کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زمان، شوناس، دەسەڵات

11:10 - 29 رێبەندان 2725

ڕەسووڵ سوڵتانی

پرسی زمان، بابەتێکە پەیوەندیی بە ژیان و بوونەوە هەیە و تەواوی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و پیشەیی و تەکنۆلۆژییەکان و بەگشتی هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانەی بەسەر ژیانی مرۆڤدا هاتوون، بە هۆی زمانەوە بووە. هەر بۆیە لە سەدەی  چوارەمی بەر لە زایینەوە بووە بە کەڵکەڵەی زمانناسان و توێژەرانی ئەو بوارە. لە سەدەی چواری بەر لە زاییندا زانایەکی هیندی بە ناوی "پانینی" توێژینەوەیەکی لەسەر ڕێزمان و پەیوەندییە پێچەڵاوپێچەکانی زمانی سانسکریت کردووە و دەڵێن ئەوە بەردی بناغەی زمانناسیی مۆدێڕنە. دیارە لە یۆنانی کۆنیشدا ئەفلاتوون و ئەرەستۆ زۆر بە وردی و لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە ئاوڕیان لە پەیوەندیی زمان و هزر داوەتەوە. بەڵام زمانناسیی مۆدێڕن لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمەوە، لە سەردەستی زانایەکی سویسرایی  بە ناوی Ferdinand de Saussure

دەستی پێ کرد. سۆسۆر پێی وابوو زمان سیستەمێکی هێماییە کە کۆمەڵگە لەسەری ڕێک کەوتووە.

بۆ نموونە: وشەی قەڵەم کاتێک من دەڵێم قەڵەم، تۆ بە بیستنی ئەو ناوە یەکسەر واتایەک، وێنەیەک دێتە زەینت کە هێمایە بۆ قەڵەم. بۆچی؟ چونکە کۆمەڵگە ڕێک کەوتووە بەو شتە بڵێ قەڵەم. ئیتر ئەوە قەڵەمە و جیاوازە  بۆ نموونە لە کەلەم.

سۆسۆر پێ لەسەر ئەوە دادەگرێتەوە کە ئەم هێما و وشە و چەمکانە لە گەوهەری خۆیاندا بەشێوەی سەربەخۆ هیچ واتایەکیان نییە، بەڵکوو ئەوە ئێمەین ئەو واتایەیان پێ دەبەخشین. لێرەوە سنووری واتاکان، سنووری هێماکان، سنووری واژە و دەستەواژەکان واتە جیاوازییەکان دێنە گۆڕێ و بابەتی ناولێنان و ناسنامە و شوناسەکان و سنووریان دەردەکەوێ.

کاتێک ئەو دەڵێ من عەرەبم، ئەو دەڵێ من فارسم ئەو دەڵێ من تورکم و منیش دەڵێم کوردم/ لێرەوە ئێمە لەگەڵ سیستەمێکی نیشانە و واتا ڕێک کەوتووین کە لێکمان جیا دەکاتەوە و واتاکانیش جیاواز دەبن.

هەر بۆیە، وەختێک داگیرکەرێک هێرش دەکاتە سەر وڵاتێک، یەکەم شتێک کە کاری لەسەر دەکات، سڕینەوەی سیستەمی نیشانەکانی گەلی داگیرکراوە و داڕشتنەوە و پڕکردنەوەیەتی بەو نیشانە و هێمایانە کە خۆی هەیەتی. ئەوە لێرەوە شەڕی ناسنامە و شوناس دەست پێ دەکات.

تۆ سەیر بکە پاش زاڵبوونی دەسەڵاتێک، یەکەم شت کە دەیکەن، ناوی شەقام و کۆڵانەکان دەگۆڕن.

 

ناسنامە و مەعریفە لە بۆشاییدا بیچم ناگرن

زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، زمان هەڵگری کۆمەڵێک واتا و پەیامە. ئەو واتا و پەیامانەش کاتی نین، بەڵکوو مێژوویەک لەگەڵ خۆیان پەلکێش دەکەن. پەلکێشکردنی مێژوو واتە هەڵگرتنی هەموو مێژوو لە خەزێنەی وشە و یادگەدا. سیستەمێکی نیشانە و هێمایی کە بەستێنی بیچمگرتن و شکڵگرتنی هزرە، بەستێن و خەزێنەی مێژوو و ناسنامەی تاک و کۆیە. ناسنامەی مرۆڤ لە بۆشاییدا بیچم ناگرێ، بەڵکوو لە چوارچێوەی زمان و گوتار یان دیسکۆرسدا شکڵ دەگرێ.

بۆ ئەوەی ئەم بابەتی کۆیادە واتە (حافزەی جەمعییە)  Collective Memory  ڕوونتر بکەمەوە دەبێ چەند نموونەیەکی بەرهەستتان بۆ بێنمەوە.

ئێمە کە ئەمڕۆ لە سەردەمی ئەی ئای و پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژییەکاندا دەژیین، لە سایەی زمانەوەیە. ئێمە بە هۆی زمانەوە توانیومانە ئەزموونی مرۆڤ لەو ساتەوە کە ئاگری دۆزیوەتەوە هەتا ئێستا قۆناغ بە قۆناغ ڕاگوێزین و پەرەی پێ بدەین. خۆ ئەگەر زمان نەبوایە ئەم شتە ڕووی نەدەدا.  ئەوە یەکێکە لە جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ. ئاژەڵ ناتوانێ ئەزموونی ڕابردووی خۆی بۆ ئێستا و داهاتووی ڕاگوێزێت. ئەگەر ئاژەڵ لە ئاگر یان ئاو یان لە تەقەی تفەنگ دەترسێ، ئەوە غەریزەیە. تەنانەت ئەگەر بۆی ببێ بە ئەزموونیش، ئەزموونەکەی هەر ئی خۆیەتی. بۆ نموونە، سەگێک کە لێی دەدرێ و ڕق هەڵدەگرێ، ڕەنگە دوای دە ساڵ ئەو کەسە بناسێتەوە کە لێی داوە، بەڵام ناتوانێ بە هاوچەشن و بێچووەکانی خۆی بڵێ فڵانی لێی داوم، چونکە زمانێکی نییە کە بتوانێ خەزێنەی ئەزموونەکانی تێدا کۆ بکاتەوە.

 

جا گرینگیی ئەم کۆکردنەوەی ئەزموون و ڕاگوێستنەی بۆ ئێستا و داهاتوو لە چیدایە؟

وەختێک دەڵێین واتا لە زمان و وشەدا شکڵ دەگرێ، دەی ناسنامەی مرۆڤ شتێکی واتاییە، ئەویش لە بەستێنی زماندا بیچم دەگرێ. نوام چۆمسکی پێی وایە زمان بابەتێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نییە، بەڵکوو سیستەمێکە لە زاتی مرۆڤدایە. بەڵێ، لە نموونەی ئاژەڵ و مرۆڤدا من ئاماژەم بەو بابەتە دا، کە ئەو سیستەمەی زمان تایبەتی مرۆڤە، بەڵام مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و لە نێو کۆمەڵدا هێما و واتاکان دادەنرێن و لەسەری ڕێک دەکەون. تەنیا یەک نموونە جوان ڕوونی دەکاتەوە. ئەویش ئەوەیە ئەگەر منداڵێک بە ساوایی فڕێ بدرێتە چۆڵەوانییەکەوە و لەوێ لە دارستانێکدا گەورە بێ و گوێی لە هیچ دەنگێکی مرۆڤ نەبێ، نە زمان دەگرێ نە حاڵییش دەبێت. کەوابوو لەنێو کۆمەڵدا زمان دەپژێ و ناسنامەش لەنێو کۆمەڵدا دروست دەبێت. ئێریک ئێریکسۆن، دەروونناسێکی ئەمریکاییە و لە قەیرانی شوناسی کۆڵیوەتەوە دەڵێ، ناسنامە/شوناس پرۆسەیەکە لە پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵدا شکڵ دەگرێ و زمان لەو پەیوەندییەدا سەرەکیترین ئامرازە کە سنوورەکانی خۆمانە و بێگانە دەسنیشان دەکات.

کەوابوو ئەوەی مەودا و سنووری نێوان ئێمە و ئەوان یەکلا دەکاتەوە زمانە. زمان بڕبڕەی پشتی ناسنامەیە و ناسنامە بەبێ زمان هیچ پێناسەیەکی نابێ. لە زماندا "من" دەبێ بە "ئێمە" ئەوجار بە زمانیش پرسیار دەکەین، من کێم؟ ئێمە کێین؟ کین ئەم؟ کوردین ئەم.

 

زمان و تێگەیشتن و جیهانبینی و دەربڕین

ساپیر وۆرف دەڵێ، زمان کاریگەریی هەیە لە سەر چۆنیەتیی تێگەیشتنی مرۆڤ لە جیهان. واتە لە ڕێگەی زمانەوە و بە هۆی زمانەوە تێگەیشتنەکانمان لە جیهان گۆڕانی بەسەردا دێ. مەبەستی ئەوەیە مرۆڤ جیهان بەو جۆرە دەناسێت و دەبینێت کە زمان ڕێگەی پێ دەدات، نەک بەو جۆرەی هەیە. تۆ ئەگەر هیچ زانیارییەکت لەسەر سیستەمێکی دیجیتاڵی نەبێت، چەندەی لێ حاڵی دەبی؟ ئەگەر بتەوێ لێی حاڵی بیت ئەوە لە ڕێی زمانەوەیە دەتوانی بیناسی و تەنانەت دروستیشی بکەیەوە. وەختێک ناسینی جیهان لە ڕێگەی زمانەوەیە و زمان دەرەتانی ناسینی جیهانمان بۆ دەرەخسێنێ، دەزانین، زمان ئەگەر لاواز بێت، ناسینی ئێمەش بەرتەسکتر دەبێتەوە.

 

زمان و ئاخاڤتنی سەرکردە سیاسییەکان

زمان چەندی پەیوەندیی بە شوناسی گەل و کۆوە هەیە، ئەوەندەش دەتوانێ ناسنامەی تاقم و گرووپ و دەستە و لایەنێک بێت. تۆ بە بیستنی لێدوانی سەرکردەیەک لە ڕادیۆوە دەسبەجێ دەزانی سەر بە ڕەوتێکی سیاسی یان ئایینییە. ئینجا کە لە  لێدوان و زمان و دەربڕینی سەرکردە سیاسییەکان ورد دەبیتەوە، دەبینی، سەرکردەیەکی سیاسی، کە بەردەوام دەخوێنێتەوە و خۆی ئاپدەیت دەکاتەوە، سنووری واژە و دەستەواژەکانی بەربڵاوتر و زمانی دەربڕینی پتەوتر و پاراوتر و قسەکانیشی کاریگەرترن. بەو ڕادەیەش چەندی زمانیان هەژارتر بێ، ئەوەندە ئاستی وتاریان نزمتر و تەنانەت سنووری تێگەیشتن و دەربڕینیشیان بەرتەسک دەبێ.

 

زمان و گێڕانەوە هاوبەشەکان

زمان هەڵگری هەست و خەم و خەیاڵەکانی میللەتێکە. ئەگەر زمان لەلایەکەوە ئەزموونەکانی مێژوومان لە خۆیدا بۆ هەڵدەگرێ و بۆ ئێستا و داهاتوومانی رادەگوێزێ، ئەوە خەم و خۆشی و شایی و کەوتن و هەستانەوەکانیشمان لە چوارچێوەی زماندا دەمێننەوە. بۆ نموونە بەیتی قەڵای دمدم، بەیتی هەمزاغای مەنگوڕ و سمایل خانی سمکۆ هەڵگری مێژوویەکن، کە تەنیا لە زمانەکەی خۆمدا ئەو واتا و جیهانە خوڵقاوە و واتای هەیە.

 

جا لێرەوە با بێینەوە سەر مەسەلەی زمانی زگماک یان زمانی دایک

ئێمە دنیا بە زمان دەناسین. ئەگەر زمانی دایک لاواز بێت، ئەوە چوارچێوەی تێگەیشتنمان کرچوکاڵ و لاواز دەبێت و ناسنامەکەشمان یان تێگەیشتمان لە ناسنامەی خۆمان تێگەیشتنێکی کرچوکاڵ و شەرمنانە دەبێت. لێرەوە ناسنامە دەکەوێتە مەترسییەوە.

بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵێک نموونەی بەرهەست(عەینی)ـمان لەبەر دەستن. کاتێک ئورووپاییەکان گەیشتنە ئەمریکا و ئوسترالیا، یەکەم کارێکی کردیان، دابڕینی خەڵکە خۆجێییەکەی ئەو وڵاتانە بوو لە زمان و یادگە و بیرەوەرییەکانیان. ئەو پڕۆسەیە لە ماوەی سەدەیەکدا کارێکی کرد، ئێستا تەنیا کەمینەیەکی ئەو خەڵکە خۆجێییانە لەو وڵاتانەدا ماون، ئەوانەش جیا لەوەی لەگەڵ ڕابردووی خۆیان تەواو نامۆن، بەر لەوەی بکەرێکی چالاک بن، بابەتێکن بۆ لێکۆڵینەوە و بەزەیی پێداهاتنەوە و گێڕانەوەی مێژوو.

نموونەیەکی دیکە، گەلانی میسر و فەلەستین و ئۆردۆنن، کە پاش ئەوەی هاتنە سەر ئایینی ئیسلام، لە ڕابردوو و مێژووی خۆیان دابڕان و ئێستا هەم خۆیان بەشێکن لە ئۆممەی ئیسلامی، هەم وڵاتەکانیان بەشێکە لە نیشتمانی عەرەبی.

نموونەیەکی دیکە، ئەو بەشە لە کوردەکانی هەوشارن لە تیرەی زاخۆرانی و مووسڵانی، کە ئێستا ئیتر بە تورکی قسە دەکەن و هیچ فڕێکیان بەسەر کوردەوە نییە. تەنانەت لە دەوری میاندواو گوندێکی گەورەی یارسانی لێیە بە ناوی گوێکتەپەی گۆران، کە باپیرانیان کورد بوون و ڕاگوێزراون بۆ ئەوێ و ئێستا ئیتر تورکن.

ڤێتگنشتاین قسەیەکی بەناوبانگی هەیە دەڵێ: "سنوورەکانی زمانی من، سنوورەکانی جیهانی منە" زمان تەنیا دەربڕینی ناسنامە نییە، دەرەتانی ڕسکان و پاراستنی ناسنامەشە.

 

نەتەوەی کورد، نەتەوەیەکی زمانییە

ڕەنگە پرسی زمان بۆ کورد جیاواز بێت لە زۆر میللەتی دنیا. بۆ نموونە ئێستا پاکستانییەک بە هەر زمانێک قسە بکات پاکستانییە، بەڵام کورد ئەگەر زمانەکەی خۆی لەبیر بکات، بچێتە سەر هەر زمانێکی دی، ئیتر کورد نییە. کە کوردیش نەما، بە زمانەوە سەرلەبەری خاک و مێژووەکەی دەدۆڕێنێ.

خاوەنڕایانی ئەو بوارە باوەڕیان وایە گەلانی بێدەوڵەت لە نەبوونی دەوڵەتدا دەتوانن زمان بکەنە خانە و چوارچێوەی مانەوەی خۆیان. بە واتایەکی دیکە زمان، بۆ گەلانی بێدەوڵەت بە شێوەیەک دەوری دەوڵەتێکی نافەرمی دەگێڕێ کە ئەو میللەت یان میللەتانە لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە تا ئەو ڕۆژەی دەوڵەتەکەی خۆیان بنیات دەنێن.

 

زمان و دەسەڵات

دەسەڵات لە رێی زمانەوە خۆی دەسەپێنێ. تەنانەت ئامرازەکانی سەرکوت و کوشتاریش وەکوو زمان بەکار دێنێ. بەڵام لە بەستێنی پەروەردە و میدیا و ڕاگەیاندندا زمانی دەسەڵات دەبێتە چەکی سەرکوت و تواندنەوەی زمانەکانی دیکە. زمان دیسکۆرس دەخوڵقێنێ. هەر لە ڕێگەی زمانیشەوە دەسەڵات دەتوانێ گەلانی بندەست بکاتە بەشێک لە پڕۆژەی خۆی و دواجار وایان لێ بکات لە نێو زمانەکەی خۆشیاندا خۆیان بە کەم بگرن و ئەوی زاڵ بە سەردەست و حەق بزانن. ئێدوار سەعید دەڵێ، واژە و چەمک و گێڕانەوەکان خوڵقێنەری واقعییەتێکن کە کارپێکەری ئەو زمانە دەیەوێ. دەڵێ: "هەر کەس بتوانێ زمان وەک پێناسەکەری بەرانبەرەکەی بەکار بێنێ و ناوی لێ بنێ، ئەو کەسە دەسەڵاتی بەدەستەوەیە. چونکە زمانی زاڵ دەسنیشانی دەکات کێ شارستانییە و کێ کێوی و دواکەوتووە، کام کولتوور ڕەسەنە و کامەیان پاراوێز و ناوچەییە.

هاوکات ئێدوارد سەعید پێی وایە هەر ئەو زمانەی بۆ سەرکوت و چاوساندنەوە بەکار دەهێنرێ، دەکرێ ببێتە چەکی بەرەنگاربوونەوەی بندەستەکانیش. ئەوەش ئەو کاتەیە کە تۆ لە هێڵی گێڕانەوەی داگیرکەر لا دەدەیت و مێژوو بەو جۆرە دەگێڕیتەوە کە خۆت تێیدا ژیاوی.

فڕانتز فانوونیش پێی وایە داگیرکراو بە قبووڵکردنی زمانی داگیرکەر تەنیا فێری زمانێکی نوێ نابێت، بەڵکوو جیهانبینی و سیستەمی بایەخەکانی داگیرکەریش لە ناخی خۆیدا جێگیر دەکا و دەیانچەسپێنێ. فانوون دەڵێ: ئاخافتن بە زمانێک، بە واتای قبووڵکردنی کولتووری و جیهانی نێو ئەو زمانەیە. لە ڕوانگەی فانوونەوە، زمانی داگیرکەر دەبێتە زمان و نیشانەی مەزنایەتی و زمانی داگیرکراویش نیشانەی خۆبەکەمزانین. هەر بۆیە داگیرکراو شەرم لە زمانی خۆی دەکات و زمانی زاڵ بە نیشانەی مرۆڤبوون و پێشکەوتن دادەنێت. بە باوەڕی فانوون، هەتا بە چاوکراوەیی و ئاگاییەوە نەگەڕێینەوە نێو زمانی خۆمان، ڕزگار نابین. کەوابوو زمان تەنیا ئاوێنەی هزر و ناسنامە نییە، بەڵکوو گۆڕەپانی خەباتێکە کە تێیدا واتا دەخوڵقێنرێتەوە و هێزی بەرەنگاری خۆی دەنوێنێتەوە.