کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گفتوگۆ یان بژاردەی سەربازی؟

16:59 - 1 رەشەمه 2725

عادڵ درەخشانی

بۆچی هاوکاتبوونی دیپلۆماسی و ئارایشی سەربازیی ئەمریکا، نیشانەی نزیکبوونەوەیە لە ساتەوەختی بڕیاردان؟

لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، گرمەی تۆپخانەکان هەرگیز بە مانای بێدەنگبوونی دیپلۆماتەکان نییە؛ بەپێچەوانەوە، لەم قۆناغانەدا دیپلۆماسی چالاکتر دەبێت. مێژوو شاهیدی دەدات کە گفتوگۆ هەمیشە جێگرەوەی شەڕ نییە، بەڵکوو زۆرجار دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ هەڵگیرسانی. لەسەر ئەم بنەمایە، ناردنی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران، نابێ تەنیا وەک نیشانەیەک بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان ببینرێت؛ ئەم هاوکاتبوونە ڕێک نیشاندەری قۆناغێکە کە تێیدا قەیرانەکە چووەتە نێو «فازێکی کات بۆ دیاریکراو»ەوە.

هێزە گەورەکان ئەو کاتە پەنا بۆ گفتوگۆ دەبەن کە بیانەوێت «کات بکڕن»، نەک ئەو کاتەی کاتیان کەم بێت. لە لۆژیکی ستراتیژیدا، کات بگۆڕێکی بێلایەن نییە، بەڵکوو «سەرمایە»یە. پرۆسەکانی وەک گواستنەوەی کەرەستەکان، ئامادەکردنی هێزەکان، هەماهەنگییە لۆجستییەکان و هەڵسەنگاندنی کاردانەوەکان، هەموویان پێویستییان بە کات هەیە. لە بارودۆخێکی وەهادا، گفتوگۆ دەبێتە ئامرازێک بۆ مودیرییەتی کات؛ ئامرازێک کە ئاستی گرژییە دەروونییەکان نزم ڕادەگرێت تاوەکوو دەرفەتی تەواوکردنی ئامادەکارییە مەیدانییەکان بڕەخسێت.

هەمان ئەم لۆژیکە، هەڵسوکەوتی دووفاقیی هێزەکان ڕوون دەکاتەوە؛ ناردنی پەیامی ئاشتی لە ئاستی دیپلۆماسیدا و بەرزکردنەوەی ئامادەیی لە ئاستی سەربازیدا. ئەم دوو ڕێچکەیە نە دژبەیەکن و نە ڕێکەوت، بەڵکوو دوو جەمسەری دیزاینێکی یەکگرتوون. دیپلۆماسی «مێشکەکان» ئاراستە دەکات و هێزی سەربازیش «ڕاستییەکان» دەسەپێنێت. چالاکبوونی هاوکاتی ئەم دووانە، نیشانەی ئەوەیە کە پرۆسەی بڕیاردان لە گەشەسەندندایە، هەرچەندە هێشتا ساتەوەختی کۆتایی یەکلایی نەکراوەتەوە.

لە پازڵی ئێراندا، ڕۆڵی کات تۆختر دەردەکەوێت. ئەگەری هەر جۆرە کردەوەیەک دژی تاران، تەنیا بڕیارێکی سەربازیی ڕووت نییە، بەڵکوو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی فرەلایەنە کە ژێئۆپۆلیتیک، بازاڕی وزە، هاوسەنگیی هێز و پێکهاتەی نێوخۆیی ئێران لەخۆ دەگرێت. بڕیارێکی وەها بەرهەمی پەلەپەل نییە، بەڵکوو دەبێت لە کاتێکدا ئەنجام بدرێت کە «زۆرترین سوودی عەمەلیاتی» لەگەڵ «کەمترین تێچووی سیاسی»دا یەکبگرنەوە. گفتوگۆ ڕێک لە خزمەت گەیشتن بەم خاڵەدایە؛ کۆنترۆڵکردنی خێرایی قەیرانەکە تا گەیشتن بە ساتەوەختی گونجاو.

لەم ڕوانگەیەوە، بەردەوامیی گفتوگۆکان مەرج نییە بە مانای نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن بێت؛ بەڵکوو نیشان دەدات کە پاژەکانی پازڵی ستراتیژی هێشتا لە ڕێکخستندان. تا پێش تەواوبوونی ئەم ئارایشە، پاراستنی ڕێڕەوی گفتوگۆ باشترین ڕێگەیە بۆ دەستپێشخەری. لێرەدا، گفتوگۆ نەک چارەسەری قەیران، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ مودیرییەتکردنی.

سیناریۆی یەکلاکەرەوە؛ گورزێک کە هاوکێشەکە لەنێوەوە دەگۆڕێت

لەنێوان ئەو سیناریۆیانەی شیمانە دەکرێن، سیناریۆیەک لەگەڵ لۆژیکی هێزە گەورەکاندا زیاتر دەگونجێت: وەشاندنی گورزێکی «دیاریکراو بەڵام ئیفلیجکەر». لەم نموونەیەدا، ئامانج شەڕێکی بەرفراوان یان داگیرکردنی خاک نییە، بەڵکوو پەکخستنی «ناوەندە بنەڕەتییەکانی هێز»ە؛ ئەو ناوەندانەی ئەرکی پاراستنی توانای بڕیاردان، فەرماندەیی و یەکگرتوویی سیاسییان لەسەرشانە. گورزێکی ورد و لێزانانە دەتوانێت بەبێ تێوەگلان لە شەڕێکی درێژخایەن، پێکهاتەی هێز بخاتە دۆخی «هەڵوەشانەوەی کارکردی»یەوە.

سەرنجڕاکێشیی ئەم سیناریۆیە بۆ داڕێژەرانی ستراتیژی لە یەک هۆکاری سەرەکیدا چڕ دەبێتەوە؛ «بارودۆخی نێوخۆیی». کاتێک درزی نێوان کۆمەڵگە و دەسەڵات دەگاتە قۆناغی پچڕانی شەرعییەت، پێکهاتەی سیاسی ئیتر لەسەر بنەمای ڕەزامەندی یان تەنانەت ترسی بەردەوام ناوەستێت، بەڵکوو پشت بە هاوسەنگییەکی لەرزۆکی هێزەکان دەبەستێت. لە بارودۆخێکی وەهادا، گورزێکی دەرەکی دەتوانێت ڕۆڵی هاندەرێک بگێڕێت کە ئەم هاوسەنگییە تێک بدات و هێزە نوستووە کۆمەڵایەتییەکان چالاک بکات.

لەنێو ئەم چوارچێوەیەدا، کردەی سەربازی هۆکاری سەرەکیی گۆڕانکاری نییە، بەڵکوو «کاتالیزۆر» یان خێراکەرە. پرۆسەی گۆڕانکاری لەنێو جەرگەی کۆمەڵگەدا دروست دەبێت، بەڵام گورزی دەرەکی کاتی ڕوودانی وەپێش دەخات. بۆ پلانداڕێژەرانی ستراتیژی، ئەمە بەهادارترین خاڵە؛ ئەو ساتەی کە کەمترین کار، زۆرترین کاریگەری بەرهەم دەهێنێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، هاوکاتبوونی گفتوگۆ و ئامادەکاریی سەربازی چیتر دیاردەیەکی تەمومژاوی نییە، بەڵکوو نیشانەی مودیرییەتی وردی کاتە. بڕیاری کۆتایی ئەو کاتە دەدرێت کە مەرجە نێوخۆیی، ناوچەیی و ئۆپەراسیۆنییەکان بەیەک بگەن. لەم هاوکێشەیەدا، براوە ئەو لایەنە نییە کە زووتر دەست پێدەکات، بەڵکوو ئەو لایەنەیە کە کات باشتر مودیرییەت دەکات؛ چونکە لە سیاسەتی جیهانیدا، مودیرییەتی کات زۆرجار بە مانای کۆنتڕۆڵی ئەنجامەکەیە.