
دارسمە
بە درێژایی و ئەستوورایی و بەرینایی مێژووی بەشەر، لە سەردەمی ئەشکەوتەوە هەتا ئێستا زەحمەتە و بگرە مەحاڵیشە خەڵکێکی هێندە "ناسپاس"، "عەقڵ نەرمۆکە" و "نمەک بەحەرامی" وەک خەڵکی ئێران دۆزرابێتەوە. ئاخر خەڵکێک هەیە هێندە کوێر و نابینا بێت چاوی بە باشترین، میهرەبانترین و دڵسۆزترین دەسەڵاتی سەر ڕووی زەوی هەڵنەیەت؟ جەماوەرێک هەیە هێندە بێ ئینساف بێت، لە بری ماچکردنی دەستی دەسەڵاتداران، بەگژ کۆماری ئیسلامیدا بچێتەوە و نەیەڵێت ئەم پیاوە پیرۆزانە خەریکی ڕێکخستنی کاروباری خۆیان بن؟
ئەوەتا ئەم حکوومەتە جوانکیلەیە، خەریکە پێ دەنێتە پەنجا ساڵیی تەمەنی پڕ لە بەرەکەتیەوە. لەم چل و حەوت ساڵەدا، هێندە پێشکەوتووە، نە دۆست و نە دوژمن، تەنانەت به میکرۆسکۆپیش ناتوانن بیانژمێرن. ئەگەر سەدان زانا و پسپۆڕی جیهانی شەو و ڕۆژ خەریکی لێکۆڵینەوە بن، هێشتا ناتوانن لە نهێنیی ئەو هەموو خێر و خۆشییە تێبگەن ئەم دەسەڵاتە بەسەر خەڵکەکەیدا باراندوویەتی. بەڵام چی لەو خەڵکە کوێرە دەکەیت؟ ئەوان لە نزیکەوە "خۆشییەکان" دەبینن و لە ڕقدا دەتەقن، چاویان بە باڵای بەرزی "کۆماری پیرۆز" و ئەم هەموو هەرزانییەی شت ومەک و پێداویستی هەڵنایەت.
لە لایەکی دیکەوە بەشێکی "لاوەکی" و "زیادە"یەی کۆمەڵگا هەن ناویان "کورد"ـه. ئەمانە هەر شایانی باسکردن نین، بەڵام بۆ ئەوەی دڵی خوێنەر نەیەشێت و نەڵێن دیسان کەوتنە پشت گوێیان بە ناچاری ناویان دێنێن. ئەمانە تاقمێک "جیایی خواز"ن و دەیانەوێت شیرازەی ئەو برایەتییە تێک بدەن "برا گەورە" بۆی دابین کردوون. ئاخر کوردۆکەی سەربزێو، تۆ بۆ هێندە بێوەفای؟ بۆ قەدری ئەم نیعمەتە نازانی؟ مەگەر نابینی کۆماری ئیسلامی چۆن بۆ پاراستنی شەو و ڕۆژی خستووەتە سەر یەک؟
تەنانەت لەسەر سنووران و لەو کێوە سەختانەشدا پشتی تێ ناکات و دەیەوێت پەروەردەی بکات. ئەی نابینن ئەو سەربازە چاونەترسانە لە شارە جوان و ئاوەدانەکانی وەک تاران، مەشهەد، شیراز و ئیسفەهانەوە، چۆن ڕێگای هەزاران کیلۆمەتر دەبڕن تا بگەنە کوردستان؟ ئەمانە دێن تا ئێوە لە دەستی "کوردانی ئەودیوی سنوور" ڕزگار بکەن و نەیەڵن فریو بخۆن. هەرکەسێکیش بیەوێت لەم هێڵە پیرۆزانە بپەڕێتەوە یان "کۆڵێک" بە کۆڵییەوە بێت، ئەوا برایانی پاسدار بە "زمانی گوڵ" نا، بەڵکو بە "زمانی گولـلە" تێی دەگەیەنن نابێت کاری وا بکات، چونکە بۆ تەندروستیی پشت و کەمەری زیانێکی یەکجار زۆری هەیە!
ئەوەی جێگای پرسیارە ئەمەیە، بۆچی ئەم "کورد و مـوردانە" عەقڵیان ناخەنە کار؟ بۆچی وەک ئەوانی دیکە گوێڕایەڵی فەرمانی "برا گەورە" نابن و ناچن لەسەر سنووری پاکستان و ئەفغانستان و تورکەمەنستان ئێشک بگرن؟ نەخێر، ئەمانە هەر خەریکی سەرئێشە دروستکردنن. شەرمە بۆ ئێوە قەدری ئەو "برا گەورە"یە نەزانن کە ئامادەیە هەموو شتێکتان بۆ بکات، بە مەرجێک تەنها "بەڵێ" بڵێن.
هەروەها با تەنها باسی کورد و بەلووچ و عەرەبە "ناسپاسەکان" نەکەین، بەداخەوە ڤایرۆسی "ناشوکرى" گەیشتووەتە نیو جەرگەی ئێرانیش. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دیتمان خەڵکی تاران و ڕەشت و مازەندەران چۆن شەقامەکانیان کردبوو بە گۆڕەپانی جەنگ. خۆ ئەگەر "برایانی بەرەی موقاوەمەت" لە دەرەوەی وڵاتەوە فریای دەسەڵات نەکەوتبان و بە شێوەیەکی "مەدەنیانە" و بە لولەی تفەنگ وەڵامی خەڵکەکەیان نەدابایەوە، ئێستا خوا دەیزانێت ئەمانە چییان بەسەر وڵات دەهێنا.
ئەو خەڵکە دەمی بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" شیرین بووە و وەک هەموومان دەزانین ئەمەش هەر پیلانی ئەو کوردە "تەجزیە تەڵەبانە" بووە بۆ ئەوەی خەوی برا گەورە تێک بدەن. خۆشبەختانە کۆماری ئیسلامی زوو زانی دەردەکە چییە و دەرمانی "لێدان و کوشتن و سێدارە"یە بۆ بەکارهێنان.
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەم چل و حەوت ساڵەدا سەلماندوویەتی شارەزای بەڕێوەبردنە. هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، تێگەیشت نابێت متمانە بەو "ئەرتەش و مەرتەشە"ی جاران بکات، بۆیە "سوپای پاسداران"ی دامەزراند. ئەم سوپایە ماشەڵا ئێستا بووەتە "هەموو شتێک". لە یەک کاتدا هەم پاسەوانی سنوورە، هەم کارگەی ماست و پەنیر و خامەی هەیە، هەم بەنداو دروست دەکات، هەم کۆنتراکتەری نەوتە، هەمیش لە ئەورووپا و ئاسیا خەریکی "ڕاوکردنی" نەیارانە.
براگەورە ئەوەندە بۆ خەڵکەکەی چاکەی هەیە هەر مەپرسە. لە چ کونجێکی ئەم جیهانە دیتووتانە ئەو خۆپێشاندەرانەی لە نێوخۆدا بە دەستی هێزی کۆماری ئیسلامی دەکوژران و بە "ئاژاوەگێڕ" ناویان دەبردن، ئێستا لە بەرژەوەندیی نیشتماندا بەشێکیانی کراون بە "شەهیدی کۆماری ئیسلامی"! ئەمە لوتکەی میهرەبانییە؛ تۆ ناچاری دەیانکوژی، دواتر دەیانکەیە شەهیدی خۆت و بە کەسوکاری سەربەرزیان دەڵیی ئێوەش کەسوکاری شەهیدانن و ناوی شەهیدەکانتان چووەتە پاڵ شەهیدانی شەڕی ئێران و عێراق و تەنانەت پلەیان وەک پلەی شهیدانی پارێزەری مەزارگە پیرۆزەکانی سووریاشە. ئایا سیستەمێک هەیە هێندە دڵی فراوان بێت؟
جا لێرەوە تکامان لە خەڵکی "تێنەگەیشتووی" ئێران ئەمەیە:
تکایە لە کاتی نوێژ و نزا، "نوێژی ترس"ی ڕابەری مەزن لەبیر نەکەن. جەنابیان هەمیشە دڵی دەلەرزێت نەوەک "ئێرانی یەکپارچە" پارچە پارچە بێت و بکەوێتە دەست "برا بچکۆلان". ئاخر ئەم برا بچکۆلانە (وەک کورد و ئەوانی دیکە) هێشتا باڵغ نەبوون و ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، بۆیە دەبێت هەمیشە لە ژێر سێبەری داری "وەلی فەقیهـ"دا بپارێزرێن. ئەگەر ئەمانە جیاببنەوە، هەستی ناسکی "برا گەورە" بریندار دەبێت و ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە!
لە کۆتاییدا، ئەی خەڵکی ئێران، ئەگەر هەر سوورن لەسەر ئەوەی دۆخەکە تێک بدەن و نەیەڵن کۆماری ئیسلامی مۆمی پەنجا ساڵەی تەمەنی فوو لێ بکات، کێشە نییە! بڕۆن بە شوێن بەدیلەکەدا بگەڕێن. وەرن بۆ خاتری ئەو ڕیشە سپییەی ڕابەر، ئەگەر واز لەم دەسەڵاتە دێنن، بچوونە ژێر باڵی"نەوەکەی ڕەزا شا". با دڵمان لەگەڵ ئەو دابێت، ئەی ئەوەنییە لە ئێستاوە شمشێری تیژ کردووەتەوە و بە ئاشکرا هاوار دەکات وە باب و باپیرە و میراتگرانیان لە دەستەڵاتی ئێستای ئێرانی مەزندا "دژی تەجزیە تەڵەبییە".