لە ڕێوڕەسمێکی پڕشکۆ و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانانی سیاسی، مەدەنی و نوێنەرانی ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان، ڕێوڕەسمی پەردەلادان لەسەر کتێبی "Jina Uprising" بەڕێوەچوو. ئەم کتێبە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی و سیاسیی گرنگ، تیشک دەخاتە سەر قوربانیدان و ئازایەتییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی شۆڕشی ژینادا.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە خاتوو "سونبول تام"، وەک لاوێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باسێکی لەسەر ئەزموونی ژیانی خۆی و بارودۆخی سیاسیی بنەماڵەکەی کرد؛ وەک نەوەیەکی نوێ کە دەسەڵاتی داگیرکەری ئێران لە ڕێگەی دژایەتیکردنی مافە نەتەوەییەکانی کوردەوە، کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر چەندین نەوە.
دواتر پەیامی دەستەی ئامادەکاری کتێبەکە لەلایەن کاک "عەبدوڵڵا ڕەسووڵی"، وەک سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، پەیامی بریندارانی شۆڕشی ژینا لە دەرەوەی وڵات، بە ناوی "ئەنجومەنی ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن کاک "ئارمان جەوادیان"، یەکێک لە بریندارانی شۆڕشەکە، پێشکەش کرا. شایانی باسە دوای پەیامەکە، پەیامێکی دیکەیان بۆ پاڵپشتی لە یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندەوە.
دێکیۆمێنتارییەک لەسەر مێژووی خەباتی نەتەوەیی-دێموکراتیکی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئامادەبووان نمایش کرا.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا، پانێلێکی تایبەت لەسەر شۆڕشی ژینا و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکانی، بەتایبەت لە ئورووپا، بەڕێوە چوو. لەم پانێلەدا کە بەڕێزان کاک "بێهرووز ئەنساری" لەلایەن ڕێکخراوەی جیهانی کورد و "ڕۆڵف ئێنگلمان" جێگری ناوەندی پێکەوەژیانی ئاڵمان (Nachbarschaftshaus) و وڵاتانی بیانی بەشدار بوون، تیشکیان خستە سەر ڕەهەندە سیاسییەکانی مێژووی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەم بزووتنەوەیە.
لە بڕگەیەکی تری بەرنامەکەدا، سێ نوێنەری بریندارانی شۆڕشی ژینا؛ خاتوو "فەریدە سەڵەواتی"، کاک "کیان درەخشان" و کاک "محەممەد خزری" بە دوو زمانی کوردی و ئاڵمانی پەیامی خۆیان پێشکەش کرد.
ساتەوەختی هەرە گرنگی ڕێوڕەسمەکە، پەردەلادان لە کتێبی "Jina Uprising" بوو. ئەم کارە لەلایەن دوو برینداری لاوی شۆڕشەوە، خاتوو "هەستی حوسێنپەناهی" و کاک "یەزدان حوسێنپەناهی"ـیەوە ئەنجام درا.
دواتر لە هەنگاوێکی کەموێنەدا، زیاتر لە ١٠ برینداری شۆڕشی ژینا و دوو کەس لە بنەماڵەی شەهیدان کە بەشدارییان کردبوو، بە فەرمی کتێبەکەیان لەلایەن دەستەی ئامادەکار و دوو کەسایەتیی یاریدەدەرەوە پێشکەش کرا. ئەم بریندارانە کە هەر یەکێکیان شایەتحاڵێکی زیندووی تاوانەکانی ڕێژیمی ئێرانن، بریتین لە: هەستی حوسێنپەناهی، مەحموود عەبدی، کیان درەخشان، یەزدان حوسێنی، عەدنان حوسێنی، ئارمان جەوادیان، فەریدە سەڵەواتی، محەممەد خزری، یەحیا سەرخانی، ئەرەستوو پاسیار.
هەروەها لە بنەماڵەی شەهیدانیش خاتوو "ڕادا فاتحی" خوشکی شەهید ڕامین فاتحی و کاک "هیوا حوسێنپووری" برای شەهید دکتۆر ئازاد حوسێنپووری بەشداری ئەم ڕێوڕەسمە بوون.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە فرۆشتنی ئەم کتێبە تەنها کارێکی کولتووری نییە، بەڵکوو ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆییە، هەر بۆیە ڕایانگەیاند: لە ئەمڕۆوە بەرپرسیارێتیی هەموومانە کە ئەم کتێبە وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە دژی ڕێژیمی ئێران بەکار بهێنین.
کتێبەکە لە هەشت بەش پێکهاتووە؛ بەشی یەکەم و دووەمی کە لەسەر شۆڕشی ژینا و ژیاننامەی ژینایە، بە ٦ زمانی (کوردی، ئینگلیزی، ئاڵمانی، فەرانسەوی، ئیتالیایی و فارسی) ئامادە کراوە. بەشەکانی دیکە بە زمانی ئینگلیزی داڕێژراون و پێکدێن لە:
شەهیدان (دوو بەش: ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مووشەکباران).
برینداران (ناوخۆ و ئەو بریندارانەی ئێستا لە دەرەوەی وڵات نوێنەری شۆڕشی ژینان).
شەقامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
شەقامی دەرەوەی وڵات.
ئامارەکان و وشەنامە.
ئەم ڕێوڕەسمە بە سپاسگوزاری لە ئامادەبووان و جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی نەتەوەی کورد کۆتایی هات.