کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: نەتەوەکانی ئێران دەبێ بۆخۆیان چارەنووسی ئەم ڕێژیمە یەکلا بکەنەوە

20:54 - 27 رێبەندان 2725

ئاماژە: بەشی سۆسیال‌میدیای دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکرات شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ کۆبوونەوەیەکی سیاسیی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" پێک‌هێنا. وتەبێژی حیزبی دێموکرات لەو کۆبوونەوەیەدا ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکرات بۆ پرسە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی ئێران و کوردستانی خستەڕوو و لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەڵامی پرسیار و سەرنجی بەشدارانی دایەوە. "کوردستان" کاکڵی بەشی سەرەکیی باسە سیاسییەکەی کاک خالید عەزیزی لەو کۆبوونەوەیەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە.

***

کرۆکیی باس:

بۆ باس لەسەر دۆخی ئێستای ئێران پێویستە خوێندنەوە بۆ چوار فاکتەر بکەین، فاکتەری یەکەم کۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرکوت، و لە سەروو هەمووانەوە خامنەییە. فاکتەری دووهەم خەڵک و بزووتنەوە ناڕەزایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی نێوخۆی وڵاتە. فاکتەری سێهەم لە سۆنگەی دۆخی ململانێی خەڵک و دەسەڵات و سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی، هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانییە و لە سەروو هەمووانەوە سیاسەت و بڕیارەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل. چوارەم فاکتەریش ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و بابەتی ئاڵترناتڤی ئەم ڕێژیمەیە کە بەردەوام چاوی لەسەرە و قسەی لێ دەکرێت. ئەو چوار فاکتەرە ڕەهەندە جۆراوجۆر و جیاوازەکانی هاوکێشەکانی ئێستای ئێران دەردەخەن و ئێمەش وەک کورد فاکتەرێکی دیکەش دەخەینە سەر هاوکێشەکان، چ لە ئێستا و چ لە داهاتووی دوای نەمانی کۆماری ئیسلامیدا.

فاکتەری یەکەم، کۆماری ئیسلامی

ئەگەر هەر لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵەوە دەست پێ بکەین، ئەم ڕاپەڕینە درێژەی ڕەوتی ناڕزایەتییەکی دەیان ساڵە دژی کۆماری ئیسلامییە کە دەتوانم بڵێم لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێڕاق لە ئاستی سەراسەریدا چەخماغەکەی لێ دراوە و ساڵ بە ساڵ زیاتر و جار بە جاریش بەرینتر دەبێتەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە کاردانەوە بە ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی، گەندەڵیی سیستماتیکی ڕێژیم، سیاسەتی دەستێوەردانی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی کە لەو سۆنگەیەوە خەڵکی نێوخۆی وڵاتی تووشی نەهامەتی و نەگبەتی کردووە و هەروەها بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵاواردن و سەرکوتی ماف و ئازادییەکانیان بووە. بەڵام ئەوەی ڕاپەڕینی ئەمجارەی تایبەت کردووە ئەوەیە کە لە دۆخی دوای بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)دا کڵپەی ئەستاندووە و ئەزموون و ئیلهامدەرییەکانی بزووتنەوەی ژینای لە پشتە. بۆیە دەتوانین بڵێین خاڵی بەهێزی ڕاپەڕینی بەفرانبار ئیلهامدەریی کوردستان و پاشخانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستانە کە لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام "نا"ی بە کۆماری ئیسلامی گوتووە، کۆمەڵگەی سیاسیی خۆی ڕێک‌خستووە، کاری حیزبی و ڕێکخراوەیی تێدا نەهادینە بووە، خەباتێکی سەخت و خوێناویی دژی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە بردووە و هەر بەو هۆیەش تێچوو و قوربانییەکی گەلێک زۆریشی بەختی ئازادی و ڕزگاری کردووە.

نەتەوەکان و خەڵکی ئێران بە گشتی خەباتێکی خوێناوی و دوور و درێژیان دژی کۆماری ئیسلامی کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەتا ئێستا کۆماری ئیسلامی لەجێی خۆیەتی. ڕاستە ئەم دەسەڵاتە لە زۆر بواردا پرسیاری گەورەی لەسەرە، داهاتووی ناڕوونە، مەشڕووعیەتی جارانی نەماوە و دەکرێ بڵێم کۆماری ئیسلامی ناگەڕێتەوە دوو مانگ پێش ڕاپەڕینی ئەم دواییانە. ئەمڕۆکە پێوەندیدار بە داهاتووی ئێران کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت سیاسەت و بەرنامەکانی دوو وڵاتی ئەمریکا و ئیسرائیل دەوری سەرەکی دەبینن.

ئێران لە هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا

تەوەری سەرەکیی سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی دروستکردنی هەیمەنەیەک لە خۆی لە ناوچە لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەکی، پێکهێنانی هێزی نیابەتی بۆ قەیرانخوڵقێنی، تێرۆریزمی دەوڵەتی، پەرەدان بە دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژی وەک مووشەک و بۆمبی ئەتومی بووە. بەڵام دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی لە بواری ئەمنییەتی و نیزامی تێکڕووخا. ئەم ڕێژیمە کە بە تەڕاتێنەکانی ئەسپی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا تاو دەدا و تا ڕادەیەکی زۆر ببووە مڵۆزم بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێستا ئەو پێگەیەی نەماوە و ئەو مەشڕووعییەتەی لە نێوخۆی وڵاتدا بە زەبروزەنگ و سەرکوت و کوشتوبڕ و لە دەرەوەی بە دەستێوەردان و مووشەکهاوێژی لە خۆی دروستی کردبوو، نەک نەما بگرە تووشی زەلالەت و زەبوونی بوو. بەڵام ئەوە هێشتا بە مانای کۆتایی کار نییە. کۆماری ئیسلامی بەهۆی سیاسەتە مووشەکی و ئەتومییەکانی و بەتایبەت ئەو مەترسییەی لەسەر ئەمنییەتی ئیسڕائیلی دروست کردووە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانی گۆڕیوە، چونکی کاتێک بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە ستەمی وڵاتەکەی دەکوژێ، ئەگەر بۆمبت ئەتومی هەبێ دوور نییە دژی ئیسڕائیل و نەیارەکانی دیکەی دەکاری بکا. بۆیە سیاسەتی هەتا ئێستای ئەمریکا و ئیسڕائیل سنووردارکردنی توانا نیزامی و تێکدەرییەکانی کۆماری ئیسلامییە.

سیاسەتی پێشووی ئەمریکا بەتایبەت سەردەمی ئۆباما بایەخدان بە تاران وەک ناوەندی ئیسلامی شیعە، کۆنتڕۆڵکردنی ئێران و گۆڕینی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی لە نەیارێکی سیاسی بە هاوبەشی سیاسی و ئابووری بوو. ئێرانیش لە چەند دەیەی ڕابردوودا زۆر زیرەکانە توانی لەو بوارەدا جار بە دانوستان و جار بە هەڕەشە و جار بە هاوکاریی سنووردار لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتوم سیاسەتی مووشەکی و ئەتومیی خۆی بباتە پێشێ. بەڵام دکتۆرینی ترەمپ پێچەوانەی ئۆباما و تەنانەت بایدەن دژایەتی لەگەڵ تاران و بایەخدان بە جیهانی سووننەیە. ئەوە بوو ستراتیژیی "پەیمانی ئیبراهیم"ی هێنایە گۆڕێ و وەبەرهێنانەکانی خۆی لە ناوچە لە بەرەی جیهانی سووننەدا لە تورکیە هەتا عەرەبستان، قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو پەرە پێدا و تەنانەت تەنانەت ئامادە بووە لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێستای سووریە کە سەردەمانێک بۆ خۆیان بە تیرۆریستیان دانابوو پێک بێ و ئێستا لە دەمیشق هەوڵی بەهێزکردنی ئەحمەد ئەلشەرع و دەسەڵاتە ناوەندگەراکەی دەدەن. ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی کێشە بۆ ئەمریکا و دروستکردنی کێشە بۆ ئێران دەکرێ. بەڵام ئایا ئەو دکتۆرینە دەڕواتە پێشێ؟ بە باوەڕی من ئەو ئارایشە نیزامییەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کردوویەتی پاڵنەری بردنەپێشی ئەو سیاسەتە بۆ دەستەبەری بەرژەوەندییە درێژخانەیەکانی خۆیەتی.

نەبوونی ئاڵترناتیڤ، پاشنەئاشیلی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی

لە ئێستادا لە زۆر لاوە گریمانە و هیواکان لەسەر ئەوە هەڵچندراوە ئێران نەرمی نەنوێنێ، لەگەڵ ئەمریکا نەسازێ و ئەمریکا ناچار بێ بە هێرش و زەبری نیزامی بەرنامەکانی بباتە پێشێ. ئەمەش پاشخانێکی دوورودرێژی هەیە و سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاستەکانی جۆڕج بووشەکان و ئەو کاتەی کە جۆڕج بووشی کوڕ کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە سێ‌کوچکەکانی "میحوەری شەڕارەت" دانا. لە لاوازی و ئامادە نەبوونی لایەنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی بۆ دروستکردنی ئەلتەرناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامییش ئەو باس و بابەتە بە هەوراز و نشێوی زۆرەوە هەتا ئێستا هاتووە و ئێستا لە هەموو کاتێک بەهێزتر دەنوێنێ. بەڵام ئەمن لام‌وایە پرسە سیاسییە نێوخۆییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیل وەک هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نۆڤامبر و دەوڵەت لە ئیسڕائیل لە ئۆکتۆبری ئەمساڵ لە یەکلاکردنەوەی ئەو بابەتەدا کاریگەریی زۆریان هەیە و هەم تڕامپ و هەم نەتانیاهوو پێویستییان بە سەرکەوتنە و بابەتی شەڕ و ململانێ لەگەڵ ئێران دەتوانێ وەک کارتێک بە دەستی تڕامپ و نەتانیاهووەوە بێت. هەروەها دوای ڕاپەڕینەکانی ئەمدواییانە و ئەو کارەساتەی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات خوڵقاندوویەتی، پرسی گۆڕینی ئەم ڕێژیمە زیاتر بایەخی دەدرێتی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەمریکا و ئیسڕائیل بە پارێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە دەکەن.

ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆیان پرسیارە بێتوو کۆماری ئیسلامی بڕووخێ ئەدی کێ ئیدارەی دەکا و کێ لە تاران بەردەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لێرەدا نەبوونی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی زۆر بە قازانجی کۆماری ئیسلامی شکاوەتەوە. بۆیە لێدانی ئامانجدار و سنوورداری کۆماری ئیسلامی بێتوو هەستانەوە و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران بۆ ڕووخانی ڕێژیمی لێ نەکەوێتەوە، دەبێتەوە هۆکار بۆ هێنانەوەی زەبوونانەتری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی وتووێژ. بەڵام ئەگەر لێدانەکە خرۆشانی خەڵک و ڕاپەڕینی سەرانسەریی لێ بکەوێتەوە، هاوکێشەکە دەگۆڕدرێ. سەیریش نییە ئەمریکا هەمان سیناریۆی ڤێنیزۆلا لە ئێرانیش دووپات بکاتەوە و بە گەمارۆی نیزامی و گوشینی شادەماری ئابووریی ئێران کۆماری ئیسلامی بەچۆکدا بێنێ و لە نێوخۆی وڵاتیش بوار بۆ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیم خۆش بکات.

کورد و ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەریی کۆماری ئیسلامی

حیزبی دێموکرات هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بووە ئەوە خەڵکی ئێرانن کە دەبێ چارەنووسی ئەم ڕێژیمە یەکلا بکەنەوە و ناکرێ خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بن کێ لێی دەدا و کەی لێی دەدات؟ مەسەلە ئەوەیە هەم لە کوردستان و هەم لە بەشەکانی دیکەی ئێران دەبێ لەو قۆناغە تێپەڕین کە هەر ئۆپۆزیسیۆن بین و هەموو شتێک ببێتە مانگرتن و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی جارجارە. ڕاستە کۆماری ئیسلامی لەلای زۆرینەی زۆری خەڵکی ئێران مەشرووعییەتی نییە، بەڵام ئەم ڕێژیمە ئێستاش خەڵکی خۆی و هێزی سەرکوتی وەفادار و پارەی زۆر بۆ ڕاگرتنی هێزەکانی و ئیرادەی سەرکوتیشی بە بەهێزیی جاران هەیە. هێزەکانی لایەنگری ڕێژیمیش تەنیا کاتێک هەڵدەوەرن کە هیوایان نەمێنێ و ئەوەش کاتێک ڕوو دەدا کە ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی خەباتە مەیدانییەکەدا بێت.

لەبارەی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بەپێی سیاسەتێک کە هەمانە دوژمنایەتی هیچ لایەنێکی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری ئەم ڕێژیمە ناکەین. ڕاستە ڕوانگە و جیاوازیی بۆچوون و سیاسەتی خۆمان هەیە و داکۆکی لە ماف و سیاسەتەکانی خۆمان دەکەین، بەڵام نامانەوێ بچینە نێو ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و ناکۆکییەی لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی سەراسەریی ڕێژیمدا هەیە کە سەری لە خەڵک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش شێواندووە؛ چونکی قازانجی سەرەکی لەو دۆخە هەر دەچێتە گیرفانی کۆماری ئیسلامییەوە.

ئێمە وەک حیزبی دیموکرات لەو پەیوەندییەدا هەوڵمان داوە و لەگەڵ زۆر لایەن دانیشتووین، بەڵام هەتا ئێستا دەسکەوتێکی ئەوتۆمان نەبووە. بەڵام ئێستا کە خەڵک بە تایبەت لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئاستی سەرانسەریی ئێرانیشدا مەرگ بۆ دیکتاتۆر و دروشمی پێکهاتەشکێنی دژی خامنەیی و کۆماری ئیسلامیی بەرز کردووەتەوە، دەرفەتێکی سیاسیی گەورە پێک‌هاتووە کە بێتوو ئاڵترناتیڤێکی گەورە خۆی پێشان نەدا، ئەم دەرفەتەش لەبار دەچێ و لەو سۆنگەیەوە تەمەنی ڕێژیمی پێ دریژتر دەبێتەوە. بۆیە ئێمەش دەبێ لە هەوڵەکانمان بەردەوام بین.

ئەرکەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد

لەو ڕاپەڕینەدا خەڵکی کوردستان لە دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان شەهید و برینداری زۆری دا، لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان مانگرتنی سەرانسەری ڕاگەیەندرا، سەرکوتی خەڵک و سیاسەتی کوشتوبڕ و گرتن و زیندانیکردن توندتر لە جاران لە ئارادایە. ئێمە دەبێ هەوڵی زیاتر بدەین کە لە بەشەکانی دیکەی ئێران بەردەنگی زیاتر بۆ خۆمان و خەباتەکەمان و مافەکانمان پەیدا بکەین. ئێمە دەبێ ڕیزەکانی خۆمان لە نێوخۆماندا رێک بخەین و ئاستێکی دیکە لە یەکگرتوویی و یەکگوتاریمان پێشانی هەمووان بدەین. هەروەها نابێ بە نیسبەت ناوچەکانی دیکەی ئێران و بابەتە سیاسییەکان لە ئاستی سەرانسەریدا بێ‌تەفاوت بین و دەبێ لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکان بڕۆین. ئەمە دوو قازانجی هەیە. قازانجێکیان ئەوەیە لە ڕەوتی دروستبوونەوەی ئێراندا بەو لەگەڵدابوونە غایب نابین و بەشمان پێ دەبرێ. چونکی نازانین کۆماری ئیسلامی کە ڕووخا چی لە ئێران ڕوو دەدا و نابێ پێمان وابێ بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەموو شتێکمان بەدەستەوە دێت. بێگومان دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئاڵۆزی و بشێوی دروست دەبێ و ئێمە پێویستە ئامادەی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دۆخە بین. بابەتی سەرەکی و ستراتیژی ئەوەیە کە لە هەر بارودۆخێکدا ئێمە وەک کورد، و ئێمە وەک حیزبی دێموکرات دەبێ ماف‌تەوەر بین و لە ئێرانی داهاتوودا بە دوای ماف و داواکانی خۆماندا بڕۆین. هەروەها لە نێوخۆی کوردستانیشدا هەموو تاکەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکانی سیاسی و حیزبەکان هەوڵ بۆ ڕێکخراوتربوونی پتری کۆمەڵگە بدەن.

ئێمە لە ئێستادا پێشبینیی ڕوونی ئێرانی داهاتوو ناکەین، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە وەک کورد بەتەنیا ناتوانی شکڵی حکوومەتی داهاتووی تاران یەکلا بکەینەوە، دەبێ مافەکانی خۆمانمان بۆ گرینگ بێ و هەر کەسیش دەسەڵاتی بە دەستەوە بێت، مادام ئاوڕ لە ویست و داخوازییەکانی ئێمە نەداتەوە، سرووشتییە کە ئێمە لە خەبات و تێکۆشانی خۆمان کۆڵ نادەین و بە هەموو تواناوە بۆ مافەکانمان تێ‌دەکۆشین. بەڵام بۆ ئەوەی زەرەر و زیانی کەمترمان هەبێ، لە ڕاستیدا پێویستمان بە بەردەنگ و دۆست و هاوپەیمانە. بۆیە دەبێ بنەماکانی سیاسەت و هەڵسوکەت و گوتار و دەربڕینی ئێستاشمان لەسەر ئەو بنەمایە هەڵشێلابێت.

ئاستەنگێکی دیکە لە بەردەم پرسی کورد ئاستەنگێکی ناوچەییە و، ئەویش کێشەی کورد و تورکە. ئێمە پێویستیمان بەوەیە عەقڵییەتێک برەو پێ بدەین و بڵێین کە کێشە ئێمە و تورکەکان کێشەی ئەو دوو نەتەوە لەگەڵ یەکتر نییە و نابێ وا بێ و دەبێ نەهێڵین لێک‌تێنەگەیشتن و دڕدۆنگییەکان کەلێنی نێوانمان بەرفراوانتر بکەن و دەبێ پێش توندڕەوییەکان بگرین. ئێمە دەبێ ئەو گریمانەیەشمان لەبەرچاو بێت کە لە ئەگەری ڕووخانی ئێران و هەڵوەشانی دەسەڵات هاوکێشەکانی بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچە وا بخوازێ پەرە بەو کێشەیە بدرێ و ئێمە نابێ بهێڵین زەرەرمەندی ئەو دۆخە بین. ئێمە لە کوردستان سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵ تورکەکان هەیە و وڵات و حکوومەتە تورکەکانی دراوسێی ئێرانیش بە بەرژەوەندی و ئاجێندای جیاوازیان دەبینین. بۆیە دەبێ ئەو نیگەرانییەمان هەبێ و پیویستیشە ئەو لیک‌تێگەیشتنە لەنێوان کورد و تورکەکاندا دروست بێت.

لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە ستراتیژیمان فدرالیزمە و باوەڕمان وایە سیستمی فیدڕاڵیی دڵخوازی ئێمە بە بەشداریی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە دادەمەزرێ. بۆیە ئێمە پێویستیمان بە تەعامول لەگەڵ کۆمەڵگەی تورک و فارسەکانیش هەیە و دەبێ ڕێکخراوەکان و چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات بە کورد و تورکەوە هاندەری ئەوە بن و ئەو لێک‌تێگەیشتن و ئامانجە هاوبەشە دروست بکەن و نابێ بهێڵین ئەزموونی سەرەتاکانی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ و مێژووی خوێناویی کوشتار و کۆمەڵکوژییەکانی ئەوکاتمان بیر بچێتەوە. لە کۆتاییشدا جارێکی دیکە پێداگری لەسەر پێویستیی هاوخەباتی و یەکڕیزی هەم لەنێو هێزە سیاسییەکانی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان، هەم لە ئاستی سەرانسەریدا دەکەمەوە.