کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕۆفیسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی: زمانێک کە لە پەروەردەی گشتیدا دەورێکی سەرەکی نەگێڕێت، زۆر زەحمەتە لە درێژخایەندا بتوانێت زیندوو بمێنێتەوە

15:58 - 30 رێبەندان 2725

 

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: زمان تەنیا ئامرازی ئاخاوتن نییە، بەڵکوو قەڵای پاراستنی ناسنامە و مێژووی نەتەوەیە. لەم وتووێژە تایبەتەدا پڕۆفیسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی موکری، پسپۆڕی زمانناسییە لە زانکۆی کارلتۆنی کەنەدا تیشکی خسستووەتە سەر ئاڵەنگارییەکانی زمانی کوردی لە سەردەمی ژیریی دەستکرد، گرنگیی خوێندن بە زمانی دایکی و ڕۆڵی سیاسەتی زمانەوانی لە پاراستنی جیاوازییە کولتوورییەکان، وەک مافێکی سەرەتایی و بنەڕەتیی مرۆڤ لە جیهانی هاوچەرخدا.

 

دوکتور زمانی دایکی تا چەند وەک تاقە بنەمای پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی دەبینرێت، و ئایا لە سەردەمی جیهانگیریدا زمان دەتوانێت بە تەنیا بەرگەی توانەوەی کولتووری بگرێت؟

حاشا هەڵناگرە کە زمان نیشاندەرێکی سەرەکیی ناسنامەی ئیتنۆ-نەتەوەییە یان گرووپێکی کۆمەڵایەتی-کولتوورییە. نەک هەر ئاماژە بە گرووپێک دەکات، بەڵکوو ڕۆڵی هەیە لە داڕشتن و دەربڕینی ئەو پێناسەیەدا. بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگەکان، بەتایبەت ئەوانەی کراون بە کەمینە یان لە ڕووی سیاسییەوە پەراوێز خراون وەکوو کوردەکان، زمان چەند ئەرکێکی یەکجار گرنگ بەڕێوە دەبات:

یەکەم: وەک هێمایەکی جیاکەرەوە؛ واتە جیاکردنەوەی "ئێمە" لە "ئەوان"، چونکە بە هەرحاڵ ناسنامە و پێناسە لە بنەڕەتدا واتایەکی ڕێژەیییە و ئێمە شتێکین لە ئاست شتێکی تردا کە نین. لەبەر ئەوە زمان لێرەدا دەورێکی گرنگ دەگێڕێت لە جیاکردنەوەی ئێمە و ئەوان، کە زۆر بنەڕەتییە بۆ دیاریکردنی ناسنامە.

دووهەم: زمان پێگە و کەناڵێکی پێویستە بۆ زیندوو ڕاگرتن و پاشەکەوتکردنی بیرەوەرییەکان، ئەفسانەکان، ئوستوورەکان و جیهانبینییەکانی خەڵکێک.

سێهەم: زمان کەناڵێکە یان هێزێکە بۆ گواستنەوەی کولتوور، دابونەریت و ڕێساکانی کۆمەڵگەیەک کە لەوانەیە بەدرێژایی چەند چەرخ و هەزاران ساڵ، ئەو سامانە کولتوورییە هۆشیارییەیان وەسەر یەک نابێت ئەم خەڵکە.

چوارەم: زمان بۆ هەندێک نەتەوە یان کۆمەڵە خەڵکێک، دیسان دەڵێمەوە وەکوو کوردەکان، هێما و سیمبولی خۆبوون و خۆهەڵسوڕاندنە. چەشنێک سەربەخۆیی دەدات؛ کاتێک زمانی خۆتت هەیە، هەست بە چەشنێک سەربەخۆیی هزری و فکری دەکەیت.

لە هەمان کاتیشدا، زمانی کوردی هێمای خۆڕاگری و بەرخۆدانە، هەر وەک چۆن بۆ کاتالۆنەکان هەمان شێوەیە، بۆ باسکەکان و بۆ وێڵشەکانی ئینگلستان وایە. بەهەرحاڵ بۆ هەندێک لەو کۆمەڵگەیانە، ئەوانەی کە ناوم هێنان، بەبێ شک (زمانی خۆماڵی، زمانی خەڵکەکە) ڕۆحی ئەو خەڵکەیە؛ بەبێ زمان، لەشێکی بێ گیان و بێ ڕۆح دەمێننەوە.

 

بەڵام ئاخۆ پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامە بە شێوەیەکی گشتگیر یان لە بنەڕەتدا جێگیرە؟

نا، وا نییە. واتە نابێت زۆر گشتگیری بکەین و نابێت بە چاوێکی بنەڕەتخوازانە لێی بڕوانین، چونکە شتەکە جیهانی نیە. گرینگایەتیی پەیوەندیی نێوان زمان و پێناسە بەڕاستی بەستراوەتەوە بە ژینگە و دەوروبەر. ئەمەش دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە:

یەکەم؛ ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوە و گرووپە ئیتنییەکان بەرگەی ئەمەیان گرتووە، تەنانەت بۆ چەند سەدە کە زمانی خۆیان لەدەست بدەن، بەڵام کولتوورەکەیان ئێستاش ماوە. دەیبینین جاری وا هەیە لە جلوبەرگدا، جاری وایە لە ئاییندا، جاری وایە لە مۆسیقادا یان لە هەڵسوکەوت و دابونەریتی تردا. واتە زمان بۆ هەندێک خەڵک توانیویەتی ئەم دەورە بگێڕێت؛ ئێستا بۆ نموونە زۆرینەی هەرە زۆری ئێرلەندییەکان بە ئینگلیزی قسە دەکەن، بەڵام هێندە شێوازی تری کولتوورییان هەیە (لە مۆسیقا، سەما، لەندسکەیپەکەیانەوە و خاکەکەیانەوە) ئەمانە هەمووی وای کردوە کە پێناسەیەکی جیاواز لە ئینگلیز بۆ خۆیان بپارێزن، هەرچەند نەیانتوانیوە زمانەکەیان بپارێزن.

دووهەم هۆکاریش ئەوەیە کە ناتوانین بەڕاستی ئەمە بکەینە شتێکی جیهانی کە پەیوەندیی نێوان زمان و پێناسە بنەڕەتییە، لەبەر ئەوەیە کە لە زۆر شوێنان، بۆ نموونە لە سویسڕا، چەند زمانێکی فەرمی هەیە، بەڵام خەڵکی سویسڕا بەگشتی خۆیان بە نەتەوەیەکی جیاواز دەزانن. تەنانەت ئەڵمانی قسەکەری هەیە، بەڵام خۆی بە جیاواز دەزانێت لە نەتەوەی ئەڵمان یان نەمسا. بۆ بەشی فەرەنسییەکەش هەر وایە، هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەو زمانەشی کە قسەی پێ دەکات - بۆ وێنە زمانی فەڕەنسیی سویسڕا - لە هەندێک بوارەوە جیاوازە لە فەڕەنسیی فەڕانسە. ئاوا توانیویانە خۆیان جیا بکەنەوە.

بەڵام تەنانەت لەم نموونانەشدا شتێکمان لەبیر بێت؛ واتە لەو نموونانەشدا کە دەڵێین زمان و پەیوەندیی ناسنامە ئەوەندە بنەڕەتی نین، لەگەڵ ئەمەشدا هەندێک شتی تر جێگەی زمان دەگرنەوە، واتە هێما و نیشانەی بەهێز پێویستە بۆ ئەوەی ناسنامەیەک دیاری بکرێت. هەندێک جار ئەمانە دامەزراوەی کۆمەڵایەتین؛ بۆ نموونە کەنەدا لە ئەمریکا زۆر بە ئاسانی جیا دەکرێتەوە لەبەر ئەوەی لێرە ساغڵەمی (تەندروستی) یان کاروباری سەلامەتی بەخۆڕاییە، بەڵام لە ئەمریکا بە پارەیە. بۆ وێنە ئەمە بووە بە هێمایەکی ناسنامە بۆ کەنەدا، بەتایبەتی لەچاو ئەمریکا کە دراوسێیەتی. بەڵام بۆ کوردەکان وا نییە و ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ دەگێڕێت، هەروەها بۆ کاتالۆنییەکان و باسکەکان و وێڵزەکانی ئینگلستان، بەو پێیەی کە ئەو کۆمەڵگەیانە چەندین تایبەتمەندیی کولتووریی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ ئەو خەڵکە باڵادەستەی کە لەگەڵیان دەژین.

زمان ڕۆڵێکی یەکجار گرنگ دەگێڕێت بۆ جیاکردنەوەیان لە خەڵکانی دەورووبەر، چونکە ئەم کۆمەڵگەیانە چەندین تایبەتمەندیی کولتووریی هاوبەشیان لەگەڵ ئەو خەڵکە باڵادەستەی کە لەگەڵیان دەژین هەیە (وەک ئایین یان لە ڕووی هەندێک دابونەریتەوە وەکوو ئەوان دەچن). ئەمەش زۆرتر لەبەر ئەوەیە کە چەند چەرخە لەژێر دەسەڵاتی نەتەوە باڵادەستەکاندان، زۆر دابونەریت و هەڵسوکەوت و دەربڕین و شێوەی بیرکردنەوە و ئەمانەشیان تا ڕادەیەک هاتۆتە ژێر کاریگەریی نەتەوە باڵادەستەکان، بۆیە لێرەدا زمان دەبێتە دەورێکی سەرەکی بۆ جیاکردنەوەیان، کورد لە خەڵکەکانی دەوروبەری؛ ئەمە وەک وتم بۆ باسکەکان و کاتالۆنییەکانیش هەروایە.

 

لە ئێستادا کە جیهان بەرەو هەژموونی ژیریی دەستکرد (AI) هەنگاو دەنێت، پێگەی زمانی کوردی لەنێو کایە دیجیتاڵییەکاندا چۆن دەبینن؟ ئایا مەترسیی "نەخوێندەواریی دیجیتاڵی" هەڕەشە لە مانەوەی زمانی کوردی دەکات لە داهاتوودا؟

هیچ شک لەمەدا نیە کە ئەمڕۆ ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد لە پەروەردەدا، لە کاروباری ڕۆژانەدا بەڕاستی دەورێکی زۆر گرنگ دەگێڕن؛ بەڵام زۆربەی دەورە گرنگەکە لە ڕێگەی زمانی ئینگلیزییەوە دەگێڕدرێت، یان لەلایەن ئەو زمانانەوە کە دەسەڵاتدار و خاوەن دەوڵەتن. ئەمە جۆرێک نابەرانبەری و نایەکسانییەکی هێناوەتە ئاراوە لەنێوان زمانەکاندا و هەر بەم پێیەش لەنێوان ئاخێوەرانی ئەم زمانانەدا.

پرسیار ئەوەیە کە لە وەها هەلومەرجێکدا زمانی کوردی چی بەسەر دێت؟ دوو شت؛ لە لایەکەوە ئەم نایەکسانییانە بەداخەوە هەر قووڵتر دەبنەوە، لەبەر ئەوەیکە ئەو داتا و زانیارییە پێدراوانەی کە ژیریی دەستکرد پشتیان پێ دەبەستێت و بەم جۆرە زیرەک دەبێت، بە زمانی کوردی کەمن، بە زمانی ئینگلیزی ئێجگار زۆرن، بە زمانی عەرەبی ئێجگار زۆرن، بە زمانی فارسی دیسان لە کوردی زۆرترە (کەمترە لە ئینگلیزی بەڵام لە کوردی زۆرترە)، بەڵام بە کوردی کەمە.

بەداخەوە لێرەدا ئەمە نایەکسانییەکی زۆر گەورەی دروست کردوە. هەر لە سەرەتای ئینتەرنێتیشەوە، کاتی خۆی کە من لە دکتۆراکەمدا ئەوەم خوێندووەتەوە کە ئینتەرنێت و زمانی کوردی، ئینتەرنێتیش ئەمەی دروست کرد، بەڵام ئێستا ئەمە هەیە. بەڵام دەتوانرێت ئەم ژیرییە دەستکردە، ئەگەر وشیار بین و ئەگەر پشتیوانیمان هەبێت، دەتوانێت بە بەرژەوەندیی زمانی کوردی و زمانە کەمینەکان تەواو ببێت. بەڵام ئەگەر لێی بگەڕێین و بڵێین بزانین چۆن دەبێت و بە تەمای خودا بیت بەڵکوو زمانی کوردی بپارێزێت، ئەوە نەک تەنیا نایپارێزێت، بەڵکوو زۆرتر دەیخاتە پەراوێزەوە.

بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین بەڕاستی کەڵکی لێ وەربگرین، پێویستە دامودەزگاکان پشتیوانیی زۆرتر بکەن؛ بۆ نموونە پڕۆژەیەک لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر ئەمە ساڵێکە بەڕێوەیە و کاری زۆر باشیان کردوە. لە هەندێک زانکۆی دیکە، هەندێک مامۆستامان هەن لە فەڕەنسە، لە ئەڵمانیا، لە سۆئید، لە ڕۆژهەڵات و لە باشوور کاری زۆر باشیان کردوە تا ئێستا. بۆ نموونە وەرگێڕی گووگڵ (Google Translate) یان ئێستا لە گووگڵدا زمانی کوردی بەتایبەت بە دوو شێوەزاری سەرەکی: کوردیی ناوەندی و کوردیی کرمانجی هەن. لە ڕاستیدا دەبێت زۆرتر ئەو هەوڵانە بدەین. هەوڵەکانیش دەبێت لە بواری پڕۆگرامینگ یان کۆدنووسی و پڕۆگرامنووسی بە زمانی کوردی زیاتر کار بکرێت، هەروا پێویستمان بەوەیە کە خەزێنەی زمانیی دەوڵەمەندمان هەبێت. بەکورتی، تا زۆرتر ڤیدیۆ، دەق، و دەنگ بڵاوببێتەوە بە شێوەی دیجیتاڵ لەسەر سۆشیاڵ مێدیا و ئینتەرنێت، بە زمانی کوردی هێشتا کەمە. هەتا بۆمان بکرێت هەموو لایەکمان دەبێت ئەو کارە بکەین، لە حکوومەتەوە تا تاکەکەسی و دامودەزگاکان. هەموو لایەک دەبێت لە بیانوویەک بگەڕێن کە هەرچییەکیان هەیە بە نووسین، بە دەنگ، یان بە قسە بیخەنە سەر ئینتەرنێت بە زمانی کوردی. بەم جۆرە دەتوانین داهاتوویەکی گەش بۆ زمانی کوردی لە دنیای دیجیتاڵ و ژیریی دەستکرددا دابین بکەین بە بڵاوکردنەوەی خوێندەواریی دیجیتاڵی و خوێندەواریی ژیریی دەستکرد.

 

ئێمە باس لە خوێندن بە زمانی دایکی دەکەین، بەڵام ئایا فرەدیالێکتی (فرە شێوەزاری) لەنێو زمانی کوردیدا، ڕێگرە لەبەردەم پڕۆسەی ستانداردسازیی خوێندن، یان دەکرێت وەک دەوڵەمەندییەک بۆ داڕشتنی سیستەمێکی پەروەردەیی مۆدێڕن بەکار بهێنرێت؟"

هیچ گومانێک لەوەدا نییە، ئەگەر زمان، هەر زمانێک، یەک زمانی ستانداردی هەبێت بۆ پەروەردە، دەتوانێت زۆرێک لە کارەکانی باشتر بکات. ئەمە هیچ شکی تێدا نییە. بەڵام هەندێک جاریش هەیە کە ئێمە جیاوازیی زمانیمان هەیە، بەڵام دانی پێدا ناهێنین؛ ئەم خۆبواردنە لە دانپێدانان و ڕەوایی‌دان بە جیاوازیی زمانی، دەتوانێت دەرئەنجامی نەرێنیی زۆرتری لێ بکەوێتەوە، وەک لەوەی کە دانی پێدا بنێیت و پاشانیش بتوانیت بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆ دابنێیت کە چۆن بسازێیت لەگەڵ فرەزمانی و فرەزاراوەیی.

بە بڕوای من ئەگەر دان بەم فرەچەشنییەدا بنرێت و ڕێک بخرێت، لە ڕاستیدا ئەمە دەتوانێت ببێتە سەرمایەیەک بۆ زمان و کولتووری کوردی. زۆرێک لە سیستمەکانی پەروەردەی مۆدێڕن، وەک ئەوانەی لە کاتالۆنیا، وێڵز یان نۆروێژ هەن، بە سەرکەوتوویی فۆرمێکی نووسراوی ستاندارد لەگەڵ شێوەزارە ناوچەییەکان تێکەڵ دەکەن. بۆ نموونە: لە وڵاتی نۆروێژ، هەموو قوتابییەک دەبێت دوو شێوەزاری نۆروێژی فێربێت. زمانەکە جیاواز نیە، بەڵکو دوو شێوەزاری نۆروێژییە. دیارە ئەوان دوو ڕێنووسیشیان نیە، هەر ڕێنووسێکیان هەیە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتیش هەروا دەبێت؛ تا ئێستا ئەوەندەی کە دیارە هەر ڕێنووسێک دەبێت. مادام ئەوەی کە ئیتر ئەو دەم کورمانجی‌ئاخێوەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر کارتێکەریی باکووری کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان، ئەوانیش بیانهەوێت ڕێنووسی خۆیان بگۆڕن، ئەوە شتێکی ترە. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات، ئەمە شتێکی زۆر سەیر و سەمەرە نیە؛ ژاپۆنییەکان سێ ڕێنووسیان هەیە لە جیاتی یەک ڕێنووس. بە سێ ڕێنووس دەنووسن، دنیاش خراپ نەبووە و دەبینین کە وڵاتێکی ئێجگار پێشکەوتووە لە هەموو بوارێکەوە.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بەڕاستی ئێمە پلانێکی تۆکمەمان هەبێت. پلانێک کە لەگەڵ ئەوەدا کە دەتوانێت ستانداردێکی هاوبەش بۆ خوێندەواری پێشکەش بکات، لە هەمان کاتدا ڕێگە بدات بە شێوەزارەکان کە هەم لە بواری زارەکییەوە خۆیان دەرببڕن و مەیدانیان بۆ دروست بکات، و هەم ئەوەی کە بتوانن منداڵەکانی خۆیان فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی بکەن. ئەمە زۆرتر دەمێنێتەوە سەر کۆمەڵگەکە کە دەیەوێت چی بکات. ئەگەر لەوە بگەڕێین کە بەڕاستی کامیان لە بواری ئابوورییەوە، لە بواری هێز و وزەوە، لە بواری کاتەوە دەتوانێت زۆرتر بەسوود بێت، دیارە یەک زمان؛ بەڵام ئەم یەک زمان هەڵبژاردنە ئەگەر لەپێناو ئەوەدا بێت کە خۆمان گێل بکەین لە ئاست ڕاستییەکان و لە واقیعی کۆمەڵگەی کوردی، ئەمە زۆر زۆر ڕەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت و زۆر بەپێچەوانەوە بەرهەم دەداتەوە. ئەودەم لەوانەیە، نەک لەوانەیە، بێ‌گومان، بۆی هەیە تووشی هەمان هەڵە ببین کە حکوومەتەکانی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق کاتی خۆی کردوویانە. داسەپاندنی یەک شێوەزار و یەک زمان جگە لەوەی کە مافی زمانییش پێشێل دەکات، تەنیا دوژمنایەتی بەرهەم دەهێنێت.

 

ئەگەر سەیری جاڕنامە نێودەوڵەتییەکان بکەین، مافی خوێندن بە زمانی دایکی وەک مافێکی سەرەتایی مرۆڤ ناسێنراوە؛ بە بڕوای ئێوە وەک پسپۆڕێک، بۆچی تا ئێستا زمانە دایکییەکان (بە تایبەت کوردی لە هەندێک پارچە) نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی 'ماف'ەوە ببەنە 'پڕاکتیزە' لەنێو دامەزراوە فەرمییەکاندا؟

پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دان بە مافەکانی زماندا دەنێن، بەڵام کەمن ئەو پەیماننامە و جاڕنامانەی کە پەروەردەی تەواو بە زمانی دایکی مسۆگەر دەکەن. ڕێکخراوەکانی وەک ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یونێسکۆ و یەکیەتیی ئورووپا بانگەوازی ئەمە دەکەن کە هەموو منداڵێک دەستی بە زمانی زگماکیی خۆی ڕابگات، وەکوو قسەپێکردن یان فێربوونی خوێندن و نووسینەوە بە زمانی یەکەم، بەڵام ئەم پەیماننامانە، بەداخەوە، زۆرجار لە بڕگەگەلێک و دەربڕینگەلێک کەڵک وەردەگرن کە دەتوانین پێیان بڵێین، زمانی 'خۆدزینەوە' یان 'زمانی دەربازبوون لە بەرپرسیارێتی'. بۆ وێنە دەنووسن: مافی زمانی بدرێت 'لە شوێنێک کە دەکرێت' یان 'کاتێک گونجاو بێت' یان، 'ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت'. ئەم جۆرە زمان و دەربڕینە ڕێگە بە دەوڵەتان دەدات بە ئارەزووی خۆیان پەیماننامەکە جێبەجێ بکەن، یان زۆر بە کەمی ڕەچاوی بکەن یان هەر بە ئێجگاری وەپشت گوێی بخەن. هەندێک لەو پەیماننامانە، وەکوو ئەوەی یونێسکۆ، زۆر بە ڕاشکاوی پشتیوانی دەکەن نەک هەر لە خوێندنی زمانی زگماکی لە فێرگە، بەڵکوو هەروەها لە 'خوێندن بە زمانی زگماکی'؛ بەڵام، جاڕی لەم چەشنە دڵخواز و ئەکادیمییانە چنگ و ددانیان نیە؛ واتە، هەر قسەن؛ پێشنیارن. ئەگەر وڵاتێک بە گوێیان نەکات، هیچ میکانیزمێک لە گۆڕێدا نیە کە سزا بدرێت.

جا، ئێستا پرسیار ئەمەیە کە بۆچی مافی زمانی بە ئاشکرا دەرنابڕدرێت و نایەتە مەیدانی کردەوە، نە لە جاڕنامەکاندا و نە وڵاتێکی وەکوو ئێران؟ هۆیەکەی ئەمەیە کە مافی زمانی تەنیا زمان ناگرێتەوە؛ بەڵکوو هەموو لایەنەکانی دیکەی ژیانیش دەگرێتەوە. واتە، بەشکردنی دەسەڵاتی زمانی و دانی مافی زمانی، هەروەها بە واتای دابەشکردنی دەسەڵاتە. مافی زمان لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە داینامیکی دەسەڵاتەوە هەیە.

وڵاتانی وەک سویس، نۆرویژ، باشووری ئەفریقا و بێلژیک بە پاراستنی چەندین زمان، هاوبەشکردنی کاریگەریی سیاسی و ئابووری لە نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکاندا قبووڵ دەکەن. بەپێچەوانەوە، لە وڵاتانی وەک ئێران، پێدانی مافی زمانەوانیی کورد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکیەتیی نەتەوەیی دەزانرێت. کەچی دەیان نموونە لە دنیا پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن. بۆ وێنە، کوبەک گەرەکی بوو لە کەنەدا جیا بێتەوە، بەڵام، هەتا زۆرتر مافی سیاسی و کولتووری، لەوانە زمانی، وەردەگرێت زۆرتر حەز دەکات وەکوو بەشێک لە کەنەدا بمێنێتەوە. ئەمە سەبارەت بە باسکەکان لە ئیسپانیا، وێڵشەکان لە ئینگلستان و فلێمیشەکان لە بێلژیکیش ڕاستە.

کەواتە پرسی ڕاستەقینە خودی پەیماننامەکان نین؛ پرسە ڕاستەقینەکە ئەمەیە کە ئایا دەوڵەتەکان ئامادەن دەسەڵات هاوبەش بکەن و قبووڵ بکەن کە مەرج نیە یەک نەتەوە تەنیا یەک زمانی هەبێت؟ هەتا ئەمە پەسند نەکەن، مافی زمانی یان باسی ناکرێت یان هەر لە قسەدا دەمێنێتەوە."

 

کاریگەریی دەروونی و مەعریفیی 'قەدەغەکردنی زمانی دایکی' یان 'پەراوێزخستنی' لە قۆناغی منداڵیدا چییە؟

کاتێک زمانی دایکیی منداڵ قەدەغە دەکرێت یان دەنرێتە لاوە، کارتێکەرییەکەی لە ئاستی زمان تێدەپەڕێت؛ واتە ئەمە تەنیا زمان نیە کە پەراوێز خراوە، بەڵکوو ئاخێوەرەکە و ژیانی ئەو ئاخێوەرەیە. منداڵان یەکەم زمانی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ تێگەیشتن لە جیهان، بۆ دەربڕینی هەستەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ خێزان. کاتێک ئەو زمانە وەک "هەڵە" یان "بڤە" یان "ناتەواو" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، زۆرجار منداڵان هەست بە شەرمەزاری، سەرلێشێواوی، یان فشار دەکەن بۆ شاردنەوەی بەشێک لەوەی کە کێن؛ واتە یان پێناسەکەیان دەشارنەوە یان شەرمی لێ دەکەن. خۆبەکەمزانین یەکێک لە کوشەندەترینی ئەو هەستانەیە کە نابێت ڕێگای بۆ مێشکی هیچ منداڵێک هەبێت. وەلانانی زمانی منداڵ هەروەها پەیوەندیی نێوان نەوەکان لاواز دەکات، چونکە ڕەنگە منداڵان کێشەیان هەبێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ دایک و باوک یان باپیر و داپیر؛ بەم جۆرە، گواستنەوەی چیرۆک، دیرۆک و دابونەریتی بنەماڵە و خێزان زۆر قورستر دەبێت، یان هەر ناکرێت.

پەراوێزخستنی زمانی منداڵ، هەروەها، کاریگەریی لەسەر فێربوون هەیە. توێژینەوەکان دەری دەخەن کە زۆربەی منداڵان لە خوێندنی فێرگەدا سەرکەوتوو دەبن ئەگەر پەروەردە بەو زمانە دەست پێ بکەن کە باشتر دەیزانن و بە زمانی خۆیانی دەزانن. ئەگەر ئەو زمانە لاببرێت، فێربوون قورستر دەبێت، متمانەبەخۆبوون دادەبەزێت و قوتابخانە دەتوانێت ببێت بە ژینگەیەکی ناهێمن و ناپارێزراو کە منداڵ حەزی پێ ناکات.

بە تێپەڕبوونی کات ئەمە دەتوانێت دابڕانی کولتووری دروست بکات. زۆرێک لە گەورەساڵانی گرووپە کەمینەکان دواتر دەڵێن هەست دەکەن لە ڕەگ و ڕیشەی خۆیان بڕاونەتەوە، چونکە زمانەکەیان لە گەنجیدا بەهای نەبووە. لەو چل ساڵەدا کە لە کەنەدا بووم، بە دەیان جار، ئەگەر نەڵێم سەدان جار، ئەمەم بینیوە و بیستووە.

کاتێک منداڵان ڕێگەیان پێ دەدرێت زمانی دایکیی خۆیان بپارێزن و لە هەمان کاتیشدا زمانی زاڵ فێرببن، لە ڕووی ئەکادیمییەوە باشتر دەبن، هەست بە دڵنیاییی زیاتر دەکەن لە ناسنامەکەیاندا و پەیوەندییان بە کولتوورەکەیانەوە پتەوتر دەبێت. وەپێشخستنی زمانی زگماکی لە سیستەمێکی پەروەردەی فرەزمانەدا، منداڵ و هەم کۆمەڵگە بەهێز دەکات.

 

زۆرینەی زمانە زیندووەکانی جیهان لە ڕێگەی 'زمانی ئەدەب'ەوە گەشەیان کردوە؛ ئایا ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی توانیویەتی وشەسازی و ڕستەسازیی زمانی کوردی نوێ بکاتەوە، یان هێشتا لەژێر سێبەری زمانە دراوسێکان و وەرگێڕانە لاوازەکاندا گیری خواردوە؟

خوێندن و پەروەردە بە زمانی زگماکی بە لەبەرچاوگرتنی هەموو کۆسپ و تەگەرە سیاسی و کولتوورییەکان کە خراونەتە بەر دەم زمانی کوردی، دەتوانین بڵێین کە کوردی لە ئاستی دەربڕینی سەردەمییانەوە پێشکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینیوە. هەر ئەوەندە بەسە کە دوو دەق پێک بگرین: کوردستانی ساڵەکانی ڕابردوو (سەردەمی کۆمار، پەنجاکان، هەشتاکان) و کوردستانی ئێستا، جا ئەو کاتە دەبینن کە لە ئاستی زمان و دەربڕینی سەردەمییانەوە پێشکەوتنێکی باشی بەخۆوە بینیوە. بەڵام، لە هەمان کاتیشدا، هەموویان زۆربەی بەرهەمە کوردییەکان شەقڵ و شوێنی زمان و گوتاری باڵادەستیشی پێوە دیارە. هۆیەکەشی ئاشکرایە: زۆربەی کوردی ڕۆژهەڵات کە فێری خوێندنەوە و نووسین دەبێت، بە فارسی فێر دەبێت، نەک بە کوردی. ئەگەر بە زمانی فارسی خوێندت، بیرکردنەوە و تێگەیشتنت لە دنیا و دەوروبەرت بەو زمانە ڕادێ و لە قاڵب دەدرێت. بۆیە، وشەکانت، دەربڕینەکانت، تەنانەت ڕێزمانەکەت وردە وردە خۆیان لەگەڵ فارسی ڕێک دەخەن، تەنانەت ئەگەر پێت وابێت کە بە کوردی قسە دەکەیت یان دەنووسیت.

بۆ نموونە، هەر لەسەر سۆشیال مێدیا گوێ لە قسەکردنی شارەدارە کوردەکان، ئەندازیارە کوردەکان، یان دوکتورە کوردەکانی ڕۆژهەڵات بگرە. زۆربەی کاتەکانن فارسێک بە باشی لێیان تێ دەگات، چونکە نەک تەنیا زمانەکەیان، بەڵکوو شێوەی قسەکردنیان، ڕاوێژیان و بۆچوونەکانیشیان بە خەستی کەوتووەتە ژێر کارتێکەریی زمان و کولتووری فارسی. بۆچی؟ چونکە بەو زمانی دووهەمە پەروەردە بوون.

پیێر بۆردیۆ، کۆمەڵناسی فەڕەنسی، زۆر بە دروستی گوتوویە: "داسەپاندنی زمانێکی باڵادەستی ستاندارد تەنیا بۆ ئاسانکردنەوەی پێوەندییەکان نییە، بەڵکوو بۆ یەکسانکردنی جیهانبینییەکانە"؛ لەو یەکسانکردنەشدا، زمان و کولتوورە بەکەمینەکراوەکان دەفەوتێن. جا بۆیە، خوێندن بە زمانی دایک ئێجگار گرنگە. لە سەردەمی خوێندەواریی گشتیدا، لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و ئەلگۆریتمدا، کە بەبێ زمان هەڵناسووڕێت، زیندوومانەوەی زمانێک بە توندی بەستراوەتەوە بە شوێن و پێگەی ئەو زمانە لە پەروەردەی گشتیدا؛ زمانێک کە لە پەروەردەی گشتیدا دەورێکی سەرەکی نەگێڕێت، زۆر زەحمەتە لە درێژخایەندا بتوانێت زیندوو بمێنێتەوە.

 

بۆ پاراستنی زمانی کوردی، پێویستمان بە 'سیاسەتی زمانەوانیی' حکوومی هەیە. بە بڕوای ئێوە، گرنگترین خاڵ کە دەبێت لە ستراتیژیی نەتەوەیی بۆ پاراستنی زماندا هەبێت چییە، و ئایا ئەکادیمیاکانی زمان توانیویانە ئەو ڕۆڵە بگێڕن؟

گرنگترین خاڵ لە ستراتیژێکی نەتەوەیی بۆ پاراستنی زمانی کوردیدا بریتییە لە: پابەندبوونێکی پتەو بە بەکارهێنانی زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە، نەک تەنیا وەکوو مادەیەک، دەرسێک لە فێرگە، یان تەنیا وەکوو هێمایەکی کولتووری. کاتێک زمانێک دەبێتە بەشێک لە خوێندنی ڕۆژانە، پێگەی ڕاستەقینە و بەکارهێنانی ڕاستەقینە و قسەکەرانی ڕاستەقینەی داهاتوو بەدەست دەهێنێت. هەموو شتێکی تر، مێدیا، زاراوە، ڕاهێنانی مامۆستا، بەستراوەتەوە بەم بناغە پتەوەوە.

هەروەها سیاسەتی پەروەردەی بەهێز ئاماژەیە بۆ شتێکی قووڵتر، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەت ناسنامەی کورد وەک بەشێک لە میللەت قبووڵ دەکات و ئامادەیە فەزای کولتووری و سیاسیی هاوبەش بکات. ئەو وڵاتانەی کە چەندین زمان دەپارێزن، وەک سویس یان باشووری ئەفریقا، نیشان دەدەن کە ئەمە یەکیەتیی نەتەوەیی بەهێز دەکات، نەک لاوازی دەکات. ناوچەکانی خاوەن ئۆتۆنۆمی لە سیستەمی فیدڕاڵیدا، وەکوو کوبەک لە کەنەدا، وڵاتی باسک لە ئیسپانیا و وڵاتی وێڵز لە ئینگلستان، دەیسەلمێنن کە پەروەردە بە زمانی دایکی دەتوانێت نەک تەنیا زمانێک زیندوو بکاتەوە و پەرەی پێ بدات، بەڵکوو دەتوانێت پشتگیری لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بکات.

کەواتە کاکڵ و ناوکی هەر سیاسەتێکی زمانی سەبارەت بە زمانی کوردی لە شوێنێکی وەکوو ئێران، دەبێت ڕوون و بوێرانە بێت: زمانی کوردی بکاتە زمانێکی ئاسایی بۆ فێرکردن و فێربوون لە فێرگەکاندا، لەپاڵ زمانی فارسی، ئینگلیزی و زمانەکانی تر. سیاسەتێکی تۆکمە و دادپەروەرانەی زمانی لە چەرخی ٢١دا دەبێ لەسەر بناغەیەکی دێموکراتیک و فرەچەشنی دابمەزرێت: خوێندن و پەروەردەی فرەزمانە کە لەسەر بناغەی زمانی زگماکی، وەکوو زمانی یەکەمی پەروەردەی زارۆک، دامەزراوە.