
فەتاح ڕەسووڵی
هیچ هێزێک ناتوانێت دەنگی ئازادیخوازی کپ بکات. هەموو ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان تا کۆتا هەناسەی دەسەڵاتیان، هیچ کات ئامادە نین ئەو ڕاستییانەی بەسەریان دێت وەک خۆی باوەڕ بکەن؛ لەکاتێکدا هەموو حەقیقەتی ڕووداو و پێشهاتەکان دەزانن، بەڵام دیسان پەنا بۆ خۆفڕیودان دەبەن. هەر بۆیە کۆتا هەوڵ و شانسی مانەوەی خۆیان تاقی دەکەنەوە، ئەویش بە پەلاماردان و کوشتاری بێبەزەییانەی خەڵکی ناڕازیی سەر شەقامەکان.
لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار خەڵکی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، بەڵام هەموو جارێک ڕووبەڕووی سەرکوت و کوشتاری هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم بوونەتەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە ئەگەرچی لە ڕابردووشدا بە خواستی بنەڕەتی و سیاسییەوە دەستیان پێ کردبوو، بەڵام بزووتنەوەی ئەمجارە بەهۆی ڕق و بێزاریی پەنگخواردووی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، بە شێوەیەکی گشتگیرتر و توندتر ڕاستەوخۆ ساختار و سیستەمی «ویلایەتی فەقیهی» کردە ئامانجی سەرەکی.
خەڵک بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی فاشیستیی ئایینی، ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان و ئێعترازات بە دروشمی «مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و ڕێژیمەکەی»، زۆربەی شار و شارۆچکەکان و ٢٥ پارێزگای ئێرانی گرتەوە. تەنانەت پایتەخت و بەتایبەتی مەشهەد و قومیش کە ڕێژیم وەک پایەگا و پاڵپشتی بەهێزی ئایدۆلۆژیی خۆی مەزەندەی دەکردن، کەوتنە نێو شەپۆلەکە و ڕێژەی بەشداریی خۆپێشاندەران تێیاندا ڕووی لە زیادبوون کرد. ئەمە تێکەڵەیەک بوو لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران و شیمانەی ئەوە دەکرا ئەم بزووتنەوەیە دەستکەوتی گەورەی هەبێت، بەڵام بە فەرمانی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەیی، ڕێبەری نیزام، بە پیلانێکی داڕێژراو کەوتنە بەر پەلاماری تاریکپەرستەکان و بە بڕینی هێڵی ئینتەرنێت، لە تاریکی و بێدەنگیدا جەنایەتێکی سامناک و بێوێنەیان ئەنجام دا، کە زمان و قەڵەم لە ئاست گەورەیی ئەم تاوانەدا بێتوانایە.
هەرچەند ئاماری دروست و ڕێژەی کوژراوەکان لەبەردەستدا نییە، بەڵام هەندێک شایەتحاڵی نزیک لە کارەساتەکە و سەرچاوە نێوخۆییەکان بە ئاشکراکردنی بەڵگە و ناردنی وێنە و ڤیدیۆ، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە چ کارەساتێک ڕوویداوە؛ بە هەزاران کەسی بێبەرگری و بێگوناح بوونەتە قوربانیی سیاسەتی ئیستبدادی و ئایدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی. ئێستاش کەسوکاری کوژراوەکان بەدوای ناسینەوەی تەرمی بێسەروشوێنی ئازیزانیاندا دەگەڕێن و هەرچی کات زیاتر تێپەڕێت، ئاسەواری ئەم جەنایەتە و ڕووی دزێوی ئەم ڕێژیمە دژەمرۆییە زیاتر دەردەکەوێت.
ڕێژیم توانیویەتی بزووتنەوەی ناڕازییانی سەر شەقام سەرکوت بکات و وڵات بکاتە گۆڕەپانی شەڕ دژی خەڵکی بێتاوان و دەستبەتاڵ، بەڵام ئەم ئاگرەی کە لە نێوان دەسەڵات و گەلانی ئێراندا کڵپەی سەندووە، وێناچێت ئاوا بە ئاسانی دابمرکێتەوە. سەرکوت و زیندان و کوشتار و توندوتیژی نابنە ئاستەنگ و لە ئامانجەکانیان دووریان ناخەنەوە. خوێنی بەناحەق ڕژاوی خەڵکی ئێران کە لە پێناو ڕزگاری لە ستەمی داگیرکەران و گەیشتن بە ئازادی و عەداڵەت ڕژاوە، تێکەڵ بە ڕق و بێزاریی جەماوەری دەبێت و وەک نەوت گڕ دەگرێت؛ دەبێتە دۆزەخ بۆ گیانی جەلادە ئەهریمەنییەکانی تاران و کۆتاییهێنان بە ڕێژیمی فاشیستیی ئایینیی کۆماری ئیسلامی.
گەلانی ئێران دوایین بڕیاری خۆیان داوە؛ بە ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو، دەگەڕێنەوە گۆڕەپانی شەقامەکان. بەڵام ئەمجارە، جیاوازتر لە جارانی پێشوو، ئەو بەرچاوڕوونییەمان دەداتێ کە دەسپێکردنەوەی شۆڕشی کۆمەڵانی خەڵک زۆر کاریگەرتر دەبێت؛ چونکە ڕەفتارەکانی ڕێژیم و توندوتیژییەکانی دەرحەق بە ناڕازییان، هیچ مەجال و دەرفەتێکی بۆ سازش نەهێشتووەتەوە. ڕێژیم تەنیا زمانی زەبروزەنگ دەزانێت و لەبری گوێگرتن لە خەڵک، بە چەک وەڵامی داخوازییەکان دەداتەوە، بۆیە دەبێت ئیرادەی خەڵک و کاردانەوەی شەقام ئەوەندە پتەو بێت، کە ڕێژیم ناچار بە پاشەکشە بکات. لێرەدایە کە ئاراستەی خەبات بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت؛ لە چوارچێوەی مافی "بەرگریی ڕەوا"دا، گۆڕانخوازان تەنیا یەک ڕێگەیان لەبەردەم دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە بە یەکگرتووییەکی پۆڵایین و بە هەموو شێوازە گونجاوەکانی خەباتی مەدەنی و جەماوەری، بەرەنگاری ئەم ستەمکارییە ببنەوە و چیتر لە ئاست ئەو هەموو زوڵمەدا بێدەنگ نەبن.
ئێستا کە هەموومان باش ئاگادارین ڕێژیم زۆر لاوازە و لە پەلەقاژەی مردندایە؛ ڕووبەڕووی سەدان قەیرانی ئابووری، هەڵاوسان، داخرانی کارخانەکان، نەبوونی هەلی کار و سەرلێشێواوی بووەتەوە. لە هەمووان گرنگتر، نەمانی متمانە و شەرعییەتە لای خەڵک و تەریککەوتنەوەیەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دروستبوونی کۆدەنگیی جیهانی بۆ پشتیوانی لە گەلانی ئێران و مەحکوومکردنی جەنایەتەکانی ئەم ڕێژیمە، لەلایەک و لەولایەشەوە گوشارە نێودەوڵەتییەکان و توندکردنی بازنەی گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و کێشەی بەرنامەی ناوکی و سیستەمی مووشەکی، و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و هێنانی هێزێکی زۆر و زەوەند و تەیار بە چەکی پێشکەوتوو بۆ سنوورەکانی ئێران ئەگەر سیناریۆی لەپشت نەبێت و ئەگەر ڕێژیمی تاران تەسلیمی داخوازییەکانی ئەمریکا نەبێت و بەردەوام بێت لەسەر جەهل و دەمارگرژییەکانی، زەمینەی وەشاندنی گورزێکی بەهێز لە بنکە و دامەزراوە سەربازییەکان و ڕێبەریی نیزام لە ئارادایە.
لەسەر ئەم ئەساسە، ئەگەر ئەمریکا هەڕەشەکانی بکاتە کردار، دەبێتە پشتیوانێکی بەهێز بۆ ناڕازییانی نێوخۆ. کاتی خۆی ئەگەر بە هانای خۆپێشاندەرانەوە بچووبان، خەڵک بەم شێوەیە کۆمەڵکوژ نەدەکران. ئێستا دۆخی ڕێژیم لەوپەڕی شپرزەییدایە و سەرانی کۆماری ئیسلامی زۆر پەرێشانن؛ چونکە دەزانن لە ئەگەری هێرشی ئەمریکادا، تەنانەت هاوپەیمانەکانیشیان ئامادە نین بەرژەوەندییەکانی خۆیان فیدای سیاسەتە زیادەخوازییەکانی ڕێژیمی ئاخوندەکان بکەن. ئەمانە ئاماژەی ڕوونن بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئێران؛ سەرەنجام ئیرادەی گەلان و دەنگی ئازادی بەسەر دیکتاتۆرانی «ویلایەتی فەقیهـ»دا سەردەکەوێت و بۆ هەمیشە ئەم ڕێژیمە فاسدە دەسپێردرێتە زبڵدانی مێژوو، تا جارێکی تر ئارامی و ئاسایش بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.