
حەسەن قارەمانی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاڵی وەرچەرخاندایە کە ئیتر ستراتیژە کۆنەکان سوودیان نەماوە و پارچەپارچەبوون بووەتە بارگرانییەکی پێکهاتەیی. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە بە سەروەریی ڕەهای دەوڵەت و دوکتۆرینی ئەمنیەتی و "لێبوردەیی سفر" بەرامبەر پرسی خاک دەناسرێتەوە، بزووتنەوەی کورد لەبەردەم پرسیارێکی سەرەکیدایە، چۆن نەتەوەیەکی بێدەوڵەت دەتوانێت ڕەوایی ئەخلاقی بگۆڕێت بۆ توانای سیاسیی ڕاستەقینە؟
ماوەیەکی زۆرە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ڕێگەی جیاوازی وەک خەباتی چەکداری، بەشداریی سیاسی، چالاکیی فەرهەنگی و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکار هێناوە. هەریەکێک لەم ستراتیژیانە کاریگەریی خۆیان هەبووە، بەڵام نەبوونی هەماهەنگیی پێویست کاریگەرییەکانیانی سنووردار کردووە. بۆیە لە سایەی هاوکێشە ژیوپۆلەتیکییەکانی ئەمڕۆدا، داڕشتنی ستراتیژی چیتر تەنیا بژاردەیەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵكوو وەک پێویستییەکی وجوودی دەردەکەوێت.
تێچووی پارچەپارچەبوون:
لە ڕووی مێژووییەوە، دووبەرەکیی نێوان حیزبەکان و ئاراستە ئایدیۆلۆژییەکان، پێگەی دانوستانکاری کوردیان لاواز کردووە. زۆرجار کێبڕکێی نێوخۆیی ئامانجە هاوبەشەکانی تێپەڕاندووە. ئەمەش بەستێنێکی دروست کردووە کە ئەکتەرە دەرەکییەکان توانیویانە دژایەتییە نێوخۆییەکان بقۆزنەوە و هەماهەنگیی نێوخۆیی کورد دوابخەن و بەو هۆیەوە دۆخی ئێستا بپارێزن.
پارچەپارچەبوون زیاتر لە ناتەبایی ڕێکخراوەیی، دەبێتە هۆی ناتەبایی ستراتیژی. بەبێ گوتاری هاوبەش، پەیامەکە بە ناڕوونی دەمێنێتەوە، هاوپەیمانییەکان نادیار و پارچەپارچەبوون دێتە ئارا. لە ناوچەیەکدا کە ئەکتەرە دەوڵەتییەکان بە ناوەندگەراییەکی ڕەها و دیسپلینێکی ئەمنیی توندو تۆڵەوە مامەڵە دەکەن، ئەم ناهەماهەنگییە تێچووی زۆری لێ دەکەوێتەوە.
هاوئاهەنگیی چەک و قەڵەم دوو ڕەهەندی بەرگری:
بەهێزبوونی پێشمەرگە و هێزە تێکۆشەرەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نابێت تەنیا لە فراونبوونی هێزی چەکداردا کورت بکرێتەوە، بەڵكوو پێویستە وەک تواناسازییەکی گشتگیر تێبگەین کە ئاسایش، سیاسەت و بەرهەمهێنانی فیکر لەخۆ دەگرێت. ئەزموونی بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی جیهان سەلماندوویەتی کە ئامادەیی چەکداری بەبێ دیدگای سیاسی، مەترسیی گۆشەگیریی لێ دەکەوێتەوە، هەروەک چۆن کۆکردنەوەی فیکری بەبێ پاراستنی ئەمنیەتیی پێشمەرگە، بزووتنەوەکە ڕووبەڕووی مەترسیی سەرکوتکردن دەکاتەوە.
بۆیە “چەک و قەڵەم" فۆرمولاسیۆنێکی ڕیتۆریک (زمانەوانی) نییە، بەڵكوو کۆکردنەوەیەکی ستراتیژییە. ڕەهەندی چەکداری ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆنتڕۆڵی خاک و بەرگریکردن لە خۆ ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. ڕەهەندی فیکری – ئەکادیمیستەکان، ڕۆژنامەنووسان، ڕۆشنبیران و تۆڕە دیپلۆماسییەکان، ئەو ڕەواییە نۆرماتیڤ و نێونەتەوەییە دروست دەکات کە پێویستە بۆ قبووڵکردنی درێژخایەن.
ئەم هەماهەنگییە پێویستی بە دیسپلین و شەفافیەتی نێوخۆیی و پیشەییکردنی دامەزراوەیی هەیە. تۆڕە نافەرمییەکان دەبێ بگۆڕدرێن بۆ پێکهاتەیەک کە ئەرکی ڕوون و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و پلاندانانی ستراتیژییان هەبێت.
شاخ و شار:
وێنەی باوی بەرخۆدانی کورد، هەمیشە بە "شاخ"ەوە بەستراوەتەوە وەک هێمایەکی ڕەسەنی ئۆتۆنۆمی و خۆڕاگری. بەڵام داینامیکی سیاسیی سەردەم، تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو ژینگەی شارستانی (مەدەنی) هەنگاوی ناوە. ئەمڕۆ زانکۆکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، سەکۆ دیجیتاڵییەکان و تۆڕە ڕەوەندەکان (دیاسپۆرا)، بوونەتە گۆڕەپانە نوێیەکانی خەبات؛ ئەو شوێنانەی کە تێیاندا ناسنامەی نەتەوەیی و داواکارییە سیاسییەکان بە زمانێکی جیهانی و مۆدێرن دادەڕێژرێنەوە.
بۆیە پێویستە ستراتیژییەکی بەردەوام و گشتگیر، ئەم دوو کایەیە (شاخ و شار) پێکەوە گرێ بدات. چالاکییە مەدەنییەکانی شار، بەبێ هەبوونی پاراستنی پێشمەرگانە، هەمیشە لەژێر هەڕەشەی پەراوێزخستن و سەرکوتکردنی خێرادان. تەنیا لە ڕێگەی ئاوێتەکردنی ستراتیژیی ئەم دوو فەزایەوەیە، دەتوانرێت ئیکۆسیستەمێکی سیاسیی یەکگرتوو بێتە کایەوە؛ سیستمێک کە تیایدا خەباتی مەدەنی و هێزی پێشمەرگە، وەک دوو جەمسەری تەواکەر، بەرگری لە بوونی نەتەوەیی و دەستکەوتە سیاسییەکان بکەن.
ڕوونیی ئایدیۆلۆژی و خۆپێناسەکردنی سیاسی:
یەکێک لە ئاڵنگارییە هەرە گەورەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا سەرکوتی دەرەکی نییە، بەڵکوو ناڕوونیی نێوخۆییە سەبارەت بە ئامانجەکە. ئایا ئامانج فیدراڵیزم، ئۆتۆنۆمی، خۆبەڕێوەبردنی کولتووری یان سەربەخۆیی تەواوە؟ ڕەنگە ناڕوونی لە کورتخایەندا بە شێوەیەکی تاکتیکی کار بکات، بەڵام لە درێژخایەندا متمانەی کۆکردنەوەکە تێک دەدات.
بزووتنەوەیەک کە بە ڕوونی پێناسەی پڕۆژە سیاسییەکەی نەکات، مەترسیی ئەوەی هەیە کە لە دۆخی کاردانەوەییدا بمێنێتەوە. خۆپێناسەکردن سەرچاوەی دەسەڵاتە. خستنە ڕووی دیدێکی یەکگرتوو، یاسایی، ئابووری و دامەزراوەیی، ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی باسەکە لە نیگەرانییە ئەمنیەتییەکانەوە بۆ مۆدێلێکی سیاسی بۆ داهاتوو.
هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی و ڕیالیزمی ژیۆستراتیژی:
ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژینگەیەکدا کار دەکات کە ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە – سەرەڕای ڕکابەریی یەکتر، بەرژەوەندییەکی ستراتیژیی هاوبەشیان هەیە لە ڕێگریکردن لە پێشینەیەک بۆ چارەنووسی کورد. ئەمەش کۆدەنگییەکی ناوچەیی ناڕاستەوخۆ لە دەوری پاراستنی دۆخی هەیی دروست دەکات.
پشتگوێخستنی ئەم واقیعە، بزووتنەوەکە تووشی جۆرێک لە "ڕۆمانتیزمی سیاسی" دەکات کە تێیدا تەنیا پەنا بۆ حەقانییەتی مێژوویی دەبرێت و کایە ژیوستراتیژییەکان فەرامۆش دەکرێن. بۆیە هەماهەنگیی ستراتیژی دەبێت ئارگومێنتی نۆرماتیڤ لەگەڵ شیکاریی ژیۆستراتیژی تێکەڵ بکات. پشتیوانیی نێونەتەوەیی بە دەگمەن تەنیا لە هاوسۆزیی ئەخلاقییەوە سەر هەڵدەدات؛ پێویستی بەوەیە ئەکتەرە کوردەکان بتوانن خۆیان وەک هاوبەشی سەقامگیرکەر و پێشبینیکراو نیشان بدەن.
خۆڕاگریی نیشتمانی وەک دوکتۆرینێکی سیاسی:
خۆڕاگری تەنیا پێوەندیی بە بەرگریی چەکداریی پێشمەرگەوە نییە، بەڵکوو پێوەندیی بە بەهێزیی دامەزراوەیی و مانەوەی ئابووری و بەردەوامیی کولتوورییەوە هەیە. کۆمەڵگەیەک کە سەرەڕای سەرکوتکردن بتوانێت زمان و پەروەردە و بەها کولتوورییەکانی خۆی بپارێزێت، خۆڕاگریی ستراتیژی نیشان دەدات.
بۆیە بەرگری لە خاک و زمان و ناسنامە تەنیا ڕەمزی نییە؛ بابەتی ئاسایشی بەکۆمەڵە. کاتێک زمان پەراوێز دەخرێت و مێژوو نکۆڵی لێ دەکرێت، یەکگرتوویی سیاسییش لاواز دەبێت. یەکێتیی ستراتیژی و دیسپلینی ڕێکخراوەیی لەم چوارچێوەیەدا بەهێزترین شێوەی بەرخۆدانن لە پێوەندییەکی ناهاوسەنگی دەسەڵاتدا. بزووتنەوەیەکی پارچەپارچە ناهاوسەنگیی پێکهاتەیی بەهێزتر دەکات؛ بزووتنەوەیەکی هەماهەنگ دەتوانێت لانیکەم لە پێگەیەکی یەکگرتووییەوە دانوستان بکات.
ڕۆڵی ڕەوەندی کورد:
ڕەوەندی کوردی سەرچاوەیەکی بەرچاو پێک دەهێنێت؛ لە ڕووی ئابووری، ئەکادیمی و دیپلۆماسییەوە. لە ڕێگەی تۆڕە نێونەتەوەییەکانەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی و میدیا و دامەزراوە سیاسییەکانی دەوڵەتە دێموکراتییەکان هەبێت. بەڵام لێرەشدا هەماهەنگی پێویستە. پەیامە پارچەپارچەکراوەکان کاریگەرییەکانیان کەم دەکەنەوە.
پیشەییکردنی لۆبیکردن و لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی سیاسەت زۆر گرنگە. پڕۆژەیەکی سیاسیی جددی دەبێت بتوانێت پێشنیاری باشی بیرلێکراوە لەبارەی مۆدێلە دەستوورییەکان و بەردەوامیی ئابووری و ڕێکخستنە ئەمنیەتییەکان بخاتە ڕوو.
لە ڕەواییەوە بۆ توانای دامەزراوەیی:
ئایندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بە مافی مێژوویی یان هاوسۆزیی نێونەتەوەیی دیاری ناکرێت. بە توانای گۆڕینی یەکگرتوویی نیشتمانی بۆ توانای سیاسیی ڕێکخراو دیاری دەکرێت. هەماهەنگیی ستراتیژی لەنێوان ڕەهەندە پێشمەرگەیی و سیاسی و فیکرییەکاندا دەربڕینی میلیتاریزەکردن نییە، بەڵکوو گوزارشتە لە پێگەیشتنی دامەزراوەیی.
لە هەرێمێکدا کە دەسەڵات وەک دراوی کۆتایی دەمێنێتەوە، یەکگرتوویی ڕێکخراوەیی گرنگترین سەرمایەیە. تەنیا لە ڕێگەی یەکڕیزی و دیسپلین و عەقڵانییەتی ستراتیژیی درێژخایەنەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت پێگەیەکی بەردەوام و ڕەوا لە هاوسەنگیی هێزی ناوچەیی دابمەزرێنێت. بۆیە خۆڕاگریی نەتەوەیی دروشم نییە، پێویستییەکی سیاسییە.