دیمانە: شەهرام سوبحانی
سەرەتا: لە گۆڕەپانی نەتەوەسازیدا، زمان تەنیا ئامرازێکی گەیاندنی پەیام نییە، بەڵکوو جیهانبینی و سەرمایەیەکی هێماین (ڕەمزی) و قووڵە. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ دکتۆر بێهروز چەمەنئارا، پسپۆڕی زمان و ئەدەبیاتی کوردی، تیشک دەخەینە سەر ئاڵۆزییەکانی "دووزمانیی زۆرەملێ" و کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی لەسەر منداڵی کورد. چەمەنئارا بە دیدێکی ڕەخنەگرانە و ئەکادیمییانە، باس لە دابڕانی نێوان "زمانی ناوماڵ" و "زمانی قوتابخانە" دەکات و مەترسییەکانی "دۆخی ناتەواو" دەخاتە ڕوو. هەروەها لە گەشتێکی مێژووییدا بۆ ناو پێکهاتە ڕێزمانییەکانی کوردی و ڕۆڵی زانکۆکان، هاوسەنگیی نێوان "فرەشێوەزاری" و "زمانی ستاندارد" وەک ستراتیژێک بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەیی لە چوارچێوەی "ژینجیهان"ێکی هاوبەشدا، شی دەکاتەوە.
دکتۆر، کاریگەریی «دووزمانیی زۆرەملێ» لە تەمەنی منداڵیدا، لەسەر پرۆسەی بیرکردنەوە و داهێنانی تاک لە کۆمەڵگەی کوردیدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بە بڕوای من، دەبێت هەر لە سەرەتاوە بە جیاکردنەوەیەکی تیۆری دەست پێ بکەین؛ بۆ ئەوەی پرسی «دووزمانی» کە خۆی بابەتێکی بێلایەن نییە، ڕوون بێتەوە. ئێمە دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان «زمانی گەشەپێدەر» و «زمانی کزکەرەوە».
ئەو شتەی کێشەمان بۆ دروست دەکات و دووزمانی دەکاتە گرفت، ئەو کاتەیە کە زمانی دایک وەک زمانێکی پلە دوو لە پرۆسەی پەروەردە و دامەزراوە فەرمییەکاندا دەردەکەوێت و شکۆی خۆی لەدەست دەدات. لێرەدا گەر بپرسین: «دووزمانیی زۆرەملێ چییە؟» دەبێ بڵێین: جۆرێکە لە سەپاندن بەسەر منداڵدا؛ بەر لەوەی منداڵ لە ڕووی نووسین، خوێندن و دەزگای واتاییەوە لە زمانی خۆیدا بگاتە ئاستێکی پتەو و مسۆگەر، ناچار دەکرێت لە سیستەمی پەروەردەییدا بە زمانێکی دیکە ئەو کارە بکات؛ واتە بەو زمانەی کە خۆی هەڵگری سەرمایەی دامەزراوەیی و هێزی دەسەڵاتی فەرمییە. لەم دۆخەدا، زمانی سەپێنراو یان زۆرەملێ نابێتە زمانی گەشەپێدەر و هیچ شتێکی نوێ بە مرۆڤ نابەخشێت.
ئەگەر کەڵک لە ڕوانگەی فیکریی «جیم کامنز» وەربگرم کە پسپۆڕی بواری پەروەردەی دووزمانییە، دەڵێت: «ئەگەر زمانی دایک لە سیستەمی فێرکاریدا بە فەرمی نەناسرێت، منداڵ ڕووبەڕووی دیاردەیەک دەبێتەوە کە کامنز پێی دەڵێت: دۆخی ناتەواو (نیوەناچڵ).»
دۆخی ناتەواو واتە چی؟ واتە منداڵ نە لە زمانی یەکەمدا دەگاتە ئەو لێهاتووییەی بۆ خوێندن پێویستە، نە لە زمانی دووەمیشدا دەگاتە ئاستێک کە لە ڕووی تێفکرین و بیرکردنەوەی داهێنەرانەوە جێگیر بێت. ئەمانە هەمووی کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بنەمای بیرکردنەوە هەیە. دەزانین زمان تەنیا ئامرازی دەربڕینی بیرۆکە نییە، بەڵکوو خۆی پێکهێنەری ئەزموونە. تەنانەت لە ڕووی زمانەوانییەوە، ناسینی چەمکە ناواخنییەکان، گێڕانەوە هزرییەکان و خەیاڵە بنەڕەتییەکان لە بەستێنی زمانی یەکەمی منداڵدا ڕەگ دادەکوتن.
کاتێک منداڵ لە ژینگەی پەروەردەدا ڕووبەڕووی زمانێک دەبێتەوە کە زمانی هەست و نەستی ئەو نییە و لەگەڵ زمانی خێزانەکەی جیاوازە، دابڕانێک لەنێوان «زمانی ماڵ» و «زمانی قوتابخانە» دروست دەبێت. ئەم دابڕانە لانیکەم سێ لێکەوتەی هەیە:
١. دابەزینی متمانەی زمانی: منداڵ هەست دەکات زمانی خۆی کەمبایەخە و بەکەڵکی زانست نایەت.
٢. دواکەوتنی بیرکردنەوە: جۆرێک لە سستی لە فۆرمگرتنی بیرکردنەوەی خەیاڵیی جێگیردا دروست دەبێت، بەتایبەت لە بواری ئەندێشەی زانستی و چەمکە دابڕاوەکاندا.
٣. دروستبوونی پلەبەندی (Hierarchy): سیستەمێکی هێمایی پلەبەندی لە دەروونی منداڵدا جێگیر دەبێت؛ وا دەزانێت زمانی فەرمی، زمانی عەقڵانیەت و زانیارییە، بەڵام زمانی دایکی، زمانێکی پەراوێزخراو و بێبایەخە.
ئەمە بە شێوەیەکی ناهۆشیارانە ڕوودەدات و جیهانی منداڵ دەکاتە دوو لەتەوە. سەبارەت بە داهێنانیش، دووزمانی لە بنەڕەتدا کۆسپ نییە؛ بەپێچەوانەوە، لە ژینگەیەکی تەندروستدا دەبێتە هۆی داهێنانی زیاتر و بەهێزبوونی توانای ناسیاری. بەڵام لە دووزمانیی زۆرەملێدا، لەبری ئەوەی منداڵ مافی جووڵەی ئازادانەی لەنێوان دوو دەزگای زمانیدا هەبێت، دەکەوێتە نێوان دوو سیستەمی واتا و بەهای نایەکسانەوە. کاتێک یەکێک لە زمانەکان دەبێتە هۆی بچووککردنەوەی ئەویتر، داهێنانی زمانی سەرکوت دەکرێت.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەگەر منداڵ هەست بکات زمانی دایکی نابینرێت، ئەم دۆخی «نابینایی» و «پەراوێزخستنە» دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی چالاکیی منداڵ، ترس لە دەربڕین و جۆرێک لە «پارێزی ناسیاری» (Cognitive caution) کە ئاسایشی زمانیی منداڵ دەخاتە مەترسییەوە. کاتێک ئەو ئاسایشە نەما، ئەم کێشانە وەک نیشانەی تێکچوون دەردەکەون و منداڵ بەرەو گۆشەگیری دەبەن.
وەک شارەزایەکی دەقە کۆنەکان، پەیوەندیی نێوان "زمانی ئەدەبی" و "زمانی ئاخاوتن" لە مێژووی ئێمەدا چۆن بووە؟ ئایا دەقە کلاسیکییەکان (وەک بەرهەمەکانی گۆران یان خانی) توانیویانە پارێزگاری لە بونیاد و سیستەمی ڕێزمانیی کوردی بکەن؟
سیستەمی ڕێزمانیی کوردی، تەنیا یەک جۆر نییە؛ ئێمە خاوەنی چەندین داڕشتەی ڕێزمانیی جیاوازین و هەر یەک لە شێوەزارەکانمان بونیادی تایبەت بە خۆیان هەیە. لەم نێوەندەدا، دوو جۆری گشتگیرترمان هەیە:
یەکەمیان کوردیی کرمانجییە، کە تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین ئاخێوەرێکی زۆرتری هەیە و خاوەنی زمانێکی وێژەیی تایبەت بە خۆیەتی. دووەمیان؛ زمانی ئەدەبیی گۆرانییە، کە بەگشتی شێوەزارەکانی تری جگە لە کرمانجی لەخۆ گرتووە؛ وەک: کوردیی ناوەڕاست، فەیلی، هەورامی، کەلهۆڕی، لەکی و تەنانەت لوڕی، کە بە زمانی ئەدەبیی گۆرانی شیعریان نووسیوە. ئەمە بە بڕوای من، بووەتە یارمەتیدەر بۆ چەشنێک لە یەکگرتوویی زمانی.
بەهۆی ئەوەی زمانی کوردی –لانی کەم لە چەند سەدەی ڕابردوودا– زمانێکی سیاسی و دەوڵەتی نەبووە، ئێمە زیاتر لە چوارچێوەی ئەدەبێکی زارەکیدا ژیاوین. زمانی ئەدەبی، بووەتە هەوێنی خوڵقاندنی ڕۆحێکی یەکگرتووی زمانی و تا ڕادەیەک یاریدەدەری ستانداردبوونی زمانی ئەدەبی بووە؛ ئەمەش ئاراستە جیاوازەکانی شێوەزارە کوردییەکانی لە یەکتر نزیک کردووەتەوە.
هەر بۆیە، سەرەڕای کەمیی ڕێژەی خوێندەواری و بێبەشبوونی گەلەکەمان لە خوێندن و نووسین بە زمانی دایک، بەڵام ئەو شێوازە لە ئەدەبیات گشتگیر بووە؛ خەڵک دەقەکانیان زانیوە و لە یادگەیاندا پاراستوویانە. ئەمە جۆرێک لە هاوئاهەنگیی لە نێوان زمانی ئاخاوتن و زمانی باڵای ئەدەبیدا نیشان داوە و بووەتە نموونەیەکی پەسند و جێی متمانە، هەم بۆ خەڵکی ئاسایی و هەم بۆ نووسەران و بیرمەندان. هەرچەندە ئەمە کاریگەریی ئەرێنی هەبووە، بەڵام بەو ئاستە نەبووە کە بتوانێت بونیادێکی ڕێزمانیی یەکگرتوو و سیستەمێکی ستانداردی گەورە بۆ هەموو زمانی کوردی دابین بکات.
ڕۆڵی زانکۆکانی کوردستان (بە تایبەت زانکۆی کوردستان لە سنە) لە زانستییکردن و سەردەمیانەکردنی وشەسازیی کوردیدا چۆن دەبینیت؟ ئایا بڵاوبوونەوەی گۆڤارە زانستییەکان بە زمانی کوردی توانیویەتی "بونیادی ناسیاری" (مەعریفە) لە کوردستاندا بگۆڕێت؟
دەتوانم هەم لایەنە گەشەکان و هەم لایەنە تاریکەکانی ئەم پرسە بخەمە ڕوو. لە ڕاستیدا، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان یان لە باشوور ڕوو دەدات، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی ١٩٥٨ بەولاوە، دەرفەتی خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی ڕەخساوە. لە بەغدا بەشێوەیەکی فەرمی "کۆڕی زانیاریی کورد" و دەستەی زانستی بۆ زمانی کوردی هەبووە؛ ڕۆژنامەگەری گەشەی کردووە و هەمیشە دەسەڵاتێکی سیاسی لە پشت زمانی کوردییەوە بووە. ئەو دەسەڵاتە وای کردووە زانکۆکانی باشوور ئەو هەل و دەرفەتەیان بۆ بڕەخسێت. پەروەردەکردنی نەوەکان بە زمانی کوردی خزمەتێکی گەورەی کردووە؛ خوێنەواران و دەرچووانی زانکۆکان ئەو توانایەیان هەبووە کە هاوکات لەگەڵ زمانی کوردی، زمانەکانی دیکەش فێر بن. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی زمانی کوردی لە ڕووی زانستی، دەربڕین، ڕستەسازی و وشەسازییەوە پتەوتر بێت و بەڕاستی خزمەتێکی شایستە بە زمانەکە کراوە.
بەڵام ئەوەش ناشاردرێتەوە کە بەهۆی ناهۆشیاریی سیاسی و ڕۆشنبیری لە باشووری کوردستان، جۆرێک لە "بەمۆسەساتکردنی" زمانی عەرەبی و فەرمیبوونی ئەو زمانە لە ناخی زمانی کوردی و مرۆڤی کورددا جێگیر بووە. واتە لەژێر کاریگەریی ئەو زمانەدا، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و ناهۆشیارانە، وەها هەست کراوە کە زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە و زمانی کوردی ئەو بایەخە و فەرمییەتەی نییە. هەر بۆیە دەبینین زۆربەی هەرە زۆری نووسراوە ئیدارییەکان و زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان، تەنانەت لە زانکۆکانیشدا، بەداخەوە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی زمانی عەرەبی. کاتێک سەیری نووسراوێکی فەرمیی هەرێم دەکەی، ئەستەمە چەندین شێوازی "ڕستەسازیی" عەرەبیی تێدا نەبێت. بێجگە لە وشە و فۆرمی دەربڕین و نەریتی نامەنووسینی عەرەبی، بونیادی ڕستەسازیی زمانی کوردیش مەیلی بەرەو عەرەبی چووە. ئەگەر ئێمە لە ڕۆژهەڵات لە ئاستی وشەدا کێشەمان هەبێت، لە هەرێم ڕێزمان و ڕستەسازیمان زیاتر کەوتووەتە ژێر کاریگەری و مەترسییەوە. زانکۆکان نەیانتوانیوە وەک پێویست بەرگری لە ڕەسەنایەتیی زمانی کوردی بکەن، من لێرەدا مامۆستاکانی بەشی کوردی و بەرپرسانی زانکۆکان بە بەرپرسیار دەزانم. بۆ نموونە "زانکۆی کوردستان" کە ناوی کوردستانی پێوەیە و لە دڵی هەولێردایە، بەداخەوە زمانی خوێندنی ئینگلیزییە نەک کوردی؛ زمانی پەروەردە لەوێ زمانێکی جیهانییە و زمانی دایک پەراوێز خراوە، ئەمە یەکێک لە برینەکان و لایەنە تاریکەکانی سیاسەتی پەروەردەیی ئێمەیە.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵات و "زانکۆی کوردستان" لە سنە، دەزانن کە ئەوێ یەکەم زانکۆیە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زمانی کوردی تێدا دەخوێندرێت و بڕوانامەی "بەکالۆریۆسی زمان و ئەدەبی کوردی" دەبەخشێت. بە بڕوای من، بەشی کوردی وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی بۆی دروست دەکرێن و خراپیی بازاڕی کار بۆ دەرچووەکانی، خزمەتێکی زۆری کردووە؛ چ لە ڕووی پەروەردەکردنی خوێندکاران و چ لە ڕووی بەرهەمهێنانی سەرچاوە و دەقی پێویستەوە. لە هەمووی گرنگتر، بوونی ڕۆحێکی گشتگیر و فرەچەشنە لەم بەشەدا، بەتایبەت لە ڕووی بابەتەکانی خوێندنەوە. خوێندکار تەنیا شێوەزارێک ناخوێنێت، بەڵکوو دەرچوویەکی زانکۆی سنە، هەم دەقی هەورامی بەباشی دەخوێنێت (بە ڕێزمان و مێژووی ئەدەبیاتەکەیەوە)، هەم ئاشنای شێوەزارەکانی کەلهوڕی، لەکی، کرمانجی و سۆرانی دەبێت. هەروەها لەگەڵ ئەدەبی مۆدێرن، ڕۆژنامەوانی و فۆلکلۆر ئاشنا دەبێت. ئەمە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوەی خوێندنی زمانی کوردی وەک بوارێکی بەهێز و تێروتەسەل ببینین. ئەگەر بەراوردی بکەیت بە بەشی زمانەکانی عەرەبی، ئینگلیزی یان فارسی، دەبینین بەشی کوردی زۆر دەوڵەمەندترە، ئەمەش شانازییە بۆ زانکۆی کوردستان لە سنە.
بەڵام بە بڕوای من هێشتا زووە بڵێین دەرچووانی ئەم بەشە لە ڕۆژهەڵات دەتوانن بونیادی ناسیاری بگۆڕن؛ چونکە هێشتا دە ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو بەشەدا تێنەپەڕیوە و خوێندکاران دەرفەتی کاریان بۆ نەڕەخساوە، زمانەکەش لە ئاستی دەوڵەتدا فەرمی نییە. ئەمە تەنیا یەکەمین هەنگاو و هەوڵەکانی خەڵکە لە ڕۆژهەڵات. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، دەبێ چاو لەو شوێنە بکەین کە زۆرترین دەرفەتی هەبووە، ئەویش تەنیا لە عێراقدا بووە؛ لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسمەوە تا ئێستا، بەهۆی ڕۆژنامەگەریی کوردی و فەرمیبوونی زمانەکەوە. بەڵێ، ئەو گۆڕانکارییەی لە حەفتاکاندا لە "کۆڕی زانیاری" بینیمان، کە بەرهەمی پێکەوەدانیشتن و بیرکردنەوەی گرووپێکی گەورە لە مامۆستایان و بیرمەندان بوو، وای کرد زمانی کوردی گەشە بکات و ببێتە زمانێک کە بەرگەی زانست بگرێت و نەوەی پێ پەروەردە بکرێت.
هەست دەکەم لەم دوو دەیەی ڕابردوودا، ئاستی تەکنیکی و پەروەردەیی زمان لە هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی چووە. دەسەڵاتی کوردی بەرانبەر بە زمانەکەی کەمتەرخەمە. سەرۆککۆمار لە عێراق بەپێی دەستوور هەمیشە کوردە، بەڵام بەداخەوە لە زۆربەی شوێنەکان بە عەرەبی قسە دەکات، لە کاتێکدا کوردی و عەرەبی پێکەوە زمانی فەرمین. پەرلەمانتاران و سیاسییەکانی ئێمە، هەوڵ نادەن زمانی کوردی لە دۆخێکی "ناوچەیی"یەوە بگەیەننە ئاستێکی "نیشتمانی" و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکەن تا دەروازە بۆ وەرگێڕان، لێکۆڵینەوە و چاپخانەکان بکەنەوە. دیارە وەرگێڕانی شاکارە فەلسەفییەکانی جیهان وەک "بوون و کات"ی مارتن هایدیگەر، یان بەرهەمەکانی ئەفلاتوون و سۆکرات بۆ سەر زمانی کوردی، نیشانەی هێز و توانای زمانی کوردییە. بێگومان ئەگەر سیاسەت و پلانێکی دروستمان لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکاندا هەبێت، زمانی کوردی دەتوانێت زۆر پتەوتر و گەشاوەتر خۆی بنوێنێت.
دکتۆر، چۆن لە پەیوەندیی نێوان "زمان" و "کەسایەتیی نەتەوەیی" دەڕوانیت؟ ئایا گرێدانی ڕۆژی زمانی دایک بە ٢ی ڕێبەندانەوە* تەنیا ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە، یان دەکرێت وەک ستراتیژێکی بەردەوام بۆ پاراستنی بوونی کورد سەیر بکرێت؟
هەروەک دەزانن لە لێکۆڵینەوەکانی بواری زمان و نەتەوەدا، لە بێندێکت ئەندەرسۆنەوە بگرە تا بۆردیۆ، و لە مارتن هایدیگەری ئەڵمانییەوە تا ڕەهەندە دژە داگیرکارییەکان (دژە کۆلۆنیالیزم)؛ زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو مەیدانی بەرهەمهێنانی واتا و پێکەوەبەستنە. نەتەوە پێش ئەوەی واقیعێکی زیندووی بوونەوەرانە بێت، پێکهاتەیەکی گێڕانەوەییە؛ کۆمەڵگەیەکی گێڕانەوەیی یان وێناکراوە (خەیاڵکرد) کە لە ڕێگەی زمانەوە پتەو دەبێت، تۆمار دەکرێت و دەمێنێتەوە. زمان ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە خەڵک بەبێ ئەوەی یەکتر ببینن، خۆیان لە یەک ئاسۆی هاوبەشدا وێنا بکەن.
لە ڕووی زمانەوانیی کۆمەڵایەتییەوە، زمان لانیکەم سێ کارکردی پێناسەیی هەیە:
یەکەم: دەرفەتی جیاوازی دەڕەخسێنێت، واتە سنوور دادەنێت.
دووەم: کارکردی یادەوەری (Memory) هەیە.
سێیەم: بە شێوەیەکی ڕەمزی (سیمبۆلیک) وەک سەرمایەیەکی نیشانەیی، پێگەیەک دەبەخشێتە خاوەنەکەی.
ئەم سێ کارکردە ئەگەر لە چاویلکەی "بۆردیۆ"وە سەیری بکەین، پێمان دەڵێن کە زمان تەنیا دەزگایەکی نیشانەیی نییە بۆ پەیوەندیبەستن، بەڵکوو هاوکات هەڵگری سەرمایەیەکی ڕەمزییە. کاتێک زمان دەخرێتە پەراوێزەوە، لە ڕاستیدا سەرمایە ڕەمزییەکەی ئاخێوەرانیشی نامێنێت؛ هەر بۆیە بەرگری لە زمانی دایک، بەرگرییە لە هەر چەشنە دەرفەتێک بۆ مانەوە لە مەیدانی دەسەڵات و هێزدا. لەم سۆنگەیەوە دەتوانم بڵێم پەیوەندیی نێوان زمان و ناسنامەی نەتەوەیی، نەک تەنیا پەیوەندییەکی ڕێکەوت یان جۆرێک لە پەیوەندیی کولتوورییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی پێکهاتەییە. ناسنامەی نەتەوەیی بەبێ زمان، هیچ ئامرازێکی بۆ دووبارەکردنەوە یان بەرهەمهێنانەوەی خۆی نییە.
ئەگەر ئەم بەشەی وەڵامەکەم گرێ بدەمەوە بە بەشی دووەمەوە، واتە پەیوەندیی زمانی دایک و بەستنەوەی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەک ٢ی ڕێبەندان (ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان)، ئێمە ناتوانین بڵێین تەنیا ئاماژەیەکە بۆ ڕۆژێکی مێژوویی. بە بڕوای من، بە پشتبەستن بە ڕەهەندی تیۆریی "کردەی ئاخاوتن" (Speech Act) کە لە "جۆن سێرل"ەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم پەیوەندییەی نێوان خواستێکی زمانی لەگەڵ ڕۆژێکی مێژوویی گەورە بۆ هەموو کورد، لە ڕاستیدا پەیوەندیی زمانە بە مێژووەوە؛ واتە پەیوەندییەکی "کردەیی-نمایشی" (Performative) و کاراییە. ئێمە کاتێک ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان و ڕۆژی زمانی دایک پێکەوە گرێ دەدەین، چیتر تەنیا ئەو ڕۆژە یاد ناکەینەوە، بەڵکوو ناسنامەکەمان "پیادە" دەکەین؛ ئەمە جۆرێکە لە بەرجەستەکردن، نەک تەنیا وەبیرهێنانەوە.
لەم ڕووەوە دەتوانین ئاماژە بە لانیکەم سێ ئاستی جیاواز بدەین:
١. ئاستی مێژوویی: کە تێیدا زمانی کوردی دەگاتە ئاستی زمانی فەرمی. کۆماری کوردستان یەکەم ئەزموون بوو کە زمانی کوردی تێیدا لە ئاستی زارەکی و ناوچەیی دەرچوو و گەیشتە ئاستی دەوڵەتی، کارگێڕی و فێرکاری. ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە مێژووی سەرمایە ڕەمزییەکەی زمانی کوردیدا.
٢. ئاستی دووەم: پەیوەستکردنی زمانە بە جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری (یان ئەوەی وەک خودموختاریی سیاسی پێناسە دەکرێت). ئەمە جۆرێک لە قاڵببەندیی تایبەت دروست دەکات؛ واتە زمان چیتر تەنیا دیاردەیەکی کولتووری نییە، بەڵکوو بووەتە نیشانەی مافی سەروەری. ئەم قاڵببەندییە دەتوانێت هاوکات کۆکەرەوە و ڕێکخەر بێت، بەڵام دەشکرێت کێشەمان بۆ ساز بکات و زمان بخاتە نێو ململانێی سیاسییەوە.
٣. ئاستی سێیەم (ستراتیژی): ئەگەر ئەم پەیوەندییە بە وشیارییەوە و بە بەردەوامی نوێ بکرێتەوە، دەتوانێت ببێتە ستراتیژێکی یادەوەری (Memory Strategy). واتە هەموو ساڵێک زمان نەک تەنیا وەک ئامراز، بەڵکوو وەک مافێکی مێژوویی وێنا بکرێت و دووبارە بگەڕێتەوە بۆ مەیدانی سیاسەت.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانم بڵێم ڕۆژی زمانی دایک، چیتر تەنیا ڕۆژی بەرزڕاگرتنێکی کولتووری نییە، بەڵکوو نواندنەوە و ئەنجامدانی داواکارییەکی دامەزراوەیی کۆمەڵگەیە. لێرەدا دەبێ وریای ئەوە بین کە هێنانی زمان بۆ ئەم گۆڕەپانە سیاسی و ستراتیژە ڕەمزییە، دەتوانێت هاوکات مەترسی و دەرفەتیش بێت. مەترسییەکە ئەوەیە کە ئەگەر زۆرتر لەوەی پێویستە تەنیا وەک ئەزموونێکی سیاسیی تەسک پێناسە بکرێت، لەبری ئەوەی ببێتە سەرمایەیەکی هاوبەش، دەبێتە سەرمایەی باڵ یان حیزبێکی تایبەت و دەبێتە جێی مشتومڕ. بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی گشتگیر و لە دەرەوەی هێڵە حیزبییەکان، وەک تەوەرێک بۆ یادەوەریی کۆمەڵگەی کوردی پێناسە بکرێت، ئەوا گرێدانی ڕۆژی زمانی دایک بە ٢ی ڕێبەندانەوە تەنیا بیرکردنەوە لە ڕۆژێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو ستراتیژێکی بەردەوامە بۆ نوێکردنەوەی پێناسی زمانیمان. بەو مەرجەی ئەم پەیوەندییە لە دەرەوەی سنووری حیزب و گرووپەکان بێت و بتوانێت دەرفەتی ژیانێکی بەکۆمەڵی گەورەتر و وێناکردنێکی گشتگیر بۆ هەمووان دروست بکات، نەک ببێتە پاوانی یەک ئەزموونی سیاسی.
لە گۆشەنیگایەکی زمانەوانییەوە، فرەشێوەزاریی کوردی (کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، لکی و هتد) چۆن دەتوانێت لە یەک کاتدا هەم دەوڵەمەندی بێت و هەم نەبێتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتن بە "زمانێکی پێوەری یەکگرتوو"؟ ئایا ئێمە پێویستمان بە زمانێکی پێوەرە یان پەیوەندییەکی پێوەر؟
لێرەدا دەبێ وەڵامی یەکێک لە بنەڕەتیترین پرسیارەکانی کۆمەڵناسیی زمان بدرێتەوە کە کارێکی سادە نییە؛ بەتایبەتی بۆ زمانی کوردی کە یەکێکە لەو زمانانەی زۆر ڕەهەندی سیاسیی وەرگرتووە، هەم پەرتەوازەیە و هەم پانتاییەکی گەورەی هەیە و پرسیارگەلێکی زۆریشی لەسەرە. بەڵام ڕێگەم بدەن لێرەدا لە ڕووی زمانەوانییەوە، هەندێک تیشک بخەینە سەر بابەتی فرەشێوەزاری.
لە زمانەوانیی نوێدا، شێوەزار لە ڕاستیدا لادان لە زمانی ستاندارد (پێوەر) نییە، بەڵکوو چەشنێکە لە دەرکەوتەکانی سیستمێکی زمانی. هەر شێوەزارێک خاوەنی خەزێنەیەکی واتایی و دەنگیی تایبەت بە خۆیەتی. سەبارەت بە زمانی کوردی، ئەو فرەچەشنییەی لە زاراوەکانی ناوەڕاست، سەروو، خواروو، هەورامی، لکی و بەشەکانی تریدا هەیە، نیشانەی ڕاستەقینەی ئەم واقیعەیە و دەلالەت لە کراوەیی و توانستە ناوەکییەکانی زمانی کوردی دەکات. واتە ئەگەر ئێمە "واتا" وەک ئاسۆیەک ببینین، جیهانی زمانی کوردی جیهانێکی فرەئاسۆیە و ئەمەش بەشێکە لە وزە و توانای ناوەکیی ئەم زمانە.
زمانەوانی و نیشانەناسیی کولتووری پێمان دەڵێن کە هەر شێوەزارێک لە نێو خۆیدا ئاسۆیەکی ئەزموونییە؛ وشەکان، پەندەکان، سیستمی دەنگی و تەنانەت پێکهاتە وشەسازییەکان، هەموویان بە جۆرێک دەربڕ و نوێنەری ئەزموونی ژیان و جیهانە جیاوازەکانی ئێمەن. هەر بۆیە فرەشێوەزاری، لەبری ئەوەی وەک گرفت ببینرێت، دەبێ وەک ڕەنگاڵەییەکی ناوەکیی زمانی کوردی تەماشا بکرێت، کە داهێنان و توانای وشەسازی و نەرمی نواندنی واتاییمان بۆ بەهێزتر و دەوڵەمەندتر دەکات.
لە تیۆرییە زمانەوانییەکاندا، بەتایبەتی لە بەرهەمەکانی "ویلیام لابۆڤ" و دوای ئەویش لە لێکۆڵینەوەکانی فرەچەشنیی زمانیدا، ئەو ئەنجامە بەدەست هاتووە کە فرەڕەنگی و فرەچەشنیی زمانی نەک هەر بەربەست نین بۆ گەشەپێدان، بەڵکوو بنەمای پەرەسەندنی زمانن. زمانە پێوەرەکان یان زمانە یەکدەنگەکان (نەک فرەدەنگ)، زیاتر بەرهەمی سیاسەتن نەک دەرئەنجامی سروشتیی خودی زمان. ئەمە بەشێکی گرنگی ئەو بابەتەیە کە زانست پشتیوانی لێ دەکات.
با باس لەوە بکەین کە ئایا ستانداردکردنی زمان پڕۆژەیەکی زمانییە یان سیاسی؟ دیارە پێوەرکردنی زمان لە بنەڕەتدا پرۆسەیەکی زمانەوانیی پەتی نییە، بەڵکوو پڕۆژەیەکی دامەزراوەییە. هەڵبژاردنی یەک شێوەزار وەک شێوەزاری پێوەر، پێش ئەوەی بەرهەمی باڵادەستی یان باشتربوونی خودی ئەو شێوەزارە بێت، دەرئەنجامی چڕبوونەوەی دەسەڵاتی پەروەردەیی، میدیایی و دامەزراوەییە. ئەگەر بە دەستەواژەی "بۆردیۆ" بیڵێم: زمانی پێوەر، هەمان ئەو زمانەیە کە سەرمایەی ڕەمزیی (سیمبولیی) زۆرتری لە گۆڕەپانی فەرمیدا هەیە. هەر بۆیە پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا شێوەزارێک دەبێتە لەمپەر لەبەردەم زمانی ستاندارد؟ بەڵکوو پرسیار ئەوەیە: چ دامەزراوەیەک، بە چ ئاستێک لە ڕەوایی و بە چ میکانیزمێک دەیەوێت پڕۆسەی یەکبوونی زمان بەڕێوە ببات؟
یەکدەستکردن پرۆسەیەکی سیاسییە و دەسەڵات و دامەزراوە سیاسییەکان دەیکەن. واتە فرەشێوەزاری لە بنەڕەتدا بەربەستی ستانداردکردن نییە. زۆرێک لە زمانەکانی جیهان وەک ئەڵمانی، عەرەبی و ئیسپانی، ئەوانیش وەک زمانی کوردی فرەڕەنگیی زۆریان تێدایە و ئەوەش بەشێکە لە زاتی زمانی خۆیان؛ بەڵام بەهۆی بوونی دەسەڵاتێکی سیاسی و گوتارییەوە و لە ڕێگەی پەروەردە، میدیا و نووسینەوە، گەیشتوونەتە ئاستێکی هاوبەش لە پەیوەندیگرتندا. ئەم ئاستە هاوبەشە وەک پێشمەرجێکی حەتمی هەموو جیاوازییەکان ناسڕێتەوە، بەڵکوو دەتوانین بڵێین هەموویان لە کایەیەکی هاوبەشدا کۆ دەکاتەوە.
لێرەدا دەتوانم پردێک لە نێوان پرسیاری یەکەم و دووەمتدا دروست بکەم: ئایا باس لە "زمانی ستاندارد"ە یان "پەیوەندیی ستاندارد"؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر وردە. بە بڕوای من، لەبەر ئەوەی لە ڕووی تیۆرییەوە ئەوەی بۆ مانەوە و گەشەی زمانێک گرنگ و بنەڕەتییە، "توانای پەیوەندیی دامەزراوەیی"یە نەک سڕینەوەی جیاوازییەکان. ئێمە پێش ئەوەی و زیاتر لەوەی پێویستمان بە یەکدەستکردنی تەواو بێت، لانیکەم پێویستمان بە سێ خاڵ هەیە:
١. لە بواری پەروەردەی فەرمیدا، سیستمێکی نووسینی تا ڕادەیەک جێگیر و پتەومان هەبێت (ڕێنووس و شێوازی فەرمیی نووسین).
٢. لە میدیا و بەرهەمهێنانی زانستدا، توانای گواستنەوە و تێگەیشتنی هاوبەشمان هەبێت.
٣. ئاخێوەرانی زاراوە جیاوازەکان هەست بە پەراوێزکەوتن، بندەستبوون و سڕینەوە نەکەن.
ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ستانداردکردنی پەیوەندییە. من لەگەڵ ئەو ڕایەدام کە پێویستمان بە پەیوەندییەکی پێوەرە بۆ ئەوەی بگەینە تێگەیشتنی هاوبەش لە ئاستی دامەزراوەییدا و بتوانین بڵێین ئێمەش لە جیهاندا خاوەنی جیهانی ژیانی خۆمانین.
لێرەوە پێویستە ئاماژە بە مەترسیی دووفاقییەکی ناڕاست بکەم. ئەم دووفاقییە بابەتەکان سادە دەکاتەوە و دەڵێ: یان دەبێت فرەچەشنیی تەواو بێت بەبێ ناوەند، یان دەبێت ناوەندێکی ڕەها بێت کە هیچ جیاوازییەک نەهێڵێتەوە. ئەم دیدە مەترسیدارە. سەیری زمانە گەورە و سەرکەوتووەکان بکەن؛ هەموویان پێکهاتەیەکی چەندتوێژ و چەندلایەنیان هەیە. بۆ نموونە: ڕەهەندێکی ناوچەییان هەیە، ڕەهەندێکی گۆڕەپانە گەورەکەیان هەیە و ڕەهەندێکی پێوەریشیان هەیە بۆ نووسین و کاروباری فەرمی. تەنانەت زمانی دەزگای داد لە زۆر وڵاتدا لەگەڵ زمانی ستانداردیش جیاوازیی هەیە. زمانی ستاندارد لەگەڵ زمانی ناوچەیەکی تایبەت جیاوازە و زمانی ناوچەیەکیش لەگەڵ دەڤەرێکی تر دەکرێ جیاواز بێت. ئەمانە دەتوانن هەمیشە بمێنن، پێکەوە بژین و دەرفەتی پەیوەندیی هاوبەشیش ئاسایی بکەنەوە.