
سەربەست ئورمیە
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک کە بە دەستپێشخەریی یونسکۆ دیاری کراوە، ساڵانە دەرفەتێک بۆ بەرزڕاگرتن و پیرۆزکردنی فرەچەشنیی جیهانی لە بواری چاند و زماندا دەڕەخسێنێت. لە ڕوانینێکی سەرەتاییدا، ئەم ڕۆژە هێمایەکی مەعنەوییە بۆ دانی بەها و نیشاندانی هێزی زمانەکان؛ بەڵام کاتێک سەرنج دەرێتەوە سەر زمانی کوردی و لە چوارچێوەی دەسەڵاتی زاڵ و داگیرکاریدا شرۆڤە دەکرێت، نێوەڕۆکی ئەم ڕۆژە لە مژارێکی سیمبۆلیکەوە تێدەپەڕێت و دەبێت بە ئامرازێک بۆ بەرخۆدانی چاندی و ناسنامەخوازیی نەتەوەیی و سیاسی.
زمان وەک دەسەڵاتێکی سیمبۆلیک
لە تیۆریی سەرمایە و دەسەڵاتی سیمبۆلیکدا، پیێر بۆردیۆ ئاماژە بەوە دەدات کە زمان یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان و مەشەرووعیەتدان بە دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی. کاتێک زمانێک بە فەرمی دەناسرێت، تەنیا نیشانەی ڕێزگرتن لە چاند و ناسنامەی ئاخێوەرانی نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە گەرەنتی بۆ مانەوە و دان پێدانان. بەو ڕوانینە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک هێمایەکە بۆ پێشاندانی هێزی زمانە جیاوازەکان؛ بەتایبەت بۆ زمانی کوردی کە بە درێژایی مێژووی دا لەژێر گوشاری قەدەغەکردن و سیاسەتە هەمەڕەنگەکانی بشاڤتن (تواندنەوە)دا بووە. مەشرووعییەتی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، تەنانەت لە ئاستی سیمبۆلیکیشدا، ئەوەمان بو دەسەلمێنێت کە ئەم زمانە خاوەنی هێز و پێگەیەکی بەهێزی تایبەت و کاریگەرە بۆ دەرکەوتن لە کایە گشتییەکاندا و گواستنەوەی ئەزموونی ژیار و نیشتمانیی خۆی.
زمان، ئامرازی بەرخۆدان
زمان مەیدانی ململانێی دەسەڵات و بەرخۆدانە. میشێل فوکۆ پێی وابوو کە دەسەڵات تەنیا لە دامەزراوەکاندا نییە، بەڵکوو لە تان و پۆیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆی دەنوێنێت و ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەش لە هەر ئاست و قۆناغێکدا توانایی ئەوەیان هەیە کە بەستێن بۆ بەرخۆدان و بەرگریی بڕەخسێنن و بەهێزکەن. پاراستن و بەکارهێنانی زمانی دایکیی کوردی لە بواری پێگەیاندن، ئەدەبیات، مۆسیقا و ژیانی ڕۆژانەدا، نموونەیەکە لە بەرخۆدانی ژیرانە و ڕۆژانەی گەلی کورد لە بەرانبەر سیاسەتگەلی سڕینەوە و سەرکوتی چاندی و نەتەوەیی دا. ئەم بەرگرییە، بە پێی ئەوەی کە لە تیۆری داگیرکاریی زمان دا هاتووە، پەرچەکردارێکە دژی پڕۆژەکانی هاوشێوەکردن و یەکسانسازیی زمانی و چاندی کە هەوڵ دەدەن زمانی زۆردەست بەسەر زمانە داگیرکراوەکان دا بسەپێنن و بناخەی مێژوویی و چوارچێوە مەعریفییەکانی کۆمەڵگای داگیرکراو لەناو ببەن.
زمانی کوردی لەم راستایەدا، ئیتر تەنیا ئامرازی ئاخاڤتن و پەیوەندی نیە، لە ئاستێکی بەرزتردا دەکرێت بە هێما و هێزێکی بە بڕەو بۆ بەرهەمهێنانەوەی ناسنامەی گشتی، گواستنەوەی ئەزموون و بەرخۆدان لە دژی دەسەڵاتی داسەپێنەر. هەرکات ئاخاڤتن، نووسین و فێربوون بە زمانی دایک بوو بە ڕێرەوی ژیانی نەتەوەیی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوا بە کردەوە جڤاک لە بەرگریکردن دایە کە دەرهاویشتە سیاسی و جڤاکییەکانی سەرترن لەوەی کە هێزی داگیرکەر پیلانی لە ناوبردنی بۆ داڕشتووە.
پەیوەندیی هێما و کردار
دەکرێت ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک وەکوو لێکگرێدەرێکی بەردەوامی دوو جەمسەری شی بکرێت. هێمای دەسەڵات و ئامرازی بەرخۆدان. ئەم ڕۆژە لە ئاستی فەرمیدا، گوزارشت لە ناسینەوە و ناساندنی نێودەوڵەتی و مەشرووعییەتی کولتووریی زمانەکان دەکات؛ بەڵام لە ئاستی جەماوەریدا، دەرفەتێکە بۆ چالاککردنەوەی هزری مێژوویی، پەروەردە بە زمانی دایکی و نۆژەنکردنەوەی داواکارییەکان لە مەڕ مافە زمانی و کولتوورییەکان. بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانە دا کە زمانەکەیان لەژێر گوشار دایە یان قەدەغەدا کراوە، ئەم ڕۆژە زیاتر لەوەی کە بۆنەیەک بێت لە ڕۆژژمێری ساڵدا، ساتەوەختێکە بۆ ڕاگەیاندنی پراکتیکیی هەبوون و داخویانییەکە لە بەرخودان.
بە کورتی
زمانی کوردی، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی زاڵ و داگیرکاردا، نموونەیەکی بەرچاوە لەوەی کە چۆن زمانێک دەتوانێت لە هەمان کاتدا هەم هێمای دەسەڵات بێت و هەم ئامرازی بەرخۆدان. هێزی زمان لە ڕوانگەی سیمبۆلییەوە لە شەرعیەت و نوێنەرایەتیکردنیدایە و بەرخۆدانی زمانیش لە بەردەوام بوون لە بەکارهێنان، گواستنەوەی ئەزموون و زانیاری و وەستانەوە لە بەرانبەر سیاسەتە سەرکوتکەرەکاندا بەدیار دەکەوێت. ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ناکرێت تەنیا بە رۆژی ڕێزگرتن لە فرەچەشنیی زمانی و کوڵتووری پێناسە بکرێت؛ بەڵکوو دەبێ بکرێت بە سەکۆیەک بۆ ناسینەوەی شۆناسە جیاوازەکان و بەهێزکردنی توانای کۆمەڵگا جیاوازەکان بۆ بەرگریکردن لە مافی ئاخاڤتن و پەروەدەکردن بە زمانی دایکیی خۆیان.
زمانی کوردی تەنیا میراتێکی کولتووریی گەلی کورد نییە،مەیدانێکە بۆ راهێنان و بەهێز کردنی هزری ئازادی و بەگژداچوونەوەی سیاسەتگەلی بشاڤتن و سڕینەوەی کولتووری. خۆڕاگری و گەشەکردنی زمانی کوردی و وەستانەوەی لە ڕووی داگیرکەرانیدا،ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە زمان هەرچەند لەژێر گوشاردا بێت، هێزی خۆڕاگری و کاریگەریی لە بن نایەت.