کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرۆفایلینگی نەتەوەیی کورد لە ڕوانگەی نێودەوڵەتی و ناوچەییەوە!

12:45 - 22 رێبەندان 2725

خالید قادری

چوارچێوەیەکی بنچینەیی بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەمنیەت و شەڕی سایبێری

 

پوختە (Abstract)

ئەم وتارە دەستپێکی چەند وتارێکی زنجیرەییە کە ئامانج لێی شیکردنەوەی پرۆفایلینگی نەتەوەی کوردە لە چوارچێوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی، دیپلۆماسی، ئاسایشی نێودەوڵەتی و ناوچەیی، سایبێر، ژێئۆپۆلیتیکی و ئابووری. ئەم زنجیرە نووسینانە هەوڵ دەدەن مانای پرۆفایلینگ وەک ئامرازێکی زانستی و ستراتیژیک ڕوون بکەنەوە و نیشانی بدەن چۆن کورد لە مێژووی نوێدا پڕۆفایل کراوە، نەک ئەوەی خۆی پڕۆفایلی خۆی دروست کردبێت. ئەم وتارە بنچینەی فکرییە بۆ تێگەیشتن لە شێوازی مامەڵەی دەزگا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ کورد و باس لەو ڕێگایانە دەکات بۆ گۆڕینی ئەم پڕۆفایلە لە سەردەمی سایبێر و تێکنۆلۆژیدا.

 

وشە سەرەکییەکان: پرۆفایلینگ، نەتەوەی کورد، سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەمنیەت، سایبێر، شەڕی دەروونی.

 

١. پێشەکی: پرۆفایلینگ چییە؟

پرۆفایلینگ لە مانای گشتییدا بریتییە لە کۆکردنەوە و ڕێکخستن و شیکردنەوەی زانیاری دەربارەی تاک، گرووپ یان نەتەوە بۆ پێشبینی ڕەفتار، هەڵوێست و وەڵامدانەوەیان لە دۆخە جیاوازەکاندا. زانیارییەکانی پێویست بەگشتی ئەوانە لەخۆ دەگرن: کولتووری، بیروڕاکان، ئایینی، ئایدۆلۆژی و سیاسی، ژێئۆپۆلیتیکی و ئابووری. ئەم شێوازە لە سەرەتای مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبووە، بەڵام لە سەردەمی نوێدا بووە بە ئامرازێکی بنچینەیی لە سیاسەت، ئەمنیەت، دیپلۆماسی و شەڕی سایبێریدا.

لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هیچ بڕیارێک بەبێ پرۆفایلینگ دروست نابێت. پێش ئەوەی دەوڵەتێک هاوبەشێک هەڵبژێرێت، فشار بهێنێت یان پشتگیری بکات، پێشتر پرۆفایلی ئەو نەتەوەیە دەخوێنێتەوە: ئایا یەکگرتووە؟ سەرکێشە؟ لە کاتی ترسدا چۆن وەڵام دەدات؟ تا چەند دەتوانرێت جێی متمانە بێت؟

 

٢. پرۆفایلینگی نەتەوەیی: زانست یان ئامرازی دەسەڵات؟

پرۆفایلینگی نەتەوەیی لەسەر بنەمای مێژوو، کارەسات، بیرهێنانەوەی کۆمەڵایەتی، ئەزموونی شەڕ و هەڵسەنگاندنی ڕەفتاری سیاسی دروست دەبێت. لە ڕووی زانستییەوە، ئەمە ئامرازێکی شیکارییە؛ بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە، زۆرجار بووە بە ئامرازێکی کۆنتڕۆڵکردن. نەتەوەیەک کە خۆی پڕۆفایلی خۆی نانووسێت، ناچارە پڕۆفایلێکی دروستکراوی لایەنی دیکە قبووڵ بکات. ئەوە پڕۆفایلەکەیە کە دەتوانێت دیاری بکات ئەو نەتەوەیە وەک هاوبەش بناسرێت یان وەک مەترسی، وەک یاریدەدەر یان وەک ئامراز.

 

٣. کورد وەک نەتەوەی پڕۆفایلکراو

لە زۆربەی سەدەی بیستەمدا، کورد لە دەزگا سیاسی و ئەمنییە نێودەوڵەتییەکاندا وەک نەتەوەیەکی سەرکێش، بە توانای بەرخۆدان، بەڵام پەرتەوازە و بێ یەکدەنگی پڕۆفایل کراوە. مەبەست لە بەکارهێنانی وشەی «سەرکێش» لێرەدا نە هەڵسەنگاندنی نەرێنی یان تاوانبارکردنی شۆڕشەکانی کوردە، بەڵکوو تەنیا تێگەیشتنی ئەو شێوازەیە کە لە پرۆفایلینگی سیاسی و ئەمنیی نێودەوڵەتیدا شۆڕشەکانی کورد وەک هێزێکی دژ بە ستاتۆکۆی دەوڵەتان و چوارچێوە سیاسییە هەنووکەییەکان ناسراون. ئەم پڕۆفایلە هۆکاری ئەوە بوو کە کورد زۆرجار وەک هێزێکی تاکتیکی بەکار بهێنرێت، نەک هاوبەشێکی ستراتیژیکی درێژخایەن.

لە دیپلۆماسیشدا، کورد زۆرجار وەک بابەت باس کراوە، نەک وەک بڕیاردەر. نەبوونی دەوڵەت و چوارچێوەی یاسایی بووە بە هۆکاری لاوازیی دەنگی کورد لە مێزی بڕیارەکاندا، تەنانەت ئەو کاتانەی کە لە سەنگەری شەڕدا بەهێز بووە.

 

٤. پرۆفایلینگی بێدەنگ: دۆخی پێش سایبێر

پێش گەشەی ئینتێرنێت و میدیای نوێ، کورد زۆرجار لە پرۆفایلینگی نەتەوەی بێدەنگدا بووە. واتە نەتەوەیەک بێ میدیای خۆی، بێ توانای هاواری نێودەوڵەتی و لە جوغرافیایەکی داخراودا. لەم دۆخەدا، سەرکوتکردن و کوشتار دەتوانرا بەبێ چاودێریی جیهانی ئەنجام بدرێت و پڕۆفایلینگی کورد تەنیا لەنێو ڕاپۆرت و پەڕگە ئەمنییەکاندا بمێنێتەوە.

 

٥. گۆڕان لە سەردەمی سایبێر: گواستنەوەی پڕۆفایل

گەشەی تێکنۆلۆژی، ئینتێرنێت و سۆشیاڵ میدیا گۆڕانێکی بنچینەیی دروست کرد. هەر تاکێک بووە بە هەواڵنێر، هەر وێنە و ڤیدیۆیەک بووە بە بەڵگە و، جوغرافیای داخراو گۆڕا بۆ جوغرافیای دیجیتاڵی. لەم قۆناغەدا، کورد توانای ئەوەی پەیدا کرد کە خۆی پڕۆفایلی خۆی دروست بکات و لە پرۆفایلینگی بێدەنگ بگوازرێتەوە بۆ پرۆفایلینگی دەنگدار. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە شێوازی پرۆفایلینگ کردنی نەتەوەیی بە شێوازی کلاسیک گۆڕدراوە بۆ دیجیتاڵی؛ بۆ ئەم گۆڕانەش لە داهاتوودا لە وتارێکدا بە شێوەیەکی زانستی باس لەو گۆڕانکارییەش دەکەم و شیکارییەک دەکەم کە چۆن خۆمان لەگەڵ شێوازی پرۆفایلینگی دیجیتاڵی بار بهێنین بە قازانجی نەتەوەکەمان.

 

٦. بۆچی ئەم وتارە سەرەتای زنجیرەکەیە؟

ئەم وتارە بنچینەی ئەو بیرۆکەیە دادەنێت کە پرۆفایلینگ تەنیا بابەتی دەروونی نییە، بەڵکوو هۆکاری بڕیارە سیاسی، ئەمنی و دیپلۆماتیکییەکانە. وتارەکانی دواتر لەم زنجیرەیەدا ئەم بنچینەیە لە بوارە جیاوازەکاندا قووڵتر دەکەنەوە و شێوازی کاریگەرییەکانی نیشان دەدەن.

 

٧. کۆتایی: پرۆفایلینگ وەک شەڕی نهێنی

لە سەردەمی هاوچەرخدا، پرۆفایلینگ بووە بە شێوازێکی شەڕی نهێنی؛ شەڕێک کە لە مێشکەوە دەست پێ دەکات و لە بڕیارە سیاسییەکاندا دەردەکەوێت. بۆ نەتەوەی کورد، تێگەیشتن لە پرۆفایلینگ نەک تەنیا بابەتی زانستییە، بەڵکوو پێویستییەکی نەتەوەییە. نەتەوەیەک کە پڕۆفایلینگی خۆی نەناسێت، هەمیشە لە شەڕێکی نهێنیدا دەمێنێتەوە.

 

٨. پرۆفایلینگ چییە و چ زانیارییەک پێکهاتەی پڕۆفایلینگی نەتەوەیی دروست دەکەن؟

پرۆفایلینگ لە مانای قووڵتردا بریتییە لە دروستکردنی وێنەیەکی هەڵسەنگێندراو لە نەتەوەیەک بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕەفتار، هەڵوێست، هەست و وەڵامدانەوەکانی لە دۆخە سیاسی، ئەمنی و کاتی شەڕدا پێشبینی بکرێت. ئەم وێنەیە تەنیا لەسەر یەک بابەت دروست نابێت، بەڵکوو لە کۆمەڵێک زانیاری و ئەزموونی کۆکراوەوە پێک دێت. بە گشتی، پرۆفایلینگی نەتەوەیی لەسەر ئەم زانیارییانە بنیات دەنرێت:

زانیاریی مێژوویی: مێژووی شۆڕش، شکست، سەرکوتکردن، کارەسات و مامەڵەی نێودەوڵەتی. بۆ نموونە، مێژووی شۆڕشە سەرکێشەکانی کورد بووە هۆی ئەوەی لە زۆر شوێن وەک نەتەوەیەکی «سەرکێش بەڵام ناتەواو» پڕۆفایل بکرێت.

زانیاریی دەروونی–کۆمەڵایەتی: ئەو کارەسات و بیرەوەرییانەی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە: خیانەت، جێهێشتن، شکست، و لاوازیی دیپلۆماسی. ئەمانە کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەوەی کورد لە کاتی فشاردا چۆن هەست بکات و چۆن وەڵام بداتەوە.

زانیاریی سیاسی و ڕێکخراوەیی: شێوازی ڕێکخستنی سیاسی، پەرتەوازیی حیزبی، یەکدەنگی یان ناکۆکیی نێوخۆیی. ئەم خاڵە زۆرجار بووەتە هۆکاری ئەوەی کورد وەک هێزێکی تاکتیکی، نەک ستراتیژیک پڕۆفایل بکرێت.

زانیاریی ژێئۆپۆلیتیکی: شوێنی جوغرافی کوردستان، پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، ئەوەی کورد لەنێوان چەند مەیدانی شەڕ و قازانجدا هەڵکەوتووە. ئەمە بووەتە هۆکاری ئەوەی زۆرجار کورد وەک «ناوچەی ئاراستەگۆڕ» پڕۆفایل بکرێت.

زانیاریی ئابووری: توانای خۆبەڕێوەبەریی ئابووری، سەرچاوەکان، و پێویستیی بەرپرسانی نێودەوڵەتی بە ناوچەکە. لاوازیی ئابووری زۆرجار بووە بەشێک لە پرۆفایلینگی لاواز.

زانیاریی میدیایی و سایبێری (لە سەردەمی نوێدا): لە سەردەمی سایبێردا، ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، میدیای دیجیتاڵ و هەڵسوکەوتی ئینتێرنێتی کۆ دەکرێنەوە، بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە پرۆفایلینگی نەتەوەیی. ئەمە پرۆفایلینگی کلاسیکی گۆڕیوە بۆ پرۆفایلینگی دیجیتاڵ.

 

٩. پێویستییەکانی کورد بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆفایلینگی کۆن

ئەگەر کورد نەتەوەیەکی پڕۆفایلکراو بووە، ئەوەش ڕاستە کە دەتوانێت پڕۆفایلی نوێ دروست بکات. بۆ ئەم مەبەستە، چەند پێویستییەکی بنچینەیی هەیە:

ناسینی پڕۆفایلی کۆن: یەکەم هەنگاو ئەوەیە کورد خۆی بزانێت چۆن پڕۆفایل کراوە: وەک مەترسی، وەک شۆڕشگێڕ، یان وەک هێزێکی ناتەواو. بێ ئەم هۆشیارییە، گۆڕان نامومکینە.

گواستنەوە لە هەستەوە بۆ ستراتیژ: پێویستە بڕیار و وەڵامدانەوەکان لەسەر بنەمای هەست نەبن، بەڵکوو لەسەر بنەمای ستراتیژ و خوێندنەوەی پرۆفایلە نێودەوڵەتییەکان بن.

دروستکردنی پڕۆفایلێکی نوێ: پڕۆفایلێک کە کورد وەک ئەکتەرێکی سیاسی، دیپلۆماتیک و سایبێری بناسێنێ، نەک تەنیا وەک مەسەلەیەکی ئەمنییەتی.

بەکارهێنانی سایبێر و داتا بە شێوەی ژیرانە: لە سەردەمی نوێدا، کۆنتڕۆڵی داتا و میدیا بەشێکی گرنگی پرۆفایلینگە. کورد پێویستە فێربێت چۆن داتای خۆی بپارێزێت و چۆن بە قازانجی نەتەوەیی بەکاری بهێنێت.

ئامادەبوون بۆ پرۆفایلینگی دیجیتاڵی مەترسیدارترە، بۆیە پێویستە کورد پلانی هەبێت بۆ ڕێگری لە بەکارهێنانی داتا و زانیاری وەک چەکێکی نهێنی دژ بە خۆی لەلایەن نەیارانییەوە.

 

١٠. کۆتایی و پەیامی سەرەکی

پەیامی سەرەکیی ئەم وتارە ئەوەیە کە پرۆفایلینگ هەمیشە هەیە؛ ئەگەر کورد خۆی پڕۆفایلی خۆی دروست نەکات، خەڵکانی تر بۆی دەنووسن. لە سەردەمی سایبێر و تێکنۆلۆژیدا، ئەم شەڕە زیاتر لە هەر کاتێک شەڕی مێشک، زانیاری و داتایە. تێگەیشتن لەم ڕاستییە بنچینەی سەربەخۆیی فکری و سیاسیی نەتەوەی کوردە.