کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٦ی سەرماوەز؛ ڕۆژی پێشمەرگە (خوێندنەوەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی ڕەمزێک لە کوردستان)

22:58 - 23 رێبەندان 2725

زانیار حوسێنی

بەشی دووهەم: ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی – بەستێنە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان

 

پێکهاتەی جوگرافی و سروشتی

ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تایبەتمەندییە جوگرافییە تایبەتەکانییەوە، کەشێکی گونجاوی بۆ پێکهێنانی بەرخۆدانی ناوچەیی و پێکهاتە ئۆتۆنۆمییەکان دابین کردووە. چیای زاگرۆس بە لێوارە بەرزەکانی و ڕێڕەوی تێپەڕنەکراو و ناوچە دوورەدەستەکانی، ئەگەری بوونی هێزێکی دەسەڵاتی ناوەندیی سنووردار دەکرد. ئەم هەلومەرجە سروشتییانە نەک هەر بووە هۆی سەربەخۆیی ڕێژەیی پێکهاتەکانی ناوچەکە، بەڵکوو تۆڕی خزمایەتی و بەستێنە جیاوازەکانی شار و گوندەکانی بەهێزتر کرد و ژینگەیەکی گونجاوی بۆ دەرکەوتنی "پێشمەرگە" وەک پارێزەری ناوچەیی دابین کرد. لە ناوچە شاخاوییەکان، گوندەکان و گوندە بچووکەکان تۆڕی بەرگریی نێوخۆییان هەبوو کە بە شێوەیەکی ئۆرگانیک بە پەیوەندیی خزمایەتی و نەریتیی ناوخۆیی ڕێکخرابوون. ئەم پێکهاتەیە وای کرد پێشمەرگە وەک توخمێکی خۆڕاگریی نێوخۆیی و کۆمەڵایەتی بەبێ پێویستی بە پشتیوانیی دەرەکی مامەڵە بکات.

 

پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و خێڵەکی

پێش ساڵانی ١٣٢٠ی هەتاوی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر کۆمەڵگەیەکی خێڵەکی و گوندنشین بوو. دەسەڵات لە ناوچە جیاجیاکاندا تا ڕادەیەکی زۆر بەدەست پیرەکانی خێڵ و سەرکردە نێوخۆییەکان بوو و پەیوەندیی خزمایەتی ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە چارەسەرکردنی ناکۆکی و دابینکردنی ئاسایش و دابەشکردنی سەرچاوەکان. ئەم سیستەمە خێڵەکییە هەم سەرچاوە مرۆییەکان و هەم سەرمایەی کۆمەڵایەتیی دابین دەکرد کە بۆ پێکهێنانی یەکەم یەکەکانی پێشمەرگە پێویست بوو. تۆڕە خێڵەکییەکان ڕێخۆشکەر بوون بۆ کۆکردنەوەی خێرای هێز لە کاتی هەڕەشەکاندا کە نەزمی کۆمەڵایەتیی نێوخۆیی بە یاسا ئەخلاقی و نەریتییەکان پێناسە دەکرا. یەکەم پێشمەرگەکان لەو پێکهاتانەدا تەنیا جەنگاوەر نەبوون، بەڵکوو چاودێرانی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیش بوون؛ بە واتایەکی تر، بەرگریکردن لە کۆمەڵگە بریتی بوو لە: پاراستنی فیزیکی و بەرزڕاگرتنی بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکان.

 

سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ناوەندی و ناوەندگەرایی

ساڵانی ١٢٩٠ و ١٣٠٠ی هەتاوی، قۆناغی ناوەندگەرایی چڕوپڕی دەسەڵاتی ناوەندی بوو لە تاران؛ لەو ماوەیەدا ڕەزاخانی میرپەنج کاریگەریی زۆری هەبوو و دواجار گەیشتە لوتکەی هەرەمی دەسەڵات؛ سیاسەتەکانی بریتی بوون لە:

ئا- لاوازکردنی ئۆتۆنۆمیی عەشیرەتەکان و دەسەڵاتی ناوخۆیی: ڕەزاخان هەوڵی دا دەسەڵاتی گەورەی عەشیرەتەکان سنووردار بکات و بیانخاتە ناو پێکهاتەی دەوڵەتەوە.

ب- مەرکەزیکردنی ئاسایش و سپای نیشتمانی: هێزەکانی حکوومەت بە بەردەوامی دەچوونە ناو ناوچەکانی کوردستان بۆ دامەزراندنی کۆنتڕۆڵی ناوەندی.

ج- چاکسازییە ئابووری و ژێرخانییە سنووردارەکان: ڕێڕەو و ڕێگاکانی بازرگانی کۆنتڕۆڵ کران و سەرچاوە ئابوورییە نێوخۆییەکان خرانە ژێر چاودێریی حکوومەت؛ لە ڕاستیدا بەشێکی سەرەکیی ئەم چاکسازییانە ئاسانکاری بوو بۆ پرسە لۆجستیکی و دابینکردنەکان بۆ سپا و هێزە ناوەندگەراکان. ئەم سیاسەتانە کە بە سەرکوت و کوشتار و ئەندازیاریی ناواقیعیی ڕاستییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتوورییەکان جێبەجێ کران، بوونە هۆی زیادبوونی کەشوهەوای ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی، ئابووری و داواکاریی ناوچەیی بۆ هێزێکی بەرگریی سەربەخۆ، وەک پێشمەرگە.

 

بارودۆخی ئابووری و بژێویی ژیان

ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێش ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی کۆن و نەریتی بوو. فشارەکانی باج لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندی و سنووردارکردنی ئابووری کە لە ئەنجامی ناوەندگەراییەوە هاتە ئاراوە، وای کرد کۆمەڵگەی گوندنشین بە شێوەی خۆویست تۆڕی بەرگری دروست بکەن. زۆرجار پێشمەرگە لەو چین و توێژە کۆمەڵایەتییانە سەری هەڵداوە و وەک نێوەندگیری نێوان کۆمەڵگە و هەڕەشە دەرەکییەکان مامەڵەی کردووە. ئابووریی بژێوی، پەیوەندیی خزمایەتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەیان بە پێشمەرگە دا کە:

خۆراک و چەک لە کاتی پێویستیدا دابین بکەن.

تۆڕی پشتگیریی نێوخۆیی دروست بکەن.

شەرعییەتی ئەخلاقییان لە کۆمەڵگەدا بەهێزتر بکەن.

ئەم ڕۆڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییە بناغەیەکی گرنگی بۆ پێشمەرگە لە دەیەکانی دواتردا ڕەخساند کە ببێتە دامەزراوەیەکی بەردەوام.

 

ئەزموونی مێژوویی بەرخۆدان و شوناسی بەکۆمەڵ

لەو ماوەیەدا پێشمەرگە زیاتر وەک بەرخۆدانی نێوخۆیی و کۆمەڵایەتی چالاکیی دەکرد. ئەوان نەک تەنیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی حکوومەتدا ڕۆڵیان هەبوو، بەڵکوو لە چارەسەرکردنی ناکۆکیی ناوخۆیی و پاراستنی زەوی و سامان و بەڕێوەبردنی قەیرانە ناوخۆییەکانیشدا ڕۆڵیان هەبووە. ئەم ئەزموونە بووە هۆی ئەوەی پێشمەرگە لە یادەوەریی بەکۆمەڵدا وەک "هەڵگری بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە" بمێنێتەوە. ناسنامەی بەکۆمەڵی کورد لەم قۆناغەدا شێوەی نوێی وەرگرت و پێشمەرگە وەک هێمای خۆڕاگری و بوێری لە کولتووری زارەکی و گۆرانی و چیرۆکی نێوخۆییدا دامەزرا. ئەم شوناسە بەکۆمەڵە بنەما و بەستێنی پێویست بوو بۆ ڕێکخستنی فەرمیی پێشمەرگە لە ساڵانی دەیەی ١٣٢٠ی هەتاویدا. لە ڕاستیدا پێشمەرگە بەرهەمی تێکەڵەیەک لە پێکهاتەی سروشتی، داواکاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، فشارە سیاسییەکان و ئابووریی نێوخۆیی بوو و تەنیا دەرئەنجامی بڕیاری سیاسی یان ئایدۆلۆژیای حیزبی نەبووە.

 

دامەزراندنی حیزبی دێموکرات و سازمانی پێشمەرگە

(بەستێنە سیاسییەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووهەم)

ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی کوردستان/کوردستانی ئێران بوو. کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووهەم و لاوازبوونی ڕێژەیی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران، دەرفەتێکی بۆ ڕەنگدانەوەی داواکارییە جەماوەرییەکان ڕەخساند. بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و کاریگەرییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە، کەشێکی سیاسیی نوێی خوڵقاند کە لە ئەنجامدا حیزبی دێموکراتی کوردستان - ئێران لە چوارچێوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کوردەوە دامەزرا. لەم ماوەیەدا ئەم خاڵانەی خوارەوە بنەما و هۆکاری پێکهێنانی حیزبیان مسۆگەر کرد:

ئا- گشتگیربوونی داواکارییە گشتییەکان: داواکارییە جەماوەرییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە پێکهاتە و چینە جۆراوجۆرەکاندا گەیشتە لوتکە و ئەوپەڕی ڕادەی کۆمەڵایەتی.

ب- نەبوونی کۆنتڕۆڵی توندی دەسەڵاتی ناوەندی: دەسەڵاتی تاران دوای جەنگی جیهانیی دووهەم ڕووبەڕووی لاوازیی جێبەجێکاری بووەوە و کۆنتڕۆڵی سنوورداری بەسەر ناوچەکانی وەک کوردستان هەبوو.

ج- ئەزموونی مێژوویی بەرخۆدانی لۆکاڵی: ئەو تۆڕە نافەرمییانەی پێشمەرگە و هێزە عەشایەرییەکان کە پێش ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی چالاک بوون، بنەما و ناوەکی سەرەتایی ڕێکخستنی فەرمییان پێکهێنا.

د- پێشهاتە هەرێمییەکان: پێکهێنانی حیزب و حکوومەتە خۆجێیەکان لە باشووری کوردستان/کوردستانی عێراق و فشارە نێودەوڵەتییەکان شێواز و مۆدێلێکی بۆ پێکهێنانی ئەو حیزبە ڕەخساند.

 

دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

لە ١٥ی پووشپەڕی ١٣٢٤ی هەتاویدا حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد بوونی خۆی ڕاگەیاند. ئامانجە سەرەتاییەکانی حیزب بریتی بوون لە:

پاراستنی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد.

دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان/کوردستانی ئێران.

ڕێکخستنی هێزێکی چەکدار بۆ پاراستنی نەتەوەی کورد.

حیزب توانی هێزی پێشمەرگە لە تۆڕە خێڵەکی و ناوچەییەکان کۆ بکاتەوە و وەک ڕێکخراوێکی سەربازی و سیاسیی یەکگرتوو ئاڵوگۆڕی بەسەردا بهێنێت.

 

پێکهێنانی فەرمیی ڕێکخراوی پێشمەرگە

حیزبی دێموکرات لە سەرماوەزی ١٣٢٤ی هەتاویدا بە فەرمی سازمانی پێشمەرگەی پێکهێنا. ئەم ڕێکخراوە یەکەمین نموونەی دامەزراوەیەکی فەرمیی پێشمەرگە بوو لە ئاستی کوردستان و ئێراندا و خاوەنی ئەم تایبەتمەندییانە بوو:

ئا- پلەبەندییەکی ڕوون و دیاریکراوی سەربازی: پێشمەرگە ڕاهێنانی بەردەوامی سەربازیی دەدیت و پلەکانی فەرماندەیی دیاریکراو بوون.

ب- خۆگونجاندن لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناوچەییەکان: پێکهاتەی ڕێکخراوەکە لەگەڵ تۆڕە خێڵەکی و نێوخۆییەکاندا تێکەڵ بوو، بە جۆرێک کە شەرعییەتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی پێشمەرگە لە خەڵکی نێوخۆیی و ناوچەیی مسۆگەر بوو.

ج- پەیوەستبوون بە ئامانجە سیاسییەکانی حیزبەوە: پێشمەرگە تەنیا خەباتکار نەبوو، بەڵکوو نوێنەری ئامانجە سیاسییەکانی حیزب لە ئاستی نێوخۆیی و ناوچەییدا بوو.

بەم شێوەیە پێشمەرگە وەکوو دامەزراوەیەکی دووانەیی سەری هەڵدا: هەم سەربازی و هەم کۆمەڵایەتی - سیاسی.

 

کاردانەوەی دەسەڵاتی ناوەندی و هەڵاوسانی سیاسی

پێکهێنانی حیزب و ڕێکخراوی پێشمەرگە بووە هۆی کاردانەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران. هێزەکانی دەسەڵات، لە شێوەی سپا و جەندەرمە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە کوردستانییەکان و سەرکوتکردنی داخوازییە نەتەوەییەکانی کورد کەوتنە کار. ئەم کاردانەوەیە بە شێوەی خوارەوە بوو:

گەمارۆدان و هێرشکردنە سەر ناوەندەکانی حیزب و پێشمەرگەکان.

هەوڵدان بۆ لاوازکردنی کاریگەریی کۆمەڵایەتیی پێشمەرگە.

هەوڵدان بۆ دروستکردنی درز و مەودا لە نێوان عەشیرەتەکان و پێشمەرگەکان.

سەرەڕای ئەو فشارانە، ڕێکخراوی پێشمەرگە توانی بە پشتبەستن بە تۆڕە نێوخۆییەکان و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی لە لایەن خەڵکەوە درێژە بە چالاکییەکانی بدات. ئەم قۆناغە یەکەم تاقیکردنەوەی جیددیی پێشمەرگە بوو، وە دەریخست کە ئەوان تەنیا گرووپێکی سەربازی نین، بەڵکوو دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی - سیاسیشن کە پشتیوانیی جەماوەرییان هەبوو.

 

ڕۆڵی پێشمەرگە لە کۆمەڵگەدا

ڕێکخراوی پێشمەرگە هەر لە سەرەتاوە زۆر زیاتر لە ئەرکی شەڕکردن، هەڵسوکەوتی دەکرد:

ئا- پاراستنی ئاسایش: پێشمەرگە گوند و ڕێڕەوی بازرگانیی لە تاڵان و هەڕەشەی نێوخۆیی پاراست.

ب- چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان: پێشمەرگە نێوەندگیریی لە نێوان عەشیرەتەکاندا دەکرد و ڕۆڵی دادوەریی نێوخۆیی دەگێڕا.

ج- پاڵپشتیی ئابووری و کۆمەڵایەتی: پێشمەرگە خۆراک و شوێنی حەوانەی بۆ خەڵک دابین دەکرد و لە کاتی قەیرانی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی فریاگوزاریی دەگێڕا.

د- پاراستنی دەستکەوتەکان: پێشمەرگەی کوردستان جگە لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی پێشتر ئاماژەمان پێ دا، لە ژێر ئاڵای داخوازیی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بەرپرسیار بوو لە پاراستنی دەستکەوتەکانی خەڵک، هەربۆیە کاریگەرییەکی بەرچاو و قووڵی کۆمەڵایەتی و دەروونیی لەسەر خەڵک هەبوو.

پێکهاتەی ڕێکخراوی پێشمەرگە لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی نموونەی دامەزراوەیەکی بەرخۆدانی کۆمەڵگەمەحوەرە. چارڵز تیلی پێی وایە بزووتنەوە چەکدارییەکان کاتێک سەقامگیر و پایەدار دەبن کە:

بەڕێوەبردنی سەرچاوە کۆمەڵایەتی و مرۆییە نێوخۆییەکانیان وەئەستۆ بگرن.

شەرعییەتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لە خەڵک بەدەست بهێنن.

تۆڕە نێوخۆییەکان وەک سەرمایەی کۆمەڵایەتی بەهێز بکەن.

پێشمەرگە بەتەواوی ئەم سێ تایبەتمەندییەی هەبوو. ئەوان شەرعییەتی خۆیان لە کۆمەڵگەوە وەردەگرت نەک لە دەوڵەت یان پشتیوانێکی دەرەکی و ئەوە بووە هۆی مانەوە و کاریگەریی درێژخایەنیان.