کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێویستیی هاوپەیمانییەتێکی ستراتیژی و ئەزموونی ئیسپانیا

10:12 - 25 رێبەندان 2725

شاڕوخ حەسەن‌زادە

ئەزموونی خەباتی سیاسی، نیزامی و مەدەنی لە دەیەکانی ڕابردوودا ئەوەیان سەلماندووە کە هیچ کام لە نەتەوەکانی نیشتەجێی جوگرافیای ئێران، بە تەنیا توانای ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان نییە. بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان، سەرەڕای چەندین دەیەی پڕ لە قوربانیدان و بەکارهێنانی تەواوی توانا خەباتگێڕی و ڕێکخراوەییەکانی، ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئەو ڕاستییە ستراتیژییەی کە بۆ گەیشتن بە داخوازییە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان، خەبات لە پەراوێزدا بە تەنیا بەس نییە.

لەلایەکی ترەوە، مانگرتن، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ (مانگی پێشوو) کە بەپێچەوانەی بزووتنەوەی "ژینا ـ ژن، ژیان، ئازادی"، لە تارانەوە دەستی پێ کرد و چینی نێوەڕاستی ئێرانی تێوەگلاند، جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە ناوەندیش بەبێ هاوڕێیەتیی پەراوێز (نەتەوەکانی تر)، توانای پەکخستنی ئامێری سەرکوت و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی تارانی نییە. هەر بۆیە، سەرکەوتنی مسۆگەر و کۆتایی لە گرەوی ڕۆنانی گوتارێکی هاوبەش و هاوپەیمانییەکی ئاسۆیی نێوان ناوەند و پەراوێزدایە؛ هاوپەیمانییەک کە شەرت و مەرجەکەی تێپەڕینی ڕەوتە ناوەندگەراکانە لە پارادایمی "یەکپارچەیی خاک" بەرەو فرەخوازیی (کثرت‌گرایی) ماف‌تەوەرە.

لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا، دەیەی ڕابردوو شایەتی زنجیرەیەک ڕاپەڕین بووە کە لە داخوازیی پیشەیی و مەدەنییەوە دەستیان پێ کردووە و گەیشتوونەتە بزووتنەوەی شوناسخواز و بنەماشکێن. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە؛ بۆچی ئەم ڕێژیمە، سەرەڕای قەیرانی هەمەلایەنەی شەرعییەت، هێشتا لەسەر کورسیی دەسەڵات ماوەتەوە؟ ڕەنگە وەڵامەکە لە دژایەتیی نێوان "جوگرافیای ناڕەزایەتی" و "جوگرافیای حیزبایەتی"دا خۆی نیشان بدات.

لە کاتێکدا لە شارە گەورەکان ناڕەزایەتییەکان زۆرتر خۆڕسکن و بێ ڕێبەرایەتیی حیزبین، لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بەتایبەت کوردستان، ناڕەزایەتییەکان لەسەر بنەمای دەیان ساڵ ئەزموونی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتی شەقڵ دەگرن. بەپێی تیۆریی "بەکارهێنانی سەرچاوەکان"، دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە توانای ڕێکخستنی سەرچاوە مرۆیی و سیاسییەکاندا دەردەکەوێت. گەورەترین چەکی دەسەڵات بۆ ڕێگری لە پێکەوەبەستنەوەی ڕێکخراوەیی پەراوێز لەگەڵ جەستەی جەماوەریی ناوەند، کەڵکوەرگرتن لە ترسی هەڵوەشانەوەی ئێرانە. ئەزموونە نوێیەکان دەریانخستووە کە هیچ کام لە جەمسەرەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە تەنیا نەیتوانیوە کۆتایی بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بهێنن، یان بە واتایەکی دیکە ئەم سیستەمە بڕووخێنن؛ ڕاستییەکی تاڵ کە یارمەتییەکی زۆری بە مانەوەی دەسەڵات داوە.

لێرەدا و بەپێی هاوشێوەبوونی لانیکەمی دۆخەکە، دەکرێت سوود لە وانە و ئەزموونی ئیسپانیای دوای "فرانکۆ" لە ساڵی ١٩٧٥دا وەربگیرێت. ڕەوتە ڕادیکاڵ، ڕاستڕەوەکان و لایەنگرانی پاشایەتی لە ئیسپانیا، دوای چەندین دەیە لە ناوەندگەرایی ڕەها، بەوە گەیشتن کە مانەوەی سیاسی و جێگیربوونی دێموکراسی بەبێ داننان بە مافی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمەکانی "کەتەلۆنیا" و "باسک" مەحاڵە. ئەوان بە واژۆکردنی پەیمانی "مۆنکڵوا"، فرەخوازییان خستە جێگەی یەکدەستکردنی زۆرەملێی سەردەمی فرانکۆ و ڕێگەیان بۆ گواستنەوەیەکی سەقامگیر بە شێوەیەکی ئاوەزمەندانە، دێموکراتیک و کردەیی کردەوە.

کۆمەڵگەی فرەچەشن و فرەنەتەوەی ئێران، سەرەڕای کوشتوبڕی زۆری ڕێژیم لە شەقامەکان و سێبەری شەڕ، لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدایە؛ هەڵبژاردنێک کە پێویستیی بە هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتە سەرتاسەری/ئێرانییەکان هەیە، لەوانە موجاهیدینی خەلق و پاشایەتیخوازەکان. بەڵام ئەم یەکگرتنە بەرەوڕووی ئاستەنگی پێکهاتەیی بووەتەوە. ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، بەهۆی هەبوونی پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی تۆکمە و جەختکردنەوە لەسەر مافی خودموختاری بۆ نەتەوەکان لە بەرنامە سیاسییەکانیدا، بە یەکێک لە ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری پێناسە دەکرێت. ئەم ڕێکخراوە جگە لە چالاکییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکان، خاوەنی ناوکە تەشکیلاتییەکان و "کانوونی شۆڕشگێڕی" لە نێوخۆی ئێراندایە. بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆز و سەرکوتکارانەی ئێران، پەیوەندییەکی پتەو و بەربڵاو لە نێوان ئەم توانا ڕێکخراوەییە و جەستەی ناڕازیی نێوخۆدا کەمە و سنوودارە، ئەمەش پێویستیی هاوکاری و هاوپەیمانی لە نێوان هێزە جیاوازەکان پتر دەکات.

لە جەمسەرەکەی تردا، ڕەوتە پاشایەتیخوازەکان بە جۆرێک لە "خۆسەنتەربینیی سیاسی"، تەنیا خۆیان بە مافدار بۆ جێگرەوە دەزانن و بە گرتنەبەری سیاسەتی سڕینەوە بەرانبەر بە نەتەوەکانی تر، کەوتوونەتە نێو گۆشەگیرییەکی ستراتیژییەوە. ناسیۆنالیزمی توندڕەو و فاشیستیی ئەم ڕەوتە، نەک هەر دان بە مافە نەتەوەییەکاندا نانێت، بەڵکوو لەگەڵ هەموو ڕەوتەکانی تریش لە ململانێدایە. دوژمنایەتیی بەردەوامی نێوان ئەم دوو جەمسەرە سەرتاسەری/ئێرانییە، ئەگەری پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی فرەچەشن بۆ کەمترین ئاست دابەزاندووە. ئەم ڕەوتانە دەبێت قبووڵی ئەو واقیعە بکەن کە لە جوگرافیای فرەچەشنی ئێراندا، هیچ هێزێک بە تەنیا توانای ڕووخانی ڕێژیمی نییە و بەردەوامیی ئەم تاکڕەوییە، تەنیا تەمەنی دیکتاتۆریی ئێران درێژ دەکاتەوە.

دیکتاتۆریی فرانکۆ لە ئیسپانیا، مانەوەی خۆی لەسەر بنەمای سەرکەوتن لە شەڕی نێوخۆ و سەرکوتی نەیاران (نەتەوەخوازانی کەتەلۆنی، باسکی و کۆمۆنیستەکان) بونیاد نابوو. ئەو هەموو داخوازییەکی ئازادیخوازانەی وەک هەوڵێک بۆ لەنێوبردنی ئیسپانیا وێنا دەکرد. کۆماری ئیسلامیش وردەکارییەکانی ئەو ئەزموون و نموونەیە پەیڕەو دەکات.

لە هەردوو سیستمەکەدا، چەمکی "ئاسایشی نەتەوەیی" دەخرێتە جێگەی "مافەکانی هاووڵاتیبوون" هەتا بتوانن بە پاساوی یاسایی و ئایدیۆلۆژیی، نەیارانیان سەرکوت بکەن. لە سەردەمی فرانکۆدا ئەرتەش بڕبڕەی پشتی پاراستنی یەکپارچەیی و سەرکوتی نێوخۆیی بوو. لە ئێراندا، ئەم ئەرکە لە نێوان ئەرتەشێکی کلاسیک و هێزەکانی سپای پاسداران و بەسیج وەک هێزگەلی هاوتەریب دابەش کراوە. ئەم هێزانە، بەپێچەوانەی ئەرتەشی نەتەوەیی، خاوەنی بەرژەوەندیی ئابووریی زەبەلاحن. ئەم ئابوورییە سیاسییەی سەرکوت، بووەتە هۆی ئەوەی هەڵوەرین لە جەستەی دەسەڵاتدا دژوار و ئەستەم بێت؛ چونکە مانەوەی فیزیکی و دارایی ئەم چینە بە مانەوەی سیستمەکەوە گرێ دراوە. هەر بۆیە، دروستکردنی بلۆکێکی دەسەڵاتی سیاسی کە بتوانێت ئەم پێکهاتەیە بەرەوڕووی قەیرانی شەرعییەت و بێ‌کفایەتی بکاتەوە، زۆر لە ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامیی ڕووت گرنگترە.

ئەزموونی ئیسپانیا نیشانی دا کە حیزبە ناوچەییەکان، بەهۆی ڕێکخراوەییبوونیان، یەکەم هێز بوون کە دوای مردنی فرانکۆ فەزایان بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی کردەوە. لە ئێرانیشدا کوردستان، بەهۆی مێژوویەکی درێژی حیزبایەتی، خاوەنی پێگەیشتووییەکی سیاسیی ڕێکخراوەییە کە دەبێت وەک دەرفەتێکی زێڕینی ستراتیژی بۆ هاوپەیمانی و ڕووخاندنی ڕێژیم سەیر بکرێت. لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لە شارە ناوەندییەکانی ئێران، بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوە ناوەندییەکان و نەبوونی بەرنامە، خێراتر تووشی داخوران یان سەرکوت دەبن، لە کوردستان، مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان لەسەر ژێرخانێکی تۆکمەی بەرنامەبۆداڕێژراوی حیزبی وەستاون کە بەردەوامیی بەرگری گەرەنتی دەکات.

نموونەی بەرچاوی ئەم دەسەڵاتە ڕێکخراوەییە لە مانگرتنی گشتیی بەربڵاوی ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا بینرا. ئەم چالاکییە ناوازەیە کە بە بانگەوازی حیزبەکانی "ناوەندی دیالۆگ" و لە وەڵامی پشتگیری لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان و سەرکوتی خوێناوی لە شارەکانی کوردستان (ئیلام و کرماشان و لۆڕستان) بەڕێوە چوو، نیشاندەری نفووزی قووڵی حیزبەکانە لە نێو چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردستان. لە مێژووی سیاسیی ئێراندا، ئەم توانایە ڕێک ئەو ئەڵقە ونبووەیە کە دەتوانێت هاوسەنگیی نێوان هێزەکان بگۆڕێت.

لەلایەکی ترەوە، ڕوانگەی ڕۆژئاوا لە نێوان پاراستنی سەقامگیری و پشتگیری لە گۆڕانکاریدا بە بەردەوامی هەڵبەزدابەز دەکات. هەتا ئەو کاتەی ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێران سەرکەوتوو نەبێت لە پێکهێنانی بەرەیەکی هاوسەنگ، دێموکراتیک، هاوبەش و یەکگرتوو، ئەگەری ئەوە زۆرە هێزە جیهانییەکان لە وتووێژ لەگەڵ ڕێژیم بەردەوام بن. دروستکردنی هاوپەیمانییەکی فەرمی لە نێوان حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستان و ڕەوتە جێی متمانەکانی ناوەند، پەیامێکی بڕیاردەر دەبێت بۆ گۆڕینی سیاسەتی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا بۆ دروستکردنی جێگرەوە.

لە لایەکی ترەوە، قەیرانی ئابووری و هەژاریی پەرەسەندوو، کاریگەریی هێزە سەرکوتکەرەکانی کەم کردووەتەوە و ڕێژیمی خستووەتە بەردەم پارادۆکسێکی کوشندە؛ ئەگەر بەردەوام بێت لە سەرکوت، تێچووە دارایی و سیاسییەکانی ئەوەندە بەرز دەبنەوە کە چیتر بۆی دابین ناکرێت، ئەگەریش سەرکوت کەم بکاتەوە، ڕێگە بۆ پێشڕەویی بزووتنەوە ڕێکخراوەکان خۆش دەبێت. بۆ کەڵکوەرگرتن لەم بنبەستە، داڕشتنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ پێویستییەکی هەنووکەییە. هەنگاوی یەکەم، گواستنەوەیە لە شوناسێکی زۆرەملێ بەرەو شوناسێکی فڕەخواز؛ ناسنامەیەک کە تێیدا هەموو نەتەوەکان خۆیان بە خاوەنی هاوبەشی ئەم جوگرافیایە بزانن. تەنیا بە نەهێشتنی هەڵاواردن و داننان بە مافە نەتەوەییەکانە کە ئارەزووی پێکەوەژیان دەبێتە جێگرەوەی ناچاری و ململانێ.

خاڵێکی بنەڕەتی کە لە کۆتایی ئەم نووسینەدا دەبێت جەختی لەسەر بکرێتەوە، وریایی و زیرەکیی ڕێژیمی داپڵۆسێنەرە لە تێگەیشتن لە مەترسیی هاوپەیمانی و پێشخستنی پڕۆژەی تێکدەرانە بۆ ڕێگریکردن لێی و تێکدان و ئاژاوەنانەوە بە شێوەی جۆراوجۆر. ئەم ستراتیژییانە بریتین لە؛ سازکردن و خولقاندنی فەزایەکی پڕئاڵۆز و نانەوەی فیتنە و ئاژاوە بە شێوەی دەستکرد لە نێوان نەتەوەکان، دزەکردنە نێو ڕیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ ڕێگری لە ڕێککەوتن و بە توندوتیژی کێشانی خۆپیشاندانەکان بە ئامانجی دوورخستنەوەی چینی نێوەڕاست یان خۆڵەمێشی لە گۆڕانکارییەکان. ڕێژیم بە ئەنقەست هەوڵ دەدات تێچووی گۆڕانکاری ئەوەندە بەرز بکاتەوە کە کۆمەڵگە لە نێوان دوو جەمسەری ستەمکاری یان نائەمنی و هەڵوەشانەوە، ناچار بە هەڵبژاردنی دۆخی ئێستا بێت.

ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەرا دەبێت بگاتە ئەو پێگەیشتووییە سیاسییەی کە بەبێ گەرەنتییەکی ڕاشکاو بۆ مافی نەتەوەکان، ڕووخاندنی ڕێژیم گەلێک دژوار و ئەستەمە. ئێرانی ئێستا لە خاڵێکدا وەستاوە کە پەیمانێکی ئازایانە دەتوانێت لە خولگەی بەتاڵی سەرکوت و بێ‌هیوایی ڕزگاری بکات. لەم نێوەدا حیزبەکانی کوردستان نەک هەڕەشە نین، بەڵکوو هاوبەشی سەرەکین بۆ بونیادنانی ئێرانێک کە تەناهییەکەی نەک لە ڕێگەی تیرۆر و سێدارە و نکۆڵیکردن، بەڵکوو لە ڕێگەی بەدیهێنانی دادپەروەری، یەکسانیی یاسایی نەتەوەکان و کەرامەتی مرۆڤەوە دابین بکرێت. بەردەوامیی سیاسەتی نکۆڵیکردن، دابڕان لە ناوەند دەکاتە تاقە ستراتیژیی مانەوە بۆ نەتەوەکان.