
عەلی بداغی
٤٧ ساڵ بە سەر شۆڕشی ١٣٥٧ و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی تێپەڕی. هەڵبەت بزووتنەوەی مافخوازی لە کوردستان لە چوارچێوەی ڕێکخراوی سیاسی دژی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی پتر لە ٣٥ ساڵ پێش ئەو ڕێکەوتەش دەستی پێکردبوو؛ بۆیە کوردەکان بەو پاشخانە لە ئەزموون و خەبات دژی رێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی لەو ڕاپەڕینەدا بەشدار بوون و خەڵک و حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان بەشداریی چالاکانەیان لە ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتیدا کرد. بەڵام لە ڕاستیدا کوردەکان بە مافەکانیان نەگەیشتن و تێچوویەکی زۆر قورسیشیان بۆ خەبات و خۆڕاگریی دواتریان دا.
کوردستان کە پێشتر ڕووبارێک خوێنی لە خەبات دژی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەویدا لەبەر ڕۆیشتبوو، بە هیوای ڕزگاری، گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی، بەشداری و هاوبەشیی سیاسی و چێکردنی قەوارەیەکی خۆبەڕێوەبەری تەڤڵی شۆڕشی ١٣٥٧ ببوون؛ بەڵام بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی پرسی کورد لە بابەتێکی سیاسی ڕا کرایە پرسێکی ئەمنییەتی و لەبری وتووێژ فیتوای جیهادی لەدژ درا و شەڕ و لەشکەرکێشی بە سەر کوردستاندا سەپێندرا. ڕاستە کوردستان بوو بە سەنگەری خەبات و خۆڕاگری دژی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامی، بەڵام بۆ ئەوەش تێچووی قورسی دا. لەپێناو ئەو خۆڕاگری و مافویستییەدا شار و گوندەکانی کوردستان قەڵاچۆ کران، حیزبە سیاسییەکانیان هەڵوەشاوە ڕاگەیەندرا و ڕێ لە کار و چالاکیی ئاشکرایان گیرا، هەزاران ڕۆڵەی کورد گیانیان لێ ئەستێندرا، ڕێبەرانی کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کەوتنە بەر شاڵاوی تێرۆر، ژینگەی کوردستان تێکوپێک درا و سووتێندرا، کوردستان سیستماتیک خرایە پەراوێزەوە و لە هەموو بەرەوپێشچوونێک بێبەش کرا، بە حاشاکران لە زمان و شوناس و کولتوورەکەی هەوڵ بۆ تواندنەوەی و نەهێشتنی تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی درا، کوردستان میلیتاریزە کرا و بوو بە تاقیگەی هەڵکشانی پلەوپایەی فەرماندەرانی جینایەتکاری سپای پاسداران.
کوردەکان لە هەموو ماوەی دەسەڵاتی ئەم ڕێژیمەدا بەتوندی سەرکوت کران، چونکی حکوومەتی ناوەندگەرا و ئایدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی کراوەیی، فرەیی و پلۆرالیزمی سیاسیی کوردستانی بە گەورەترین هەڕەشە لەسەر بوونی خۆی زانیوە. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری، ڕێکخستنی حیزبی، کێبرکێی سیاسی، سێکۆلاریزم و جێکەوتنی کولتووری فرەیی ئەگەر بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی سیاسی و زیندووی کوردستان بوو، بەڵام ڕێژیم ئەمانەی بە مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر دەسەڵاتەکەی و مۆدێلی "ویلایەت و ئوممەت" سەیری دەکرد و کردووە. کۆماری ئیسلامی لەوە تۆقیبوو گەشەکردنی بزووتنەوەی کورد پەل باوێتە ناوچەکانی دیکەی ئێران و داخوازە دێموکراتیکەکانی کوردەکان لەنێو نەتەوەکانی بەلووچ، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی وڵاتیشدا پەرەی پێ بدرێ و ئالەنگاریی گەورە لە بەردەم نیزامی ناوەندگەرا و ئایدۆلۆژیکی ڕێژیمدا دروست بکات. بۆیە کوردستان بە توندی سەرکوت کرا و لە خۆڵ و خوێن وەردرا. دەبێ ئەوەش بگوترێ کە ئەو هێرش و پەلامارە تەنیا سەرکوتی نەتەوە و بزووتنەوەیەکی مافخواز و دێموکراتیک نەبوو؛ بەڵکوو لەنێوبردنی گەراکانی بیری دێموکراسی، یەکسانیخوازی، ئازادیخوازی و مافویستی لە سەرانسەری ئێران بوو.
کوردستان وەک هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی بۆ سەر تەواوەتیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ٤٧ ساڵە خوێنی لێ دەچۆڕێ، بەڵام بۆ تاقە یەک ڕۆژیش کۆڵی نەداوە. بزووتنەوەی چەکداری و پێشمەرگانەی کوردستان ڕەنگە بەهۆی نەبوونی باڵانسی هێز لە نێوان توانای مرۆیی و چەکوچۆڵی حیزبەکان لە چاو دەسەڵاتی ناوەندی لەکزیی دابێ، بەڵام بزووتنەوە سیاسی و مافخوازییەکەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر گەشەی کردووە. کوردستان قەت شەرعییەتی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەدا، قەت دەستی لە ماف و داخوازییەکانی هەڵنەگرت، حیزبەکانی زەبری گەورەیان وێ کەوت بەڵام قەت مەیدانی خەباتیان چۆڵ نەکرد و قەت دەرفەتی ئەوە بە کۆماری ئیسلامی نەدرا مۆدێلی تیڕوانین و بیرکردنەوەی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێ. کوردستان وەک زیندووترین کۆمەڵگەی سیاسیی ئێران بەهێز و بەگوڕ مایەوە. خەباتی کوردەکان لە شەڕ و خۆڕاگریی پێشمەرگانەوە بۆ بەرگریی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی خەباتێکی فڕەڕەهەندی شوناسخوازیدا پەرەی پێ درا و پاشخانێکی زێڕێنی لێ بەرهەم هات کە نموونەکەیمان لە بزووتنەوەی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی)، ڕاپەڕین و مانگرتنە سەرکەوتووەکەی بەفرانباری ئەمساڵدا بینی.
لە ڕوویەکی دیکەشەوە ٤٧ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی و وەڵاموەرگرتنەوە لە کوردستان هەرسهێنانی پڕۆژەی برەودانی ئایدۆلۆژییەکەی لەنێو کورداندا بوو. کۆماری ئیسلامی هەوڵی زۆری دا شوناسی دینیی شیعیزمی حکوومەتی لەبری شوناسی نەتەوەیی-کولتووریی کورددا جێ بخا و بەتایبەت جۆراوجۆریی ئاییزانیی لە کوردستان لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلامی بۆ ئەو دابڕان و جێخستنە بەکار هێنا؛ بەڵام لە کوردستان خەڵک خاوەندارەتی لە زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆی کرد و مانگرتنە سەرانسەرییەکەی کوردستان لە بەفرانبار بە مەبەستی پتەوکردنی پتری هاوپێوەندیی ناوچەکانی سەروو و ناوەند لەگەڵ خوارووی کوردستان لە ئیلام و کرماشان نموونەیەکی زیندوو و سەرکەوتوویە لەو شوناسخوازییە نەتەوەییە.
کۆماری ئیسلامی کە ٤٧ ساڵی لەوە پێش یەکەم شەپۆلەکانی سەرکوت و تێرۆرەکانی لە کوردستان دەست پێکردبوو، هەموو هەوڵی ئەوە بوو دابڕان بخاتە نێوان حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی کوردستان. لە لایەک بە سەپاندنی شەڕێکی نابەرامبەر، تێرۆر، بۆمبدانانەوە و مووشەکهاوێژی هەوڵی دا حیزبەکان سەرکوت بکا و لە بەینیان بەڕێ؛ لە لایەکی دیکە بە ڕیوایەتسازیی درۆ لە ڕێگەی دەزگای پڕوپاگەندەی بەربڵاوی خۆیەوە ڕوومایەکی دی لەو حیزبانە پێشانی نەوەی نوێی کۆمەڵگەی کوردستان بدا. بەڵام لەوەشدا هەر سەری لە بەرد کەوت. وێژمانی نەتەوەیی کورد هەر هات و بەهێزتر بوو، لاوانی کورد بە بەردەوامی خۆیان لە ڕیزی حیزبە سیاسییەکانیاندا دیتەوە، لە نێوخۆی وڵات ئەکتە سیاسییەکان لەسەر داوا و بە دەستپێشخەریی حیزبە سیاسییەکان هەر هاتن و زیادیان کرد، مانگرتن و خۆپێشاندان و بانگەوازێک نەبووە حیزبەکان داوایان کردبێ و سەرەڕای تێچووی قورس و زۆری بەڵام لە کوردستان بە سەرکەوتوویی وەڵامی وەرنەگرتبێتەوە. نەورۆزی خاکیپۆشانی بەهاری ئەمساڵ و مانگرتنەکەی ئەمدواییانەی مانگی بەفرانبار نیزیکترین فاکتی ئەو پێوەندییە زیندوو و ئۆرگانیکە لەنێوان حیزبی دێموکرات و کۆمەڵگەی کوردستانن.
کوردستان ئێستاش لە دۆخی هەنووکەیی کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی ئەم ڕێژیمە لە ئاستی ئێراندا قوورسایی تایبەت بە خۆی هەیە و دەتوانێ یارمەتیدەری سەرکەوتنی ڕاپەڕینەکان بێت. بزووتنەوەی سیاسیی کورد بە پێداگریی لەسەر خەباتی خۆی بۆ ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ لە تەنیشت سووربوونی لەسەر مافە نەتەوەییەکانی دەتوانێ دڕ بە ڕیوایەتسازییەکانی کۆماری ئیسلامی دژ بە جووڵانەوەی کورد بدات. لە لایەکی دیکەش کوردستان بەهۆی خەبات و خۆڕاگرییە لەمێژینەکەی و هەروەها ئەزموونی ڕێکخستنی سیاسی و ڕەواندنەوەی ترس و ورەبەخشینەوە دەتوانێ ئیلهامدەری ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکانی دیکەش بێت. بزووتنەوەی کوردستان بە گواستنەوەی ئەزموونەکانی لە بواری سیاسی و ڕێکخستنەوە بۆ بزووتنەوە سیاسی و مەدەنییەکانی بەشەکانی دیکەی ئێران دەتوانێ ڕۆڵی ئاراستەکەر و بەردەوامیەتی بە ناڕەزایەتییە پڕشوبڵاوەکان لە ئاستی ئێراندا بدات. بزووتنەوەی کورد هەروەها بەهۆی کارامەیی حیزبە سیاسییەکانی خاوەن پێگەیەکی بەهێزی دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵاتە و بەمەش دەنگی ناڕەزایەتییەکان باشتر دەگاتە کۆڕ و کۆمەڵە و ناوەندە سیاسییەکانی جیهان و سەرنجی میدیا نێودەوڵەتییەکان پتر بۆ سەر پرسی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان ڕادەکێشێ.
هەوڵی ئەو ماوەیەی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانش چ لەڕووی نیزیککردنەوەی گوتاری سیاسی، چ لە ڕووی کاری مەیدانی و پێکەوەیی لایەنەکانی نێو ناوەندەکە ئەو هیوایەی دروست کردووە کە بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی کوردستانی ڕۆڵی بنەڕەتییش لە یەکگریی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتیکی ئێراندا بگێڕێ و بە کۆڵەکەیەکی گرینگی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و نارەزایەتییەکان دژی کۆماری ئیسلامی و تێپەڕین لەو ڕێژیمە دیکتاتۆڕییە دابندرێ. ڕووداوەکانی ٤٧ ساڵی ڕابردوو پێمان دەڵێن کوردستان هەموو کاتێک دژ بە کۆماری ئیسلامی قەڵا و قەڵغانی ئازادی بووە.