ڕاگەیاندنی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکرات شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ کۆبوونەوەیەکی سیاسیی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" پێک هێنا. وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پرسە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی ئێران و کوردستانی خستە ڕوو و لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەڵامی پرسیار و سەرنجی بەشدارانی دایەوە. "کوردستان" بەشی سەرەکیی وتارەکەی کاک خالید عەزیزی لەو کۆبوونەوەیەی بۆ خوێنەرانی گواستووەتەوە.
کاک خالید عەزیزی لە سەرەتای باسەکەیدا ئاماژەی بە چوار فاکتەر کرد کە لە دیاریکردنی ئێرانی داهاتوودا دەوری سەرەکی دەبینن، ئەو چوار فاکتەرەش: تواناکانی کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرکوت؛ خەڵک و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات؛ هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانی و دەوری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل؛ و دوا فاکتەریش ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و بابەتی جێگرەوەی (ئاڵتەرناتیڤی) ئەم ڕێژیمەیە.
وتەبێژی حیزبی دێموکرات دوای شیکردنەوەی ئەو چوار فاکتەرە، باسی لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات کرد و ڕایگەیاند حیزبی دێموکرات هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووە کە ئەوە خەڵکی ئێرانن دەبێ چارەنووسی ئەم ڕێژیمە یەکلا بکەنەوە و ناکرێ خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بن کێ لێی دەدات و کەی لێی دەدات؟ مەسەلە ئەوەیە هەم لە کوردستان و هەم لە بەشەکانی دیکەی ئێران دەبێ لەو قۆناغە تێپەڕین و سەرکەوتنی یەکجاری بەسەر کۆماری ئیسلامی کاتێک دێتە دی کە ئاڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی خەباتە مەیدانییەکەدا بێت.
بەڕێزیان لەبارەی ئاڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی پێی لەسەر ئەوە داگرت کە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بەپێی ئەو سیاسەتەی هەمانە، دوژمنایەتیی هیچ لایەنێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری ئەم ڕێژیمە ناکەین. ئێمە ڕوانگە و جیاوازیی بۆچوون و سیاسەتی خۆمان هەیە و داکۆکی لە ماف و سیاسەتەکانی خۆمان دەکەین. بابەتی سەرەکی و ستراتیژی ئەوەیە کە لە هەر بارودۆخێکدا ئێمە وەک کورد و وەک حیزبی دێموکرات دەبێ مافتەوەر بین و لە ئێرانی داهاتوودا بەدوای ماف و داواکانی خۆماندا بڕۆین.
کاک خالید عەزیزی سەبارەت بە هاوخەباتیی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران دژی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: مادام ئێمە ستراتیژیمان فیدراڵیزمە، فیدراڵیزم لە ئێراندا دانامەزرێت ئەگەر دوو نەتەوەی فارس و تورک لەگەڵیدا نەبن. بۆیە ئێمە پێویستیمان بە مامەڵە (تەعامول) لەگەڵ کۆمەڵگەی تورک و فارسەکانیش هەیە و دەبێ ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات، بە کورد و تورکەوە، هاندەری ئەوە بن و ئەو لێکتێگەیشتن و ئامانجە هاوبەشە دروست بکەن. بۆیە پێداگری لەسەر پێویستیی هاوخەباتی و یەکڕیزی هەم لەنێو هێزە سیاسییەکانی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان، هەم لە ئاستی سەرانسەریدا دەکەمەوە.