوازی و پارادۆکسە بەشێکە لە مۆسیقای ناوەوەی شێعر؛ شوێنێک کە تێیدا هەست و سۆز و ئاوەز دەستەودامێنی یەکتر دەبن. لە شێعری مامۆستا هەڵۆدا، خوازەکان بەتەنیا ئامێر و کەرەستەی جوانیناسی نین، بەڵکوو شێوازێکن لە مانەوە و خۆڕاگری. ڕۆڵان بارت (١٩٧٠)، پێی وایە شێعر "جەستەی هەست و سۆز"ە؛ لەم شێعرەشدا، واژە و وشەکان دەبن بە بوونەوەری گیانلەبەر و زیندوو کە ڕەنج و ژان دەکێشن و دەیچێژن. جیا لەمە، زمانی هەڵۆ، جۆرێک وشیاری و ئاگاییی مێژووییش دەگوازێتەوە. لە ناواخنی هەر وێنەیەکدا، ڕەنگدانەوە و پەنگدانەوەی زمانی دایکی و زگماکی دەبینرێت و دەبیسترێت. زمانی کوردی لە شێعرەکانی ئەودا بەس ئامێری دەربڕین و گەیاندن نیە، بەڵکوو خۆی پانتایی و گۆڕەپانی خۆڕاگری و بەربەرەکانییە. لەو مانایەدا، شێعری "هەزار ساڵە"، بە وتەی ئۆسکار وایڵد، توخمی جوانیناسی دەکات بە ئامێری حەقیقەت و ڕاستی: ڕاستییەک کە لە دنیای سەرکوتکەردا تەنیا دەکرێت لە ڕێی خوازە و وێنەوە دەرببڕدرێت و بگوازرێتەوە.
داڕشت و فۆرم بە واتای بەربەرەکانی
دووپاتەیی لە سەرەتای بەندەکان، ڕیتم و ئاهەنگێکی پاڕانەوەیی و مێژوویی دەخوڵقێنێت. هەر جارێک شاعیر دەڵێت "هەزار ساڵە"، تەنیا زەمەن دووپات نابێتەوە، بەڵکوو هەمدیسان زەمەن لە دایک دەبێتەوە و سەرلەنوێ چێ دەبێتەوە. لەو ڕەوتەدا، شێعر، حافیزە و خەیاڵدانێکی زمانییە کە لە هەمبەر فەرامۆشی و لەناوچووندا خۆڕاگری و بەربەرەکانی دەکات. وێنەکانی "لووتکە"، "گێژاو" و "مەلەوان"، هەموویان خوازەن بۆ بیر و زەینی شاعیر و پەیوەندیی ئەو لەگەڵ مێژوودا. ئەو لە لایەکەوە کاپتانی ڕەنج و ژانی خۆیەتی و لەولاشەوە خنکاوە لە گێژاوی ڕەنج و ژانی بەکۆمەڵدا؛ هەم ڕێنوێنە و هەمیش یەخسیر و دیل. بە بۆچوونی لاکان، ئەو دەمەتەقێیە لەگەڵ خۆیدا، بە جۆرێک ڕەوانناسیی زمانیشە؛ چونکە نابەئاگاییی مێژوویی لە چین و توێژەکانی واژەکاندا سەر دەردێنن و دەنگیان بەرز دەکەنەوە. لە ڕوانگەی مۆسیقاییشەوە، شێعری مامۆستا هەڵۆ، ڕیتمێکە کە وەبیرهێنەرەوەی ئاهەنگ و سروودە حەماسییەکان و شیننامەکانی کوردییە. ئەم ڕیتمە بەردەوامیی فەرهەنگی دەنوێنێت و هاوکاتیش، زمان ساف و ڕەوان دەکات. فۆرم و چوارچێوەی شێعر، هەروەک ئاهەنگێکی هەڵواسراو لە نێوان هیوا و ئومێد و ڕەنج و ژان لە گەڕدایە؛ فۆرمێک کە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری چەمکی بەردەوامییە. شێعری مامۆستا هەڵۆ لە بەستێنی شێعری نوێی کوردی و فارسیدا شێعری مامۆستا هەڵۆ لە درێژەی ڕەوتی شێعری نوێی کوردی و فارسیدایە؛ شێعرێکە لە نێوان تاکەکەس و کۆمەڵگەدا. هەروەک فرووغ فەڕوخزاد و سیمین بێهبەهانی، ئەو لە ئاستی ڕەنج و مەینەتیی تاکەکەسییەوە دەگاتە ئەزموونی گشتی. یاحەقی (١٩٩٩)، لای وایە کە شێعری هەرمان و بەردەوام ئەو شێعرەیە کە ئەزموونی تاکەکەسی تا ئاسۆی گشتی و بەکۆمەڵ پەرەی پێ دەدات؛ و شێعری هەڵۆش خاوەنی ئەم خەسڵەتەیە. لە ڕوانگەی بەراهەنی (٢٠٠٠)ـدا، شێعری مۆدێڕن ئەو کاتە ڕەسەنە کە فۆرم ببێت بە مانا و ناواخن. لە شێعری "هەزار ساڵە"شدا، فۆرمی دووپاتەیی و مۆسیقای ناوەوەی شێعر بۆ خۆی مانای خۆڕاگری و بەربەرەکانییە. شاعیر کەلک لە نەرمونیانیی واژە و وشەکان وەردەگرێت بۆ هەڵگرتنی باری قورسی ڕەنج و ژان، تاکوو بەمجۆرە خەم و ژان لە ئاستی دروشمەوە بۆ ئاستی فۆرم بەرز بکاتەوە. دەکرێت ئەوەش بگوترێت لە هۆنینەوەی ئەو شێعرەدا مامۆستا هەڵۆ کاریگەریی شێعری مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێویشی بە سەرییەوە دیار و بەرچاوە لە ژێر ناوی "سەدان ساڵە".
سەبارەت بە ڕوانینی جیهانییەوەش، شێعرەکانی مامۆستا هەڵۆ لە بواری هەستی تراژیک و کارەساتبار و زمانی خوازەیی دەکرێت هەڵبسەنگێنرێن لەگەڵ شێعرەکانی لۆرکا و نێرۆدا. مامۆستا هەڵۆ هەروەک لۆرکا کەلک وەردەگرێت لە سروشت بۆ هەمدیسان نواندنەوەی مەرگ و هیوا و ئومێد و هەروەک نێرۆداش، خۆشەویستی و ئەوین تێکەڵ بە مێژوو دەکات.
خوێندنەوەی فەلسەفی و پاش مۆدێڕنی شێعر
لە شێعری مامۆستا هەڵۆشدا بەپێی دەستەواژەی دێفێرێنسی دریدا (١٩٧٦)، مانا لە دووپاتەیی و وەستاندا دروست دەبێت. دووپاتکردنەوەی "هەزار ساڵە"، مانا سەقامگیر ناکات، بەڵکوو وەدوای دەخات و درەنگی دەخات. زەمەن لەم شێعرەدا لە چەمکی فیزیکی جیا دەبێتەوە و دەبێتە ڕەهەندێکی هەستی و زەینی. ئەم پێکهاتەیە، بەربەرەکانیی زمانییە لە هەمبەر بێدەنگیدا. لیوتار (١٩٧٩)، پێداگری لەسەر گرنگیی "وردەگێڕانەوەکان" دەکات لە بەرانبەر "گەورەگێڕانەوەکان"دا. شێعری هەڵۆش زمانحاڵی وردەگێڕانەوەیەکە لە مێژووی زام و برینی مرۆڤ؛ گێڕانەوەیەک کە تێیدا ڕاستیبێژیی شاعیرانە جێی گشتیبێژیی ئایدۆلۆژی لێژ دەکات. بە قسەی ڕانسیر (٢٠٠٤)، سیاسەت لە هونەردا، ئەو کاتە دێتە ئاراوە کە تێگەیشتنی ئێمە لە شتە هەستپێکراوەکان تووشی گۆڕانکاری بێت. شێعری مامۆستا هەڵۆش، بە ئاوێتەکردنی جوانی و زەبروزەنگ، تێگەیشتنی ئێمە لە خەم و ژان دەگۆڕێت و سیمایەکی خۆڕاگرانەی پێ دەبەخشێت و بەرجەستەی دەکات.
شێعری مامۆستا هەڵۆ لە بەستێنی ئەدەبی بەرگریی کوردیدا
لە ئەدەبی کوردیدا، چەمکی بەرگری و خۆڕاگری زیاتر لە فۆرم و خوازەدا خۆیان دەنوێنن و ڕەنگ دەدەنەوە. لە کۆمەڵگە و فەرهەنگێکدا کە دەربڕینی ڕاستەوخۆی سیاسی ڕێپێدراو نیە، شاعیر چەمکی خۆڕاگری و بەرگری دەکاتە زمانی هێمایی و دووپاتکردنەوە. هێماکانی وەک "گوڵە شلێرە" و "سەرماوەز"، وەبیرهێنەرەوەی ڕەنج و ژانی مێژوویی و بەردەوامیی بەشمەینەتی و چارەڕەشین. بە وتەی ئێدوارد سەعید (١٩٩٤)، بەربەرەکانیی فەرهەنگی واتە زیندووڕاگرتنی یادەوەریی ڕەنج و ژانە لە سات و کاتی بێدەنگیی مێژوودا. هەر بەو پێوەرە، لە شێعری مامۆستا هەڵۆدا، واژە و وشەکان، یادەوەریی زیندووی هەر ئەو ڕەنج و ژانانەن؛ مۆسیقای نەرمونیان و دژوازی و پارادۆکسی وشەکان نوێنەری "خۆڕاگریی جوانیناسی"ـیە، جۆرێک لە جوانیناسی کە ژان و ڕەنج داناپۆشێت، بەڵکوو وەک فۆرمێکی هونەری وایە بۆ مانەوە و بەردەوامی.
پاشبار
شێعری "هەزار ساڵە سەرماوەز"، بەرهەمێکە کە تێیدا زمان و هەست و سۆز بە شێوازی گەڕیانێکی خۆڕاگرانە و بەرگریکارانە کایە دەکەن. شاعیر بە بەکارکردنی توخمەکانی وەک دووپاتکردنەوە و خوازە و دژوازی، ئاستی ڕەنج و مەینەت دەیگەیەنێتە ئاستێکی مێژوویی. فۆرم و مانا تێکەڵی یەکتر دەبن تاکوو ئەزموونێک لە بێزەمەنی و بەردەوامیی هەست و سۆز چێ بکرێت و بخوڵقێت. مامۆستا هەڵۆ لەو پارچە شێعرەدا تەنیا زمانحاڵ و دەربڕی ڕەنج و ژانی خۆی نییە، بەڵکوو پێشمەرگە و پارێزەری یادەوەریی نەتەوەیی و فەرهەنگیشە. بەپێی پێودانگی ئیلیۆت، دەکرێت بڵێین کە مامۆستا هەڵۆ شاعیرێکە کە "شعووری زیندووی ڕابردوو لە هەنووکەدا" دەژیێنێتەوە و زیندووی دەکاتەوە. لەو ڕووەوە، شێعرەکانی ئەو تەنیا بەشێک نین لە مێژووی ئەدەبی کوردی، بەڵکوو نموونەیەکیشن لە ئەدەبی بەرگریی جیهانی؛ زمانێک کە لە هەناوی بێدەنگیدا، هاواری ڕاستی و حەقیقەت بەرز دەکاتەوە.
ژێدەرەکان:
Baraheni, R (2001) Tala dar Mes Tehran: Nashr-e No
Barthes, R (1970) S/Z Paris: Seuil
Derrida, J (1976) Of Grammatology. Baltimore: Johns Hopkins University Press
Eliot, T.S. (1921) Tradition and the Individual Talent. London: Faber & Faber
Lyotard, J.F. (1979). The Postmodern Condition Manchester: Manchester University Press
Mo’eidzadeh, Q (2000) Brooske Urmia: Kurdish Culture and Literature Publishing Centre
Rancière, J (2004). The Politics of Aesthetics. London: Continuum
Said, E (1994). Culture and Imperialism New York: Vintage
Shafiei Kadkani, M.R (2005) Musiqi-ye She’r Tehran: Sokhan
Yahaghi, M.J (1999) Joybar-e Lahzeha: Jaryan-haye Adabiat-e Mo’asere Farsi (Nazm va Nasr) Tehran: Jami