
حەسەن قارەمانی
هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا ڕێککەوتنێکی ناوچەیی نییە، بەڵکوو دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ دووبارە کێشانەوەی نەخشەی سیاسیی ئێران. کاتێک پێنج لە کاریگەرترین حیزبەکانی کوردستان بڕیاریان دا بە فەرمی هاوپەیمانییەک ڕابگەیێنن، تەنیا هاوسەنگیی هێز لە کوردستاندا نەگۆڕا؛ بەڵکوو بۆ یەکەمجار بەدیلێکی (ئەڵتەرناتیڤێکی) یەکگرتوو، بونیادنراو و ستراتیژی لە بەرامبەر ئەو سیستەمە سەرهەڵدەدات کە لە ساڵی ١٩٧٩وە لە ئێران دامەزراوە.
بۆ ماوەی پتر لە چوار دەیە، تایبەتمەندیی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بریتی بوو لە پەرتەوازەیی، ململانێی ئایدیۆلۆژی و نەبوونی هەماهەنگیی دامەزراوەیی. مانەوەی ڕێژیمیش تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر ئەم پارچەپارچەبوونەی نەیارەکانی وەستابوو.
هاوپەیمانیی نوێی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم هاوکێشەیە تێک دەشکێنێت. ئەمە گۆڕانە لە یەکێتییەکی سیمبوولییەوە بۆ پێکهاتەیەکی کۆنکرێتی؛ گۆڕانە لە ڕاگەیاندنی میدیاییەوە بۆ بونیادێکی سیاسی. ئەوەی کە کۆمەڵێک حیزب بە پاشخانێکی جیاوازی ئایدیۆلۆژی، نەریتی ڕێکخراوەیی و ئەزموونی مێژوویی جیاوازەوە، ئێستا لە دەوری بنەماگەلێکی هاوبەش کۆدەبنەوە، خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێکی ستراتیژییە. ئەم هەنگاوە تەنیا دژایەتیکردنی دەسەڵاتی ئێستا نییە، بەڵکوو داڕشتنی بەدیلێکی نوێیە لەسەر بنەمای سێکۆلاریزم، مافی دیاریکردنی چارەنووس، فرەیی دێموکراسی و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی.
هەبوونی میکانیزمی هاوبەش بۆ بڕیاردان، دیاریکردنی ئامانجە ستراتیژییەکان و پابەندبوونی ڕوون بە فرەیی نێوخۆیی لەم هاوپەیمانییەدا، نیشانەی پێگەیشتوویی ڕێکخراوەییە. ئەگەر ئەم پێکهاتەیە قووڵتر بێتەوە و جێگیر بێت، هاوپەیمانیی کورد دەتوانێت لە ئەکتەرێکی ناوچەییەوە بگۆڕێت بۆ بزوێنەرێکی نیشتمانی و بەم شێوەیە هاوسەنگیی هێز لە تەواوی ئێراندا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت.
لە دروشمەوە بۆ بونیاد: میراتی "ژن، ژیان، ئازادی"
ڕێکەوت نییە کە هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر سێبەری ئەو بزووتنەوەیەدا دێتە کایەوە کە ئێرانی هەژاند و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ -کە بە بزووتنەوەی ژینا دەناسرێت- تەنیا ڕاپەڕینێکی کوتوپڕ نەبوو دژی سەرکوت، بەڵکوو قەیرانی شەرعییەتی ڕێژیمی ئاشکرا کرد و کوردستانی کردە چەق و ناوەندی هەڵوێستی نیشتمانی.
بۆ ماوەی چەندین مانگ، شەقامەکان پڕ بوون لە نەوەیەک کە چیتر ئامادە نەبوو ترس وەک مەرجێکی سیاسی قبوڵ بکات. لێرەدایە کە هاوپەیمانیی نوێی حیزبەکانی کوردستان وەرچەرخانێک لەگەڵ ڕابردوودا دروست دەکات؛ واتا گۆڕان لە دروشمەوە بۆ بونیاد و لە ناڕەزایەتیی خۆبەخۆوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ڕێکخراو. ئەگەر بزووتنەوەی ژینا ئیرادەی گۆڕانکاریی نیشان دابێت، ئەرکی ئەم هاوپەیمانییەیە کە فۆرم، ئاراستە و چوارچێوەیەکی بەردەوام بەو ئیرادەیە ببەخشێت. هەر لەم گواستنەوەیەدایە کە ئەگەرە سیاسییەکانی داهاتوو دیاری دەکرێن.
کاردانەوەکان و تاقیکردنەوەی ستراتیژی
جێگەی سەرسوڕمان نییە کە ئەم هاوپەیمانییە نوێیە هەر لە ئێستاوە کاردانەوەی زۆری لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستان لێکەوتووەتەوە. تاران بە وریایی و نیگەرانییەوە چاودێریی پێشهاتەکان دەکات. هەر هەوڵێکی جددی بۆ دامەزراندنی جەمسەرێکی بەدیلی کارا، بە واتای ئاڵنگاریی سیستەمی باڵادەست دێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت ڕێژیم بە ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە و پڕوپاگەندەی سیاسیی چڕ ڕووبەڕووی ببێتەوە.
لە ڕووی مێژووییەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تێکەڵەیەک لە سێ ستراتیژی وەڵامی یەکگرتوویی کوردی داوەتەوە: گوشاری ئەمنی لە ڕێگەی دەستێوەردانی سەربازی و هەواڵگری، هەوڵی سیستماتیک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان، و تۆمەتی "جیاخوازی" بۆ لەکەدارکردنی بزووتنەوەکە لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا.
لەبەرامبەر ئەم ڕەوشەدا، تەنیا ڕاگەیاندنی هاوبەش بۆ هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەس نییە. ئەگەر هاوپەیمانییەکە بیەوێت لەم ئاستەنگانە ڕزگاری بێت، دەبێت بە دوو ئاراستەدا پەرە بستێنێت: ئاسۆییانە لە ڕێگەی بەشداریکردنی زیاتری ئەکتەرە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تۆڕە پیشەییەکان و بزووتنەوەکانی گەنجان و ژنان؛ هەروەها ستوونییانە لە ڕێگەی قووڵکردنەوەی پێکهاتەی دامەزراوەیی و دیسیپلینی نێوخۆیی خۆی.
مۆدێلێک بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران؟
گرنگیی مێژوویی ئەم هاوپەیمانییە لێرەدا دەردەکەوێت؛ کاریگەرییەکەی تەنیا لە سنوورە جوگرافییەکانی کوردستاندا نامێنێتەوە، بەڵکوو پەیامێک بۆ تەواوی کایەی سیاسیی ئێران دەنێرێت.
دەیان ساڵە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە "پەرتەوازە" و "نابەرپرسیار" پیشاندانی ئۆپۆزیسیۆن، هەوڵی شەرعییەتدان بە مانەوەی خۆی دەدات. بەڵام ئەوەی لە ڕووی ستراتیژییەوە لێرەدا گرنگە، تەنیا خودی یەکگرتووییەکە نییە، بەڵکوو نێوەڕۆکی دیدگا سیاسییەکەیە. هاوپەیمانییەکە توانیویەتی داواکاریی مافە نەتەوەییەکان لەگەڵ بنەما دێموکراسییە گشتگیرەکان وەک سێکۆلاریزم، یەکسانیی ڕەگەزی، سەروەریی یاسا و پاراستنی ژینگە یەک بخات. بەم کارە، پرسی کورد بە شێوازێکی هاوچەرخ پێناسە دەکرێتەوە.
تاقیگەیەکی دێموکراسی لە پرۆسەدا
ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەراوێزێکی جوگرافییەوە گۆڕاوە بۆ تاقیگەیەکی سیاسی. لێرەدا مۆدێلێک تاقی دەکرێتەوە کە تێیدا جیاوازییە ئایدیۆلۆژییەکان وەلانانرێن، بەڵکوو ڕێک دەخرێن و لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا یەک دەخرێن. ئەمە ڕێبازێکە کە هەم لەگەڵ پەرتەوازەیی حیزبیی نەریتی و هەم لەگەڵ لۆژیکی ناوەندگەرایی دەسەڵاتدا جیاوازە. لەبری داواکردنی یەکڕیزییەکی ڕواڵەتی، لەسەر بنەمای هەماهەنگیی دامەزراوەیی بونیاد نراوە.
بەم پێیە، هاوپەیمانیی لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکان وەڵامێکی گونجاوە بۆ گرینگترین پرسیاری ئۆپۆزیسیۆنی ئێران: چۆن دەکرێت فرەچەشنی لەگەڵ یەکگرتوویی و شوناس لەگەڵ ستراتیژیی هاوبەشدا کۆبکرێنەوە؟ وەڵامەکە لە کۆبوونەوەی سیمبوولیدا نییە، بەڵکوو لە بەردەوامی، بەدامەزراوەییکردن و فراوانکردنی ستراتیژیدایە.
ئەزموونی سیستەمە تاکڕەوەکانی تر پێمان دەڵێت کە دەسەڵات بە تەنیا بە فشاری ناڕەزایەتییەکان ناڕووخێت؛ ڕێژیمەکان ئەو کاتە کۆنترۆڵ لەدەست دەدەن کە بەدیلێکی باوەڕپێکراو، ڕێکخراو و کاریگەر بێتە گۆڕێ. ڕێک ئەمە ئەو ئاستەنگەیە کە هاوپەیمانیی نوێ هەوڵی تێپەڕاندنی دەدات.
ئەگەر یەکگرتوویی بپارێزرێت و پێکهاتەکان بەهێز بکرێن و پێگەی کۆمەڵایەتییان قووڵتر بێتەوە، ئەم دەستپێشخەرییە دەکرێت لە هاوکارییەکی ناوچەییەوە ببێتە داینەمۆی گۆڕانکارییەکی دێموکراسیی فراوانتر. هاوپەیمانی کۆتایی خەبات نییە، بەڵکوو دەکرێت سەرەتای بونیادنانی مێعمارییەکی سیاسیی نوێ بێت.