
تاهیر قاسمی
ڕۆژی ٢١ی فێوریەی هەموو ساڵێک کە لەلایەن یونسکۆوە بۆ پشتیوانی لە فرەزمانی و مافی مرۆڤەکان بۆ فێربوون و ئاخاوتن بە زمانی دایکیان، بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک دیاری کراوە، وەبیر ئێمەی کورد دێنێتەوە كە زمان ئەگەر بۆ زۆرێک لە گەلانی سەردەست ئامرازی پێوەندی بێ، بۆ کورد یادەوەریی مێژوویی، ناسنامەی كەلتووری و کۆڵەکەی سەرەكیی هەبوونی گەلێكە.
لەنێو ئەو زمانانەدا كە بۆ مانەوە و بەردەوامیی خۆیان ڕێگای دژواریان پێواوە و لەبەرامبەر تۆفان و ڕەشەبای زۆر بەهێزی داگیرکاریدا خۆیان ڕاگرتووە، زمانی كوردی پێگەیەکی تایبەتی هەیە. ئەم زمانە، زمانی گەلێکە کە لە مێژووی هاوچەرخدا دەوڵەت-نەتەوەیەكی سەربەخۆی نەبووە تا خزمەتی بکا. لە ژێر چوارچێوەی دەوڵەتانی داگیرکەردا ژیاوە كە سیاسەتی زمانییان هەمیشە لەگەڵ پاراستن و فێركردنی زمانی كوردی ناتەبا بووە. تا ئاستێک کە لە زۆر قۆناغدا دەرفەتی خوێندن بە زمانی كوردی سنووردار یان قەدەغە كراوە و تەنانەت لە زۆر بڕگەی درێژی زەمەنیدا سیاسەتی لەبیربردنەوە و سڕینەوەی بەسەردا پێڕەو کراوە. لە وەها بارودۆخێکدا زمان نە لە پۆلەكانی قوتابخانە، بەڵكوو لە ماڵەكان، لە گۆرانی و چیرۆک و هۆنراوە و لە بیر و هەستە هاوبەشەكاندا ماوەتەوە. ئەم بەردەوامییە پیشان دەدا كە زمان تەنیا بە دامەزراوەی فەرمی ناژی، بەڵكوو بە ویست و پێداگریی قسەکەران و ئاخێوەرانی درێژە بە ژین و مانی خۆی دەدا.
بۆ گەلێک كە دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، زمان دەتوانێ ڕۆڵی ئاڵا، سنوور و ناسنامە بگێڕێ. زمانی كوردی لە ڕەوتی زەماندا بەم ئاستە گەیشتووە و ئێستا بۆ گەلی کورد ئەم ڕۆڵە دەگێڕێ. هەڵگری ئەفسانە و ئەدەبی زارەكی و فۆلكلۆرە، ئامرازی گواستنەوەی مێژووی نەوتراو و چیرۆكە خۆماڵییەكانە و بۆ خەڵكێكی دابەشکراو بەسەر چەند وڵاتدا، ئامرازی پێوەندی و هۆكاری پێكەوەبوونە.
لەگەڵ هەموو ئەو هەڕەشە و سنووربەندییانەدا کە بەردەوام بەسەر زمانی کوردیدا پێڕەو کراوە، ئەم زمانە نەک تەنیا ماوە بەڵكوو بەردەوام لە گەشە و نەشەدا بووە. بە تایبەت بە درێژایی ئەم چەند دەیەی دوایی، لە بوارەكانی میدیا، موسیقا، ئەدەبی نووسراو و فەزای ئینتێرنێتدا خۆی بەهێزتر کردووە. ئەم بزێوییە پیشان دەدا كە زمان بوونەوەرێكی زیندووە و تا قسەكەرەكانی زیاتر بەكاری بهێنن، پتر پێی بنووسن و داهێنانی پێ بكەن، زیندووتر و بزێوتر دەبێ و دەتوانێ بەسەر گوشارە سیاسییەکاندا باشتر سەر بکەوێ.
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بۆ کورد و بۆ هەر نەتەوەیەک کە زمانەکەی لەژێر چەوسانەوە و سڕینەوەدایە، تەنیا یادكردنەوەی بۆنەیەكی ساڵانە نییە؛ بەڵکوو سەنگەری هەرە گرینگی بەرخودان و مانەوەی نەتەوەییە. هاوکات داکۆکی کردنەوە لەو ڕاستییەیە كە فرەزمانی نەک مەترسی بەڵكوو سامانێكی مرۆییە. پاراستنی زمانی كوردی و هەموو زمانە دایكییەكان، هەنگاوێكە بۆ بەهێزكردنی گفتوگۆ، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دادپەروەریی كەلتووری. زمانی دایک یەكەم دەنگە كە منداڵ جیهانی پێ دەناسێ. پاراستنی ئەم زمانە، پاراستنی كەرامەتی مرۆڤە. بۆ گەلێک كە بە درێژایی سەدان ساڵ بێدەوڵەت ژیاوە، بەڵام زمانەكەی پاراستووە، زمان تەنیا ئامرازی قسەكردن نییە، بەڵکوو هەناسەی مێژووی ئەم گەلەیە.