کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیالێکتیکی سۆبژێکت و دابڕان لە ئۆبژێکت‌بوون لە کایەی زماندا

18:16 - 2 رەشەمه 2725

شاهۆ حوسێنی

زمان لە مێژووی فەلسەفەدا، هەمیشە لەنێوان دوو جەمسەردا هاتوچۆی کردووە: وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندی و گواستنەوەی پەیام، یان وەک مەڵبەندێک بۆ خولقاندنی واتا و کرانەوەی بوون. لە چوارچێوەی بەریەککەوتنی زمانەکان لە کۆمەڵگە ژێردەستەکاندا، زمان لە دیاردەیەکی ڕووتی زمانەوانی دەردەچێت و دەبێتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بوونناسانە (ئۆنتۆلۆژیک). مەسەلە بنەڕەتییەکە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، تەنیا جیاوازیی پێکهاتەی وشەکان یان دەنگسازی نییە، بەڵکوو ئاوێتەبوونی دوو لۆژیکی ڕەمزییە کە هەر کامەیان شێوازێک لە تێڕوانین، بیرکردنەوە و «بوون» دەخوڵقێنن.

زمانی دایک لەم چوارچێوەیەدا، نەک ئامرازێکی میکانیکی بۆ گەیاندنی پەیام، بەڵکوو ئاسۆیەکی بنەڕەتییە بۆ کرانەوەی جیهان. بە واتایەکی تر، «زمان ماڵی بوونە»؛ کەواتە مرۆڤی کوردیش تەنیا لە ماڵە زمانییەکەی خۆیدا دەتوانێت وەک بوونەوەرێکی سەربەخۆ دەربکەوێت. لە دەرەوەی ئەم ماڵە، ئەو ئاوارەیەکی بێماڵە کە ناچارە لەنێو وێرانە واتاییەکانی «ئەویتر»دا سەرگەردان بێت.

 

دیالێکتیکی بکەر و بەرکار: لە شتاندنەوە بەرەو سۆبژێکت‌بوون (فاعلیەت)

لە نەریتی دیالێکتیکیدا، پەیوەندیی ئاغا و کۆیلە یان شوان و ڕان، نیشانی دەدات کە چۆن لایەک هەوڵ دەدات لایەکەی تر بکاتە «ئۆبژێکت» یان «شت»، تا دانپێدانانی سەروەریی لێ وەربگرێت. لە ژینگەی سیاسیی ئێراندا، زمانی فارسییش بە هەمان شێوە، نەک وەک نێوەندێک، بەڵکوو وەک ئامێرێکی «ئۆبژێکت‌ساز» کاری کردووە.

لێرەدا بوون وەک «ئۆبژێکت»، بەو دۆخە دەگوترێت کە تێیدا تاک یان مرۆڤی کورد بە بێڕەوا و بێبەش لە مافی «خۆبونیادنان» (سەربەخۆیی خودی) دادەنرێت. ئەو، بوونەوەرێکە کە لەلایەن «ئەویتری فارس»ـەوە وەسف دەکرێت، مێژووەکەی بە دەستی ئەو دەنووسرێتەوە و تەنانەت ناسنامەکەشی وەک «وردەکولتوورێک» لەژێر سێبەری گشتێکی سەپێنراودا پێناسە دەکرێت. دابڕان لەم ئۆبژێکت‌بوونە، ڕێک ئەو ساتەیە کە مرۆڤی کورد بە ئاگایانە دەست بە ڕەتکردنەوەی ئەم پێناسانە دەکات. ئەم ڕەتکردنەوەیەش لە زمانەوە دەست پێ دەکات؛ ئەو زمانەی کە ڕێگە نادات تاک ببێتە «پاشکۆ» یان وێنەیەکی لێڵی ئەویتری.

 

زمانی دایک: تۆڕی بەهاسازی و ئاسۆی خۆبونیادنان

زمانی کوردی بۆ تاک و کۆمەڵگە، تەنیا پۆلێک وشە نییە بۆ تێرکردنی پێداویستییە بایۆلۆژییەکان؛ بەڵکوو «سیستەمێکی ڕێکخەرە» کە جیهانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای «خودی کوردی» دادەڕێژێتەوە. ئەوەی لە زماندا ڕوودەدات بریتییە لە:

خوڵقاندنی هۆشیاریی سەربەخۆ: ئەوەی لە زمانی دایکدا بەرهەم دێت، تەنیا توانای ئاخافتن نییە، بەڵکوو شێوازێکە لە تێگەیشتن کە شێوە بە مێشکی سەربەخۆی تاک دەبەخشێت.

بەهاسازی: زمانی کوردی هەڵگری کۆمەڵێک نیشانەیە کە بەها ئەخلاقییەکان و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە دەکاتەوە. چەمکگەلێکی وەک «بەرخودان» یان «ئازادی» لە هەناوی زمانی دایکدا، هەڵگری ڕەگەزی مێژوویی و بوونناسانەن، کە لە کاتی وەرگێڕانیاندا بۆ زمانی دەسەڵات، دادەتەپێن و مانا بنەڕەتییەکەیان لەدەست دەدەن.

دەرفەتی پێکەوەبوون: زمان بوارێک بۆ ژیان و بوونی بکەرەکان دەڕەخسێنێت. ئەم بوونە نەک توانەوەیەکی زۆرەملێ، بەڵکوو هاوکارییەکی سروشتی و زیندووە لەنێوان ئەندامانی کۆمەڵگەیەکدا کە لە دەوری سیستەمێکی مانایی هاوبەشدا کۆدەبنەوە.

 

توندوتیژیی نیشانەیی و داگیرکاریی هزری (ئیمپریالیزمی زمانی)

چەمکی «توندوتیژیی نیشانەیی» گوزارشت لە جۆرە دەسەڵاتێک دەکات کە جەستەیی نییە، بەڵام ئەوەندە دزە دەکاتە نێو هزر و مێشکەوە کە کەسی ژێردەستە، نزمبوونی خۆی وەک «دیاردەیەکی سروشتی» پەسەند دەکات. زمانی فارسی لە ئێراندا، بەتەواوی خاوەنی ڕۆڵێکی لەو شێوەیەیە.

ئیمپریالیزمی زمانیی فارس، لە ڕێگەی ناوەکی‌کردنی ناسنامەیەکی هەڵبەستراوەوە، دەخوازێت مرۆڤی کورد بکاتە پاشکۆ و گوێڕایەڵ. لەم ڕەوتەدا، زمانی فارسی وەک زمانی «شارستانییەت»، «پێشکەوتن» و «فەرمیبوون» نیشان دەدرێت و زمانی کوردی بەرەو پەراوێز و کایە بێسوودەکان ڕەوانە دەکرێت. ئەمە کردارێکی داگیرکارییانەیە؛ بەڵام نەک داگیرکردنی خاک، بەڵکوو داگیرکردنی هزر و ئەندێشە. ئەگەر زمانی دایک لەدەست بچێت، تاک چیتر ناتوانێت جیهان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و بوونی خۆیەوە ببینێت؛ بەڵکوو جیهان بەو شێوەیە دەبینێت کە «داگیرکەری هزری» بۆی کێشاوە.

 

زمان وەک کایەیەکی خەبات و هێژمۆن‌شکێنی

زمان لە ڕێگەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە بەرامبەر تێگەیشتن و هۆشیاریی زمانەوانیی داگیرکەر، زەمینەیەک بۆ بەرگری دەخوڵقێنێت. ئەم بەرگرییە تەنیا چالاکییەکی سیاسیی مەیدانی نییە، بەڵکوو «بەرگرییەکی ڕەمزی»یە لە قووڵایی دەروونی مرۆڤدا.

هەر کاتێک مرۆڤی کورد سوور بێت لەسەر ئەوەی بە زمانی دایکی بیر بکاتەوە، بنووسێت و داهێنان بکات، خەریکی ئەنجامدانی کردارێکی هێژمۆن‌شکێنانەیە. ئەو بەم هەوڵە، ئەو ناوەکی‌کردنە ڕەمزییەی کە داگیرکەر بەسەریدا سەپاندوویەتی، بە کردارێکی «پووچەڵکەرەوە» ڕادەماڵێت و ناسنامەی خۆی بە کردەیەکی «بونیادنەر» دووبارە دادەڕێژێتەوە. هەر لێرەوەیە «سۆبژێکتی کوردی» سەر هەڵدەدات؛ ئەو بکەرەی لەنێو سنوورەکانی سیستەمی مانایی خۆیدا، دەرفەتی جیاواز و بەرفراوان بۆ «بوون» دەڕەخسێنێت. ئەم سۆبژێکتە، هێژمۆنی داگیرکەر نەک هەر دەخاتە بەر تاقیکردنەوە، بەڵکوو لە کایە ماناییەکاندا تووشی داڕمان و داخورانی دەکات.

 

زمان: داراییەکی فەرهەنگی یان بوونێکی فەلسەفی؟

زۆر کەس وا لە زمان دەڕوانن کە تەنیا داراییەکی فەرهەنگی یان ئامرازێک بێت بۆ پەیوەندی، بەڵام ڕاستییەکەی زمان جیهانێکی هزری و فەلسەفییە کە «بوون»ی تێدا بەرجەستە دەبێت. وەلانانی زمانی فارسی لە کوردستان، تەنیا سڕینەوەی زمانێکی بێگانە نییە؛ بەڵکوو پاشەکشێپێکردنە بە جۆرە هزر و ڕوانینێکی باڵادەستخواز و داگیرکەرانە. هەر وشەیەک بە زۆری بخرێتە نێو کایەی هزریی کوردەوە، هەڵگری بەشێک لەو بیروباوەڕە چەسپاوەیە. بۆیە پاراستنی زمانی کوردی، پاراستنی دەرفەتێکە بۆ ژیانێکی جیاواز؛ ژیانێک کە تێیدا مرۆڤی کورد نەک وێنەیەکی دەستکرد، بەڵکوو ڕەسەنترین گێڕانەوە بێت لە خودی خۆی.

 

وتەی کۆتایی

کارلێکی نێوان «سۆبژێکت» و «ئۆبژێکت» لە بەستێنی زماندا ئەوە دەردەخات کە ناسنامە نەک لە گۆشەگیری، بەڵکوو لە بەیەکگەیشتن و لێکخشاندندا لەدایک دەبێت. سۆبژێکتی کورد لە لێکخشاندن لەگەڵ زمانی دەسەڵاتدا بە «خۆئاگایی» دەگات. ئەو تێدەگات کە بۆ ئەوەی «ببێت»، دەبێت «ڕەت بکاتەوە»؛ ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارە نەنووسراوەی کە دەیویست ئەو بکاتە ئۆبژێکتێکی بەکاربەر لە بازاڕی ناسنامە نەتەوەییە سەپێنراوەکاندا.

دابڕان لە «ئۆبژێکت‌بوون»، ساتی وەرگرتنەوەی ئیرادەیە. مرۆڤی کورد بە چەسپان لە کایەی زمانی دایکدا، ڕایدەگەیەنێت کە چیتر تەنیا «ئەویتر» نییە، بەڵکوو ئەو «من»ـە؛ سۆبژێکتێکە کە مێژووی خۆی نەک بە ئەلفوبێیەکی سەپێنراو، بەڵکوو بە مەنتیقە ڕەمزییەکەی خۆی دەنووسێتەوە. ئەم دابڕانە لە گۆڕانکارییەکی زمانەوانیی سادە زیاترە؛ شۆڕشێکی بوونناسانەیە کە مژدەی کۆتاییهاتنی ژێردەستەیی و سەرەتای سۆبژێکتیڤیتەیەکی سەربەخۆی کوردی دەدات.