کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماسیی وڵاتانی "سۆسیالیستیی" و قوربانیکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران!

09:38 - 22 رێبەندان 2725

                                                                                

د. کامران ئەمین‌ئاوە

لە دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان له ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا بڕیارنامەیەک بۆ مەحکوومکردنی سەرکوتی به توندوتیژیی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و درێژکردنەوەی ئەرکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران پەسەند کرا. لەم دەنگدانەدا حەوت وڵات لەوان کووبا، چین، ویتنام، پاکستان، هیندوستان، ئیندۆنێزی و عێراق، دژی بڕیارنامەکە دەنگیان دا. بوونی بەشێک لەو وڵاتانە، بەتایبەتی سێ وڵات به سیستەمی "سۆسیالیستی"یەوە، جارێکی دیکە پرسیاری جیددی لەبارەی پێوەندی نێوان "دیپلۆماسیی سۆسیالیستیی"، "شەڕ دژی ئیمپریالیزم" و "مافی مرۆڤ" دەوروژێنێت.

پەسەندکردنی ئەم بڕیارنامەیە لە لایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ٢٥ دەنگی ئەرێنیی، ١٤ دەنگی بێلایەن و ٧ دەنگی نەرێنیی، لە ڕوانگەی یاساییەوە نیشانەی بەردەوامی نیگەرانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و کوشتنی بەکۆمەڵی هەزاران کەس لەم وڵاتەیە‌ لە ماوەیەکی کورتدا. بەڵام لە ڕوانگەی سیاسییەوە پێکهاتەی ئەو وڵاتانەی دژایەتی بڕیارنامەکە دەکەن گرنگترە. دەنگی نەرێنیی وڵاتێک وەک عێراق کە پێکهاتە سیاسی، ئەمنییەتی و میلیشیاکانی لەژێر کاریگەری کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دایە، ئەوەندە جێگەی سەرسوڕمان نییە. ئەوەی شایەنی ڕەچاوکردنە، دەنگی نەرێنیی وڵاتانی وەک "کووبا"، "چین" و "ویتنام"ە کە خۆیان وەک ئاڵاهەڵگرەکانی "نەریتی سۆسیالیستی و بەرگری لە مافی خەڵکی کرێکار و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان" لە قەڵەم دەدەن.

لە ئەزموونی مێژوویی سەدەی بیستەمدا، بەتایبەت لە سەردەمی سیستەمی دوو جەمسەریدا، لە لایەن زۆرێک لە دەوڵەتە سۆسیالیستەکان یان بەناو 'ئۆردوگای ڕۆژهەڵات"، دەوڵەتێک کە دژایەتیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکرد، تەنانەت ئەگەر لە ڕادەبەدەر سەرەڕۆ و سەرکوتکەریش بایه، بە "هێزێکی پێشکەوتنخوازی دژە ئیمپریالیزم" پێناسە دەکرا.

بەم پێیە پشتیوانی لە ڕێژیمە سەرەڕۆکان وەک سوریە‌ی حافز ئەسەد، عێراقی سەدام حوسێن و لیبی موعەمەر قەزافی بەدەر نەبوو، بەڵکوو ڕێسایەکی هاوبەش بوو لە دیپلۆماسیی سۆسیالیستی‌دا. ئەم پشتیوانییە زۆرجار بە نرخى پشتگوێخستنى سەرکوتى نێوخۆ و کوشتنى نەیاران لەوان حیزبه کۆمۆنیست و دێموکراتییەکان و پێشێلکردنى بەرفراوانى مافەکانى مرۆڤ لەو چەشنە وڵاتانە‌ی کە ناو بران، دەهاتە ئاراوە. یەکێک لە نموونە هەرە بەرچاوەکانی ئەم ڕێبازە هەڵوێستی یەکیەتیی سۆڤیەتی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەرانبەر بە حکوومەتی بەعسی عێراقە. وڵاتێک کە گوایە ڕێگای "گەشەسەندنی ناسەرمایەداری"ی پەیڕەو دەکرد. بۆ وێنە لەکاتێکدا حزبی شیوعیی عێراق وەک حیزبێکی "برا" بە توندی لەلایەن ڕێژیمی سەدام حوسێنەوە سەرکوت دەکرا، حکوومەتی سۆڤیەتی بەردەوام بوو لە بەرگریکردن لە بەغدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا.

لوتکەی ئەم دژوازییه لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٨٨دا بوو، دوای کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە؛ تاوانێک کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی مەدەنی کورد. ئەلکساندێر بێلۆنۆگۆف، نوێنەری هەمیشەیی یەکیەتیی سۆڤیەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتادا ئەم کارەساتەی ڕەت کردەوە‌ و بە پڕوپاگەندەی ئیمپریالیستی دژ بە عێراقی لەقەڵەم دا. دواتر سەرەڕای بەڵگەی ڕوون، نوێنەری هەمیشەیی یەکیەتیی سۆڤیەتی لە بڕیارنامەی ٦١٢ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە گشتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مەحکووم کرد، بەڵام بە پێچەوانەی زانیاریی مەیدانی و ڕاپۆرتی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خۆی لە ئاماژەکردنی ڕاستەوخۆ به عێراق به‌دوور گرت.

دەنگی نەرێنیی چین، کووبا و ویتنام سەبارەت بە بڕیارنامەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران دەکرێ وەک درێژەپێدەری هەمان نموونە‌ی مێژوویی تەماشا بکرێت. هەرچەندە سیستەمی جیهانی ئیتر دوو جەمسەری نییە، بەڵام لۆژیکی "دژایەتی لەگەڵ هەژموونیی ئەمریکا" تەوەرەی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتانەیە. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا کۆماری ئیسلامیی ئێران نه‌ک وه‌ک حکوومه‌تێکی ​​خاوه‌ن کارنامەیەکی قورس له ئێعدام و سه‌رکوتکردنی ناڕه‌زایه‌تی و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی ژنان، کرێکاران و که‌مینه و جۆراوجۆرییەکانی دیکەی وڵات، ‌به‌ڵکوو وه‌ک "هاوپه‌یمانێکی دژه ڕۆژاوا" پێناسه ده‌کرێ.

دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە مافی مرۆڤ جارێکی دیکە دەبێتە قوربانی دیپلۆماسیی نێوان حکوومەتەکان، بەرژەوەندییە ژیۆپۆلیتیکیەکان و بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژی دژە ئەمریکی؛ تەنانەت ئەگەر ئەم قوربانیکردنە دژایەتییەکی ڕوونی بێت لەگەڵ بانگەشەی فەرمی ئەم وڵاتانە سەبارەت بە بەرگریکردن لە مرۆڤایەتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کەرامەتی خەڵکی زەحمەتکێش.

لێکدانەوەی دەنگی وڵاتانی سۆسیالیستی لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات کەلێنی نێوان دروشم و کردارەکان لە دیپلۆماسی وڵاتانی "سۆسیالیستی" قووڵ ماوەتەوە. بەرگریکردن لە ڕژێمە ستەمکارەکان بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی ئیمپریالیزمەوە نەک هەر یارمەتی به ڕزگاری نەتەوەکان نادات، بەڵکوو ڕەوایی ئەخلاقیی خودی گوتاری سۆسیالیستیش لاواز دەکات. ئەزمونی مێژوویی لە هەڵەبجەوە تا ئێرانی ئەمڕۆ ئەوە دەردەخات کە چاوپۆشیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، سەرەڕای ڕەنگی ئایدیۆلۆژیکی دەوڵەتەکان، هەمیشە بۆتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی و نادادپەروەری و بێمتمانەیی جیهانی.