
دیلان هەردی
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە، لە پاش سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزێکی سەربازیی زۆری بەرەو سنوورەکانی ئێران جووڵە پێ کردووە. ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ گوتاری بەرپرسانی ئەمریکا، بەتایبەت دۆناڵد ترامپ، کە بە پێچەوانەی نەریتی باوی سیاسی، باس لە "گۆڕینی ڕێژیم" دەکەن. بە ڕەچاوکردنی مێژووی پتر لە چوار دەیە پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان ئەم دوو وڵاتە، هەڵە نابێت ئەگەر بڵێین هەڕەشەی گۆڕینی ڕێژیم و ناردنی هێزی سەربازی، تەنیا پەیوەندیی بە خۆپێشاندانەکان و سەرکوتی خەڵکەوە نییە، بەڵکوو سەرچاوەکەی بۆ ئەو وێنەیە دەگەڕێتەوە کە لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا لە هزری ئەمریکییەکاندا بۆ ئێران کێشراوە.
بۆ ئەوەی تێبگەین ئەو وێنەیە چییە و چۆن دروست بووە، کە وای کردووە ئەمریکا هێزێکی گەورە بۆ هێرشکردن یان گوشارخستنە سەر ئێران بگوازێتەوە و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ بگەیەنێتە ئاستێکی بەرز، پێویستە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە ڕوانگەی "بونیادگەری" (Constructivism) شی بکەینەوە؛ واتە هەوڵ بدەین لە چوارچێوەی ڕێبازە کلاسیکەکانی وەک "ڕیالیزم" و "لیبراڵیزم" بچینە دەرەوە. ڕێبازە کلاسیکەکان هەرچەندە هەڵە نین، بەڵام بۆ شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان تێرکەر نین و ڕوانینێکی بەرتەسکیان هەیە.
ڕێبازی ڕیالیستی، تەنیا لە گۆشەنیگای دەسەڵات و هێزەوە دەڕوانێتە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی وڵاتێک لەسەر بنەمای هێز پێناسە دەکات. بە بڕوای ڕیالیستەکان، لە کۆمەڵگەی جیهانیدا، دەوڵەتەکان نەک تەنیا کاراکتەری سەرەکین، بەڵکوو لە لایەن حکوومەتێکی یەکگرتووەوە نوێنەرایەتی دەکرێن کە ئەویش لە لایەن یەک سەرۆکەوە بەڕێوە دەبرێت. لە ڕوانگەی ڕیالیزمەوە، سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک جیا لە سیاسەتی نێوخۆ و لە لایەن سەرۆکی وڵاتەوە وەک کەسێکی "ژیر و عەقڵانی" ئاراستە دەکرێت. سەرۆک یان ڕێبەر، بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتەکەی و بێ گوێدانە ڕای گشتی، هەوڵ دەدات بۆ هەر بڕیارێک، هەموو تێچووەکان هەڵسەنگێنێت تا زۆرترین سوود و کەمترین زیانی هەبێت. لەم سۆنگەیەوە، سیاسەتی دەرەوە بەسەر سیاسەتی نێوخۆدا زاڵە.
ڕێبازی ڕیالیستی پێیوایە ئەگەر سیستەمی نێوخۆی دەوڵەتان بە شێوەی پلهبەندی و ستوونی بێت، ئەوا سیستەمی جیهانی بە شێوەی ئانارشی (بێسەروبەریی نێودەوڵەتی) و ئاسۆییە، کە تێیدا هێزی هەر وڵاتێک جێگە و پێگەی ئەو وڵاتە دیاری دەکات. بەو پێیە، دەوڵەتەکان ناچارن خۆیان بەهێز بکەن، یان لانی کەم هەوڵ بدەن هاوسەنگیی هێز بێننە ئاراوە. بۆ ئەمەش دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە: یان بچنە پاڵ وڵاتێکی بەهێز، یان لە دژی وڵاتێکی بەهێز هاوپەیمانی دروست بکەن.
لەم ڕوانگەیەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ئەمریکا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە دژایەتییەکی تەواودایە. ئەمریکا وەک زلهێزێک، سیاسەتی دەرەوەی خۆی بە پلەی یەکەم بۆ پاراستنی باڵادەستیی خۆی لە سەرانسەری جیهان و بە پلەی دووەم بۆ چەسپاندنی هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەڕێژێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئەمریکا لە بوارە سیاسی، ئابووری و سەربازییەکاندا، دژن بە دەرکەوتنی هێزێکی ناوچەیی وەک کۆماری ئیسلامی کە هەڕەشە لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی وەک ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەکات.
ئەم ڕوانگەیە پێیوایە ئێران بەدوای سەپاندنی هەژموونی خۆیەوەیە بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا؛ یەکەم لە ڕێگەی کاریگەریی بەسەر شیعەکانی وڵاتانی موسڵماندا، دووەمیش لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی هەندێک گرووپی ئیسلامی لە دژی پێگەی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیسرائیل. هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا، بەتایبەت ئیسرائیل، بە پاڵپشتیی واشنتۆن هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەک دەدەن دژی دەستێوەردانەکانی ئێران. ئەم هاوپەیمانێتییە لە دەوری بەرژەوەندیی هاوبەش و بێ ڕەچاوکردنی جۆری ڕێژیمی سیاسیی وڵاتەکان یان پەیوەندییەکانی ڕابردوویان (بەتایبەت سەبارەت بە پرسی فەلەستین) دروست بووە.
لە ڕوانگەی ڕیالیستییەوە، ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمریکا ئەژمار دەکرێت؛ یەکەم لەبەر ئەوەی ئێرانێکی ئەتۆمی و خاوەن مووشەکی بالستیک دەتوانێت بوونی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە. دووەم، نزیکبوونەوەی ئێران لە چین و ڕووسیە دەتوانێت هێز و دەسەڵاتی ئەمریکا لە ئاستی جیهانیدا تووشی ئاڵنگاری بکات. هەموو ئەم هۆکارانە وا دەکەن ئەمریکا سیاسەتێکی ئەمنیی توند بەرامبەر بە ئێران بگرێتە بەر. ڕێبازی ڕیالیستی جگە لە دەوڵەت، سەرنجێکی ئەوتۆ ناداتە ڕۆڵی ئەکتەرە سیاسییەکانی دیکە، چ لە ئاستی دەرەوە و چ لە نێوخۆدا؛ ئەمەش ڕێک ئەو خاڵە لاوازەیە کە ڕێبازی لیبراڵیزم ڕەخنەی لێ دەگرێت.
قوتابخانەی لیبڕالیزم، هەرچەندە وەک دووەم تیۆریی شیکاری لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەژمار دەکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا یەکەمین ڕێبازە؛ چونکە پێش سەرهەڵدانی ڕیالیزم، لە چوارچێوەی "ئایدیالیزم"دا خۆی دەنواند، بەڵام دواتر ڕەخنەی توندی لێ گیرا و ئەمەش بووە هۆی زاڵبوونی ڕیالیزم. لە ڕوانگەی لیبڕالیزمەوە، دەوڵەت ئەکتەرێکی (کاراکتەرێکی) تاکڕەهەند و ناوەندگەرا نییە، بەڵکوو لە کۆمەڵێک کاراکتەری نێوخۆیی جۆراوجۆر پێکدێت کە کارلێکی نێوانیان، بەرژەوەندییەکان و سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت دادەڕێژێت. ئەم کاراکتەرە نێوخۆییانەش بریتین لە: دامەزراوە دەوڵەتییەکان، بڕیاردەران، پارتە سیاسییەکان، گرووپەکانی گوشار و هاوشێوەکانیان.
لیبڕاڵەکان، دەوڵەت تەنیا لە چوارچێوەی نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا قەتیس ناکەن؛ جگە لەوەش، هیچ گونجانێکی خۆڕسک و پێشوەختە لەنێوان بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ئەندامانی کۆمەڵگەدا نابینن. بەپێی دیدگای لیبڕاڵی، بڕیاردەران لەژێر گوشاری گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدان و هەر گرووپێکیش هەوڵ دەدات بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، زۆرترین کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوە دابنێت. واتە سیاسەتی دەرەوە زیاتر لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی گرووپەکان دایە، نەک تەنیا بەرژەوەندیی نەتەوەیی.
لەو سۆنگەیەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران، دەرەنجامی کارلێکی کاراکتەرە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتەیە. لە نێوخۆی ئەمریکادا، جگە لە دوو پارتە سەرەکییەکە، کۆمەڵێکی بەرچاو لە گرووپ و کاراکتەری سیاسی هەن کە زۆرینەیان ئێران وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمریکا دەبینن. ئەو گرووپانە لەنێو سەرجەم دامودەزگا سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا پێگەیان هەیە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران هەیە. بۆ نموونە، هەردوو ڕەوتی "کۆنەپارێز" و "نوێکۆنەپارێز" کە بەسەر هەردوو پارتەکەدا دابەش بوون، دژایەتییەکی ئایدۆلۆژیی قووڵیان بەرامبەر بە ئێران هەیە. جیا لەوانیش، دەیان گرووپی بەرژەوەندخواز بۆ پشتیوانیکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل سەرقاڵی لۆبیگەریین.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، ڕوانگەی لیبڕاڵی بەپێچەوانەی ڕوانگەی ڕیالیستییەوە، پێی وایە دەوڵەت تاقە ئەکتەری سەرەکی نییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش تەنیا بە شێوەیەکی ئانارشیک (بێسەروبەر) بەڕێوە ناچێت؛ بەڵکوو دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵێکی کارا دەگێڕن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕێکدەخەن و ئاراستەیان دەکەن. بۆ نموونە: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەورووپا، گرووپی (٥+١) و چەندین ڕێکخراوی دیکە، کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە. لیبڕاڵ و ڕیالیستەکان پێکەوە لە خانەی پارادایمی "ئەقڵانی" لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پۆلێن دەکرێن؛ پارادایمێک کە لە لایەن قوتابخانەی "بونیادگەری" (Constructivism) یان کۆنستراکتیڤیزمەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت.
داریۆ باتیستێلا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە جیهانبینیی نوێ پێویستی بە ئاوێتەکردنی ناسیارناسییەکی (Epistemology) ئەرێنیخوازانە (Positivist) هەیە، کە پێی وایە واقیعە کۆمەڵایەتییەکان بەرجەستەن و شیکارییان بۆ دەکرێت؛ ئەمەش لەگەڵ بوونناسییەکی (Ontology) پاش-ئەرێنیخوازانەدا کە پێی وایە ئەو واقیعانە بە شێوەیەکی نێوانزەینی (Intersubjective) و بەردەوام لە لایەن کایەکارە کۆمەڵایەتییەکانەوە دادەڕێژرێن. بونیادگەری بەرەنجامی ئەو ئاوێتەبوونەیە، ئەمەش لە ڕێگەی جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی بیرۆکەکان و کاریگەرییان لەسەر بیروباوەڕ، بەرژەوەندی و ڕەفتاری کایەکارەکانەوە دەردەکەوێت.
بە پێچەوانەی ڕیالیستەکان و لیبراڵەکان کە بە پلەی یەکەم سەرنجیان خستووەتە سەر ڕەگەزە ماددییەکان، بونیادگەرەکان پێیان وایە بەرژەوەندی و ناسنامەی دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی زەمینە مێژووییەکاندا شێوە دەگرن. لە کاتێکدا ڕیالیستەکان و لیبراڵەکان دەوڵەت وەک کایەکاری سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبینن، بونیادگەری لەو ڕوانگە سادەیە تێدەپەڕێت و خۆی وەک ڕێبازێکی مامناوەند لە نێوان ڕیالیزم و لیبراڵیزمدا دەناسێنێت. بونیادگەری لە ڕۆڵی گرنگی پێکهاتەکانی دەوڵەت کەم ناکاتەوە، بەڵکوو جەخت لەسەر ئەو بیرۆکە و نۆرمانە دەکاتەوە کە توخمی بنەڕەتیی ئەو پێکهاتانەن.
لەم سۆنگەیەوە، بونیادگەرەکان هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک لە نێوان "نۆرم" و "ناسنامەی نەتەوەیی" (وەک کۆمەڵگەیەکی وێناکراو) دروست بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، تەنیا بیرۆکە، نۆرم و بایەخە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکانن کە ناسنامە و بەرژەوەندیی کایەکارە سیاسییەکان پێناسە دەکەن. واتە ئەوە واقیعە بەرچاوەکان نین کە ڕەفتاری دەوڵەت لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دادەڕێژن، بەڵکوو شێوازی تێگەیشتن و ڕوانینی کایەکارەکانە بۆ ناسنامەی خۆیان و ناسنامەی ئەوانی دیکە.
لەم ڕوانگەیەوە، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران، دەرهاویشتەی ئەو وێنایەیە کە ئەمریکییەکان بۆ خۆیان، بەرژەوەندییەکانیان و کۆماری ئیسلامی کێشاویانە. ئەوە چەکی ئەتۆمی نییە کە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات، چونکە هێشتا ئەو وڵاتە خاوەنی ئەو چەکە نییە، بەڵکوو ئەو وێنایەیە کە دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە لایان دروست بووە؛ ئەگینا بریتانیا و فەرەنسە خاوەنی چەکی ئەتۆمین، بەڵام ئەمریکییەکان وەک هەڕەشە نایانبینن، چونکە وێنەی ئەو دوو وڵاتە لای ئەمریکییەکان وێنەیەکی ئەرێنییە.
ئەگەر لای ڕیالیستەکان بەرژەوەندیی نەتەوەیی پەیوەست بێت بە هێزەوە و لای لیبراڵەکانیش بەستراو بێت بە بەرژەوەندیی گروپە جیاوازەکانەوە، ئەوا لای بونیادگەرەکان بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەرەنجامی بیرۆکە و بڕوا هاوبەشەکانە. لەم ڕوانگەیەوە، نەک هەر هیچ جۆرە جیاکارییەک لە نێوان سیاسەتی نێوخۆ و سیاسەتی دەرەوەدا نییە، بەڵکوو سیاسەتی دەرەوە بەشێکە لە سیاسەتی نێوخۆ کە تەنیا لە دەرەوەی وڵات جێبەجێ دەکرێت. شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران لە ڕوانگەی بونیادگەرییەوە، وامان لێ دەکات "سندووقی ڕەشی" سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بکەینەوە و لە جیاتی ڕوانین لە دەرەوە، لە نێوەوە لێی تێ بگەین؛ تا بزانین ئەمریکییەکان چۆن دەڕواننە ئێران و لە داهاتوودا چ جۆرە سیاسەتێک بەرامبەر بەو وڵاتە پەیڕەو دەکەن.
وەک ئاماژەی پێ درا، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران، دەرەنجامی ئەو وێنە نەرێنییەیە کە ئەمریکییەکان لەبارەی ئێرانەوە هەیانە. ئەم وێنە نەرێنییە پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوونتر بووەتەوە و شێوەیەکی واقیعیی بەخۆوە گرتووە، کە دوو ڕەهەندی سەرەکی دەگرێتەوە: یەکەم، ئێران بەو شێوەیەی کە هەیە؛ دووەم، ئێران بەو شێوەیەی کە پێویستە نیشان بدرێت.
لە ساڵی ١٩٧٩وە، دژایەتیکردنی ئەمریکا بووەتە ستراتیژی سەرەکیی دەسەڵاتدارانی ئێران. ئەم دوژمنایەتییە ناوکی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەتی ئێران پێک دەهێنێت و لە داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکاندا، وەک کایەکانی ئابووری، پەیوەندییە دەرەکییەکان، پەروەردە و کولتوور، ڕەنگ دەداتەوە. ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە جیاوازیی ئایدیۆلۆژییەوە سەرچاوە دەگرێت: لە لایەک بزووتنەوە ئیسلامییەکانی ئێران کە پاش شۆڕش دەسەڵاتی ڕەهایان گرتە دەست؛ لە لایەکی دیکەشەوە، ڕەوتە کۆنەپارێز و نوێکۆنەپارێزەکانی ئەمریکا، کە هەرچەندە ڕاستەوخۆ لە ناوەندی بڕیاردا نین، بەڵام بە بەرهەمهێنانی گوتاری سیاسیی وەک «هەڕەشەی ئێران»، ڕۆڵێکی سەرەکی لە کێشانی وێنەی ئێران لە نێو ئەمریکادا دەگێڕن.
ئەم ناکۆکییە ئایدیۆلۆژییە، هاوتەریبە لەگەڵ بوونی دوو سیستەمی سیاسیی دژبەیەک لەم دوو وڵاتەدا. لە لایەکەوە سیستەمی سیاسیی ئەمریکا لەسەر بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرن، سەروەریی نەتەوەیی و لیبراڵ دیموکراسی دامەزراوە و ملکەچی یاسا و ڕێسا پەرلەمانییەکانە. لە لایەکی ترەوە، سیستەمی سیاسیی ئێران لەسەر بنەماکانی ئوممەت، سەروەریی خودا و تیۆکراسیی شیعە بونیاد نراوە و پەیڕەوی لە یاساکانی شەریعەت دەکات. دەسەڵاتی ئێران خۆی وەک «کۆماری ئیسلامی» پێناسە دەکات؛ لەم سیستمەدا دەوڵەت بەپێی شەریعەت بەڕێوە دەچێت و سەروەری نەک بۆ گەل، بەڵکو بۆ خودایە. لە دیدی ئێرانییەکانەوە، ئەمریکییەکان «مستکبرین» و ئێرانییەکانیش «مستضعفین»ـن؛ هەر بۆیە لە ڕوانگەی ئەوانەوە، پێویستە بەردەوام لە ململانێ و شەڕدا بن لەگەڵ ئەمریکا.
دووەم، لە قوتابخانەی بونیادگەریدا، لە جیاتی چەمکی "ئاسایش" باس لە چەمکی "بەئاسایشکردن" (Securitization) دەکرێت؛ واتە بەئاسایشکردنی کایەکارێکی سیاسی و دروستکردنی وێنەیەک لێی کە پێویستی بە سیاسەتێکی دیاریکراو هەبێت لە بەرامبەریدا. ئەو ڕەفتارە دژە-ئەمریکییەی ئێرانییەکان لە کردەوەدا نیشانی دەدەن، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لە دروستکردنی گوتاری "هەڕەشەی ئێران" لە نێو هزری سیاسیی ئەمریکییەکاندا. بەڵام تەنیا ئەوە بەس نییە بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی توند بەرامبەر بە ئێران، بەڵکوو پێویستی بە پرۆسەی "بەئاسایشکردن"یش هەیە.
ئەو پرۆسەیە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، لەلایەن گرووپە جیاوازەکانی ئەمریکاوە وەک: کۆنەپارێزان، نوێ-کۆنەپارێزان، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە (Think Tanks) و دەیان گرووپی لۆبیکارەوە، توانیویەتی بە جۆرێک بگاتە ئەنجام و وێنەیەک لە ئێران نیشان بدات کە ئیدارە جیاوازەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ بێنێتە سەر هێڵ تا دوو سیاسەتی سەرەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران بگرنە بەر: سیاسەتی دانوستان بۆ پاشەکشەپێکردن بە ئێران و سیاسەتی سەربازی بۆ تەمبێکردنی.
لە ڕوانگەی بونیادگەرییەوە، ئەگەر دۆناڵد ترامپ و ئیدارەکەی دانوستان دەکەن یان هێزی سەربازی بەکاردێنن، ئەمە تەنیا ئەنجامی بڕیارێکی عەقڵانیی کاتی نییە، بەڵکوو بەرهەمی پرۆسەیەکە کە لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵدا، گوتاری "هەڕەشەی ئێران"ی لەسەر بنەمای ڕاستییەکان و بە کەڵکوەرگرتن لە میکانیزمی جۆراوجۆر —لە کارە زانستییەکانەوە تا ڕاگەیاندن و لۆبیکردن— بەرهەم هێناوە. واتە سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ترامپ بەرامبەر بە ئێران، بەپێی ئەو وێنە نەرێنییە داڕێژراوە کە لەو وڵاتە هەیە. ئەو وێنە نەرێنییە، بەرهەمی تەنیا یەک ئیدارەی ئەمریکا نییە و بە کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتییش گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت؛ بۆ هەر دوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمریکا، هەمان وێنەی "ئێرانی هەڕەشەئامێز" بوونی هەیە. جیاوازییەکە تەنیا لە شێوازی نەهێشتنی هەڕەشەکەدایە و هەر لایەکیان شێوازی تایبەت بە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران هەیە.
سەبارەت بە گۆڕین یان نەگۆڕینی ڕێژیمی ئێران، پێویستە سەرنج بدرێتە ڕای گشتیی ئەمریکییەکان و سیاسەتی نێوخۆیی ئەو وڵاتە کە تا چەند لەگەڵ گۆڕینی ڕێژیمدان؛ بەتایبەت کە دۆسیەی ئەفغانستان و عێراق لە لای ڕای گشتیی ئەمریکی تا ئێستاش وەک شکست سەیر دەکرێت. جگە لەوە، لە دوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، ئەو بیرۆکەیە لە نێو سیاسەتمەدار و کایەکارە سیاسییەکانی ئەمریکادا هەبووە کە مانەوەی کۆماری ئیسلامی سوودی زیاتری بۆ ئەوان هەیە؛ یەکەم وەک ترسێک بۆ وڵاتانی عەرەب تا ناچار بن ببنە هاوپەیمانی ئیسرائیل، دووەمیش بۆ فرۆشتنی بڕێکی زۆری چەک بەو وڵاتانە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێراندا. بەڵام ئەم بیرۆکەیە، بەتایبەت دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە، ئەوەی نیشان دا کە هێشتنەوەی ئێران بەم شێوەیە، مەترسیی نەمانی ئیسرائیلی لەگەڵدایە، بۆیە ڕەنگە گۆڕانکاری بەسەر ئەو تێڕوانینەدا بێت، کە ئەویش لە دوو ڕێگەچارەدا خۆی دەبینێتەوە: یان لێدانی سەربازی بە مەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی، یان گۆڕینی یەکجاریی ڕێژیم.