کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسیارەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرانبەر خەڵکی ئێراندا

15:45 - 30 رێبەندان 2725

عومەر باڵەکی

لە ١٨ و ١٩ی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا، بۆ جارێکی دیکە ڕوخساری دڕندەخۆ و دوژمن بە مرۆڤایەتیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی خۆی دەرخستەوە. لەبەردەم چاوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا، بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە و جووڵاندنی هێزی نیزامی و کەڵک وەرگرتن لە چەکی جۆراوجۆری مەیدانی شەڕ بۆ بەگژداچوونەوەی خۆپێشاندەرانی ناڕازی، کارەساتێک قەوما کە بووە هۆی ئەوەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا گۆمی خوێن لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بڕژێت. بەپێی ئامارە سەرسووڕهێنەرەکان، بە هەزاران کەس لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا گیانیان لەدەست دا یان بریندار کران.

ئەو کوشتارە بێبەزەییانەی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی ئێستادا، لەگەڵ هیچ کام لە پێوەرەکانی حکوومەتداری و یاسا نێودەوڵەتییەکان یەک ناگرێتەوە. دەتوانین بڵێین ئەو کردارەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، تەنیا لە پێناوی مانەوە لە دەسەڵاتدا، جۆرێکە لە یاخیبوون لە هەموو یاسا و ڕێساکانی ئایینی و یاسایی؛ چونکە هیچ دەوڵەتێک لە سەردەمی ئێستادا پەیدا نابێت ئاوا بە ئاشکرا و بێ ترس و خۆف، خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بخاتە بەر پەلاماری بێبەزەییانەی چەکەکانی مەیدانی شەڕی نێودەوڵەتی و ڕەحم بە پیر و لاو و منداڵ نەکات، و لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا کارەساتێکی مرۆیی وا بخوڵقێنێت کە ڕەنگە لە شەڕی نێوان دوو دەوڵەتدا لە ماوەی چەندین ساڵدا ئەوەندە خەڵکی بێدیفاع نەکوژرێن.

لە سەردەمی ئێستادا و لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا، ڕۆژانە خەڵکی ناڕازی لە دەوڵەت و حکوومەت بە هۆکاری جیاواز دەڕژێنە سەر شەقام و دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بە گوێی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەگەیەنن؛ زۆر جارانیش خەڵکی ناڕازی لەسەر شەقام لەگەڵ پۆلیسی ئەو وڵاتانە تووشی تێکهەڵچوون دەبن، بەڵام زۆر دەگمەن هەڵدەکەوێت پۆلیسی ئەو وڵاتانە دەست بۆ چەک بەرن، بەڵکوو بە ڕێگەی جۆراوجۆر کە نەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان، هەوڵ دەدەن بڵاوە بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بکەن.

بەڵام لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەپێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا و عورفە نێودەوڵەتییەکان، هەر کاتێک بە هۆکاری جیاوازی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، خەڵکی ناڕازی بۆ دەربڕینی بۆچوون و نەزەری خۆیان هاتبێتنە سەر شەقام، دەستبەجێ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامەوە، لەجیاتی گوێگرتن لە دەنگی خەڵک، فەرمان بە هێزە نیزامییەکان دەکرێت بە توندترین شێوە سەرکوتی ئەو خەڵکە بکەن. لێرەدایە بە ڕوونی بۆ هەموو دنیا دەردەکەوێت کە مەبەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە هێنانی هێزی چەکدار بە کەرەستەی مەیدانی شەڕ بۆ سەر شەقامەکان، کۆنترۆڵکردنی جووڵەی ناڕەزایەتیی خەڵک نییە، بەڵکوو سەرکوتی بێبەزەییانەی خەڵکە بۆ ئەوەی چاوترسێن بن و بۆ جارێکی دیکە ناڕەزایەتی لە کارکردی حکوومەت لەسەر شەقام دەرنەبڕن. ئاماری کوشتاری ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی مانگی بەفرانباری ئەمساڵ کە باس لە دەیان هەزار کوژراو و بریندار دەکرێت، خۆی دەرخەری نییەتی ڕاستەقینەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە لەو سەرکوتە بەربەرینەدا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک سیستمێکی سیاسیی دەسەڵاتدار لە ئێراندا، بەپێی یاسا و ڕێساکانی سەردەم و تەنانەت ئەسڵ و بڕگەکانی یاسای بنەڕەتیی ئێرانیش، لەسەریەتی پابەندی پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان بێت و لە هەمان کاتدا بەرپرسیارە لە ڕەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێراندا. چونکە دەوڵەتی ئێران زۆربەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانى ئیمزا کردووە و ئەندامی فەرمیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە؛ بەپێی ماددەی ٢، بەندی ٤ لە مەنشووری ئەو ڕێکخراوە، کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی لە بەرانبەر خەڵکدا قەدەغەیە.

هەروەها ئێران ئیمزای لەسەر ئەساسنامەی دیوانی نێودەوڵەتیی سزادان کردووە کە ساڵی ١٩٩٨ لە ڕۆم دامەزرا. هەرچەندە ئیمزاکردنی ئەو ئەساسنامەیە هەتا ئێستا بە پەسندی مەجلیسی شورای ئیسلامی نەگەیشتووە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێبەری بێت لە پابەندبوون بە بڕگەکانی ئەو یاسایە، بەڵکوو هەتا مەجلیسی شورای ئیسلامی ئیمزای نوێنەری حکوومەت ڕەت نەکاتەوە، پابەندیی بۆ کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە بڕگە و خاڵەکانی ئەساسنامەی دیوانی سزادانی نێودەوڵەتی دروست دەکات. بەپێی ماددەی ٧ی پێڕەوی دیوانی سزادانی نێودەوڵەتی (دیوانی نێودەوڵەتیی کەیفەری، ڕۆم ١٩٩٨)، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەم شێوەیە پێناسە کراوە:

"تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بریتییە لە ئەنجامدانی هەر کارێک بە شێوەی هێرشی بەربڵاوی نیزامی و ڕێکخراو بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، کە کوشتاری بەربڵاوی ئەو خەڵکەی لێ بکەوێتەوە، یان بەبێ هۆکاری یاسایی خەڵک ڕەشبگیر و ڕەپێچەکی زیندان بکرێن و بکەونە ژێر ئەشکەنجە و ئازار لە بواری دەروونی و جەستەییەوە..."

بەپێی ئەو پێناسەیە، کوشتاری خەڵکی ناڕازیی ئێران بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەچێتە خانەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەر حکوومەت و دەوڵەتێک بەرپرسە کە خەڵکی خۆی لە بەرانبەر ئەم چوار تاوانەدا بپارێزێت: "تاوانی شەڕ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، پاکتاوی ڕەگەزی و ڕاگواستنی زۆرەملێ". بەڵام کاتێک حکوومەتێک لە بەرانبەر ئەو چوار تاوانەدا پارێزگاری لە خەڵکی خۆی ناکات یان خۆی هۆکاری جێبەجێکردنی ئەو تاوانانەیە، ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی ئەوەی هەیە ئەو بابەتە بخاتە بەرباس و بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر بدات و بەو ئامرازانەی لەبەردەستییەتی، ڕووبەڕووی حکوومەتی تاوانکاری وەک کۆماری ئیسلامی ببێتەوە. لە مێژووی هاوچەرخدا نموونەی لەو شێوەیە هەبووە کە دەوڵەتان، چ بە پاڵپشت و پەسندی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان یان هاوپەیمانیی چەند دەوڵەتێک لەژێر ناوی "دەستێوەردانی مرۆڤدۆستانە"، هێرشی نیزامییان کردووەتە سەر ئەو دەوڵەتەی پابەندی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە و بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی ناڕازیی وڵاتەکەی، هێزی نیزامیی بەکار هێناوە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام داوە.

لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، کە بەهۆی سیاسەتی چەوتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، و دوژمنایەتی لەگەڵ دنیای پێشکەوتوو، خوڵقاندنی کێشەی ناوکی و پەرەپێدانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی، هەموویان بوونە هۆی داڕمانی ئابووریی ئێران، بەتاڵبوونی سفرەی خەڵک و سەرهەڵدان و پەرەگرتنی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان؛ کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەتی دوای ئەو کوشتارە بەربەرین و بێئەندازەیەی خەڵکی ناڕازی کە لەلایەن ئەو حکوومەتەوە کرا، لەنێو خۆیدا دەکوڵێت و هەر ئان و ساتێک بەرەو ئەوە دەچێت دووبارە ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی بەربەرین سەرهەڵبدەنەوە. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم بارودۆخەدا پشتیوانیی هەمەلایەنە لە گەلانی ئێران نەکەن و بە هێزی فشار پاشەکشە بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەکەن، دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی چاوەڕوانی کارەساتێکی گەورەتری مرۆیی بن کە مێژووی ئێران هەتا ئێستا بەخۆیەوە نەدیوە.